ئێپیکۆرس/ئەپیکور Epicurus کێیە؟
ئەپیکور (٣٤١-٢٧٠ پ.ز) فەیلەسوفێکی یۆنانی کۆن بوو، کە بیرۆکەی چێژگەرایی (هێدۆنیزم)ی پەرەپێدا. بەڵام چێژگەراییەکەی جیاواز بوو لە تێگەیشتنی باو. ئەو پێی وابوو کە:
١. خۆشبەختی و ئارامی دەروون گرنگترین شتن لە ژیاندا
٢. چێژی ڕۆحی و هزری لە چێژی جەستەیی گرنگترە
٣. ژیانێکی سادە و دوور لە خواستە زۆرەکان دەبێتە هۆی ئارامی
٤. دۆستایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی خۆشبەختین
ئەبیقۆر قوتابخانەیەکی فەلسەفی دامەزراند، کە تێیدا ژن، پیاو و کۆیلەش وەک یەک مامەڵە دەکران، کە ئەمە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی زۆر پێشکەوتوو بوو بە بەراورد بەو کاتە.
ڕوانگەی ئەو لەسەر ژیان و مردن چی بوو؟
سەبارەت بە ژیان، پێی وابوو ژیان دەبێت بۆ خۆشی و ئارامی بێت، نەک ترس و نیگەرانی. بەڵام ئەم خۆشییە لە ڕێگەی ژیانێکی سادە و دوور لە خواستی زۆر بەدەست دێت. بە کوردی و بە کورتی ئەو چێژی ژیانکردن/ژیان لە ناواخنی خۆیدا دەبینییەوە. واتا ئەزموونکردنی ئەو جەوهەرە.
لەسەر مردن چی دەوت؟
چۆن نەبوونی شتێك زیان دەگەیەنێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت؟ بە ڕوانگەی ئێپیکۆرس/ئەبیقۆر، مردن تەنها نەبوونی هەست و زانیارییە. بەڵگەکانی بەم شێوەی خوارەوەیە:
١. کاتێك دەمرین، هەست و زانیاریمان بە تەواوی نامێنێت، هیچ هەست و بیرکردنەوەیەکمان نامێنێت، تەنها “تۆ” ش نامێنێت.
٢. زیان، بە پێناسەیە سادەکەی پێویستی بە کەسێکە هەستی پێ بکات بۆ ئەوەی هەبێت. بێ هەست، زیان نییە.
٣. کەواتە، مردن ناتوانێت زیانمان پێ بگەیەنێت چونکە تەنها ڕەوشێکە لە نەبوونی هەست.
خۆت بخەرە ئەو دۆخەی، کە نوستووی بێ خەون. کات تێدەپەڕێت بێ ئەوەی هەست بە هیچ بکەیت. ئایا ئەم ساتانە بە زیاندار دەزانیت؟ بەدڵنیایی نەخێر. ئێپیکۆرس دەڵێت، کەمردین هەر هەمان ڕەوشە، بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام. هیچ شتێك نییە لێی بترسیت، چونکە بە سادەیی هەست بە هیچ شتێك ناکەیت.
ئایا پێشتر بیرت لە ملیاران ساڵ کردۆتەوە، کە پێش تۆ تێپەڕیبوون؟ ئایا هەستت بە هیچ شتێك کردووە لەو ساتانەدا؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. لێرەدا ئێپیکۆرس دەڵێت: ئەگەر نەبوونت لە جیهان پێش لە دایك بوونت زیانی پێ نەگەیاندووی، چۆن نەبوونت لە جیهان پاش مردن زیانت پێ دەگەیەنێت؟
١. پێش لە دایكبوونمان، لە ڕەوشی نەبووندا بووین، و هەستمان بە هیچ زیان و ئازارێك نەکرد.
٢. مردن، بە سادەیی، دەمان گێڕێتەوە بۆ هەمان ڕەوشی نەبوون.
٣. بە پێی ئەوەی ڕەوشی نەبوون پێش لە دایكبوون زیاندار نەبوو، هەمان شت بۆ ڕەوشی نەبوون پاش مردن ڕاستە.
ئێمە نیگەران نین سەبارەت ئەو کاتانەی کە تێیدا نەبووین. کەواتە بۆچی لە کاتانەی کە تێیدا نابین لە داهاتوو دەترسین؟
جاری داهاتوو، کە بیر لە مردن دەکەیتەوە، لە خۆت بپرسە: بۆچی بترسم لە شتێك کە ناتوانێت زیانم پێ بگەیەنێت؟
وەڵامێک بنووسە