هاوپۆل: گشتی

  • جوان و نابووتکردن لە ئسوڵدا (تحسین و تقبیح)

    جوان و نابووتکردن لە ئسوڵدا (تحسین و تقبیح)

    ڕێبەریی

    نێوان عەقڵ و شەریعەت لە دیاریکردنی چاک و خراپدا مشتومڕێکی بێکۆتایییە. هەروەها لە هەموو قوتابخانە ڕەوشتییە نوێکان و دەرەوەی ئاینیش لە هیوم، کانت، هایدت و فێرگل بەردەوامە تا هەنووکە

    پێشەکی

    جیاکردنەوەی چاک لە خراپ و دیاریکردنی ئەوەی چی جوانە و چی ناشیرینە، یەکێکە لە پرسە بنەڕەتییەکانی عەقیدە، فیقهـ و عیلمی کەلام لە ئیسلامدا. ئەم بابەتە، کە بە عەرەبی “التحسين والتقبيح” ناسراوە، لە ناوەندی گفتوگۆی نێوان مەزهەبە جیاوازەکاندایە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە تێگەشتنمان لە دادپەروەری خودایی هەیە.

    پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەمەیە: ئایا عەقڵی مرۆڤ خۆی دەتوانێت بزانێت چی چاکە و چی خراپە، یان ئەوە تەنها لە ڕێگەی وەحی و شەریعەتەوە دەرکەوتووە؟

    سێ ڕوانگەی سەرەکی

    ١. ڕوانگەی موعتەزیلی

    بۆچوون: عەقڵ خۆی دەتوانێت جوانی و ناشیرینی شتەکان تێبگات، شەریعەت تەنها پشتڕاستی دەکاتەوە.

    سەرچاوە:

    قال المعتزلة: إن العقل يدرك قبح الكذب وحسن الصدق وإن لم يرد الشرع بذلك
    “موعتەزیلەکان دەڵێن: عەقڵ تێدەگات ناشیرینی درۆ و جوانی ڕاستگۆیی تەنانەت گەر شەریعەتیش بەم شتە فەرمانی نەدابێت”

    ٢. ڕوانگەی ئەشعەری

    بۆچوون: هیچ شتێک لە بنەڕەتدا چاک یان خراپ نییە، تەنها شەریعەت دیاری دەکات چی چاکە و چی خراپە. ئەمان تەنانەت خودی کردەوەکەش وەکو بکەر دەڵێن ”خودا” دەیکات نەک بەندە

    سەرچاوە:

    قال الأشاعرة: لا حسن ولا قبح للأفعال إلا ما حسنه الشرع أو قبحه
    “ئەشعەرییەکان دەڵێن: هیچ جوانی و ناشیرینییەک بۆ کردارەکان نییە، تەنها ئەوەی شەریعەت جوان یان ناشیرینی کردبێت ئەوە تەواوە”

    ٣. ڕوانگەی ماتوریدی

    بۆچوون: شتەکان بە بنەڕەت خاسیەتی چاک و خراپیان هەیە، بەڵام عەقڵ بە پشتبەستن بە شەریعەت ڕای لێدەدا.

    سەرچاوە:

    عند الماتريدية: الأفعال لها صفات ذاتية من الحسن والقبح، والعقل يحكم بها وفق الشرع
    “لەلای ماتوریدییەکان: کردارەکان خاسیەتی بنەڕەتیان لە جوانی و ناشیرینیدا هەیە، عەقڵیش بەپێی شەریعەت حوکمیان لەسەر دەدات”

    سەرەتا و پێشینە

    یەکەمین کەس کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم بابەتەی لێکۆڵینەوە کرد، جهم بن صفوان بوو کە بنەمای ناوداری دامەزراند:

    “وجوب المعرفة بالعقل قبل ورود الشرع”
    “ئەرکی زانین بە عەقڵ پێش هاتنی شەریعەتە”

    ئەم بنەمایە وایکرد مۆعتەزیلەکان و کەرامییەکان ئەم ڕوانگەیە قبوڵ بکەن.

    بەڵگەکانی قورئان

    هەندێک ئایەتی قورئان ئاماژە بە ڕۆڵی عەقڵ دەکەن:

    ئایەتی یەکەم:

    وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبْعَثَ رَسُولًا
    “ئێمە سزا نادەین تا پێغەمبەرێک نەنێرین” (الإسراء: ١٥)

    ئایەتی دووەم:

    إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ
    “خودا فەرمان بە دادپەروەری و چاکەکاری دەدات” (النحل: ٩٠)

    دەرئەنجامە گرنگەکان

    لە ڕوانگەی مۆعتەزیلییەوە:

    • مەعریفەت واجبە/ئەرکە: ناسینی خودا بە عەقڵ وابەستەیە
    • دادپەروەری خودایی: خودا بەپێی یاساکانی عەقڵ دادپەروەرە
    • بەرپرسیاریەتی مرۆڤ: مرۆڤ بەرپرسیارە چونکە عەقڵی هەیە

    لە ڕوانگەی ئەشعەرییەوە:

    • ڕۆڵی شەریعەت: تەنها شەریعەت دیاری دەکات چی چاکە
    • ئیرادەی خودایی: خودا ئەوە دەکات، کە دەیەوێت
    • قبوڵکردنی فەرمان: بەندە دەبێت فەرمانی خودا قبوڵ بکات

    ڕوانگەی ئیبن تەیمیە

    شێخ الإسلام ابن تەیمیە ڕوانگەیەکی ناوەندی پێشکەش کرد کە کردارەکان بۆ سێ جۆر دابەش دەکات:

    جۆری یەکەم: کردارە بنەڕەتییەکان

    الأول: ما تتضمنه الأفعال من المصالح والمفاسد، حتى لو لم يقصد الشارع ذلك
    “یەکەم: ئەو کردارانەی بەرژەوەندی و زیان لە خۆیان دەگرن، تەنانەت گەر شەرعدەر مەبەستی ئەوە نەبێت”

    نموونە: دادپەروەری بە خۆی سوودی هەیە، ستەم بە خۆی زیانی هەیە. واتا کرۆکییە لە ناوەوەیدا.

    جۆری دووەم: کردارە شەرعییەکان

    ئەو کردارانەی تەنها لە ڕێگەی شەریعەتەوە چاک یان خراپ دیاری دەکرێن. هەروەها پرسین لێیان نادروستە

    نمونە: قەدەغەکردنی قومار، کحول و گۆشتی بەراز فەرمانە

    جۆری سێیەم: کردارە تێکەڵەکان

    ئەو کردارانەی هەم خاسیەتی بنەڕەتیان هەیە و هەم شەریعەت ڕوونی کردوونەتەوە. واتا ئیبن تەیمییە دەفەرمێ: کە هیچ لە سەلەف نەیانوتووە ئەقڵ توانای جیاکردنەوەی نییە. ئەوەی دەیڵێن هاوتای شەرعیشی هەیە

    دەرئەنجام

    بابەتی التحسين والتقبيح یەکێکە لە قووڵترین بابەتەکانی عیلمی کەلام و فیقهی و تەنانەت پایەی سەرەکییە لە عەقیدە و باوەڕ، کە کاریگەری لەسەر تێگەشتنی ئێمە لە:

    • ماهیەتی ئەخلاق ”کرۆک”
    • پەیوەندی نێوان عەقڵ و وەحی
    • بەرپرسیاریەتی مرۆڤ
    • دادپەروەری خودایی

    هەر مەزهەبێک بەپێی تێگەشتنی خۆی لەم بابەتە، چوارچێوەیەکی تایبەتی بۆ تێگەشتن لە ئەخلاق و شەریعەت دروست کردووە.


    سەرچاوەکان:

    1. دەربارەی جەهەم بن سەفوان لە زاری نەیاریانەوە
    2. القاضي عبد الجبار، المغني في أبواب التوحيد والعدل
    3. اللمع في الرد على أهل الزيغ والبدع للإمام أبي الحسن الأشعري
    4. ابن تيمية، مجموع الفتاوى
    5. الماتريدي، التوحيد
  • فەلسەفەی ڕەوشت: ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟

    فەلسەفەی ڕەوشت: ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟

    ئەم وتارە گرنگە تێڕوانینێکی قووڵ بۆ پرسیارێکی سەرەکی لە فەلسەفەی ڕەوشت/ئەخلاقدا دەخاتە ڕوو، ئەویش: ئایا بڕیاردان لەسەر باشی ”حسن” و خراپی ”قبح” کردەوەیەک پەیوەندی بە سروشتی خودی کردەوەکەوە هەیە، یان بە شتێکی دەرەکی دیاری دەکرێت؟ لەم کۆمەڵە بڕگەیەدا هەموویان بەپێی هاوپۆل دەخەینە ڕوو.

    سروشتگەرایی ڕەوشت: ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە

    قوتابخانەی یەکەم پێی وایە، کە ڕەوشتی یا نــاڕەوشتی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدایە. بۆ ڕوونکردنەوە با نموونەیەکی سادە وەربگرین:
    کاتێک باس لە کردەوەیەکی ناشیرینی وەک دەستدرێژی کردنەسەر منداڵێک یا پەیوەندییەکی جێگەیی دەکەین. زۆربەی خەڵک دەڵێن ئەم کردەوەیە خراپە لەبەر تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خودی کردەوەکە وەکو:

    1. ئازاری مندالەکە
    2. نەبوونی ئازادی و ڕەزامەندی لە لایەن منداڵەکەوە
    3. نەبوونی تەمەنی پێویست و ئامادەنەبوون بۆ پەیوەندی لەم جۆرە

    بۆیە، هەر کردەوەیەک ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، خراپە! جا لە هەر وڵاتێک بێت، لە هەر سەردەمێکدا بێت. واتە هەر کردەوەیەک بەهۆی تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خۆی دەردەخات ڕەوشتییە یان ناڕەوشتی. بەهەمان دەرەنجامی دۆخەکە و تێگەیشتن لێی، بڕیارەکە لەسەری دەردەکات.
    نموونەی دیکە:

    • خۆشەویستی و یارمەتیدانی نەداران بە باش دادەنرێت لەبەر ئەوەی کەسێک لە ئازار ڕزگار دەکات
    • درۆکردن بە خراپ دادەنرێت لەبەر ئەوەی متمانە تێکدەدات و پەیوەندییەکان لاواز دەکات

    ئایینی-فەرمانخوازی ڕەوشتی: ئەخلاق لە دەرەوەی کردەوەکەدایە

    قوتابخانەی دووەم پێی وایە، کە باشی و خراپی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدا نییە، بەڵکو لە فەرمانی دەرەکی (بۆ نموونە فەرمانی خودادا)یە. بەپێی ئەم بۆچوونە:

    • کردەوەیەک باشە یان خراپە تەنها لەبەر ئەوەی خودا (یان هێزێکی دەرەکی) دەڵێت باشە یان خراپە ”ئەشعەرییەکان
    • کردەوەکە هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی نییە، کە ببێتە هۆی باشی یان خراپی
    • هەمان کردەوە دەکرێت لە حاڵەتێکدا باش بێت و لە حاڵەتێکی دیکەدا خراپ بێت، بەبێ گۆڕینی هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی

    نموونەی زیاتر:
    بەپێی ئەم بۆچوونە، دوو کەس، کە بە یەک شێوە و بۆ یەک مەبەستی باش یارمەتی دەدەن، کردەوەی یەکێکیان دەکرێت باش بێت و ئەوی دیکەیان خراپ. تەنها لەبەر ئەوەی هێزێکی دەرەکی بە جیاوازی ناوی لێناون. واتا گەر ئەوە لە زومرەی خۆمان بێت ئەوە باشە، گەر لە زومرەی ئەولا بێت نا. لێرەشدا مەبەست لە ئایندار و بێئاین نییە، بەڵکو لە مەزهەب یاخود مەرجەعی جیاواز ”شیعە بەنمونە”.
    لەشێوەیەکی توندڕەوتردا، ئەم بۆچوونە دەڵێت، کە مرۆڤی بێ باوەڕ ناتوانێت خاوەنی ئەخلاق/ڕەوشت بێت، چونکە ڕەوشت لە خودی کردەوەکاندا نییە، بەڵکو لە فەرمانی خودایە. لێرەدا سێ قوتابخانەی سەرەکی ئیسلام و مەسیحییەت تەبان، تەنها کەسێک بەجودا لێیان فڕیووە، ئیبن تەیمییەیە، کە پێی وایە هەردووکی تێکەڵە. ساناتر، هەندێک شت لە خودی کردەوەکەدا هەن و پێویستی بە باوەڕ نییە. هەندێکی تریان فرمانی خودای گەرەک. بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها باوەکان دەردەکەین، نەک ئەوەی شێخی ئیسلام.

    شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە
    ئەم بۆچوونی دووەمە، قوتابخانەیەکی لاوازە، لەبەر چەند هۆکارێک:

    • دژبەری ناوەکی: ئەگەر ئەخلاق پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکەوە نەبێت، ئەی بۆچی خودا بڕیاری داوە هەندێک کردەوە باش و هەندێکی تر خراپن؟ ئەمە وا دەردەخات، کە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکان گرنگن
    • گرێکوێرەی یۆسیفرۆ: ئایا کردەوەیەک باشە چونکە خودا دەیەوێت، یان خودا دەیەوێت چونکە کردەوەکە باشە؟ ئەگەر یەکەم بژاردە ڕاست بێت، ڕەوشت دەبێتە شتێکی هەڕەمەکی. ئەگەر دووەم بژاردە ڕاست بێت، کەواتە ڕەوشت سەربەخۆیە لە خودا
    • بەراوردکاری کلتووری: ئەگەر ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدا نەبێت، چۆن لەوە تێبگەین، کە زۆربەی کۆمەڵگا مرۆییەکان، سەرەڕای جیاوازی ئایینی، لەسەر بنەما ڕەوشتییە سەرەکییەکان هاوڕان؟

    بۆچوونی ڕەوشتی دیکە

    لە دەرەوەی ئەم دوو قوتابخانەیە، چەندین بۆچوونی دیکە هەن، کە شایەنی باسکردنن:

    • سوودگەرایی (Utilitarianism): باشی و خراپی کردەوەکان لە ئەنجامەکانیاندایە. کردەوەیەک باشە ئەگەر زۆرترین خۆشی بۆ زۆرترین کەس دابین بکات.
      • نموونە: لەم ڕوانگەیەوە، درۆیەکی بچوک کە زۆر کەس ڕزگار بکات دەکرێت کردەوەیەکی ئەخلاقی بێت
    • پێوەری ڕەوشتی کانت (Kant’s Categorical Imperative): کردەوەیەک باشە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بیەوێت ئەو کردەوەیە ببێتە یاسایەکی گشتی.
      • نموونە: بەڵێن شکاندن ناتوانێت ببێتە یاسایەکی گشتی، چونکە ئەگەر هەموو کەس بەڵێن بشکێنێت، چەمکی بەڵێندان مانای نامێنێت
    • ئەخلاقی چاکەکار (Virtue Ethics): جەخت لەسەر پەرەپێدانی کەسایەتی ڕەوشتی باش دەکات، نەک تەنها کردەوەی باش.
      • نموونە: باوکێک کە منداڵەکەی بە دڵسۆزی و چاودێری بەخێو دەکات، نەک تەنها بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەڵکو بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی باوکێکی باش

    لە کۆتاییدا، پرسیاری “ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟” بەردەوام دەبێت وەک یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ڕەوشت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر چۆنیەتی تێگەیشتنمان لە دونیای دەوروبەرمان و بڕیاردان لەسەر باشی و خراپی کردەوەکانمان.

    سەرچاوەکان

    Moore, G.E. (1903). Principia Ethica. Cambridge University Press.
    Kant, I. (1785). Groundwork of the Metaphysics of Morals.
    MacIntyre, A. (1981). After Virtue. University of Notre Dame Press.
    Rachels, J. (2003). The Elements of Moral Philosophy. McGraw-Hill.
    Plato. Euthyphro.

    تێبینی: ئەم وتارە وەکو بیرۆکە لە وتارێکی ''قوولەی گومانگەران/صرح الشكاك'' وەرگیراوە بە سوپاسەوە

  • خوا چۆن گەردوونی دروست کردووە؟

    خوا چۆن گەردوونی دروست کردووە؟

    پێشەکی

    بابەتی دروستکردنی گەردوون لە فیکری ئیسلامیدا یەکێکە لە پرسە گرنگ و قوڵەکان، کە زانایان و بیرمەندانی ئیسلام بە درێژایی مێژوو شرۆڤە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە. لە عەقیدەی ئیسلامیدا کەون/گەردوون شتێکە ڕووداوە و بەشێکە لە عالەم/وجود. دیارە ئەمانیش درێژکراوەی هەمان هزری ئەرستۆن بۆ هەمان جۆرە پرسیاری بوونی/وجودی. بەڵام وەکو دەزانرێت، کە بەریەککەوتنی ئاینی نوێ بە ئاینەکان یاخود عەقیدەکانی ئەو سەردەمە، هزرێکی تر دەهێنێتە کایەوە. بە گشتی، سێ ڕوانگەی سەرەکی هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی دروستبوونی گەردوون لەلایەن خوداوە، و چوارەمیش کە تایبەتە بە ئیبن تەیمیە (نەمتوانی وەکو ڕای سەربەخۆ دایبنێم، چونکە هەوڵێکە لە نێوان کۆمەڵێک ڕای تر و گونجاندنیان پێکەوە):

    ١. دروستکردنی گەردوون لە پارچەی خودا

    ئەم بۆچوونە پێی وایە، کە خودا گەردوونی لە بەشێکی زاتی خۆیەوە دروست کردووە. هەندێک لە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە ئاماژە بە ئایەتی ﴿وَنَفَخْتُ فِيهِ مِن رُّوحِي﴾ (الحجر: ٢٩) دەکەن، کە دەفەرمووێت: “لە ڕۆحی خۆمم تێهەڵکرد”. بەڵام تەفسیری ڕاست و دروستی ئەم ئایەتە وەک زۆربەی زانایان لێکیان داوەتەوە، ئەمە هەر تەنها ڕێژەپێدانێکی تەشریفییە و شتێکی لە زاتی خوا نەبڕاوە بۆ دروستکردنی گەردوون.
    ئیمام غەزالی لە کتێبی “إحیاء علوم الدین” دەڵێت: “خودا پاکە لەوەی بەشی هەبێت یان لێی جیا بێتەوە، چونکە ئەمە دژی سیفەتی تەوحید و وەحدانییەتی ئەوە.”
    کێشەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە: گەر بەشێک بووبن پێشتر لە خودا، ئەوە ئەو دەمە خودا سادە و واجب نییە. بەڵکو ئاوێتەیە/مورەکەبە. ئاوێتەش پێویستی بە یەکێکی ترە پێکەوەی ببەستێت (المركب يحتاج الی مركب).
    ئیبن سینا لە کتێبی “الشفاء” دا دەنووسێت: “واجب الوجود لا یکون مرکباً بوجه من الوجوه” واتا “ئەوەی بوونی واجبە بە هیچ شێوەیەک ئاوێتە نییە”.

    ٢. دروستکردنی گەردوون لە هیولە یان مادەیەکی ئەزەلی

    بۆچوونی دووەم، کە خودا گەردوونی لە مادەیەکی سەرەتایی یان هیولەیەکی ئەزەلی دروست کردووە، هەندێک لە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە بە ئایەتی ﴿وَكَانَ عَرْشُهُ عَلَى الْمَاءِ﴾ (هود: ٧) پشت دەبەستن، کە دەفەرمووێت: “عەرشی ئەو لەسەر ئاو بوو”، بەڵام وەک ئیبن کەسیر لە تەفسیرەکەیدا دەڵێت، ئەم ئایەتە مانای ئەوە نییە، کە خودا لە ئاو یان مادەیەکی ئەزەلییەوە گەردوونی دروست کردووە، بەڵکو باس لە دۆخی پێش خەڵقکردنی ئاسمانەکان و زەوی دەکات. ئەمەش لێرەدا وشەی ”پێش” واتا کات و شوێن Spacetime ئەمەش گێژاوێکی ترە، کە ئێستا لێی دەگەڕێین.
    ئیمام فەخری ڕازی لە “التفسیر الکبیر” دا دەڵێت: “لایمکن أن تکون هناک مادة أزلیة مع الله، لأن ذلک یناقض وحدانیته و ربوبیته” واتا “ناگونجێت، کە مادەیەکی ئەزەلی لەگەڵ خودا بوونی هەبێت، چونکە ئەمە دژی یەکتاپەرستی و پەروەردگاری ئەوە.”
    کێشەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە، کە گەر مادەی تر هەبووبن لە پێش خەڵقەوە، کەواتە ئەو مادانەش ئەزەلین. بەم شێوەیەش خودا تەنها ئەزەل نییە و تاک نییە.

    عن عائشة رضی الله عنها قالت: سألت رسول الله ﷺ عن هذه الآیة: ﴿وَكَانَ عَرْشُهُ عَلَى الْمَاءِ﴾ قال: “كان الماء قبل العرش، وكان العرش على الماء، وكتب في اللوح المحفوظ كل شيء كائن” (صحیح الترمذی)
    عن عمران بن حصین قال: قال رسول الله ﷺ: “كان الله ولم يكن شيء قبله، وكان عرشه على الماء، وكتب في الذكر كل شيء، وخلق السماوات والأرض” (صحیح البخاری)

    ٣. دروستکردنی گەردوون لە عەدەم (نەبوون)

    ئەم بۆچوونە، کە زۆربەی زانایانی ئیسلام پشتگیرییان لێکردووە، پێی وایە خودا گەردوونی لە هیچەوە (نەبوون، عەدەم) دروست کردووە. ئەم بۆچوونە بە ئایەتی ﴿إِنَّمَا أَمْرُهُ إِذَا أَرَادَ شَيْئًا أَن يَقُولَ لَهُ كُن فَيَكُونُ﴾ (یس: ٨٢) پشت دەبەستێت، کە دەفەرمووێت: “فەرمانی ئەو تەنها ئەوەیە کە کاتێک شتێکی بوێت، دەڵێت پێی: ببە! ئیتر دەبێت”.
    ئیمام غەزالی لە کتێبی “تهافت الفلاسفة” دا دەنووسێت: “إن الله تعالی خلق العالم من العدم المحض و لم یکن قبل وجوده شیء علی الإطلاق” واتا “خودای گەورە جیهانی لە نەبوونی ڕەهاوە دروست کردووە و پێش بوونی هیچ شتێک بە تەواوی نەبووە”.
    ئەمە بۆچوونی سەرەکی ئەهلی سوننە و جەماعەیە، بەڵام ئەم بۆچوونەش کێشەی فەلسەفی هەیە، چونکە لێرەدا دوو دژیەک کۆدەبنەوە ”أجتماع الضدين” و مەحاڵە. ئایا چۆن شتێک لە نەبوونەوە دێتە بوون؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە فەلسەفەی یۆنانی و ئیسلامی زۆر سەرقاڵی بووە.

    ** بۆچوونی ئیبن تەیمیە

    ئیبن تەیمیەی کورمانجی حەڕانی ڕوانگەیەکی جیاوازی هەیە. ئەو لە کتێبی “منهاج السنة النبویة” و “درء تعارض العقل والنقل” باس لەوە دەکات، کە جۆری بوونەکان لەناو زاتی خودا بووە، بەڵام نەک وەک بەشێک لە خودا، بەڵکو وەک زانست و توانایی و سیفەتەکانی. بەم شێوەیە، خودا واجبە، بەڵام جنس یاخود جۆری بوونەکان لەناو زاتی ئیلاهیدا هەبوون.
    بە نمونە: کاتێک دەوترێت فڵان نیگارکێشە، هونەری دروستکردن و خەیاڵ و ئەندێشەی و کەرەستەکان و جۆرەکان هەمووی لەناو زاتیدا هەن. گەریش شتەکان لەدەرەوە بوونیان نەبێت و بەردەست نەبن.
    ئیبن تەیمیە دەڵێت: “إن الله خالق کل شيء بعلمه و قدرته، و العلم و القدرة صفات ذاتیة له سبحانه” واتا “خودا دروستکەری هەموو شتێکە بە زانست و توانای خۆی، و زانست و توانا سیفەتە زاتییەکانی ئەون”. لێرەشدا ئیبن تەیمییە وەکو ڕەخنەی هەبووە لە ئەرستۆ، باش زانیویەتی کێشەی ڕایە باوەکەی نێو ئەهلی سەلەف چەند گەورەیە. یەکێکیان دژە لۆژیکە و ئەوەی تر، گەر سەرەتای خەڵق هەبێت. کەواتە پێش خەڵق، خودا لە ئەزەل پێش ئەوەوە سیفەتی خەڵقی نەبووە. بەم هۆیەشەوە زۆربەی ڕەهای سەلەفییەکان دژین تەنها لەم بابەتە. بەتایبەت ئیمامی زەمانیان ”ئەلبانی” بە ئاشکرا دەفەرمێت ”بریا شێخی ئیسلام خۆی نەخزاندایەتە ناو ئەم بابەتەوە”

    ## درێژەی شیکردنەوە و لێکدانەوەی قوڵتر

    لە قورئاندا، ئایەتی زۆر هەن، کە باس لە خەڵقکردنی گەردوون دەکەن، بۆ نموونە:

    ﴿اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ وَكِيلٌ﴾ (الزمر: ٦٢) واتە: “خودا دروستکەری هەموو شتێکە و ئەو بەسەر هەموو شتێکدا چاودێرە”.

    ﴿بَدِيعُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَإِذَا قَضَى أَمْرًا فَإِنَّمَا يَقُولُ لَهُ كُن فَيَكُونُ﴾ (البقرة: ١١٧) واتا: “داهێنەری ئاسمانەکان و زەوییە، و کاتێک بڕیار دەدات کارێک ئەنجام بدرێت، تەنها پێی دەڵێت: ببە! ئیتر دەبێت”. ئیمام شافیعی لە وتەیەکیدا دەڵێت: “خالق الکون من العدم هو الله وحده لا شریک له” واتا “دروستکەری گەردوون لە نەبوونەوە تەنها خودایە و هیچ هاوبەشێکی نییە”. وەکو وتمان ئەمە کێشەکەی چییە! هەروەها ئیمام ئەحمەد لە “العقیدة” دا دەڵێت: “الله قادر علی کل شيء، خلق الخلق بقدرته من غیر أصل سابق” واتا “خودا توانای بەسەر هەموو شتێکدا هەیە، بوونەوەرەکانی بە تواناکانی دروست کردووە بەبێ بنەمایەکی پێشوو”. بگەڕێووە بۆ هەمان بۆچوونی ئیمامی شافیعی وەکو ناوەڕۆک.
    ئەلغەزالی لە “تهافت الفلاسفة” زیاتر شی دەکاتەوە و دەڵێت: “إن القول بأن العالم أزلي یناقض وحدانیة الله و قدرته علی الخلق” واتا “پێداگرتن لەسەر ئەوەی کە جیهان ئەزەلییە، دژی یەکتاپەرستی خودا و توانای ئەو لەسەر دروستکردنە”. دیارە لەڕووی عەقیدەییەوە غەزالی سەر بە قوتتابخانەی ئەشعەرییە، گەرچی لەمەدا لەگەڵ حەنابیلەکان یەکتر دەگرێتەوە وەکو ناواخن.

    ئیبن ڕوشد، فەیلەسوفی ناسراوی ئیسلامی، لە کتێبی “تهافت التهافت” ڕەخنە لە غەزالی دەگرێت و پێی وایە، کە گەردوون ئەزەلییە، بەڵام نەک بە مانای سەربەخۆ لە خودا، بەڵکو بە مانای هەمیشە وابەستە بە فەیزی خودا بووە. ئەم بۆچوونە نزیکە لە وتەکانی ئیبن سینا کە دەڵێت: “واجب الوجود علة تامة لوجود الممکنات” واتا “واجب الوجود/دەبێت هەبێت هۆکاری تەواوی بوونی  شیاوەکانە/موومکیناتە”.

    لە ڕوانگەی عەقڵانی و زانستییەوە، دروستکردنی شت لە نەبوونەوە (Ex Nihilo) بابەتێکی قورسە بۆ تێگەیشتن، بەڵام زانایانی ئیسلام پێیان وایە ئەمە نیشانەی مەزنی و بێسنووری توانای خودایە. ئیمام ماتوریدی لە کتێبی “التوحید” دا دەنووسێت: “قدرة الله تعالی لا حدود لها، و هو قادر علی خلق الأشیاء من العدم” واتا “توانای خودای گەورە سنووری نییە و ئەو دەتوانێت شتەکان لە نەبوونەوە دروست بکات”.

    لێرەدا دەتوانین بڵێین کە زۆربەی زانایانی ئیسلام پشتگیری بۆچوونی سێیەم دەکەن، واتا خودا گەردوونی لە نەبوونەوە دروست کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا دان بەوەدا دەنێن، کە تێگەیشتن لە چۆنیەتی ئەم پرۆسەیە لە توانای عەقڵی مرۆڤدا نییە. وەک ئیمام مالیک دەڵێت: “الاستواء معلوم و الکیف مجهول و السؤال عنه بدعة” واتا “چەمکەکە زانراوە بەڵام چۆنیەتی نەزانراوە و پرسیار لێکردنی بیدعەیە”. ئەم وەڵامە باوترینە، بەڵام لە ناواخندا هیچ ڕستەیەکی هەواڵی/خەبەری زانیاری نییە. واتا هەمان وەڵام دەتوانی بۆ سێگۆشەی مەسیح و خوا و ڕووح بەکاربەریت، کاتێک لێت بپرسن چۆن؟ وەکو مەسیحییەک بڵێ: سێ گۆشە زانراوە/مەعلومە، چۆنییەتی/کیف نەزانراوە و پرسیارکردنی لێی شتێکی نابووت و خراپە/بیدعەیە. بەم شێوەیە هەمان شت بۆ هەر باوەڕێکی بتپەرستی و ڕووحانی بوزیش دەشێت. بە کورتی ڕاهێنانە لەسەر سەرنجلابردن، نەک وەڵامدانەوە ئەقڵانی یا زانست (لێرەدا مەبەست لە ئەقڵانی واتا لۆژیکی و زانستی واتا ئەزموونی)

    ### کۆتایی

    لە کۆتاییدا، بابەتی دروستکردنی گەردوون بابەتێکی قوڵ و فراوانە لە فیکری ئیسلامیدا. زۆربەی زانایان لەسەر ئەوە کۆکن کە خودا سەرچاوەی هەموو بوونێکە و گەردوون بە ویست و توانای ئەو دروست کراوە، بەڵام چۆنیەتی ئەم پرۆسەیە جێگەی مشتومڕی قوڵە لە نێوان مەزهەب و قوتابخانە جیاوازەکانی فیکری ئیسلامیدا. ئەمەش دەوڵەمەندی فیکری ئیسلامی دەردەخات لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە قوڵ و فەلسەفییەکاندا. هەندێکی تر پێیان وایە، بوونی ڕای جیاواز لە مەسەلەیەکی فیقهی/شەرعیدا بۆ ئەحکام دەشێت و واریدە. بەڵام بۆ ئەسڵی عەقیدە، کە یەکتری لەسەر ”تەکفیر” دەکەن نەگونجاو و خراپەیە بە بیروباوەڕەکە.

    ### پانووس و سەرچاوەکان:

    ١. الغزالي، أبو حامد محمد بن محمد. “إحیاء علوم الدین”. دار المعرفة، بیروت.
    ٢. الغزالي، أبو حامد محمد بن محمد. “تهافت الفلاسفة”. دار المعارف، القاهرة.
    ٣. ابن تیمیة، أحمد بن عبد الحلیم. “منهاج السنة النبویة”. جامعة الإمام محمد بن سعود الإسلامیة.
    ٤. ابن تیمیة، أحمد بن عبد الحلیم. “درء تعارض العقل والنقل”. دار الکنوز الأدبیة، الریاض.

  • لەچی مردن بترسین؟ –  ئێپیکۆرس/ئەپیکور

    لەچی مردن بترسین؟ – ئێپیکۆرس/ئەپیکور

    ئێپیکۆرس/ئەپیکور Epicurus کێیە؟

    ئەپیکور (٣٤١-٢٧٠ پ.ز) فەیلەسوفێکی یۆنانی کۆن بوو، کە بیرۆکەی چێژگەرایی (هێدۆنیزم)ی پەرەپێدا. بەڵام چێژگەراییەکەی جیاواز بوو لە تێگەیشتنی باو. ئەو پێی وابوو کە:

    ١. خۆشبەختی و ئارامی دەروون گرنگترین شتن لە ژیاندا
    ٢. چێژی ڕۆحی و هزری لە چێژی جەستەیی گرنگترە
    ٣. ژیانێکی سادە و دوور لە خواستە زۆرەکان دەبێتە هۆی ئارامی
    ٤. دۆستایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی خۆشبەختین

    ئەبیقۆر قوتابخانەیەکی فەلسەفی دامەزراند، کە تێیدا ژن، پیاو و کۆیلەش وەک یەک مامەڵە دەکران، کە ئەمە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی زۆر پێشکەوتوو بوو بە بەراورد بەو کاتە.

    ڕوانگەی ئەو لەسەر ژیان و مردن چی بوو؟

    سەبارەت بە ژیان، پێی وابوو ژیان دەبێت بۆ خۆشی و ئارامی بێت، نەک ترس و نیگەرانی. بەڵام ئەم خۆشییە لە ڕێگەی ژیانێکی سادە و دوور لە خواستی زۆر بەدەست دێت. بە کوردی و بە کورتی ئەو چێژی ژیانکردن/ژیان لە ناواخنی خۆیدا دەبینییەوە. واتا ئەزموونکردنی ئەو جەوهەرە.

    لەسەر مردن چی دەوت؟

    چۆن نەبوونی شتێك زیان دەگەیەنێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت؟ بە ڕوانگەی ئێپیکۆرس/ئەبیقۆر، مردن تەنها نەبوونی هەست و زانیارییە. بەڵگەکانی بەم شێوەی خوارەوەیە:
    ١. کاتێك دەمرین، هەست و زانیاریمان بە تەواوی نامێنێت، هیچ هەست و بیرکردنەوەیەکمان نامێنێت، تەنها “تۆ” ش نامێنێت.
    ٢. زیان، بە پێناسەیە سادەکەی پێویستی بە کەسێکە هەستی پێ بکات بۆ ئەوەی هەبێت. بێ هەست، زیان نییە.
    ٣. کەواتە، مردن ناتوانێت زیانمان پێ بگەیەنێت چونکە تەنها ڕەوشێکە لە نەبوونی هەست.
    خۆت بخەرە ئەو دۆخەی، کە نوستووی بێ خەون. کات تێدەپەڕێت بێ ئەوەی هەست بە هیچ بکەیت. ئایا ئەم ساتانە بە زیاندار دەزانیت؟ بەدڵنیایی نەخێر. ئێپیکۆرس دەڵێت، کەمردین هەر هەمان ڕەوشە، بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام. هیچ شتێك نییە لێی بترسیت، چونکە بە سادەیی هەست بە هیچ شتێك ناکەیت.

    ئایا پێشتر بیرت لە ملیاران ساڵ کردۆتەوە، کە پێش تۆ تێپەڕیبوون؟ ئایا هەستت بە هیچ شتێك کردووە لەو ساتانەدا؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. لێرەدا ئێپیکۆرس دەڵێت: ئەگەر نەبوونت لە جیهان پێش لە دایك بوونت زیانی پێ نەگەیاندووی، چۆن نەبوونت لە جیهان پاش مردن زیانت پێ دەگەیەنێت؟
    ١. پێش لە دایكبوونمان، لە ڕەوشی نەبووندا بووین، و هەستمان بە هیچ زیان و ئازارێك نەکرد.
    ٢. مردن، بە سادەیی، دەمان گێڕێتەوە بۆ هەمان ڕەوشی نەبوون.
    ٣. بە پێی ئەوەی ڕەوشی نەبوون پێش لە دایكبوون زیاندار نەبوو، هەمان شت بۆ ڕەوشی نەبوون پاش مردن ڕاستە.
    ئێمە نیگەران نین سەبارەت ئەو کاتانەی کە تێیدا نەبووین. کەواتە بۆچی لە کاتانەی کە تێیدا نابین لە داهاتوو دەترسین؟

    جاری داهاتوو، کە بیر لە مردن دەکەیتەوە، لە خۆت بپرسە: بۆچی بترسم لە شتێك کە ناتوانێت زیانم پێ بگەیەنێت؟

    پانووس:
  • ڕۆڵی کارکردن لە گۆڕینی مەیموون بۆ مرۆڤ – فرێدرێش ئەنگڵز

    ڕۆڵی کارکردن لە گۆڕینی مەیموون بۆ مرۆڤ – فرێدرێش ئەنگڵز

    بەشێک لە وتاری فەیلەسوف فرێدرێش ئەنگڵز، کە ١٨٧٦ نوسییوتی لە چوارچێوەی ئەو سەردەمە نوێیەی بیردۆزی پەرەسەندن و کاریگەری کتێبەکەی چارلس داروین خستبوویەوە. بە تێبینی ئەوەوە، کە جۆری مەیموون لە کوردیدا بۆ کلکدار و بێکلک بەکاردێت. بەڵام لە دەقی ئەسڵیدا Ape & Monkey جودان. بۆیە وریابە مەبەستی بێکلکەکانە وەکو شەمپانزی و گۆریلا …هتد.

    سەرەتای گەشتی مرۆڤایەتی

    چەند سەد هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە سەردەمێکدا، کە هێشتا ناکرێت بە وردی پێناسە بکرێت. لەو سەردەمەی پەرەسەندنی زەویدا، کە زەویزانەکان پێی دەڵێن سەردەمی سێیەم.  ڕەنگە لە کۆتاییدا لە شوێنێک لە ناوچە گەرمەکاندا، لە نزیک ئاوەکانی زەریای هیندی، ڕەگەزێکی مەیمووننی تایبەت ژیابێت، کە زۆرترین هاوشێوەی مرۆڤیان هەبووە و گەیشتبوونە پلەیەکی زۆر بەرزی گەشەکردن.

    داروین وەسفێکی ورد و درشتی ئەم مەیموونانەی بۆ کردوین، کە باوانی ئێمەن بوون: پێستیان بە تەواوی بە موو داپۆشرابوو، سمێڵ و گوێچکەیان قۆچدار بوو، بە کۆمەڵ لەناو دارەکاندا دەژیان.

    گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکە: ئازادکردنی دەست

    لەژێر کاریگەری شێوازی ژیانیاندا، پێویست بوو دەستەکان ئەرکی جیاواز لە قاچەکان ئەنجام بدەن. جگە لە ئەرکەکانی قاچەکان لەکاتی سەرکەوتندا. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەو بازدانە گەورەیە لە ژیانی مرۆڤدا.

    ئەم مەیموونانە دەستیان کرد بە لەدەستدانی خووی پشت بەستن بە دەستەکانیان بۆ ڕۆیشتن لەسەر زەوی، و ڕۆیشتنێکی ڕاست و دروستیان گرتەبەر. بەم شێوەیە هەنگاوی یەکلاکەرەوەی گواستنەوە لە مەیمونەوە بۆ مرۆڤ تەواو بوو.

    بەراوردکردن لەگەڵ مەیموونەکانی ئەمڕۆ

    هەموو ئەو مەیمونانەی، کە هاوشێوەی ئەون و تا ئەمڕۆش دەژین، دەتوانن تەنها لەسەر قاچەکانیان ڕاست بوەستن و بەدەوری خۆیاندا بجوڵێن، بەڵام تەنها لە کاتی پێویست و بە **چەقبەستوویی**دا ئەم کارە دەکەن.

    سەبارەت بە ڕۆیشتنە سروشتییەکەیان، بە شێوەیەکی نیوەڕاست دەڕۆن و پێویستیان بە بەکارهێنانی دەستەکانیان هەیە. زۆربەی ئەم مەیموونانە لە کاتی ڕۆیشتندا پشتگیری لە پەنجەی ناوەڕاستی پەنجە چەماوەکانیان دەکەن لەسەر زەوی، قاچەکانیان بەرەو جەستەیان دەچەمێننەوە و جەستەیان پاڵدەنێن بۆ پێشەوە وەک ئیفلیجێک، کە لەسەر دوو چەقۆ دەڕوات.

    قۆناغەکانی پەرەسەندن

    ئەمڕۆش بە گشتی دەتوانین لە مەیموونەکاندا هەموو قۆناغەکانی گواستنەوە لە ڕۆیشتن بە هەر چوار قاچەوە بۆ ڕۆیشتن بە دوو قاچەوە چاودێری بکەین. بەڵام ئەم دوایین شێوازی ڕۆیشتنە هەرگیز لە ئاستی شێوازێکی فریاگوزاری تێپەڕی نەکردووە، کە لە کاتی پێویستییەکی زۆردا بەکاردەهێنرێت.

    پێکهاتنی یاسایەک و پێویستییەک

    ئەگەر ڕۆیشتنی ڕاست قەدەر بووبێت بۆ باوباپیرە تووکدارەکانمان. یەکەمجار ببێتە یاسایەک و دووەمیش پێویستییەک. ئەوا ئەمە وا گریمانە دەکات، کە دەستەکان لەو سەردەمەدا دەبوو چالاکی زیاتر و زیاتری جۆرەکانی دیکە ئەنجام بدەن.

    دابەشکردنی کار لە نێوان دەست و قاچدا

    تەنانەت لە نێو مەیموونەکاندا جۆرێک لە دابەشکردنی کار لە نێوان دەست و قاچەکاندا هەیە:

    •  دەست وەک وتمان لە کاتی سەرکەوتندا بەکاردێت، بە پێچەوانەی قاچەوە
    •  دەست زیاتر بۆ هەڵگرتن و ڕاگرتنی خۆراک بەکاردێت
    • هەندێک لە مەیموونەکان دەستەکانیان بەکاردەهێنن بۆ:
      •  دروستکردنی کۆشک لە دارەکاندا
      •  دروستکردنی گوێسەبان لە نێوان لقەکاندا بۆ پاراستن لە خراپی کەشوهەوا
      • گرتنی کوتەکێک یا تیژەرێک بۆ بەرگریکردن لە دوژمنان
      • فڕێدانی میوە و بەرد

    جیاوازی گەورە لە نێوان دەستی مەیمون و مرۆڤدا

    هەندێک کردەوەی سادە بە دەست ئەنجام دەدەن، کە لاسایی مرۆڤ دەکەنەوە. بەڵام وردە وردە لێرەدا، هەموو جیاوازییەک لە نێوان دەستی مەیمونە گەشەنەکردووەکاندا و دەستی مرۆڤدا دەردەکەوێت.

    تەنانەت ئەگەر مرۆڤ هاوشێوەیترین مەیمونیش بێت، دەستی مرۆڤ، کە بە کارکردن لە ماوەی هەزاران سەدەدا تا پلەیەکی بەرزی شارەزایی بەرزکراوەتەوە. جیاوازی گەورەی هەیە و بەستنەوەی لەگەڵ تێڕامانی بۆی.

    هاوشێوەیی و جیاوازی

    ژمارەی ئێسک و ماسولکەکان و ڕێکخستنی گشتییان لە دەستی مەیمون و دەستی مرۆڤدا وەک یەکن، بەڵام دەستی یەکەم مرۆڤی دڕندەی سەرەتایی دەتوانێت سەدان کردەوە ئەنجام بدات، کە دەستی مەیموونی ئێستا هەرگیز ناتوانێت لاسایی بکاتەوە.

    ئەنجامی گرنگ

    دەستی مەیمون هیچ چەقۆیەکی بەردی دروست نەکردووە. تەنانەت چەقۆیەکی زۆر خامی سەرەتایی. ئەمە ئەو جیاکەرەوە گرنگەیە، کە مرۆڤی لە هەموو ئاژەڵەکانی دیکە جیا دەکاتەوە.


    سەرچاوە وەکو بنەڕەت:

    *ئەم وتارە لەسەر بنەمای “The Part Played by Labour in the Transition from Ape to Man” ی فرێدرێش ئەنگڵز (١٨٧٦) دووبارە ڕێکخراوەتەوە بۆ خوێنەری کوردی لەگەڵ پاراستنی ناواخن و مانای سەرەکی

  • خوای بێ مەکان لەلای ئیبن تەیمییە

    خوای بێ مەکان لەلای ئیبن تەیمییە

    پێشەکی

    یەکێک لە کێشە فەلسەفییە دێرینەکان، کە لە میراتی ئیسلامیدا هەمیشە بابەتی مشتومڕ بووە. پەیوەندی بە چەمکی “بوون” و “نەبوون”ەوە هەیە. ئەم کێشەیە تەنها بابەتێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێگەشتنمان لە خوداوەند و جیهان هەیە.

    ناوکی کێشەکە

    جیاوازی نێوان “موجود/هەبوو” و “معدوم/نەبوو”

    لە بنەڕەتدا، موتەکەلیمەکان (قسەکەرانی دینی) جیهان بە دوو بەش دابەش دەکەن:

    • موجود/هەبوو: ئەو شتانەی، کە بوونیان هەیە
    • معدوم/نەبوو: ئەو شتانەی، کە بوونیان نییە

    بەڵام ئەم دابەشکردنە کێشەیەکی گەورە دروست دەکات. چونکە “نەبوون” بە خۆی شتێک نییە، بەڵکو تەنها دژی هەبوونە یاخود تەنها نەمانی شتێکە. وەک چۆن سارد تەنها نەمانی گەرمایە، نەک شتێکی سەربەخۆ.

    نائاسایی لە بیرکردنەوە

    ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی، کە هەندێک موتەکەلیم بڵێن: “ئێمە لە فەلسەفەدا نەبوونمان هەیە، بەڵام لە زانستی سروشتیدا نەبوون/عەدەممان نییە.” ئەمەش ناکۆکییەکی ئاشکرایە، چونکە هەمان کەسان هەوڵ دەدەن بە بەڵگەی زانستی سەلماندن بکەن.

    چارەسەری ئیبن تەیمییە

    شێخی ئیسلام ئیبن تەیمییە (١٢٦٣-١٣٢٨ز)

    لە کتێبی نایابی “بیان تلبیس الجهمیة”دا، ئیبن تەیمییە چارەسەرێکی ڕادیکاڵ/پەڕیانەی ئەم کێشەیەی پێشکەش کردووە:

    “هەر شتێک کە بوونی هەبێت، دەبێت یان لەش بێت یان دووری و مەودا. ئەوەی دووری نییە، ئەوە بە نەبوو دەژمێردرێت.”

    بەهای ئەم بیرۆکەیە

    ئەم چارەسەرە لە ڕوانگەی لۆژیکییەوە:

    1. ڕوونە: هەموو شتەکان یان لەش یان دوورییان هەیە
    2. کۆنکرێتە/پتەوە: دەتوانرێت بە ئەزموون بسەلمێندرێت
    3. ناکۆکی ڕەت دەکاتەوە: دەرباز دەبێت لە “شتە بەڵام شت نییە”، کە ئەشعەرییەکان دەیڵێن

    کێشەی ماوە

    پرسیاری دوورییەکان

    تەنانەت ئەم چارەسەرە ئاڵۆسکاوەش کێشەیەکی بچووکی ماوە:

    گەر شتێک “دوورییەکان” ــی هەبێت و شوێنێکی دیاریکراوی هەبێت، ئەوا ئەویش لەناو ئەم جیهانەیە. لێرەدا ئیبن تەیمییە هەمان ئەسڵی مەزهەبە عەقەدییەکەی خۆی لەسەر ئیمام ئەحمەد دەپارێزێ، کە دەڵێت ئەوەی دەڵێت ”خودا لە ئاسمان نییە، ئەوە جەهەمییە”. بەڵام وەکو هەموو شتەکانی دیکە بوونی دوورییەکان و شوێن دەبێتە مایەی:

    • گۆڕان: دەتوانرێت بگۆڕدرێت ”حەوادیس”
    • پێکهاتوو: لە بەشەکان پێکهاتووە واتا مورەکەب

    ئەمەش واتا ئەوە دەگەیەنێت، کە تەنانەت ئەم چارەسەرەش ١٠٠٪ کێشەکە یەکلاناکاتەوە.

    ئەنجامگیری

    بیرۆکەی ئیبن تەیمییە هەنگاوێکی گرنگ بوو بەرەو چارەسەری کێشەی فەلسەفی بوون و نەبوون. هەرچەندە زۆر پڕ نییە، بەڵام ڕێگەیەکی نوێی ئاراستەکردووە، کە هێشتا لە گفتوگۆی فەلسەفی هاوچەرخدا بەهادارە. هێشتا سەدان هەنگاو لەو خولانەوەی ”شتە و شتیش نییە” ڕێکوپێکترە.

    ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە نیشان دەدات کە چۆن میراتی ئیسلامی ”ئەهلی سەلەف” دەتوانێت بەشدارییەکی ئەزموونی و کاریگەردارانە لە گفتوگۆ فەلسەفییە گشتییەکاندا بکات.


    * ئەم وتارە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لەسەر بیری فەلسەفی ئیسلامی و کاریگەری لەسەر زانستی هاوچەرخ.