پێشەکی
کاتێک باسی «پەرجۆ» (معجزة) دەکەین، زۆربەی خەڵکی وا تێدەگەن کە چەمکێکی جێگیر و ئامادەکراوە لە ئاییندا. بەڵام کاتێک بە وردی لە ڕوانگەی ژیربێژی و مێژووی زانستی کەلامەوە لەم بابەتە دەکۆڵیتەوە، بۆت دەردەکەوێت کە ئەم پرسیارە یەکێک بووە لە مەیدانە زۆر ئاڵۆزەکانی ململانێ لە نێوان عەقڵ و دەقدا.
لە فکری ئیسلامیدا، دوو قوتابخانەی کەلامیی بنەڕەتی موعتەزیلە و ئەشاعیرە بە دوو ئاڕاستەی تەواو دژبەیەکدا لەم چەمکەیان ڕوانیوە: موعتەزیلە هەوڵیان دەدا پەرجۆ لە چوارچێوەی یاسا نەگۆڕەکانی سروشت و دادپەروەریی خوداییدا لێک بدەنەوە، لە کاتێکدا ئەشاعیرە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ڕەهای خودا، بە تەواوی چەمکی «هۆکارێتی»یان ڕەت کردەوە و یاسای گەردوونیان کەم کردەوە بۆ تەنها «عادەتێک».
ئەم وتارەی بەردەستت ڕابەرێکە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جیاوازییە ڕیشەیییانە. تێیدا دوور لە دەمارگیری و بە پشتیوانیی دەقی ڕەسەنی سەرچاوە مێژووییەکان، لەوە دەکۆڵینەوە کە چۆن چەمکێک کە بەو ناوانە لە دەقی قورئاندا نەهاتووە، بووەتە بەردی بناغەی دیاریکردنی سنووری نێوان ژیربێژی، سروشت و پەیامی ئایینی.
چەمکی پەرجۆ: لە قورئانەوە بۆ زانستی بەناو کەلام
لە قورئان و سوننەتدا چەمکی «معجزة» (کە لە عەجز و دەسەوسانکردنەوە هاتووە) بوونی نییە، بەڵکو لەبری ئەوە چەمکەکانی «آية» (نیشانە) و «برهان» (بەڵگە) بەکارهاتوون. زانایانی کەلام ئەم چەمکەیان داڕشتووە بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان کاری خودایی و توانای مرۆڤ.
لە ڕووی فەلسەفییەوە، ئەگەر هەمووان لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ پەرجۆ ڕێک نەکەون، ئەوا دەبێت دوو کار بکرێت:
١. پێناسەیەکی نوێ لە ئایینێکی نوێدا بهێنرێتەوە.
٢. یان دەبێت هەموو ئەوانەی لە ئاییندا هەیە ڕەتی بکاتەوە.
تێڕوانینی موعتەزیلە: ژیربێژی و یاسای سروشت
موعتەزیلەکان، وەک کۆنترین قوتابخانەی کەلامی، چەمکەکەیان بە پشتبەستن بە ژیربێژی (لۆژیک) داڕشتەوە. ئەوان پێیان وایە شکستپێهێنانی یاسای سروشت تەنها لە کاتی ناردنی پێغەمبەراندا ڕوو دەدات، چونکە ڕوودانی لە دەرەوەی ئەم مەبەستە لای ئەوان کارێکی بێهودەیە (عبث).
مەرجەکانی پەرجۆ لە لای ئەوان بریتین لە:
- دەبێت لە لایەن خوداوە بێت، یان لە کاری ئەو بچێت؟! ئەمە بۆخۆی کێشەیە
- دەبێت هاوپێچ بێت لەگەڵ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی و پاش ئەو بێت.
- دەبێت لەگەڵ بانگەشەکەی بگونجێت، «جوان» بێت، و دژی نەبێت. ئەمەش خۆی کێشەیەکی ترە!
- دەبێت لە کاری دانایەک و دادپەروەرێک بچێت. واتا پێشتر کردەوەی خوا بناسیتەوە!!
لای موعتەزیلە، دەبێت یاسای سروشت بشکێنێت و لە دژایەتی پاک بێت. بۆچوونێکی سەرنجڕاکێشیان هەیە بە ناوی «الصرفة» (بەتایبەت لای نەظام)؛ واتە پەرجۆ بەو مانایە نییە کە مرۆڤ توانای ئەو کارەی تێدا نەبێت بە ڕەهایی، بەڵکو کاتێک ڕوو دەدات، خودا ڕێگری لە عەقڵ و توانای مرۆڤەکان دەکات (صرف) بۆ ئەوەی نەتوانن بەرپەرچی بدەنەوە، چونکە خودا پشتگیریی درۆزن ناکات و ئەمە لەسەری پێویستە. ئەمەیان لە هیندییەکانەوە هێناوە و خۆی هەموو مەرجەکان بەتاڵ دەکاتەوە. چونکە دەڵێت: گەر کەسێک ویستی بیکات، ئەوە خوا ناهێڵێت!!!
إنّ العادة لا تُخرق إلا عند إرسال الرسل، ولا تخرق لغير هذا الوجه؛ لأنّ خرقها لغير هذا الوجه يكون بمنزلة العبث.
سەرچاوە: قازی عەبدولجەبار، المغني في أبواب التوحيد والعدل (بەشی: النبوات ومعجزات الأنبياء).
تێڕوانینی ئەشاعیرە: شکاندنی عادەت، نەک سروشت
لە لای ئەشاعیرە، تێڕوانینەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. ئەوان باوەڕیان بە «یاسای ناچارکەری سروشت» یان هۆکارێتی (السببية) نییە و دەڵێن هەموو شتێک بە بکەری خودایە (لە ویست و کردەوەدا). هیچ شتێک هۆکاری شتێکی تر نییە، بەڵکو خودا لە هەر ساتێکدا هەردووکیان سەربەخۆ دروست دەکات. لەبەر ئەوە، پەرجۆ شکاندنی «یاسای سروشت» نییە، بەڵکو تەنها شکاندنی ئەو «عادەتە»یە کە خودا خەڵکی لەسەر ڕاهێناوە. هەر بەم پێناسەیە خودی ”پەرجۆ” بوونی نییە، چونکە وەکو هەموو کردەوەیەک هەر ڕاهاتنی ئێمەیە، گەرنا هەر خوا بکەری سەرەکییە!!
چوار مەرجی سەرەکی بۆ پەرجۆ لای ئەشاعیرە بریتین لە:
١. کارێکی نائاساییە و عادەت دەشکێنێت (خارق للعادة). ئەمەش هەندێکیان ناویان ناوە ئەمرە هەندێکی تریان کردەوە/کارە. هەر بۆ خۆی ئەمەش کێشەیەکی ترە!
٢. هاوپێچی بەربەرەکانێیە (تەحەدی).
٣. بەبێ بوونی بەرهەڵستکار (عجز عن المعارضة).
٤. بۆ بەڕاستدانانی بانگەشەی پێغەمبەرێکە (تصديق). ئەمانیش وا دادەنێن پێشتر ناسینی خاڵقیان هەیە، بۆیە هەر سەیرە چاوەڕێی ”پشتڕاستکردنەوە” دەکەن!!
- ئیمامی حەرەمەینی جوێنی:
كل خارق للعادة يجوز تقدير وجوده ابتداءً من فعل الله تعالى، فإذا لم يكن بد من تعلقه بالدعوى فهو المعجزة بعينها.
سەرچاوە: ئیمامی جوێنی، الإرشاد إلى قواطع الأدلة في أصول الاعتقاد (فەصلی: في حقيقة المعجزة وشروطها).
- ئەبو بەکری باقلانی:
«أن تكون خارقة للعادة… وتكون موافقة للدعوى… وتصديقاً للمدعي وتكون مما لا يقدر عليه العباد.»
سەرچاوە: ئەبو بەکری باقلانی، إعجاز القرآن (بەشی: شروط المعجزة).
- ئیمامی شەهرستانی:
حقيقة المعجزة: أنها أمر خارق للعادة، يظهر على يد مدعي النبوة عند التحدي، على وجه يعجز المنكرون عن معارضته بمثلها… وإنما خرق العادة هو انقطاع ما استمرت به سنة الله تعالى في أفعاله، إذ لا وجوب في العقل لجريان الحوادث على نظام معين، بل الفعل كله لله تعالى.
هەروەها دەربارەی گونجانی پەرجۆ دەڵێت: «وإنما تقع المعجزات بحسب ما يغلب على أهل كل زمان ومقتضى حالهم، ليكون العجز عن معارضتها أظهر في الحجة.»
سەرچاوە: ئەبو ئەلفەتحی شەهرستانی، نهاية الإقدام في علم الكلام، (مسألة في إثبات المعجزات).
- ئەبو حامیدی غەزالی:
الاقتران بين ما يُعتقد في العادة سبباً وبين ما يُعتقد مسبباً ليس ضرورياً عندنا… بل كل اثنين لا يتوقف أحدهما على الآخر ليس من الضرورة أن يوجد أجد أحدهما بدلاً عن الآخر.
سەرچاوە: ئەبو حامیدی غەزالی، تهافت الفلاسفة (کێشەی حەوتەم: في السببيات).
شیکاری و سەرنجی کۆتایی
وەک بینیمان، جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان ئەم دوو ئاراستەیەدا هەیە. بەڵام لێرەدا دەبێت لەسەر دوو خاڵی شیکاریی گرنگ بوەستین:
یەکەم: تێگەیشتن لە شکاندنی عادەت (نموونەی بازدانەکەی وەرزشوانان)
ئەگەر نموونەی وەرزشوانێکی جامایکی یان ئەمریکی بهێنینەوە کە دەتوانێت ٨ مەتر باز بدات لە کاتێکدا کەس لە سەردەم و ژینگەی ئێمەدا ناتوانێت شتی وا بکات. ئایا ئەمە بە پێوەری ئەشاعیرە دەبێتە پەرجۆ؟ بەڵێ گەر وریا بێت و ئیدیعا بخاتە پاڵی و هەڵسوکەتی خۆی باشتر بکات!!
لە ڕووی زانستی کەلامییەوە، ئەمە ناکەوێتە خانەی «پەرجۆ»وە. ڕاستە ئەشاعیرە پێیان وایە پەرجۆ «شکاندنی عادەتە»، بەڵام ئەم شکاندنە تەنها ئەوکاتە دەبێتە پەرجۆ کە مەرجی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی و تەحەدای لەگەڵدا بێت. بازدانێکی وەرزشی گەرچی بۆ ئێمە نائاساییە، بەڵام نە بانگەشەی ئایینی لەگەڵدایە و نە مەبەست لێی سەلماندنی پەیامێکی خوداییە. لە زاراوەی کەلامیدا بەمە دەوترێت توانایەکی دەگمەن، نەک پەرجۆ. کەواتە گەر کابرا وریا بێت و مەرجەکانی ئەشاعیرە بزانێت، ئیشی ماشییە!
دووەم: دەرئەنجامە فەلسەفی و زانستییەکان
تێڕوانینی موعتەزیلە زیاتر لەگەڵ زانستی تاقیکاریدا یەکدەگرێتەوە، چونکە ئەوان دان بە یاسا جێگیرەکانی سروشتدا دەنێن. بەڵام تێڕوانینی ئەشاعیرە کێشەیەکی گەورە دروست دەکات؛ بە ڕەتکردنەوەی هۆکارێتی (السببية) و بچووککردنەوەی یاسا گەردوونییەکان (سنن الكونية) بۆ تەنها «عادەتێک»، بنەمای پێشبینیپێکراویی زانستی زیانی گەورەی بەردەکەوێت. ئەگەر ئاگر خۆی هۆکاری سووتان نەبێت و تەنها لە ڕێگەی سەربەخۆی خوداوە دروست ببێت، ئەوا هیچ یاسایەکی زانستی جێگیر نامێنێتەوە کە مرۆڤ بتوانێت بە دڵنیاییەوە پشتی پێ ببەستێت. یاسای سروشتی گەردوونیش بۆ مرۆڤایەتی هەمیشە لە نوێکردنەوەدایە دۆزینەوەی. واتا ئەم مەرجەی ئەمانیش هەر لە سڵاواتی سەرەتاوە پێوەر نییە، کە چی یاسای سروشتە و ناشکێت!
لەم سۆنگەیەوە، دەکرێت بپرسین: ئایا سەرکەوتنی ئەم تێڕوانینەی ئەشاعیرە بەسەر ژیربێژیی موعتەزیلەدا، هۆکاری سەرەکی نەبوو بۆ پاشەکشەی عەقڵی زانستی و فەلسەفی لە مێژووی دواتری ناوچەکەدا؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر هەردووکیان پێناسە و شیکارێکی تەمومژاوی ئاڵۆز دەدەن، کە خودی کەسایەتی وەکو شێخی ئیسلام ”ئیبن تەیمییە” و قازی قورتوبە ”ئیبن ڕووشد” و عەلامەی ئەهلی سوننە ”ئیبن حەزم” لە ئەلفەوە بۆ یا لە ناوەڕۆکی ئەو مەرجانە قسەیان هەیە وەکو:
- ئەم مەرجانە گەر پێشتر خودا پێی داون و دەڵێت گەر کەسێک هات وای کرد و وت. ئەوە نوێنەری منە. ئەسڵەن ئیتر چی پێویستتان بە پەیامبەرە، کە پەیوەندییەکە ئەوەندە قوڵ هەیە؟
- ئالیکاری/تەحەدی شتێکی پووچە. چونکە بەپێی گێڕانەوەکان و سیرە پڕە لە ڕووداو، کە لەبەردەم هاوەڵان کردویەتی. هاوەڵێک ئیمانی ئامادەی گیانفیداییە، ئیتر ئالیکاری و چی کردووە؟
- ئەم مەرجانەی پەرجۆ گەر کراوەن بۆ ڕۆژی قیامەت. ئەوە نە پێغەمبەر دواهەمینە و نە ئیسلام دوا ئاینە. چونکە کێ هات و ئەو مەرجانەی پڕکردەوە، پیرۆزە پەیامبەرە؟

وەڵامێک بنووسە