پێشەکی
لەم وتارەدا، بە تێڕوانینێکی ڕەخنەییانە لە چەند دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییان بە دەسەڵات و سۆشیال میدیاوە دەڕوانین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن گوتار و ئارەزووەکانمان ئاراستە دەکرێن.
سیستەمی مەعریفی و بونیادی گوتار
ئێمە ئەگەر سوود لەم چەمکەی میشێڵ فوکۆ وەبگرین (ئێپسیمی) یاخود پێی بڵێین سیستەمی مەعریفی، دەبێ یەکسەر بیرمان بۆ بونیادی ژێرخانی بیرکردنەوە – یاساکانی بەرهەمهێنانی دەق (گوتار) – پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵات – پچڕانی مێژوویی بچێت. دەتوانین چەندان نموونەی واقیعیی ناوخۆییی دونیای کوردی وەربگرین و سەرنجیان بخەینە سەر.
نموونە، پێش قەیرانی بەنزین، دیاردەیەک هەبوو کە ئێستاش بەردەوامیی هەیە؛ لە سەروبەندی تایبەتدا ئەویش هێنانە سەر شاشەی خێزانێکی هەژار و دروستکردنی دیسکورسی تایبەت لە بەستێنێکی سەربەخۆدا بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆیان، تاکو ئارامییەکی تا هەدێک (یۆتۆپیایی) دروست بکرێت کە ڕەنگە چاوەڕواننەکراو بێت بە عەقڵی خێزانە هەژارەکە. ئەمە ئیشی تاکێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو ئەمە ئیشی نوخبەیەکە بەناوی تاکەوە، نموونە فاخیر هەریری و هاوناسنامەکانی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا.
دەسەڵاتی سیاسی و مۆدێلی سواڵکردن
دەسەڵاتی سیاسی ئەم پرۆسەیە ڕاستەخۆ پڕاکتیزە ناکات لە ئاراستەکردنێکی حوکمیی ڕەسمیدا، بەڵکو لەڕێگەی گواستنەوە بۆ دونیای فەزایی و هەنووکەییەوە، پڕاکتیزەی سواڵکراندنی خەڵکانی عەوام دەکات لەم ڕێگەیەی تازە باسمنەکرد [باسمانکرد]. دەسەڵاتی سیاسی ئێستا مۆدێکی ئێرانی بەکاردێنێت کە گرینگی بە (فەل) دەدات؛ من کەسێک دەکەم بە سیمبولی بەخشین، لەوێوە هەم خەڵک فێری دیاردەی سواڵکردن دەکەم، هەمیش پەیوەندییەکی ئۆنتۆڵۆژیانە دروست دەکەم کە جەوهەرەکەی (سۆرڤایڤ – بقاء) بێت بەسەر خۆیانەوە، تاوەکو ئەم کەسە، یان بڵێین فاخیر هەریری، ترسی مردنی ئەو وەکو ئەوە بێت کە ترسی مردنی کۆمەڵگەی لەگەڵدایە.
واتە خەڵکەکە لە دۆخێکی سایکۆلۆژیی فۆبیاییدا بێت کە ئەگەر فاخیر هەریری نەمێنێت، گورگ دەیانخوات یاخود دەمرن لە برسا.
زمان، خود-دیاریکاریی ناسنامەیی و شۆکی سایکۆلۆژی
قۆناغێکی تر ئەوەیە کە سنوردارکردنی (بیر) لەگەڵ (زمان) لە چوارچێوەی (خود-دیاریکاریی ناسنامەیی)دایە. ئێمە سوود وەردەگرین لە فەلسفەکەی ماکس شتێرنەر، فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمانی، سەبارەت بە بەهای تاک بەرامبەر دەسەڵات، بەو تێگەیشتنەی کە تاک نەخوسێتەوە [نەتوێتەوە] بەرامبەر گوتارێکی غەمگین و هێنانی ڕابردوو بۆ ئێستا، و (من) ببێت بە هەناوی ئەویدی بەڵام لە دەرەوە.
دەرەوە واتە پارێزگاریکردن لە بەهەناوی بوون، واتە دژی ئەو هەبووە کە فۆرمولە بووە لە دەرەوە. من نابێ وەزیفە و شوێنگەی بوونم لەسەر ئەساسی (ئەویدی) دامەزرێت کە پێم بڵێ بەڵێ تۆ ئەوەی کە هەیت. زمان لێرەدا وەزیفەی ئەوە دەبێت کە بەو خەڵکە بڵێ لەناو فەزای سۆشیال میدیادا، نموونە وەکو تیکتۆک: (دەی قوربانی دەستان بم – دەی شێرەکوڕان – دەی فریادرەسی هەژاران). ئەمجۆرە وتانە دروستکەری سایکۆلۆژیای (مالینکۆڵە)ن بۆ کەسی بەحیساب هەژارەکە، هەڵبەتە دروستکردنی سایدزم لەگەڵ خۆیدا دێنێت لەسەر ئەساسی ئەم (پیاهەڵدانە). هەر لەم بەستێنەوە وەزیفەی (زمان) دیاریدەکرێت وەکو ماشینێکی خۆبەرهەمهێنەرەوەی سحراوی کە دەخرێتە گەڕ.
شمولیات و پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدا
قۆناغێکی تریش پەیوەندییە لەگەڵ دەسەڵاتدا؛ وەکو گوتمان، دەسەڵاتی سیاسی ئاراستەکاریی ڕاستەخۆ و ڕەسمی پڕاکتیزە ناکات، بەڵکو پرۆسەکە دەگوازێتەوە، بەڵکو وەکو پارادایمی سەربەخۆ لە شوێنێکی دیاریکراودا دەیخاتە کار، بەڵام بەناڕاستەوخۆ. پرۆسەکە دابڕاو نییە لە ڕەسمیاتی دەسەڵاتی سیاسی وەک کردنی (فرمان)، بەڵکو دەیخاتە شوێنەکانی تریشەوە بە فرەیی.
هەر شوێنێک سیستەمی مەعریفی و زمان و ئینفیعالات و هەڵچوونی سایکۆلۆژیی تایبەت بە خۆی هەیە و دیاریدەکرێت وەکو دۆخێکی وەزیفەیی لە فۆرمی (شمولیات)دا. داخۆ ئەم هەژارە شمولی چەند دامودەزگای ئەهلیی دەوڵەت دەکات بۆ تەمێکردن و دانپێدانان؟ دەخرێتە قالبێکەوە کە بەڵێ ئەم خێزانە هەژارە نامۆیە بە کۆمەڵگە، دەبێ لەناو ئەم ڕژێمەدا خۆی بگونجێنێت، ئەگینا دەبێ ڕاستەڕێ بکرێت.
پچڕانی مێژوویی و ئارەزووەکانمان
قۆناغێکی تریش پچڕانی مێژوویی؛ لە قۆناغی کەوتنە سەر شەقام و نەبوونی ئەمنیەتی ڕۆتینیی ڕۆژانە و نەبوونی خواردن و پێداویستیی سەرەکییەوە، من لەوێوە تۆ ئەبەم بەرەو خانوێکی پەیداکراوی سواڵ بەناوی خێرکردن و بەخشین. من ئەم پرۆسەیە ناوم دەنێم (شۆکهێنەرێکی چاوەڕواننەکراو)، واتە لە چییەوە بۆ چی؟
ئەم ژینگەیە بۆ خێزانێکی هەژاری دەربەدەر، ئەکەوێتە قۆناغێک لە قاتوقڕی و نەبوونی دۆپەمین بۆ مێشک و دەگوازرێتەوە بۆ دۆخێکی لیبیدۆی، بەدڵنیایەوە شۆکێکی چاوەڕواننەکراوە. لە ڕووی ئەنترۆپۆلۆژییەوە ئەم پرۆژەیە دروستکەری ناسنامەیەکی وجودیی پاسیڤە لە قۆناغێکی یەکلەدواییەکی بەسواڵکەرکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە بە پاسیڤبوونیان.
باشە، لەم دۆخ و ژینگە نالەبارەدا، بۆ کەسێک ڕەخنەی هەیە لە کەسێکی وەکو فاخیر هەریری کە بێبەشە لەم خێر و سواڵە؟ ئایا ئەمەش ئەکەوێتە ناو پرۆسەی (شمولیاتەوە) یاخود ئەمجۆرە لە دیالێکتیکە بەر ئەو کەسە نەکەوتوە کە بێبەشە لەم سواڵە؟ مەگەر کەسەکە پڕاکتیزەی دانپێدانان و کەمکردنەوەی بەهای خۆی نەکردوە تاوەکو شمولی ئەم پرۆسە شۆکهێنەرە بکات؟
پرسیار ئەوەیە: ئارەزووەکانمان بەرەو کوێمان دەبات? دەبێ خۆمان ئارەزوو بکەین، یاخود مەعریفەیەکی دەستکردی پاسیڤ هەبێت کە پێمان بڵێ دەبێ ئاوا ئارەزوو بکەی و فێرمان بکات کە چۆن ئارەزوو بکەین؟

وەڵامێک بنووسە