تاگ: وەرگێڕان

  • جوان و نابووتکردن لە ئسوڵدا (تحسین و تقبیح)

    جوان و نابووتکردن لە ئسوڵدا (تحسین و تقبیح)

    ڕێبەریی

    نێوان عەقڵ و شەریعەت لە دیاریکردنی چاک و خراپدا مشتومڕێکی بێکۆتایییە. هەروەها لە هەموو قوتابخانە ڕەوشتییە نوێکان و دەرەوەی ئاینیش لە هیوم، کانت، هایدت و فێرگل بەردەوامە تا هەنووکە

    پێشەکی

    جیاکردنەوەی چاک لە خراپ و دیاریکردنی ئەوەی چی جوانە و چی ناشیرینە، یەکێکە لە پرسە بنەڕەتییەکانی عەقیدە، فیقهـ و عیلمی کەلام لە ئیسلامدا. ئەم بابەتە، کە بە عەرەبی “التحسين والتقبيح” ناسراوە، لە ناوەندی گفتوگۆی نێوان مەزهەبە جیاوازەکاندایە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە تێگەشتنمان لە دادپەروەری خودایی هەیە.

    پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەمەیە: ئایا عەقڵی مرۆڤ خۆی دەتوانێت بزانێت چی چاکە و چی خراپە، یان ئەوە تەنها لە ڕێگەی وەحی و شەریعەتەوە دەرکەوتووە؟

    سێ ڕوانگەی سەرەکی

    ١. ڕوانگەی موعتەزیلی

    بۆچوون: عەقڵ خۆی دەتوانێت جوانی و ناشیرینی شتەکان تێبگات، شەریعەت تەنها پشتڕاستی دەکاتەوە.

    سەرچاوە:

    قال المعتزلة: إن العقل يدرك قبح الكذب وحسن الصدق وإن لم يرد الشرع بذلك
    “موعتەزیلەکان دەڵێن: عەقڵ تێدەگات ناشیرینی درۆ و جوانی ڕاستگۆیی تەنانەت گەر شەریعەتیش بەم شتە فەرمانی نەدابێت”

    ٢. ڕوانگەی ئەشعەری

    بۆچوون: هیچ شتێک لە بنەڕەتدا چاک یان خراپ نییە، تەنها شەریعەت دیاری دەکات چی چاکە و چی خراپە. ئەمان تەنانەت خودی کردەوەکەش وەکو بکەر دەڵێن ”خودا” دەیکات نەک بەندە

    سەرچاوە:

    قال الأشاعرة: لا حسن ولا قبح للأفعال إلا ما حسنه الشرع أو قبحه
    “ئەشعەرییەکان دەڵێن: هیچ جوانی و ناشیرینییەک بۆ کردارەکان نییە، تەنها ئەوەی شەریعەت جوان یان ناشیرینی کردبێت ئەوە تەواوە”

    ٣. ڕوانگەی ماتوریدی

    بۆچوون: شتەکان بە بنەڕەت خاسیەتی چاک و خراپیان هەیە، بەڵام عەقڵ بە پشتبەستن بە شەریعەت ڕای لێدەدا.

    سەرچاوە:

    عند الماتريدية: الأفعال لها صفات ذاتية من الحسن والقبح، والعقل يحكم بها وفق الشرع
    “لەلای ماتوریدییەکان: کردارەکان خاسیەتی بنەڕەتیان لە جوانی و ناشیرینیدا هەیە، عەقڵیش بەپێی شەریعەت حوکمیان لەسەر دەدات”

    سەرەتا و پێشینە

    یەکەمین کەس کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم بابەتەی لێکۆڵینەوە کرد، جهم بن صفوان بوو کە بنەمای ناوداری دامەزراند:

    “وجوب المعرفة بالعقل قبل ورود الشرع”
    “ئەرکی زانین بە عەقڵ پێش هاتنی شەریعەتە”

    ئەم بنەمایە وایکرد مۆعتەزیلەکان و کەرامییەکان ئەم ڕوانگەیە قبوڵ بکەن.

    بەڵگەکانی قورئان

    هەندێک ئایەتی قورئان ئاماژە بە ڕۆڵی عەقڵ دەکەن:

    ئایەتی یەکەم:

    وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبْعَثَ رَسُولًا
    “ئێمە سزا نادەین تا پێغەمبەرێک نەنێرین” (الإسراء: ١٥)

    ئایەتی دووەم:

    إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ
    “خودا فەرمان بە دادپەروەری و چاکەکاری دەدات” (النحل: ٩٠)

    دەرئەنجامە گرنگەکان

    لە ڕوانگەی مۆعتەزیلییەوە:

    • مەعریفەت واجبە/ئەرکە: ناسینی خودا بە عەقڵ وابەستەیە
    • دادپەروەری خودایی: خودا بەپێی یاساکانی عەقڵ دادپەروەرە
    • بەرپرسیاریەتی مرۆڤ: مرۆڤ بەرپرسیارە چونکە عەقڵی هەیە

    لە ڕوانگەی ئەشعەرییەوە:

    • ڕۆڵی شەریعەت: تەنها شەریعەت دیاری دەکات چی چاکە
    • ئیرادەی خودایی: خودا ئەوە دەکات، کە دەیەوێت
    • قبوڵکردنی فەرمان: بەندە دەبێت فەرمانی خودا قبوڵ بکات

    ڕوانگەی ئیبن تەیمیە

    شێخ الإسلام ابن تەیمیە ڕوانگەیەکی ناوەندی پێشکەش کرد کە کردارەکان بۆ سێ جۆر دابەش دەکات:

    جۆری یەکەم: کردارە بنەڕەتییەکان

    الأول: ما تتضمنه الأفعال من المصالح والمفاسد، حتى لو لم يقصد الشارع ذلك
    “یەکەم: ئەو کردارانەی بەرژەوەندی و زیان لە خۆیان دەگرن، تەنانەت گەر شەرعدەر مەبەستی ئەوە نەبێت”

    نموونە: دادپەروەری بە خۆی سوودی هەیە، ستەم بە خۆی زیانی هەیە. واتا کرۆکییە لە ناوەوەیدا.

    جۆری دووەم: کردارە شەرعییەکان

    ئەو کردارانەی تەنها لە ڕێگەی شەریعەتەوە چاک یان خراپ دیاری دەکرێن. هەروەها پرسین لێیان نادروستە

    نمونە: قەدەغەکردنی قومار، کحول و گۆشتی بەراز فەرمانە

    جۆری سێیەم: کردارە تێکەڵەکان

    ئەو کردارانەی هەم خاسیەتی بنەڕەتیان هەیە و هەم شەریعەت ڕوونی کردوونەتەوە. واتا ئیبن تەیمییە دەفەرمێ: کە هیچ لە سەلەف نەیانوتووە ئەقڵ توانای جیاکردنەوەی نییە. ئەوەی دەیڵێن هاوتای شەرعیشی هەیە

    دەرئەنجام

    بابەتی التحسين والتقبيح یەکێکە لە قووڵترین بابەتەکانی عیلمی کەلام و فیقهی و تەنانەت پایەی سەرەکییە لە عەقیدە و باوەڕ، کە کاریگەری لەسەر تێگەشتنی ئێمە لە:

    • ماهیەتی ئەخلاق ”کرۆک”
    • پەیوەندی نێوان عەقڵ و وەحی
    • بەرپرسیاریەتی مرۆڤ
    • دادپەروەری خودایی

    هەر مەزهەبێک بەپێی تێگەشتنی خۆی لەم بابەتە، چوارچێوەیەکی تایبەتی بۆ تێگەشتن لە ئەخلاق و شەریعەت دروست کردووە.


    سەرچاوەکان:

    1. دەربارەی جەهەم بن سەفوان لە زاری نەیاریانەوە
    2. القاضي عبد الجبار، المغني في أبواب التوحيد والعدل
    3. اللمع في الرد على أهل الزيغ والبدع للإمام أبي الحسن الأشعري
    4. ابن تيمية، مجموع الفتاوى
    5. الماتريدي، التوحيد
  • فەلسەفەی ڕەوشت: ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟

    فەلسەفەی ڕەوشت: ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟

    ئەم وتارە گرنگە تێڕوانینێکی قووڵ بۆ پرسیارێکی سەرەکی لە فەلسەفەی ڕەوشت/ئەخلاقدا دەخاتە ڕوو، ئەویش: ئایا بڕیاردان لەسەر باشی ”حسن” و خراپی ”قبح” کردەوەیەک پەیوەندی بە سروشتی خودی کردەوەکەوە هەیە، یان بە شتێکی دەرەکی دیاری دەکرێت؟ لەم کۆمەڵە بڕگەیەدا هەموویان بەپێی هاوپۆل دەخەینە ڕوو.

    سروشتگەرایی ڕەوشت: ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە

    قوتابخانەی یەکەم پێی وایە، کە ڕەوشتی یا نــاڕەوشتی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدایە. بۆ ڕوونکردنەوە با نموونەیەکی سادە وەربگرین:
    کاتێک باس لە کردەوەیەکی ناشیرینی وەک دەستدرێژی کردنەسەر منداڵێک یا پەیوەندییەکی جێگەیی دەکەین. زۆربەی خەڵک دەڵێن ئەم کردەوەیە خراپە لەبەر تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خودی کردەوەکە وەکو:

    1. ئازاری مندالەکە
    2. نەبوونی ئازادی و ڕەزامەندی لە لایەن منداڵەکەوە
    3. نەبوونی تەمەنی پێویست و ئامادەنەبوون بۆ پەیوەندی لەم جۆرە

    بۆیە، هەر کردەوەیەک ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، خراپە! جا لە هەر وڵاتێک بێت، لە هەر سەردەمێکدا بێت. واتە هەر کردەوەیەک بەهۆی تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خۆی دەردەخات ڕەوشتییە یان ناڕەوشتی. بەهەمان دەرەنجامی دۆخەکە و تێگەیشتن لێی، بڕیارەکە لەسەری دەردەکات.
    نموونەی دیکە:

    • خۆشەویستی و یارمەتیدانی نەداران بە باش دادەنرێت لەبەر ئەوەی کەسێک لە ئازار ڕزگار دەکات
    • درۆکردن بە خراپ دادەنرێت لەبەر ئەوەی متمانە تێکدەدات و پەیوەندییەکان لاواز دەکات

    ئایینی-فەرمانخوازی ڕەوشتی: ئەخلاق لە دەرەوەی کردەوەکەدایە

    قوتابخانەی دووەم پێی وایە، کە باشی و خراپی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدا نییە، بەڵکو لە فەرمانی دەرەکی (بۆ نموونە فەرمانی خودادا)یە. بەپێی ئەم بۆچوونە:

    • کردەوەیەک باشە یان خراپە تەنها لەبەر ئەوەی خودا (یان هێزێکی دەرەکی) دەڵێت باشە یان خراپە ”ئەشعەرییەکان
    • کردەوەکە هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی نییە، کە ببێتە هۆی باشی یان خراپی
    • هەمان کردەوە دەکرێت لە حاڵەتێکدا باش بێت و لە حاڵەتێکی دیکەدا خراپ بێت، بەبێ گۆڕینی هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی

    نموونەی زیاتر:
    بەپێی ئەم بۆچوونە، دوو کەس، کە بە یەک شێوە و بۆ یەک مەبەستی باش یارمەتی دەدەن، کردەوەی یەکێکیان دەکرێت باش بێت و ئەوی دیکەیان خراپ. تەنها لەبەر ئەوەی هێزێکی دەرەکی بە جیاوازی ناوی لێناون. واتا گەر ئەوە لە زومرەی خۆمان بێت ئەوە باشە، گەر لە زومرەی ئەولا بێت نا. لێرەشدا مەبەست لە ئایندار و بێئاین نییە، بەڵکو لە مەزهەب یاخود مەرجەعی جیاواز ”شیعە بەنمونە”.
    لەشێوەیەکی توندڕەوتردا، ئەم بۆچوونە دەڵێت، کە مرۆڤی بێ باوەڕ ناتوانێت خاوەنی ئەخلاق/ڕەوشت بێت، چونکە ڕەوشت لە خودی کردەوەکاندا نییە، بەڵکو لە فەرمانی خودایە. لێرەدا سێ قوتابخانەی سەرەکی ئیسلام و مەسیحییەت تەبان، تەنها کەسێک بەجودا لێیان فڕیووە، ئیبن تەیمییەیە، کە پێی وایە هەردووکی تێکەڵە. ساناتر، هەندێک شت لە خودی کردەوەکەدا هەن و پێویستی بە باوەڕ نییە. هەندێکی تریان فرمانی خودای گەرەک. بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها باوەکان دەردەکەین، نەک ئەوەی شێخی ئیسلام.

    شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە
    ئەم بۆچوونی دووەمە، قوتابخانەیەکی لاوازە، لەبەر چەند هۆکارێک:

    • دژبەری ناوەکی: ئەگەر ئەخلاق پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکەوە نەبێت، ئەی بۆچی خودا بڕیاری داوە هەندێک کردەوە باش و هەندێکی تر خراپن؟ ئەمە وا دەردەخات، کە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکان گرنگن
    • گرێکوێرەی یۆسیفرۆ: ئایا کردەوەیەک باشە چونکە خودا دەیەوێت، یان خودا دەیەوێت چونکە کردەوەکە باشە؟ ئەگەر یەکەم بژاردە ڕاست بێت، ڕەوشت دەبێتە شتێکی هەڕەمەکی. ئەگەر دووەم بژاردە ڕاست بێت، کەواتە ڕەوشت سەربەخۆیە لە خودا
    • بەراوردکاری کلتووری: ئەگەر ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدا نەبێت، چۆن لەوە تێبگەین، کە زۆربەی کۆمەڵگا مرۆییەکان، سەرەڕای جیاوازی ئایینی، لەسەر بنەما ڕەوشتییە سەرەکییەکان هاوڕان؟

    بۆچوونی ڕەوشتی دیکە

    لە دەرەوەی ئەم دوو قوتابخانەیە، چەندین بۆچوونی دیکە هەن، کە شایەنی باسکردنن:

    • سوودگەرایی (Utilitarianism): باشی و خراپی کردەوەکان لە ئەنجامەکانیاندایە. کردەوەیەک باشە ئەگەر زۆرترین خۆشی بۆ زۆرترین کەس دابین بکات.
      • نموونە: لەم ڕوانگەیەوە، درۆیەکی بچوک کە زۆر کەس ڕزگار بکات دەکرێت کردەوەیەکی ئەخلاقی بێت
    • پێوەری ڕەوشتی کانت (Kant’s Categorical Imperative): کردەوەیەک باشە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بیەوێت ئەو کردەوەیە ببێتە یاسایەکی گشتی.
      • نموونە: بەڵێن شکاندن ناتوانێت ببێتە یاسایەکی گشتی، چونکە ئەگەر هەموو کەس بەڵێن بشکێنێت، چەمکی بەڵێندان مانای نامێنێت
    • ئەخلاقی چاکەکار (Virtue Ethics): جەخت لەسەر پەرەپێدانی کەسایەتی ڕەوشتی باش دەکات، نەک تەنها کردەوەی باش.
      • نموونە: باوکێک کە منداڵەکەی بە دڵسۆزی و چاودێری بەخێو دەکات، نەک تەنها بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەڵکو بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی باوکێکی باش

    لە کۆتاییدا، پرسیاری “ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟” بەردەوام دەبێت وەک یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ڕەوشت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر چۆنیەتی تێگەیشتنمان لە دونیای دەوروبەرمان و بڕیاردان لەسەر باشی و خراپی کردەوەکانمان.

    سەرچاوەکان

    Moore, G.E. (1903). Principia Ethica. Cambridge University Press.
    Kant, I. (1785). Groundwork of the Metaphysics of Morals.
    MacIntyre, A. (1981). After Virtue. University of Notre Dame Press.
    Rachels, J. (2003). The Elements of Moral Philosophy. McGraw-Hill.
    Plato. Euthyphro.

    تێبینی: ئەم وتارە وەکو بیرۆکە لە وتارێکی ''قوولەی گومانگەران/صرح الشكاك'' وەرگیراوە بە سوپاسەوە

  • لەچی مردن بترسین؟ –  ئێپیکۆرس/ئەپیکور

    لەچی مردن بترسین؟ – ئێپیکۆرس/ئەپیکور

    ئێپیکۆرس/ئەپیکور Epicurus کێیە؟

    ئەپیکور (٣٤١-٢٧٠ پ.ز) فەیلەسوفێکی یۆنانی کۆن بوو، کە بیرۆکەی چێژگەرایی (هێدۆنیزم)ی پەرەپێدا. بەڵام چێژگەراییەکەی جیاواز بوو لە تێگەیشتنی باو. ئەو پێی وابوو کە:

    ١. خۆشبەختی و ئارامی دەروون گرنگترین شتن لە ژیاندا
    ٢. چێژی ڕۆحی و هزری لە چێژی جەستەیی گرنگترە
    ٣. ژیانێکی سادە و دوور لە خواستە زۆرەکان دەبێتە هۆی ئارامی
    ٤. دۆستایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی خۆشبەختین

    ئەبیقۆر قوتابخانەیەکی فەلسەفی دامەزراند، کە تێیدا ژن، پیاو و کۆیلەش وەک یەک مامەڵە دەکران، کە ئەمە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی زۆر پێشکەوتوو بوو بە بەراورد بەو کاتە.

    ڕوانگەی ئەو لەسەر ژیان و مردن چی بوو؟

    سەبارەت بە ژیان، پێی وابوو ژیان دەبێت بۆ خۆشی و ئارامی بێت، نەک ترس و نیگەرانی. بەڵام ئەم خۆشییە لە ڕێگەی ژیانێکی سادە و دوور لە خواستی زۆر بەدەست دێت. بە کوردی و بە کورتی ئەو چێژی ژیانکردن/ژیان لە ناواخنی خۆیدا دەبینییەوە. واتا ئەزموونکردنی ئەو جەوهەرە.

    لەسەر مردن چی دەوت؟

    چۆن نەبوونی شتێك زیان دەگەیەنێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت؟ بە ڕوانگەی ئێپیکۆرس/ئەبیقۆر، مردن تەنها نەبوونی هەست و زانیارییە. بەڵگەکانی بەم شێوەی خوارەوەیە:
    ١. کاتێك دەمرین، هەست و زانیاریمان بە تەواوی نامێنێت، هیچ هەست و بیرکردنەوەیەکمان نامێنێت، تەنها “تۆ” ش نامێنێت.
    ٢. زیان، بە پێناسەیە سادەکەی پێویستی بە کەسێکە هەستی پێ بکات بۆ ئەوەی هەبێت. بێ هەست، زیان نییە.
    ٣. کەواتە، مردن ناتوانێت زیانمان پێ بگەیەنێت چونکە تەنها ڕەوشێکە لە نەبوونی هەست.
    خۆت بخەرە ئەو دۆخەی، کە نوستووی بێ خەون. کات تێدەپەڕێت بێ ئەوەی هەست بە هیچ بکەیت. ئایا ئەم ساتانە بە زیاندار دەزانیت؟ بەدڵنیایی نەخێر. ئێپیکۆرس دەڵێت، کەمردین هەر هەمان ڕەوشە، بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام. هیچ شتێك نییە لێی بترسیت، چونکە بە سادەیی هەست بە هیچ شتێك ناکەیت.

    ئایا پێشتر بیرت لە ملیاران ساڵ کردۆتەوە، کە پێش تۆ تێپەڕیبوون؟ ئایا هەستت بە هیچ شتێك کردووە لەو ساتانەدا؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. لێرەدا ئێپیکۆرس دەڵێت: ئەگەر نەبوونت لە جیهان پێش لە دایك بوونت زیانی پێ نەگەیاندووی، چۆن نەبوونت لە جیهان پاش مردن زیانت پێ دەگەیەنێت؟
    ١. پێش لە دایكبوونمان، لە ڕەوشی نەبووندا بووین، و هەستمان بە هیچ زیان و ئازارێك نەکرد.
    ٢. مردن، بە سادەیی، دەمان گێڕێتەوە بۆ هەمان ڕەوشی نەبوون.
    ٣. بە پێی ئەوەی ڕەوشی نەبوون پێش لە دایكبوون زیاندار نەبوو، هەمان شت بۆ ڕەوشی نەبوون پاش مردن ڕاستە.
    ئێمە نیگەران نین سەبارەت ئەو کاتانەی کە تێیدا نەبووین. کەواتە بۆچی لە کاتانەی کە تێیدا نابین لە داهاتوو دەترسین؟

    جاری داهاتوو، کە بیر لە مردن دەکەیتەوە، لە خۆت بپرسە: بۆچی بترسم لە شتێك کە ناتوانێت زیانم پێ بگەیەنێت؟

    پانووس:
  • ڕۆڵی کارکردن لە گۆڕینی مەیموون بۆ مرۆڤ – فرێدرێش ئەنگڵز

    ڕۆڵی کارکردن لە گۆڕینی مەیموون بۆ مرۆڤ – فرێدرێش ئەنگڵز

    بەشێک لە وتاری فەیلەسوف فرێدرێش ئەنگڵز، کە ١٨٧٦ نوسییوتی لە چوارچێوەی ئەو سەردەمە نوێیەی بیردۆزی پەرەسەندن و کاریگەری کتێبەکەی چارلس داروین خستبوویەوە. بە تێبینی ئەوەوە، کە جۆری مەیموون لە کوردیدا بۆ کلکدار و بێکلک بەکاردێت. بەڵام لە دەقی ئەسڵیدا Ape & Monkey جودان. بۆیە وریابە مەبەستی بێکلکەکانە وەکو شەمپانزی و گۆریلا …هتد.

    سەرەتای گەشتی مرۆڤایەتی

    چەند سەد هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە سەردەمێکدا، کە هێشتا ناکرێت بە وردی پێناسە بکرێت. لەو سەردەمەی پەرەسەندنی زەویدا، کە زەویزانەکان پێی دەڵێن سەردەمی سێیەم.  ڕەنگە لە کۆتاییدا لە شوێنێک لە ناوچە گەرمەکاندا، لە نزیک ئاوەکانی زەریای هیندی، ڕەگەزێکی مەیمووننی تایبەت ژیابێت، کە زۆرترین هاوشێوەی مرۆڤیان هەبووە و گەیشتبوونە پلەیەکی زۆر بەرزی گەشەکردن.

    داروین وەسفێکی ورد و درشتی ئەم مەیموونانەی بۆ کردوین، کە باوانی ئێمەن بوون: پێستیان بە تەواوی بە موو داپۆشرابوو، سمێڵ و گوێچکەیان قۆچدار بوو، بە کۆمەڵ لەناو دارەکاندا دەژیان.

    گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکە: ئازادکردنی دەست

    لەژێر کاریگەری شێوازی ژیانیاندا، پێویست بوو دەستەکان ئەرکی جیاواز لە قاچەکان ئەنجام بدەن. جگە لە ئەرکەکانی قاچەکان لەکاتی سەرکەوتندا. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەو بازدانە گەورەیە لە ژیانی مرۆڤدا.

    ئەم مەیموونانە دەستیان کرد بە لەدەستدانی خووی پشت بەستن بە دەستەکانیان بۆ ڕۆیشتن لەسەر زەوی، و ڕۆیشتنێکی ڕاست و دروستیان گرتەبەر. بەم شێوەیە هەنگاوی یەکلاکەرەوەی گواستنەوە لە مەیمونەوە بۆ مرۆڤ تەواو بوو.

    بەراوردکردن لەگەڵ مەیموونەکانی ئەمڕۆ

    هەموو ئەو مەیمونانەی، کە هاوشێوەی ئەون و تا ئەمڕۆش دەژین، دەتوانن تەنها لەسەر قاچەکانیان ڕاست بوەستن و بەدەوری خۆیاندا بجوڵێن، بەڵام تەنها لە کاتی پێویست و بە **چەقبەستوویی**دا ئەم کارە دەکەن.

    سەبارەت بە ڕۆیشتنە سروشتییەکەیان، بە شێوەیەکی نیوەڕاست دەڕۆن و پێویستیان بە بەکارهێنانی دەستەکانیان هەیە. زۆربەی ئەم مەیموونانە لە کاتی ڕۆیشتندا پشتگیری لە پەنجەی ناوەڕاستی پەنجە چەماوەکانیان دەکەن لەسەر زەوی، قاچەکانیان بەرەو جەستەیان دەچەمێننەوە و جەستەیان پاڵدەنێن بۆ پێشەوە وەک ئیفلیجێک، کە لەسەر دوو چەقۆ دەڕوات.

    قۆناغەکانی پەرەسەندن

    ئەمڕۆش بە گشتی دەتوانین لە مەیموونەکاندا هەموو قۆناغەکانی گواستنەوە لە ڕۆیشتن بە هەر چوار قاچەوە بۆ ڕۆیشتن بە دوو قاچەوە چاودێری بکەین. بەڵام ئەم دوایین شێوازی ڕۆیشتنە هەرگیز لە ئاستی شێوازێکی فریاگوزاری تێپەڕی نەکردووە، کە لە کاتی پێویستییەکی زۆردا بەکاردەهێنرێت.

    پێکهاتنی یاسایەک و پێویستییەک

    ئەگەر ڕۆیشتنی ڕاست قەدەر بووبێت بۆ باوباپیرە تووکدارەکانمان. یەکەمجار ببێتە یاسایەک و دووەمیش پێویستییەک. ئەوا ئەمە وا گریمانە دەکات، کە دەستەکان لەو سەردەمەدا دەبوو چالاکی زیاتر و زیاتری جۆرەکانی دیکە ئەنجام بدەن.

    دابەشکردنی کار لە نێوان دەست و قاچدا

    تەنانەت لە نێو مەیموونەکاندا جۆرێک لە دابەشکردنی کار لە نێوان دەست و قاچەکاندا هەیە:

    •  دەست وەک وتمان لە کاتی سەرکەوتندا بەکاردێت، بە پێچەوانەی قاچەوە
    •  دەست زیاتر بۆ هەڵگرتن و ڕاگرتنی خۆراک بەکاردێت
    • هەندێک لە مەیموونەکان دەستەکانیان بەکاردەهێنن بۆ:
      •  دروستکردنی کۆشک لە دارەکاندا
      •  دروستکردنی گوێسەبان لە نێوان لقەکاندا بۆ پاراستن لە خراپی کەشوهەوا
      • گرتنی کوتەکێک یا تیژەرێک بۆ بەرگریکردن لە دوژمنان
      • فڕێدانی میوە و بەرد

    جیاوازی گەورە لە نێوان دەستی مەیمون و مرۆڤدا

    هەندێک کردەوەی سادە بە دەست ئەنجام دەدەن، کە لاسایی مرۆڤ دەکەنەوە. بەڵام وردە وردە لێرەدا، هەموو جیاوازییەک لە نێوان دەستی مەیمونە گەشەنەکردووەکاندا و دەستی مرۆڤدا دەردەکەوێت.

    تەنانەت ئەگەر مرۆڤ هاوشێوەیترین مەیمونیش بێت، دەستی مرۆڤ، کە بە کارکردن لە ماوەی هەزاران سەدەدا تا پلەیەکی بەرزی شارەزایی بەرزکراوەتەوە. جیاوازی گەورەی هەیە و بەستنەوەی لەگەڵ تێڕامانی بۆی.

    هاوشێوەیی و جیاوازی

    ژمارەی ئێسک و ماسولکەکان و ڕێکخستنی گشتییان لە دەستی مەیمون و دەستی مرۆڤدا وەک یەکن، بەڵام دەستی یەکەم مرۆڤی دڕندەی سەرەتایی دەتوانێت سەدان کردەوە ئەنجام بدات، کە دەستی مەیموونی ئێستا هەرگیز ناتوانێت لاسایی بکاتەوە.

    ئەنجامی گرنگ

    دەستی مەیمون هیچ چەقۆیەکی بەردی دروست نەکردووە. تەنانەت چەقۆیەکی زۆر خامی سەرەتایی. ئەمە ئەو جیاکەرەوە گرنگەیە، کە مرۆڤی لە هەموو ئاژەڵەکانی دیکە جیا دەکاتەوە.


    سەرچاوە وەکو بنەڕەت:

    *ئەم وتارە لەسەر بنەمای “The Part Played by Labour in the Transition from Ape to Man” ی فرێدرێش ئەنگڵز (١٨٧٦) دووبارە ڕێکخراوەتەوە بۆ خوێنەری کوردی لەگەڵ پاراستنی ناواخن و مانای سەرەکی

  • تانەی دەیڤد هیوم لە پەرجۆ/موعجیزە

    تانەی دەیڤد هیوم لە پەرجۆ/موعجیزە

    دەیڤد هیوم و ڕەتکردنەوەی پەرجۆکان

    بۆ ئەوەی بابەتەکانی فەیلەسوفی مەزن دەیڤد هیوم ئاسانتر لێکبدرێتەوە، پێشنیار دەکەم سەیری ئەڵقەکانی پۆدکاستی نوانە بکەیت لەسەر چەمک و تانەکان و قوتابخانەی ئەزموونی بەگشتی. گەر لە پاڵیدا هەندێک قوتابخانەی ئەو سەردەمە و کێشەکانی بزانیت، خراپ نییە بۆ بەراورد و هەڵسەنگاندنی لەلای خۆت.

    سەرچاوەکانی زانین-مەعریفە

    جا بۆ ئەوەی درێژە بەو شتانە نەدەین، کە پێشتر باسکراوە، سەرەتا سەرچاوەکانی زانین بریتین لە تاقیکردنەوە و ئەزموونی هەستەکان. بە نمونە، کە بەردەوام ئاگر دەبینین شتەکان دەسوتێنێت، یاخود بەردەوام خۆر دەبینین لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت. ئەوە ئەم دوانە لەلامان جێگیر دەبن، کە دارێک دەخەیتە ناو کورەیەکەوە دەسوتێت و بەیانی لەو ئاڕاستە و شوێنەوە خۆر هەڵدێت. هەمیشە ئەزموونی ڕابردوو پێشبینیمان دەداتێ. کەسێک هەرگیز ئاگری نەبینیبێت یان هەرگیز ڕووناکی خۆری نەبینیبێت، هیچ لەوانە پێشبینیکراو نین. چونکە نە بە هەستەکانی پێی زانیووە، نە ئەزموونی بەردەوامی هەبووە لەو ڕووداوانە.

    شایەتی/تەواتر وەک سەرچاوەی زانین

    هەمان کات هەواڵ و گێڕانەوەی دەماودەم “تواتر testimony بەشایەتییەوە” سەرچاوەیەکی تری زانینمانن. بە نمونە بە دەگمەن ئێمە دورگەکانی فۆکلاندی نزیک ئەرژەنتینمان دیووە یا هەر بیستووە. بەڵام بەهۆی ئەوەی خەڵکانێک لە سەرچاوەی جیاوازەوە و شوێنی جوداوە وتویانە، کە دورگەیەکە دەکەوێت بەشی باشوی ئەمریکای لاتین لەناو زەریای ئەتڵەسی و قەبارە و شێوەی ….هتد بەم شێوەیە. ئەم هەواڵ و زانیاریانە لەمەدا هەیە، ئێمە پێشتر ئەزموونی دورگەی وا، شوێنی وا، قەبارەی ئاوها لەلامان هەبووە. واتا بەکورتی “گێڕانەوەیەکی ئاساییە” بۆ حاڵەتێکی ئاسایی، کە دەشێت هەبێت و لەمپەری هەستەوەرەکانمان بەری پێ ناگرێت و ئەزموونیش وەکو ئاماژەمان پێدا هەمان شت.

    کرۆک و تانە لە پەرجۆ

    بیرمەند هیوم لە کتێبە تابازەکەی “لێکۆڵینەوەیەک لە هزری مرۆڤ” دەفەرمێت:

    مرۆڤی دانا ئەو کەسەیە، کە باوەڕی خۆی بە بەدیهی/زانراوی بەڵگەنەویستەوە دروست دەکات. بۆیە کاتێک بابەتەکە پشت بە ئەنجامەکان دەبەستێت لەسەر بنەمای ئەزموونی پێشووی و زانراوە، چاوەڕێی ئەوە دەکات ڕووداوەکە بە بەرزترین پلەی دڵنیایی ڕووبدات. وە سەیری ئەزموونی پێشووی خۆی دەکات وەک بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ ڕوودانی ئەوە لە داهاتوودا.

    واتا متمانەی ئێمە بە مێژوونوس یاخود شایەتی ڕووداوێک، دەکەوێت سەر ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ڕاستگۆیی و سەرچاوەکانی پشتگیریی ئەو گێڕانەوە. هەمان کات ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ناوەڕۆکی شایەتییەکانی بەبەراورد بە شتی هاوشێوە ئاسایی.

    پەرجۆ وەک شکێنەری یاساکانی سروشت

    دیسان زۆر وردبە لە وشەی ئاسایی یاخود ڕووداوی ئاسایی، کە سەرەتایە بۆ چوونە ناو بازنەی متمانە بەو گێڕەوەیە. گەر تەماشای نمونەکەی دورگەکانی فۆکلاند بکەیت و ئەزموونمان لە شایەتەکان و سەرچاوەی هەواڵەکە یەکەمجار پێمان، پەیوەندییەک دەدۆزیتەوە لە نێوان ئەزموون و هەستەوەرەکان، کە سەرچاوەی زانینمانن. بەڵام کاتێک ڕووداوێکی نائاسایی/شکێنەری یاساکانی سروشت وەکو زندووکردنەوەی مردووی بەدەستی حەزرەتی عیسا دەگات پێمان، ئەوە ئێمە هەردوو پایە سەرەکییەکەی زانین لەق و لەرزۆک دەبن.

    کێشەی یەکەم: نەبوونی ئەزموون

    یەکەم: ئەزموونمان نییە لەو ڕووداوە نائاسییانە و پێشتر هەرکەس نەهاتووە ها مردوو زندووبکاتەوە و ها ماسی ناو لەپییەوە دەرچن …هتد. گەر بڵێی: ئەرێ هەمانە، ئەو کاتە ڕووداوەکە پێویست ناکات “نائاسایی و شکێنەری یاسا بن” بەڵکو قەیچێکە و دەشێت. پێویستیش ناکات ڕووداوی ئاسایی بەڵگە بن بۆ هیچ شتێکی نائاسایی.

    کێشەی دووەم: هەڵسەنگاندنی شایەتی

    دووەم: هەڵسەنگاندنی کۆی هەواڵەکەیە لە تەرازوودا بەرامبەر هەواڵێکی تری ئاسایی. بەکورتی واتا دوو گێڕانەوە وەکو ئەوەی دورگەکان هەیە و ئینگلیز داگیری کردووە و شەڕە لەگەڵ ئەرژەنتین و تاکۆتایی ئاساییە و دەشێت، بەرامبەر هەواڵێک، کە زۆر نائاساییە و شکێنەری یاساکانی سروشتە یاخود ئەزموونمانە. لە دووەمیاندا بەڕواڵەت وەکو مرۆڤ دەچین بۆ ئەوەی: بەڕێژەیەکی زۆر یا پەشۆکاوە و بەرچاوی تێکەڵی کردووە (گەر کەسەکە لامان لە هیچ خانەیەکی درۆ و تەڵەکە نەبوو وەکو ئەزموون). یاخود دەڵێین: بەڕێژەیەکی زۆر تا نزیک دڵنیایی ساختەیە و تەڵەکە دەگێڕێتەوە. چونکە هەمان شت ئەزموونمان هەیە، کە مرۆڤ هەرچەند ڕاستگۆ و بە ئەمەکیش بێت، ئەوە هۆکار زۆرە، کە دەشێت ئەمجارە ناڕاستگۆ بێت!

    دەرەنجام

    بەم شێوەیە هیوم دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی، کە هیچ شایەتییەک ناتوانێت بەڵگەی پێویست بۆ پەرجۆیەک دابین بکات، چونکە یاساکانی سروشت بە کۆمەڵێک ئەزموونی چەسپاو و نەگۆڕ پشتگیری دەکرێن، بەڵام پەرجۆکان بە شایەتی ئەو کەسانەی پشتگیری دەکرێن، کە خۆیان لەگەڵ هەڵەدا ڕوبەڕوبوونەتەوە. واتا لەڕووی زانینزانییەوە/ئەپستمۆلۆژییەوە ناوەڕۆکی هەواڵەکە شکێنەری ڕێگەی ئاسایی گواستنەوەکەیە

  • فارگۆنی بەفرگرەکە

    فارگۆنی بەفرگرەکە

    – کورتە چیرۆکی: محەمەد ئۆسۆ
    – بەو هیوای وەرگێڕانەکەی بۆ کوردی چاک بێت
    زوهێر خوێنەوارێکی گوندەکەی خۆیانە و حەزێکی زۆری بۆ هونەر و هەموو بابەتە هزرییەکان هەیە. لەگەڵیدا هەمیشە بەهۆی نەمانی باوک و دایکییەوە، نازێکی زۆری ئاواییەکەی بەسەرەوەیە. ئەم جیهانە بۆ ئەو هەموو حەز و ویستانەی هێشتا بچوکە. دەیەوێت بگات بەو پیشە و شوێنەی، کە پاڵەوانی ڕۆمانەکان زۆرجار تیایدا دەگوزەرێن بۆ چەندین سەدە. سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەچێتە شام! شامی شارستانی و مۆدی کەشخە و ناوەڕۆکی چێژ و ویستەکانی. لەو شارەدا زۆر تێناپەڕێت، زوهێر تێدەگات، کە خەیاڵ پڵاوێکی مەست بووە. ئیتر بەرە بەرە دەگاتەوە هەمان دۆخی گوندەکەی خۆی. ئەو پارەیەی، کە لەگەڵ خۆی هێنابووی دەداتە کزی. لەلای پیرەژنێکی داماو ژووری گرتووە و هەمیشە نەگبەتی و بێبەختی خۆیان بۆ یەک دەگێڕنەوە. زوهێر دەیەوێت بڕواتەوە و چەشە بووە لە هیوابڕاوی و دەردەسەری و شکست. دەچێتەوە وێستگەی شەمەندەفەر و لەوێ تەماشا دەکات، ئەو پارەیەی پێی ماوە بەشی سواربوونی ناکات. دەچێت ها لێرە ها لەوێ لە قومسێری ئەوێ یاخود جابییەکان بپاڕێتەوە، کە بە هەموو شوێن ڕازییە و تەنها سەری بخەن.
    جابی بەزەیی بە زوهێردا دێتەوە و دەڵێت: من ناتوانم سەرت بخەم لەگەڵ گەشتیاراندا. بۆیە چاوپۆشیت لێ دەکەم لە فارگۆنی بەفرگر سەرکەوە. بەختی تۆ هیچ خۆراک و شتی تێدا نییە. زوهێر لەسەرخۆ خۆی دەتەپەێنێتە ژوورەوە و نقە لەخۆی دەبڕێت.
    شەمەندەفەر دەڕوا و فارگۆنێکی ستیلی چۆڵە. نە سەعاتێکە نە دوان و زوهێر وەڕس دەبێت. کاتێک دەچێت گڵۆپەکە داگیرسێنێ، بەو پێیەی ترسی هەستپێکردنی نەماوە. لەپڕ تابلۆکە دەبینێت، کە نوسراوە ”تاکو ٢٨ پلەی ژێر سفر دەیبەستێت.تکایە دەرگا دوای خۆت دابخە”. ئەم ئیتر دادەنیشێ و بەرەبەرە هەست دەکات سارد دەبێت. هەڵدەستێ و بەئەسپایی لە دەرگاکە دەدات. بەڵام ئەفسوس لەو ژاوەژاوە و هاڕەیە کێ دەیبیستێ. تابێت توندری دەکات و هێواش هێواش شڵەژاوتر دەبێت. نە پەنجەرەیەک نە کونێکی دەرەوە هیچ هیچی نییە.
    دوای ٥ سەعات شەمەندەفەر دەگاتە حەڵەب. جابییەکە کاتێک دەرگاکە دەکاتەوە،تاکو بەدزییەوە دایبەزێنێت زەندەقی دەچێت. زوهێر بووە بەتەختە و هیچ ناجوڵێت. ئیتر لەتاوا هاوار دەکات و خەڵک و قومسێر کۆدەبنەوە. پاش نیو سەعاتێک ترومبێلی فریاکەوتن دەگات. کابرای شۆفێر شەمەندەفەرەکە ئاگرەکەی دادەخات و دەڕواتە نزیکی جابی. جابی بە ترس و لەرزێکەوە دەڵێ: تۆ بڵێ پۆلیس نەیدۆزێتەوە، کە من چاوپۆشیم لێ کردووە و ڕەقبۆتەوە؟ بڵێی لە سێدارە نەدرێم لەسەر ئەو کوشتنە ئەنقەستە؟ شۆفێرەکە بەسەرسوڕمانەوە دەڵێ: بۆ ڕەقبۆتەوە لەسەرما؟
    ٠ ئەی چی هەی قوڕ بەسەرم!!
    — نا کاکە، ئەو فارگۆنە هەفتەیەکە هەر ماتۆڕی سارکردنەوەی دەرکراوە و نێردراوە بۆ چاککردن. خوا دەزانێ کەی دێتەوە!!
    گەلانی ڕۆژهەڵات لە زوهێر دەچن. وەهمێکیان دروستکردووە بەناوی سەرکردە و دەستڕۆیشتوو و گوایە هەموو دنیا لەگەڵیانە دژیان. بەڵام ئەسڵدا ”ماتۆڕیان” هەر پێوە نییە. تەنها کۆمەڵێک سەرسەری و بنەماڵەی چەتەن!