ئەم وتارە گرنگە تێڕوانینێکی قووڵ بۆ پرسیارێکی سەرەکی لە فەلسەفەی ڕەوشت/ئەخلاقدا دەخاتە ڕوو، ئەویش: ئایا بڕیاردان لەسەر باشی ”حسن” و خراپی ”قبح” کردەوەیەک پەیوەندی بە سروشتی خودی کردەوەکەوە هەیە، یان بە شتێکی دەرەکی دیاری دەکرێت؟ لەم کۆمەڵە بڕگەیەدا هەموویان بەپێی هاوپۆل دەخەینە ڕوو.
سروشتگەرایی ڕەوشت: ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە
قوتابخانەی یەکەم پێی وایە، کە ڕەوشتی یا نــاڕەوشتی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدایە. بۆ ڕوونکردنەوە با نموونەیەکی سادە وەربگرین:
کاتێک باس لە کردەوەیەکی ناشیرینی وەک دەستدرێژی کردنەسەر منداڵێک یا پەیوەندییەکی جێگەیی دەکەین. زۆربەی خەڵک دەڵێن ئەم کردەوەیە خراپە لەبەر تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خودی کردەوەکە وەکو:
- ئازاری مندالەکە
- نەبوونی ئازادی و ڕەزامەندی لە لایەن منداڵەکەوە
- نەبوونی تەمەنی پێویست و ئامادەنەبوون بۆ پەیوەندی لەم جۆرە
بۆیە، هەر کردەوەیەک ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، خراپە! جا لە هەر وڵاتێک بێت، لە هەر سەردەمێکدا بێت. واتە هەر کردەوەیەک بەهۆی تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خۆی دەردەخات ڕەوشتییە یان ناڕەوشتی. بەهەمان دەرەنجامی دۆخەکە و تێگەیشتن لێی، بڕیارەکە لەسەری دەردەکات.
نموونەی دیکە:
- خۆشەویستی و یارمەتیدانی نەداران بە باش دادەنرێت لەبەر ئەوەی کەسێک لە ئازار ڕزگار دەکات
- درۆکردن بە خراپ دادەنرێت لەبەر ئەوەی متمانە تێکدەدات و پەیوەندییەکان لاواز دەکات
ئایینی-فەرمانخوازی ڕەوشتی: ئەخلاق لە دەرەوەی کردەوەکەدایە
قوتابخانەی دووەم پێی وایە، کە باشی و خراپی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدا نییە، بەڵکو لە فەرمانی دەرەکی (بۆ نموونە فەرمانی خودادا)یە. بەپێی ئەم بۆچوونە:
- کردەوەیەک باشە یان خراپە تەنها لەبەر ئەوەی خودا (یان هێزێکی دەرەکی) دەڵێت باشە یان خراپە ”ئەشعەرییەکان”
- کردەوەکە هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی نییە، کە ببێتە هۆی باشی یان خراپی
- هەمان کردەوە دەکرێت لە حاڵەتێکدا باش بێت و لە حاڵەتێکی دیکەدا خراپ بێت، بەبێ گۆڕینی هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی
نموونەی زیاتر:
بەپێی ئەم بۆچوونە، دوو کەس، کە بە یەک شێوە و بۆ یەک مەبەستی باش یارمەتی دەدەن، کردەوەی یەکێکیان دەکرێت باش بێت و ئەوی دیکەیان خراپ. تەنها لەبەر ئەوەی هێزێکی دەرەکی بە جیاوازی ناوی لێناون. واتا گەر ئەوە لە زومرەی خۆمان بێت ئەوە باشە، گەر لە زومرەی ئەولا بێت نا. لێرەشدا مەبەست لە ئایندار و بێئاین نییە، بەڵکو لە مەزهەب یاخود مەرجەعی جیاواز ”شیعە بەنمونە”.
لەشێوەیەکی توندڕەوتردا، ئەم بۆچوونە دەڵێت، کە مرۆڤی بێ باوەڕ ناتوانێت خاوەنی ئەخلاق/ڕەوشت بێت، چونکە ڕەوشت لە خودی کردەوەکاندا نییە، بەڵکو لە فەرمانی خودایە. لێرەدا سێ قوتابخانەی سەرەکی ئیسلام و مەسیحییەت تەبان، تەنها کەسێک بەجودا لێیان فڕیووە، ئیبن تەیمییەیە، کە پێی وایە هەردووکی تێکەڵە. ساناتر، هەندێک شت لە خودی کردەوەکەدا هەن و پێویستی بە باوەڕ نییە. هەندێکی تریان فرمانی خودای گەرەک. بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها باوەکان دەردەکەین، نەک ئەوەی شێخی ئیسلام.
شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە
ئەم بۆچوونی دووەمە، قوتابخانەیەکی لاوازە، لەبەر چەند هۆکارێک:
- دژبەری ناوەکی: ئەگەر ئەخلاق پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکەوە نەبێت، ئەی بۆچی خودا بڕیاری داوە هەندێک کردەوە باش و هەندێکی تر خراپن؟ ئەمە وا دەردەخات، کە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکان گرنگن
- گرێکوێرەی یۆسیفرۆ: ئایا کردەوەیەک باشە چونکە خودا دەیەوێت، یان خودا دەیەوێت چونکە کردەوەکە باشە؟ ئەگەر یەکەم بژاردە ڕاست بێت، ڕەوشت دەبێتە شتێکی هەڕەمەکی. ئەگەر دووەم بژاردە ڕاست بێت، کەواتە ڕەوشت سەربەخۆیە لە خودا
- بەراوردکاری کلتووری: ئەگەر ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدا نەبێت، چۆن لەوە تێبگەین، کە زۆربەی کۆمەڵگا مرۆییەکان، سەرەڕای جیاوازی ئایینی، لەسەر بنەما ڕەوشتییە سەرەکییەکان هاوڕان؟
بۆچوونی ڕەوشتی دیکە
لە دەرەوەی ئەم دوو قوتابخانەیە، چەندین بۆچوونی دیکە هەن، کە شایەنی باسکردنن:
- سوودگەرایی (Utilitarianism): باشی و خراپی کردەوەکان لە ئەنجامەکانیاندایە. کردەوەیەک باشە ئەگەر زۆرترین خۆشی بۆ زۆرترین کەس دابین بکات.
- نموونە: لەم ڕوانگەیەوە، درۆیەکی بچوک کە زۆر کەس ڕزگار بکات دەکرێت کردەوەیەکی ئەخلاقی بێت
- پێوەری ڕەوشتی کانت (Kant’s Categorical Imperative): کردەوەیەک باشە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بیەوێت ئەو کردەوەیە ببێتە یاسایەکی گشتی.
- نموونە: بەڵێن شکاندن ناتوانێت ببێتە یاسایەکی گشتی، چونکە ئەگەر هەموو کەس بەڵێن بشکێنێت، چەمکی بەڵێندان مانای نامێنێت
- ئەخلاقی چاکەکار (Virtue Ethics): جەخت لەسەر پەرەپێدانی کەسایەتی ڕەوشتی باش دەکات، نەک تەنها کردەوەی باش.
- نموونە: باوکێک کە منداڵەکەی بە دڵسۆزی و چاودێری بەخێو دەکات، نەک تەنها بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەڵکو بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی باوکێکی باش
لە کۆتاییدا، پرسیاری “ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟” بەردەوام دەبێت وەک یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ڕەوشت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر چۆنیەتی تێگەیشتنمان لە دونیای دەوروبەرمان و بڕیاردان لەسەر باشی و خراپی کردەوەکانمان.
سەرچاوەکان
Moore, G.E. (1903). Principia Ethica. Cambridge University Press.
Kant, I. (1785). Groundwork of the Metaphysics of Morals.
MacIntyre, A. (1981). After Virtue. University of Notre Dame Press.
Rachels, J. (2003). The Elements of Moral Philosophy. McGraw-Hill.
Plato. Euthyphro.
تێبینی: ئەم وتارە وەکو بیرۆکە لە وتارێکی ”قوولەی گومانگەران/صرح الشكاك” وەرگیراوە بە سوپاسەوە