پێشەکی
بابەتی دروستکردنی گەردوون لە فیکری ئیسلامیدا یەکێکە لە پرسە گرنگ و قوڵەکان، کە زانایان و بیرمەندانی ئیسلام بە درێژایی مێژوو شرۆڤە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە. لە عەقیدەی ئیسلامیدا کەون/گەردوون شتێکە ڕووداوە و بەشێکە لە عالەم/وجود. دیارە ئەمانیش درێژکراوەی هەمان هزری ئەرستۆن بۆ هەمان جۆرە پرسیاری بوونی/وجودی. بەڵام وەکو دەزانرێت، کە بەریەککەوتنی ئاینی نوێ بە ئاینەکان یاخود عەقیدەکانی ئەو سەردەمە، هزرێکی تر دەهێنێتە کایەوە. بە گشتی، سێ ڕوانگەی سەرەکی هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی دروستبوونی گەردوون لەلایەن خوداوە، و چوارەمیش کە تایبەتە بە ئیبن تەیمیە (نەمتوانی وەکو ڕای سەربەخۆ دایبنێم، چونکە هەوڵێکە لە نێوان کۆمەڵێک ڕای تر و گونجاندنیان پێکەوە):
١. دروستکردنی گەردوون لە پارچەی خودا
ئەم بۆچوونە پێی وایە، کە خودا گەردوونی لە بەشێکی زاتی خۆیەوە دروست کردووە. هەندێک لە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە ئاماژە بە ئایەتی ﴿وَنَفَخْتُ فِيهِ مِن رُّوحِي﴾ (الحجر: ٢٩) دەکەن، کە دەفەرمووێت: “لە ڕۆحی خۆمم تێهەڵکرد”. بەڵام تەفسیری ڕاست و دروستی ئەم ئایەتە وەک زۆربەی زانایان لێکیان داوەتەوە، ئەمە هەر تەنها ڕێژەپێدانێکی تەشریفییە و شتێکی لە زاتی خوا نەبڕاوە بۆ دروستکردنی گەردوون.
ئیمام غەزالی لە کتێبی “إحیاء علوم الدین” دەڵێت: “خودا پاکە لەوەی بەشی هەبێت یان لێی جیا بێتەوە، چونکە ئەمە دژی سیفەتی تەوحید و وەحدانییەتی ئەوە.”
کێشەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە: گەر بەشێک بووبن پێشتر لە خودا، ئەوە ئەو دەمە خودا سادە و واجب نییە. بەڵکو ئاوێتەیە/مورەکەبە. ئاوێتەش پێویستی بە یەکێکی ترە پێکەوەی ببەستێت (المركب يحتاج الی مركب).
ئیبن سینا لە کتێبی “الشفاء” دا دەنووسێت: “واجب الوجود لا یکون مرکباً بوجه من الوجوه” واتا “ئەوەی بوونی واجبە بە هیچ شێوەیەک ئاوێتە نییە”.
٢. دروستکردنی گەردوون لە هیولە یان مادەیەکی ئەزەلی
بۆچوونی دووەم، کە خودا گەردوونی لە مادەیەکی سەرەتایی یان هیولەیەکی ئەزەلی دروست کردووە، هەندێک لە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە بە ئایەتی ﴿وَكَانَ عَرْشُهُ عَلَى الْمَاءِ﴾ (هود: ٧) پشت دەبەستن، کە دەفەرمووێت: “عەرشی ئەو لەسەر ئاو بوو”، بەڵام وەک ئیبن کەسیر لە تەفسیرەکەیدا دەڵێت، ئەم ئایەتە مانای ئەوە نییە، کە خودا لە ئاو یان مادەیەکی ئەزەلییەوە گەردوونی دروست کردووە، بەڵکو باس لە دۆخی پێش خەڵقکردنی ئاسمانەکان و زەوی دەکات. ئەمەش لێرەدا وشەی ”پێش” واتا کات و شوێن Spacetime ئەمەش گێژاوێکی ترە، کە ئێستا لێی دەگەڕێین.
ئیمام فەخری ڕازی لە “التفسیر الکبیر” دا دەڵێت: “لایمکن أن تکون هناک مادة أزلیة مع الله، لأن ذلک یناقض وحدانیته و ربوبیته” واتا “ناگونجێت، کە مادەیەکی ئەزەلی لەگەڵ خودا بوونی هەبێت، چونکە ئەمە دژی یەکتاپەرستی و پەروەردگاری ئەوە.”
کێشەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە، کە گەر مادەی تر هەبووبن لە پێش خەڵقەوە، کەواتە ئەو مادانەش ئەزەلین. بەم شێوەیەش خودا تەنها ئەزەل نییە و تاک نییە.
٣. دروستکردنی گەردوون لە عەدەم (نەبوون)
ئەم بۆچوونە، کە زۆربەی زانایانی ئیسلام پشتگیرییان لێکردووە، پێی وایە خودا گەردوونی لە هیچەوە (نەبوون، عەدەم) دروست کردووە. ئەم بۆچوونە بە ئایەتی ﴿إِنَّمَا أَمْرُهُ إِذَا أَرَادَ شَيْئًا أَن يَقُولَ لَهُ كُن فَيَكُونُ﴾ (یس: ٨٢) پشت دەبەستێت، کە دەفەرمووێت: “فەرمانی ئەو تەنها ئەوەیە کە کاتێک شتێکی بوێت، دەڵێت پێی: ببە! ئیتر دەبێت”.
ئیمام غەزالی لە کتێبی “تهافت الفلاسفة” دا دەنووسێت: “إن الله تعالی خلق العالم من العدم المحض و لم یکن قبل وجوده شیء علی الإطلاق” واتا “خودای گەورە جیهانی لە نەبوونی ڕەهاوە دروست کردووە و پێش بوونی هیچ شتێک بە تەواوی نەبووە”.
ئەمە بۆچوونی سەرەکی ئەهلی سوننە و جەماعەیە، بەڵام ئەم بۆچوونەش کێشەی فەلسەفی هەیە، چونکە لێرەدا دوو دژیەک کۆدەبنەوە ”أجتماع الضدين” و مەحاڵە. ئایا چۆن شتێک لە نەبوونەوە دێتە بوون؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە فەلسەفەی یۆنانی و ئیسلامی زۆر سەرقاڵی بووە.
** بۆچوونی ئیبن تەیمیە
ئیبن تەیمیەی کورمانجی حەڕانی ڕوانگەیەکی جیاوازی هەیە. ئەو لە کتێبی “منهاج السنة النبویة” و “درء تعارض العقل والنقل” باس لەوە دەکات، کە جۆری بوونەکان لەناو زاتی خودا بووە، بەڵام نەک وەک بەشێک لە خودا، بەڵکو وەک زانست و توانایی و سیفەتەکانی. بەم شێوەیە، خودا واجبە، بەڵام جنس یاخود جۆری بوونەکان لەناو زاتی ئیلاهیدا هەبوون.
بە نمونە: کاتێک دەوترێت فڵان نیگارکێشە، هونەری دروستکردن و خەیاڵ و ئەندێشەی و کەرەستەکان و جۆرەکان هەمووی لەناو زاتیدا هەن. گەریش شتەکان لەدەرەوە بوونیان نەبێت و بەردەست نەبن.
ئیبن تەیمیە دەڵێت: “إن الله خالق کل شيء بعلمه و قدرته، و العلم و القدرة صفات ذاتیة له سبحانه” واتا “خودا دروستکەری هەموو شتێکە بە زانست و توانای خۆی، و زانست و توانا سیفەتە زاتییەکانی ئەون”. لێرەشدا ئیبن تەیمییە وەکو ڕەخنەی هەبووە لە ئەرستۆ، باش زانیویەتی کێشەی ڕایە باوەکەی نێو ئەهلی سەلەف چەند گەورەیە. یەکێکیان دژە لۆژیکە و ئەوەی تر، گەر سەرەتای خەڵق هەبێت. کەواتە پێش خەڵق، خودا لە ئەزەل پێش ئەوەوە سیفەتی خەڵقی نەبووە. بەم هۆیەشەوە زۆربەی ڕەهای سەلەفییەکان دژین تەنها لەم بابەتە. بەتایبەت ئیمامی زەمانیان ”ئەلبانی” بە ئاشکرا دەفەرمێت ”بریا شێخی ئیسلام خۆی نەخزاندایەتە ناو ئەم بابەتەوە”
## درێژەی شیکردنەوە و لێکدانەوەی قوڵتر
لە قورئاندا، ئایەتی زۆر هەن, کە باس لە خەڵقکردنی گەردوون دەکەن، بۆ نموونە:
﴿اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ وَكِيلٌ﴾ (الزمر: ٦٢) واتە: “خودا دروستکەری هەموو شتێکە و ئەو بەسەر هەموو شتێکدا چاودێرە”.
﴿بَدِيعُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَإِذَا قَضَى أَمْرًا فَإِنَّمَا يَقُولُ لَهُ كُن فَيَكُونُ﴾ (البقرة: ١١٧) واتا: “داهێنەری ئاسمانەکان و زەوییە، و کاتێک بڕیار دەدات کارێک ئەنجام بدرێت، تەنها پێی دەڵێت: ببە! ئیتر دەبێت”. ئیمام شافیعی لە وتەیەکیدا دەڵێت: “خالق الکون من العدم هو الله وحده لا شریک له” واتا “دروستکەری گەردوون لە نەبوونەوە تەنها خودایە و هیچ هاوبەشێکی نییە”. وەکو وتمان ئەمە کێشەکەی چییە! هەروەها ئیمام ئەحمەد لە “العقیدة” دا دەڵێت: “الله قادر علی کل شيء، خلق الخلق بقدرته من غیر أصل سابق” واتا “خودا توانای بەسەر هەموو شتێکدا هەیە، بوونەوەرەکانی بە تواناکانی دروست کردووە بەبێ بنەمایەکی پێشوو”. بگەڕێووە بۆ هەمان بۆچوونی ئیمامی شافیعی وەکو ناوەڕۆک.
ئەلغەزالی لە “تهافت الفلاسفة” زیاتر شی دەکاتەوە و دەڵێت: “إن القول بأن العالم أزلي یناقض وحدانیة الله و قدرته علی الخلق” واتا “پێداگرتن لەسەر ئەوەی کە جیهان ئەزەلییە، دژی یەکتاپەرستی خودا و توانای ئەو لەسەر دروستکردنە”. دیارە لەڕووی عەقیدەییەوە غەزالی سەر بە قوتتابخانەی ئەشعەرییە، گەرچی لەمەدا لەگەڵ حەنابیلەکان یەکتر دەگرێتەوە وەکو ناواخن.
ئیبن ڕوشد، فەیلەسوفی ناسراوی ئیسلامی، لە کتێبی “تهافت التهافت” ڕەخنە لە غەزالی دەگرێت و پێی وایە، کە گەردوون ئەزەلییە، بەڵام نەک بە مانای سەربەخۆ لە خودا، بەڵکو بە مانای هەمیشە وابەستە بە فەیزی خودا بووە. ئەم بۆچوونە نزیکە لە وتەکانی ئیبن سینا کە دەڵێت: “واجب الوجود علة تامة لوجود الممکنات” واتا “واجب الوجود/دەبێت هەبێت هۆکاری تەواوی بوونی شیاوەکانە/موومکیناتە”.
لە ڕوانگەی عەقڵانی و زانستییەوە، دروستکردنی شت لە نەبوونەوە (Ex Nihilo) بابەتێکی قورسە بۆ تێگەیشتن، بەڵام زانایانی ئیسلام پێیان وایە ئەمە نیشانەی مەزنی و بێسنووری توانای خودایە. ئیمام ماتوریدی لە کتێبی “التوحید” دا دەنووسێت: “قدرة الله تعالی لا حدود لها، و هو قادر علی خلق الأشیاء من العدم” واتا “توانای خودای گەورە سنووری نییە و ئەو دەتوانێت شتەکان لە نەبوونەوە دروست بکات”.
لێرەدا دەتوانین بڵێین کە زۆربەی زانایانی ئیسلام پشتگیری بۆچوونی سێیەم دەکەن، واتا خودا گەردوونی لە نەبوونەوە دروست کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا دان بەوەدا دەنێن، کە تێگەیشتن لە چۆنیەتی ئەم پرۆسەیە لە توانای عەقڵی مرۆڤدا نییە. وەک ئیمام مالیک دەڵێت: “الاستواء معلوم و الکیف مجهول و السؤال عنه بدعة” واتا “چەمکەکە زانراوە بەڵام چۆنیەتی نەزانراوە و پرسیار لێکردنی بیدعەیە”. ئەم وەڵامە باوترینە، بەڵام لە ناواخندا هیچ ڕستەیەکی هەواڵی/خەبەری زانیاری نییە. واتا هەمان وەڵام دەتوانی بۆ سێگۆشەی مەسیح و خوا و ڕووح بەکاربەریت، کاتێک لێت بپرسن چۆن؟ وەکو مەسیحییەک بڵێ: سێ گۆشە زانراوە/مەعلومە، چۆنییەتی/کیف نەزانراوە و پرسیارکردنی لێی شتێکی نابووت و خراپە/بیدعەیە. بەم شێوەیە هەمان شت بۆ هەر باوەڕێکی بتپەرستی و ڕووحانی بوزیش دەشێت. بە کورتی ڕاهێنانە لەسەر سەرنجلابردن، نەک وەڵامدانەوە ئەقڵانی یا زانست (لێرەدا مەبەست لە ئەقڵانی واتا لۆژیکی و زانستی واتا ئەزموونی)
### کۆتایی
لە کۆتاییدا، بابەتی دروستکردنی گەردوون بابەتێکی قوڵ و فراوانە لە فیکری ئیسلامیدا. زۆربەی زانایان لەسەر ئەوە کۆکن کە خودا سەرچاوەی هەموو بوونێکە و گەردوون بە ویست و توانای ئەو دروست کراوە، بەڵام چۆنیەتی ئەم پرۆسەیە جێگەی مشتومڕی قوڵە لە نێوان مەزهەب و قوتابخانە جیاوازەکانی فیکری ئیسلامیدا. ئەمەش دەوڵەمەندی فیکری ئیسلامی دەردەخات لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە قوڵ و فەلسەفییەکاندا. هەندێکی تر پێیان وایە، بوونی ڕای جیاواز لە مەسەلەیەکی فیقهی/شەرعیدا بۆ ئەحکام دەشێت و واریدە. بەڵام بۆ ئەسڵی عەقیدە، کە یەکتری لەسەر ”تەکفیر” دەکەن نەگونجاو و خراپەیە بە بیروباوەڕەکە.
### پانووس و سەرچاوەکان:
٢. الغزالي، أبو حامد محمد بن محمد. “إحیاء علوم الدین”. دار المعرفة، بیروت.
٣. الغزالي، أبو حامد محمد بن محمد. “تهافت الفلاسفة”. دار المعارف، القاهرة.
٤. ابن تیمیة، أحمد بن عبد الحلیم. “منهاج السنة النبویة”. جامعة الإمام محمد بن سعود الإسلامیة.
٥. ابن تیمیة، أحمد بن عبد الحلیم. “درء تعارض العقل والنقل”. دار الکنوز الأدبیة، الریاض.
٦. ابن رشد، محمد بن أحمد. “تهافت التهافت”. دار المعارف، القاهرة.
٧. ابن سینا، الحسین بن عبد الله. “الشفاء”. مطبعة الأمیریة، القاهرة.