تاگ: وەرگێڕان

  • فەلسەفەی ڕەوشت: ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟

    فەلسەفەی ڕەوشت: ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟

    ئەم وتارە گرنگە تێڕوانینێکی قووڵ بۆ پرسیارێکی سەرەکی لە فەلسەفەی ڕەوشت/ئەخلاقدا دەخاتە ڕوو، ئەویش: ئایا بڕیاردان لەسەر باشی ”حسن” و خراپی ”قبح” کردەوەیەک پەیوەندی بە سروشتی خودی کردەوەکەوە هەیە، یان بە شتێکی دەرەکی دیاری دەکرێت؟ لەم کۆمەڵە بڕگەیەدا هەموویان بەپێی هاوپۆل دەخەینە ڕوو.

    سروشتگەرایی ڕەوشت: ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە

    قوتابخانەی یەکەم پێی وایە، کە ڕەوشتی یا نــاڕەوشتی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدایە. بۆ ڕوونکردنەوە با نموونەیەکی سادە وەربگرین:
    کاتێک باس لە کردەوەیەکی ناشیرینی وەک دەستدرێژی کردنەسەر منداڵێک یا پەیوەندییەکی جێگەیی دەکەین. زۆربەی خەڵک دەڵێن ئەم کردەوەیە خراپە لەبەر تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خودی کردەوەکە وەکو:

    1. ئازاری مندالەکە
    2. نەبوونی ئازادی و ڕەزامەندی لە لایەن منداڵەکەوە
    3. نەبوونی تەمەنی پێویست و ئامادەنەبوون بۆ پەیوەندی لەم جۆرە

    بۆیە، هەر کردەوەیەک ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، خراپە! جا لە هەر وڵاتێک بێت، لە هەر سەردەمێکدا بێت. واتە هەر کردەوەیەک بەهۆی تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خۆی دەردەخات ڕەوشتییە یان ناڕەوشتی. بەهەمان دەرەنجامی دۆخەکە و تێگەیشتن لێی، بڕیارەکە لەسەری دەردەکات.
    نموونەی دیکە:

    • خۆشەویستی و یارمەتیدانی نەداران بە باش دادەنرێت لەبەر ئەوەی کەسێک لە ئازار ڕزگار دەکات
    • درۆکردن بە خراپ دادەنرێت لەبەر ئەوەی متمانە تێکدەدات و پەیوەندییەکان لاواز دەکات

    ئایینی-فەرمانخوازی ڕەوشتی: ئەخلاق لە دەرەوەی کردەوەکەدایە

    قوتابخانەی دووەم پێی وایە، کە باشی و خراپی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدا نییە، بەڵکو لە فەرمانی دەرەکی (بۆ نموونە فەرمانی خودادا)یە. بەپێی ئەم بۆچوونە:

    • کردەوەیەک باشە یان خراپە تەنها لەبەر ئەوەی خودا (یان هێزێکی دەرەکی) دەڵێت باشە یان خراپە ”ئەشعەرییەکان
    • کردەوەکە هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی نییە، کە ببێتە هۆی باشی یان خراپی
    • هەمان کردەوە دەکرێت لە حاڵەتێکدا باش بێت و لە حاڵەتێکی دیکەدا خراپ بێت، بەبێ گۆڕینی هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی

    نموونەی زیاتر:
    بەپێی ئەم بۆچوونە، دوو کەس، کە بە یەک شێوە و بۆ یەک مەبەستی باش یارمەتی دەدەن، کردەوەی یەکێکیان دەکرێت باش بێت و ئەوی دیکەیان خراپ. تەنها لەبەر ئەوەی هێزێکی دەرەکی بە جیاوازی ناوی لێناون. واتا گەر ئەوە لە زومرەی خۆمان بێت ئەوە باشە، گەر لە زومرەی ئەولا بێت نا. لێرەشدا مەبەست لە ئایندار و بێئاین نییە، بەڵکو لە مەزهەب یاخود مەرجەعی جیاواز ”شیعە بەنمونە”.
    لەشێوەیەکی توندڕەوتردا، ئەم بۆچوونە دەڵێت، کە مرۆڤی بێ باوەڕ ناتوانێت خاوەنی ئەخلاق/ڕەوشت بێت، چونکە ڕەوشت لە خودی کردەوەکاندا نییە، بەڵکو لە فەرمانی خودایە. لێرەدا سێ قوتابخانەی سەرەکی ئیسلام و مەسیحییەت تەبان، تەنها کەسێک بەجودا لێیان فڕیووە، ئیبن تەیمییەیە، کە پێی وایە هەردووکی تێکەڵە. ساناتر، هەندێک شت لە خودی کردەوەکەدا هەن و پێویستی بە باوەڕ نییە. هەندێکی تریان فرمانی خودای گەرەک. بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها باوەکان دەردەکەین، نەک ئەوەی شێخی ئیسلام.

    شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە
    ئەم بۆچوونی دووەمە، قوتابخانەیەکی لاوازە، لەبەر چەند هۆکارێک:

    • دژبەری ناوەکی: ئەگەر ئەخلاق پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکەوە نەبێت، ئەی بۆچی خودا بڕیاری داوە هەندێک کردەوە باش و هەندێکی تر خراپن؟ ئەمە وا دەردەخات، کە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکان گرنگن
    • گرێکوێرەی یۆسیفرۆ: ئایا کردەوەیەک باشە چونکە خودا دەیەوێت، یان خودا دەیەوێت چونکە کردەوەکە باشە؟ ئەگەر یەکەم بژاردە ڕاست بێت، ڕەوشت دەبێتە شتێکی هەڕەمەکی. ئەگەر دووەم بژاردە ڕاست بێت، کەواتە ڕەوشت سەربەخۆیە لە خودا
    • بەراوردکاری کلتووری: ئەگەر ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدا نەبێت، چۆن لەوە تێبگەین، کە زۆربەی کۆمەڵگا مرۆییەکان، سەرەڕای جیاوازی ئایینی، لەسەر بنەما ڕەوشتییە سەرەکییەکان هاوڕان؟

    بۆچوونی ڕەوشتی دیکە

    لە دەرەوەی ئەم دوو قوتابخانەیە، چەندین بۆچوونی دیکە هەن، کە شایەنی باسکردنن:

    • سوودگەرایی (Utilitarianism): باشی و خراپی کردەوەکان لە ئەنجامەکانیاندایە. کردەوەیەک باشە ئەگەر زۆرترین خۆشی بۆ زۆرترین کەس دابین بکات.
      • نموونە: لەم ڕوانگەیەوە، درۆیەکی بچوک کە زۆر کەس ڕزگار بکات دەکرێت کردەوەیەکی ئەخلاقی بێت
    • پێوەری ڕەوشتی کانت (Kant’s Categorical Imperative): کردەوەیەک باشە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بیەوێت ئەو کردەوەیە ببێتە یاسایەکی گشتی.
      • نموونە: بەڵێن شکاندن ناتوانێت ببێتە یاسایەکی گشتی، چونکە ئەگەر هەموو کەس بەڵێن بشکێنێت، چەمکی بەڵێندان مانای نامێنێت
    • ئەخلاقی چاکەکار (Virtue Ethics): جەخت لەسەر پەرەپێدانی کەسایەتی ڕەوشتی باش دەکات، نەک تەنها کردەوەی باش.
      • نموونە: باوکێک کە منداڵەکەی بە دڵسۆزی و چاودێری بەخێو دەکات، نەک تەنها بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەڵکو بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی باوکێکی باش

    لە کۆتاییدا، پرسیاری “ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟” بەردەوام دەبێت وەک یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ڕەوشت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر چۆنیەتی تێگەیشتنمان لە دونیای دەوروبەرمان و بڕیاردان لەسەر باشی و خراپی کردەوەکانمان.

    سەرچاوەکان

    Moore, G.E. (1903). Principia Ethica. Cambridge University Press.
    Kant, I. (1785). Groundwork of the Metaphysics of Morals.
    MacIntyre, A. (1981). After Virtue. University of Notre Dame Press.
    Rachels, J. (2003). The Elements of Moral Philosophy. McGraw-Hill.
    Plato. Euthyphro.

    تێبینی: ئەم وتارە وەکو بیرۆکە لە وتارێکی ”قوولەی گومانگەران/صرح الشكاك” وەرگیراوە بە سوپاسەوە

  • لەچی مردن بترسین؟ –  ئێپیکۆرس/ئەپیکور

    لەچی مردن بترسین؟ – ئێپیکۆرس/ئەپیکور

    ئێپیکۆرس/ئەپیکور Epicurus کێیە؟

    ئەپیکور (٣٤١-٢٧٠ پ.ز) فەیلەسوفێکی یۆنانی کۆن بوو، کە بیرۆکەی چێژگەرایی (هێدۆنیزم)ی پەرەپێدا. بەڵام چێژگەراییەکەی جیاواز بوو لە تێگەیشتنی باو. ئەو پێی وابوو کە:

    ١. خۆشبەختی و ئارامی دەروون گرنگترین شتن لە ژیاندا
    ٢. چێژی ڕۆحی و هزری لە چێژی جەستەیی گرنگترە
    ٣. ژیانێکی سادە و دوور لە خواستە زۆرەکان دەبێتە هۆی ئارامی
    ٤. دۆستایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی خۆشبەختین

    ئەبیقۆر قوتابخانەیەکی فەلسەفی دامەزراند، کە تێیدا ژن، پیاو و کۆیلەش وەک یەک مامەڵە دەکران، کە ئەمە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی زۆر پێشکەوتوو بوو بە بەراورد بەو کاتە.

    ڕوانگەی ئەو لەسەر ژیان و مردن چی بوو؟

    سەبارەت بە ژیان، پێی وابوو ژیان دەبێت بۆ خۆشی و ئارامی بێت، نەک ترس و نیگەرانی. بەڵام ئەم خۆشییە لە ڕێگەی ژیانێکی سادە و دوور لە خواستی زۆر بەدەست دێت. بە کوردی و بە کورتی ئەو چێژی ژیانکردن/ژیان لە ناواخنی خۆیدا دەبینییەوە. واتا ئەزموونکردنی ئەو جەوهەرە.

    لەسەر مردن چی دەوت؟

    چۆن نەبوونی شتێك زیان دەگەیەنێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت؟ بە ڕوانگەی ئێپیکۆرس/ئەبیقۆر، مردن تەنها نەبوونی هەست و زانیارییە. بەڵگەکانی بەم شێوەی خوارەوەیە:
    ١. کاتێك دەمرین، هەست و زانیاریمان بە تەواوی نامێنێت، هیچ هەست و بیرکردنەوەیەکمان نامێنێت، تەنها “تۆ” ش نامێنێت.
    ٢. زیان، بە پێناسەیە سادەکەی پێویستی بە کەسێکە هەستی پێ بکات بۆ ئەوەی هەبێت. بێ هەست، زیان نییە.
    ٣. کەواتە، مردن ناتوانێت زیانمان پێ بگەیەنێت چونکە تەنها ڕەوشێکە لە نەبوونی هەست.
    خۆت بخەرە ئەو دۆخەی، کە نوستووی بێ خەون. کات تێدەپەڕێت بێ ئەوەی هەست بە هیچ بکەیت. ئایا ئەم ساتانە بە زیاندار دەزانیت؟ بەدڵنیایی نەخێر. ئێپیکۆرس دەڵێت، کەمردین هەر هەمان ڕەوشە، بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام. هیچ شتێك نییە لێی بترسیت، چونکە بە سادەیی هەست بە هیچ شتێك ناکەیت.

    ئایا پێشتر بیرت لە ملیاران ساڵ کردۆتەوە، کە پێش تۆ تێپەڕیبوون؟ ئایا هەستت بە هیچ شتێك کردووە لەو ساتانەدا؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. لێرەدا ئێپیکۆرس دەڵێت: ئەگەر نەبوونت لە جیهان پێش لە دایك بوونت زیانی پێ نەگەیاندووی، چۆن نەبوونت لە جیهان پاش مردن زیانت پێ دەگەیەنێت؟
    ١. پێش لە دایكبوونمان، لە ڕەوشی نەبووندا بووین، و هەستمان بە هیچ زیان و ئازارێك نەکرد.
    ٢. مردن، بە سادەیی، دەمان گێڕێتەوە بۆ هەمان ڕەوشی نەبوون.
    ٣. بە پێی ئەوەی ڕەوشی نەبوون پێش لە دایكبوون زیاندار نەبوو، هەمان شت بۆ ڕەوشی نەبوون پاش مردن ڕاستە.
    ئێمە نیگەران نین سەبارەت ئەو کاتانەی کە تێیدا نەبووین. کەواتە بۆچی لە کاتانەی کە تێیدا نابین لە داهاتوو دەترسین؟

    جاری داهاتوو، کە بیر لە مردن دەکەیتەوە، لە خۆت بپرسە: بۆچی بترسم لە شتێك کە ناتوانێت زیانم پێ بگەیەنێت؟

    پانووس:
  • ڕۆڵی کارکردن لە گۆڕینی مەیموون بۆ مرۆڤ – فرێدرێش ئەنگڵز

    ڕۆڵی کارکردن لە گۆڕینی مەیموون بۆ مرۆڤ – فرێدرێش ئەنگڵز

    – بەشێک لە وتاری فەیلەسوف (فرێدرێش ئەنگڵز) کە ١٨٧٦ نوسییوتەی لە چوارچێ‌وەی ئەو سەردەمە نوێیەی بیردۆزی پەرەسەندن و کاریگەری کتێبەکەی چارلس داروین خستویەتیەوە.
    چەند سەد هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە سەردەمێکدا کە هێشتا مەحاڵە بە وردی پێناسە بکرێت. لەو سەردەمەی پەرەسەندنی زەویدا، کە جیۆلۆجیستەکان پێی دەڵێن سەردەمی فۆرماتیڤی سێیەم. ڕەنگە لە کۆتاییدا، لە شوێنێک لە ناوچە گەرمەکاندا ژیابێت ”مەبەستی باوانی سەرەکییە”. لە نزیک ئاوەکانی زەریای هیندی ڕەگەزێکی مەیموونن، کە زۆرترین هاوشێوەی مرۆڤن و گەیشتوونەتە پلەیەکی زۆر بەرزی گەشەکردن. داروین وەسفێکی درشتی ئەم مەیموونانەی بۆ کردین، کە باوباپیرانمان بوون. پێستیان بە تەواوی بە موو داپۆشرابوو، سمێڵ و گوێچکەیان قۆچدار بوو، بە کۆمەڵ لەناو دارەکاندا دەژیان. لەژێر کاریگەری شێوازی ژیانیاندا، کە پێویستە دەستەکان ئەرکی تر ئەنجام بدەن. جگە لە ئەرکەکانی قاچەکان لەکاتی سەرکەوتندا و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمە هۆکاری سەرەکی بێت بۆ ئەو بازدانە گەورەیە. ئەم مەیموونانە دەستیان کرد بە لەدەستدانی خووی پشت بەستن بە دەستەکانیان بۆ ڕۆیشتن لەسەر زەوی و ڕۆیشتنێکی ڕاست و دروستیان گرتەبەر. بەم شێوەیە هەنگاوی یەکلاکەرەوەی گواستنەوە لە مەیمونەوە بۆ مرۆڤ تەواو بوو. هەموو ئەو مەیمونانەی کە هاوشێوەی ئەون و تا ئەمڕۆش دەژین دەتوانن تەنها لەسەر قاچەکانیان ڕاست بوەستن و بەدەوری خۆیاندا بجوڵێن، بەڵام تەنها لە کاتی پێویست و بەوپەڕی چەقبەستووییدا ئەم کارە دەکەن. سەبارەت بە ڕۆیشتنە سروشتییەکەی، بە شێوەیەکی نیوەگەڕ دەڕوات و پێویستی بە بەکارهێنانی دەستەکانی هەیە. زۆربەی ئەم مەیموونانە، لە کاتی ڕۆیشتن، پشتگیری لە پەنجەی ناوەڕاستی پەنجە چەماوەکانیان دەکەن لەسەر زەوی، قاچەکانیان بەرەو جەستەیان دەچەمێننەوە و جەستەیان پاڵدەنێن بۆ پێشەوە لە نێوان دەستە درێژەکانیاندا وەک ئیفلیجێک کە لەسەر دوو چەقۆ دەڕوات. ئەمڕۆش بەگشتی دەتوانین لە مەیموونەکاندا هەموو قۆناغەکانی گواستنەوە لە ڕۆیشتن بە هەر چوار قاچەوە بۆ ڕۆیشتن بە دوو قاچەوە چاودێری بکەین. بەڵام ئەم دوایین شێوازی ڕۆیشتنە هەرگیز لە ئاستی شێوازێکی فریاگوزاری تێپەڕ نەکردووە، کە لە کاتی پێویستییەکی زۆردا بەکاردەهێنرێت. ئەگەر ڕۆیشتنی ڕاست قەدەر بووبێت، بۆ باوباپیرە تووکدارەکانمان. یەکەمجار ببێتە یاسایەک و دووەمیش پێویستییەک، ئەوا ئەمە وا گریمانە دەکات، کە دەستەکان لەو سەردەمەدا دەبوو چالاکی زیاتر و زیاتری جۆرەکانی دیکە ئەنجام بدەن. تەنانەت لە نێو مەیموونەکاندا جۆرێک لە دابەشکردنی کار لە نێوان دەست و قاچەکاندا هەیە. دەست وەک وتمان لە کاتی سەرکەوتندا بەکاردێت، بە پێچەوانەی قاچەوە. دەست زیاتر بۆ هەڵگرتن و ڕاگرتنی خۆراک بەکاردێت، وەک چۆن هەندێک لە مەمکەکانی خوارەوە بە قاچەکانی پێشەوەیان دەیکەن. هەندێک لە مەیموونەکان دەستەکانیان بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی کۆشک لە دارەکاندا، یان تەنانەت وەک شامپانزیەکان بۆ دروستکردنی گوێسەبانێک لە نێوان لقەکاندا بۆ ئەوەی لە خراپی کەشوهەوا بپارێزن. بەو دەستە چەقۆکان دەگرن بۆ بەرگریکردن لە دوژمنان یان بە میوە و بەرد بەردیان تێ دەگرن. هەندێک کردەوەی سادە بە دەست ئەنجام دەدات کە لاسایی مرۆڤ دەکەنەوە. بەڵام، وردە وردە لێرەدا، هەموو جیاوازییەک لە نێوان دەستی مەیمونە گەشەنەسەندووەکەدا هەیە. تەنانەت ئەگەر مرۆڤ هاوشێوەیترین مەیمونیش بێت. و دەستی مرۆڤ، کە بە کارکردن لە ماوەی هەزاران سەدەدا تا پلەیەکی بەرزی شارەزایی بەرزکراوەتەوە. ژمارەی ئێسک و ماسولکەکان و ڕێکخستنی گشتییان لە دەستی مەیمون و دەستی مرۆڤدا وەک یەکن، بەڵام دەستی یەکەم مرۆڤی دڕندەی سەرەتایی دەتوانێت سەدان کردەوە ئەنجام بدات کە دەستی مەیموونی ئێستا هەرگیز ناتوانێت لاسایی بکاتەوە. دەستی مەیموون، واتە مەیموون. هیچ چەقۆیەکی بەرد دروست نەکرابوو، تەنانەت چەقۆیەکی زۆر خامیش……

  • تانەی دەیڤد هیوم لە پەرجۆ/موعجیزە

    تانەی دەیڤد هیوم لە پەرجۆ/موعجیزە

    دەستپێک

    بۆ ئەوەی ئەم بابەتانەی فەیلەسوفی مەزن دەیڤد هیوم ئاسانتر هەزم بکرێت، ئەوە ئامۆژگاری دەکەم بە بینینی ئەڵقەکانی پۆدکاستی نوانە لەسەر چەمک و تانەکان و قوتابخانەی ئەزموونی بەگشتی. گەر لە پاڵیدا هەندێک قوتابخانەی ئەو سەردەمە و کێشەکانی بزانیت، خراپ نییە بۆ بەراورد و هەڵسەنگاندنی لەلای خۆت. جا بۆ ئەوەی درێژە بەو شتانە نەدەین، کە پێشتر باسکراوە. سەرەتا سەرچاوەکانی زانین بریتین لە تاقیکردنەوە و ئەزموونی هەستەکان. بە نمونە، کە بەردەوام ئاگر دەبینین شتەکان دەسوتێنێت. یاخود بەردەوام خۆر دەبینین لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت. ئەوە ئەم دوانە لەلامان جێگیر دەبن، کە دارێک دەخەیتە ناو کورەیەکەوە دەسوتێت و بەیانی لەو ئاڕاستە و شوێنەوە خۆر هەڵدێت. کەسێک هەرگیز ئاگری نەبینیبێت یان هەرگیز ڕووناکی خۆری نەبینیبێت، هیچ لەوانە پێشبینیکراو نین. چونکە نە بە هەستەکانی پێی زانیووە، نە ئەزموونی بەردەوامی هەبووە لەو ڕوودانە.
    هەمان  کات هەواڵ و گێڕانەوەی دەماودەم ”تواتر testimony بەشایەتییەوە” سەرچاوەیەکی تری زانینمانن. بە نمونە بە دەگمەن ئێمە دورگەکانی فۆکلاندی نزیک ئەرژەنتینمان دیووە یا هەر بیستووە. بەڵام بەهۆی ئەوەی خەڵکانێک لە سەرچاوەی جیاوازەوە و شوێنی جوداوە وتویانە، کە دورگەیەکە دەکەوێت بەشی باشوی ئەمریکای لاتین لەناو زەریای ئەتڵەسی و قەبارە و شێوەی ….هتد بەم شێوەیە. ئەم هەواڵ و زانیاریانە لەمەدا هەیە، ئێمە پێشتر ئەزموونی دورگەی وا، شوێنی وا، قەبارەی ئاوها لەلامان هەبووە. واتا بەکورتی ”گێڕانەوەیەکی ئاساییە” بۆ حاڵەتێکی ئاسایی، کە دەشێت هەبێت و لەمپەری هەستەوەرەکانمان بەری پێ ناگرێت و ئەزموونیش وەکو ئاماژەمان پێدا هەمان شت.

    کرۆک و تانە لە پەرجۆ/موعجیزە

    بیرمەند هیوم لە کتێبە تابازەکەی ”لێکۆڵینەوەیەک لە هزری مرۆڤ” دەفەرمێت، کە:

    مرۆڤی دانا ئەو کەسەیە، کە باوەڕی خۆی بە بەدیهی/زانراوی بەڵگەنەویستەوە دروست دەکات. بۆیە کاتێک بابەتەکە پشت بە ئەنجامەکان دەبەستێت لەسەر بنەمای ئەزموونی پێشووی و زانراوە، چاوەڕێی ئەوە دەکات ڕووداوەکە بە بەرزترین پلەی دڵنیایی ڕووبدات. وە سەیری ئەزموونی پێشووی خۆی دەکات وەک بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ ڕوودانی ئەوە لە داهاتوودا.

    واتا متمانەی ئێمە بە مێژوونوس یاخود شایەتی ڕووداوێک، دەکەوێت سەر ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ڕاستگۆیی و سەرچاوەکانی پشتگیریی ئەو گێڕانەوە. هەمان کات ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ناوەڕۆکی شایەتییەکانی بەبەراورد بە شتی هاوشێوە ئاسایی. دیسان زۆر وردبە لە وشەی ئاسایی یاخود ڕووداوی ئاسایی، کە سەرەتایە بۆ چوونە ناو بازنەی متمانە بەو گێڕەوەیە. گەر تەماشای نمونەکەی دورگەکانی فۆکلاند بکەیت و ئەزموونمان لە شایەتەکان و سەرچاوەی هەواڵەکە یەکەمجار پێمان، پەیوەندییەک دەدۆزیتەوە لە نێوان ئەزموون و هەستەوەرەکان، کە سەرچاوەی زانینمانن. بەڵام!! کاتێک ڕووداوێکی نائاسایی/شکێنەری یاساکانی سروشت وەکو زندووکردنەوەی مردووی بەدەستی حەزرەتی عیسا دەگات پێمان، ئەوە ئێمە هەردوو پایە سەرەکییەکەی زانین لەق و لەرزۆک دەبن. چونکە یەکەم: ئەزموونمان نییە، لەو ڕووداوە نائاسییانە و پێشتر هەرکەس نەهاتووە ها مردوو زندووبکاتەوە و ها ماسی ناو لەپییەوە دەرچن …هتد. گەر بڵێی: ئەرێ هەمانە، ئەو کاتە ڕووداوەکە پێویست ناکات ”نائاسایی و شکێنەری یاسا بن” بەڵکو قەیچێکە و دەشێت. پێویستیش ناکات ڕووداوی ئاسایی بەڵگە بن بۆ هیچ شتێکی نائاسایی. دووەم: هەڵسەنگاندنی کۆی هەواڵەکەیە لە تەرازوودا بەرامبەر هەواڵێکی تری ئاسایی. بەکورتی واتا دوو گێڕانەوە وەکو ئەوەی دورگەکان هەیە و ئینگلیز داگیری کردووە و شەڕە لەگەڵ ئەرژەنتین و تاکۆتایی ئاساییە و دەشێت. بەرامبەر هەواڵێک، کە زۆر نائاساییە. لە دووەمیاندا بەڕواڵەت وەکو مرۆڤ دەچین بۆ ئەوەی: بەڕێژەیەکی زۆر یا پەشۆکاوە و بەرچاوەی تێکەڵی کردووە (گەر کەسەکە لامان لە هیچ خانەیەکی درۆ و تەڵەکە نەبوو وەکو ئەزموون). یاخود دەڵێین: بە ڕێژەیەکی زۆر تا نزیک دڵنیایی ساختەیە و تەڵەکە دەگێڕێتەوە. چونکە هەمان شت ئەزموونمان هەیە، کە مرۆڤ هەرچەند ڕاستگۆ و بە ئەمەکیش بێت، ئەوە هۆکار زۆرە کە دەشێت ئەمجارە ناڕاستگۆ بێت!

  • فارگۆنی بەفرگرەکە

    فارگۆنی بەفرگرەکە

    – کورتە چیرۆکی: محەمەد ئۆسۆ
    – بەو هیوای وەرگێڕانەکەی بۆ کوردی چاک بێت
    زوهێر خوێنەوارێکی گوندەکەی خۆیانە و حەزێکی زۆری بۆ هونەر و هەموو بابەتە هزرییەکان هەیە. لەگەڵیدا هەمیشە بەهۆی نەمانی باوک و دایکییەوە، نازێکی زۆری ئاواییەکەی بەسەرەوەیە. ئەم جیهانە بۆ ئەو هەموو حەز و ویستانەی هێشتا بچوکە. دەیەوێت بگات بەو پیشە و شوێنەی، کە پاڵەوانی ڕۆمانەکان زۆرجار تیایدا دەگوزەرێن بۆ چەندین سەدە. سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەچێتە شام! شامی شارستانی و مۆدی کەشخە و ناوەڕۆکی چێژ و ویستەکانی. لەو شارەدا زۆر تێناپەڕێت، زوهێر تێدەگات، کە خەیاڵ پڵاوێکی مەست بووە. ئیتر بەرە بەرە دەگاتەوە هەمان دۆخی گوندەکەی خۆی. ئەو پارەیەی، کە لەگەڵ خۆی هێنابووی دەداتە کزی. لەلای پیرەژنێکی داماو ژووری گرتووە و هەمیشە نەگبەتی و بێبەختی خۆیان بۆ یەک دەگێڕنەوە. زوهێر دەیەوێت بڕواتەوە و چەشە بووە لە هیوابڕاوی و دەردەسەری و شکست. دەچێتەوە وێستگەی شەمەندەفەر و لەوێ تەماشا دەکات، ئەو پارەیەی پێی ماوە بەشی سواربوونی ناکات. دەچێت ها لێرە ها لەوێ لە قومسێری ئەوێ یاخود جابییەکان بپاڕێتەوە، کە بە هەموو شوێن ڕازییە و تەنها سەری بخەن.
    جابی بەزەیی بە زوهێردا دێتەوە و دەڵێت: من ناتوانم سەرت بخەم لەگەڵ گەشتیاراندا. بۆیە چاوپۆشیت لێ دەکەم لە فارگۆنی بەفرگر سەرکەوە. بەختی تۆ هیچ خۆراک و شتی تێدا نییە. زوهێر لەسەرخۆ خۆی دەتەپەێنێتە ژوورەوە و نقە لەخۆی دەبڕێت.
    شەمەندەفەر دەڕوا و فارگۆنێکی ستیلی چۆڵە. نە سەعاتێکە نە دوان و زوهێر وەڕس دەبێت. کاتێک دەچێت گڵۆپەکە داگیرسێنێ، بەو پێیەی ترسی هەستپێکردنی نەماوە. لەپڕ تابلۆکە دەبینێت، کە نوسراوە ”تاکو ٢٨ پلەی ژێر سفر دەیبەستێت.تکایە دەرگا دوای خۆت دابخە”. ئەم ئیتر دادەنیشێ و بەرەبەرە هەست دەکات سارد دەبێت. هەڵدەستێ و بەئەسپایی لە دەرگاکە دەدات. بەڵام ئەفسوس لەو ژاوەژاوە و هاڕەیە کێ دەیبیستێ. تابێت توندری دەکات و هێواش هێواش شڵەژاوتر دەبێت. نە پەنجەرەیەک نە کونێکی دەرەوە هیچ هیچی نییە.
    دوای ٥ سەعات شەمەندەفەر دەگاتە حەڵەب. جابییەکە کاتێک دەرگاکە دەکاتەوە،تاکو بەدزییەوە دایبەزێنێت زەندەقی دەچێت. زوهێر بووە بەتەختە و هیچ ناجوڵێت. ئیتر لەتاوا هاوار دەکات و خەڵک و قومسێر کۆدەبنەوە. پاش نیو سەعاتێک ترومبێلی فریاکەوتن دەگات. کابرای شۆفێر شەمەندەفەرەکە ئاگرەکەی دادەخات و دەڕواتە نزیکی جابی. جابی بە ترس و لەرزێکەوە دەڵێ: تۆ بڵێ پۆلیس نەیدۆزێتەوە، کە من چاوپۆشیم لێ کردووە و ڕەقبۆتەوە؟ بڵێی لە سێدارە نەدرێم لەسەر ئەو کوشتنە ئەنقەستە؟ شۆفێرەکە بەسەرسوڕمانەوە دەڵێ: بۆ ڕەقبۆتەوە لەسەرما؟
    ٠ ئەی چی هەی قوڕ بەسەرم!!
    — نا کاکە، ئەو فارگۆنە هەفتەیەکە هەر ماتۆڕی سارکردنەوەی دەرکراوە و نێردراوە بۆ چاککردن. خوا دەزانێ کەی دێتەوە!!
    گەلانی ڕۆژهەڵات لە زوهێر دەچن. وەهمێکیان دروستکردووە بەناوی سەرکردە و دەستڕۆیشتوو و گوایە هەموو دنیا لەگەڵیانە دژیان. بەڵام ئەسڵدا ”ماتۆڕیان” هەر پێوە نییە. تەنها کۆمەڵێک سەرسەری و بنەماڵەی چەتەن!

  • لە ” حەربا ”ــی چیخۆفەوە (کوردێنراوە)

    لە ” حەربا ”ــی چیخۆفەوە (کوردێنراوە)

    سەگێکی هار:

    بنکەی پۆلیسە و کاکی بەڕێوبەر و یاریدەدەرەکەی قنج خۆیان گۆڕیووە و بسکەی سمێڵیان دێ. تازە موچەی مانگی پێش پێشووتریان وەرگرتووە. شار خامۆشە و هەموو شت بەپێی تەلی دادگا دەسوڕێ. لە سەریانەوە تەرازوویەک دانراوە و ژنێکی چاوبەست گرتویەتی بەدەستیەوە. لەسەر ئەویشەوە وێنەی جووت سەرکردە دانراوە.
    یاریدەدەر: جەناب، باشتر نییە نیشانەی داد و یەکسانی لەسەرو وێنەی جووت سەرکردەوە بێت؟ چونکە هەردووکیان پارێزەری داد بوون و مەعالیان هەمیشە جەختیان لە دادپەروەری دەکردەوە.
    بەڕێوبەر: من چەن دەتکەم بە ژێر سک، بەڵام تۆ هەر دەبیت بە پاڵدو*. ئاخر نازانی گەر هەردووکیان نەبان، نە ئازادی نە داد و نە ئەم وڵاتەش دەبوو. کورە من و تۆش بە رەزای ئەوان لێرەین.
    یاریدەدەر: ئەها، وەڵاهی ئینسان تا دەمرێت هەر فێری حیکمەت و مەنتق دەبێت لە جەنابتەوە. تۆ سەیری سەیری من چیم بیرچووە. تکایە بمانبوورە بە گەورەیی خۆتان.
    بەڕێوبەر: گرنگ ئەوەیە تۆش بیگەیەنیت، وەکو دەزانیت ئێمە مستی دەستی دادپەروەرین لەم شارە.
    لەپڕ غەڵبە غەڵبێک دێت و هەرایەک لە قاوشی بەردەمیان وا نزیک دەبێتەوە. هونەر، کە پۆلیسێکی جێگیرە لە بەڕێوبەبەرایەتی بە بڕوانامەی ٦ـی بنەڕەتییەوە. لەشێکی پتەو و قیافەیەکی هەیە، کە نایەڵێت ئەو حەشامەتە بگەنە لای ژووری بەڕێوبەر. بەڕێوبەر و یاریدەدەر بە سەرسوڕمانەوە بۆ یەکتری لە دەرگاکە نزیک دەبنەوە و دەیکەنەوە.
    – ها هونەر ئەم گەڕەلاوژێیە چییە؟؟ (زیاتر…)