دەیڤد هیوم کاتی پێشکەشکردنی تانەکانی

تانەی دەیڤد هیوم لە پەرجۆ/موعجیزە

دەستپێک

بۆ ئەوەی ئەم بابەتانەی فەیلەسوفی مەزن دەیڤد هیوم ئاسانتر هەزم بکرێت، ئەوە ئامۆژگاری دەکەم بە بینینی ئەڵقەکانی پۆدکاستی نوانە لەسەر چەمک و تانەکان و قوتابخانەی ئەزموونی بەگشتی. گەر لە پاڵیدا هەندێک قوتابخانەی ئەو سەردەمە و کێشەکانی بزانیت، خراپ نییە بۆ بەراورد و هەڵسەنگاندنی لەلای خۆت. جا بۆ ئەوەی درێژە بەو شتانە نەدەین، کە پێشتر باسکراوە. سەرەتا سەرچاوەکانی زانین بریتین لە تاقیکردنەوە و ئەزموونی هەستەکان. بە نمونە، کە بەردەوام ئاگر دەبینین شتەکان دەسوتێنێت. یاخود بەردەوام خۆر دەبینین لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت. ئەوە ئەم دوانە لەلامان جێگیر دەبن، کە دارێک دەخەیتە ناو کورەیەکەوە دەسوتێت و بەیانی لەو ئاڕاستە و شوێنەوە خۆر هەڵدێت. کەسێک هەرگیز ئاگری نەبینیبێت یان هەرگیز ڕووناکی خۆری نەبینیبێت، هیچ لەوانە پێشبینیکراو نین. چونکە نە بە هەستەکانی پێی زانیووە، نە ئەزموونی بەردەوامی هەبووە لەو ڕوودانە.
هەمان  کات هەواڵ و گێڕانەوەی دەماودەم ”تواتر testimony بەشایەتییەوە” سەرچاوەیەکی تری زانینمانن. بە نمونە بە دەگمەن ئێمە دورگەکانی فۆکلاندی نزیک ئەرژەنتینمان دیووە یا هەر بیستووە. بەڵام بەهۆی ئەوەی خەڵکانێک لە سەرچاوەی جیاوازەوە و شوێنی جوداوە وتویانە، کە دورگەیەکە دەکەوێت بەشی باشوی ئەمریکای لاتین لەناو زەریای ئەتڵەسی و قەبارە و شێوەی ….هتد بەم شێوەیە. ئەم هەواڵ و زانیاریانە لەمەدا هەیە، ئێمە پێشتر ئەزموونی دورگەی وا، شوێنی وا، قەبارەی ئاوها لەلامان هەبووە. واتا بەکورتی ”گێڕانەوەیەکی ئاساییە” بۆ حاڵەتێکی ئاسایی، کە دەشێت هەبێت و لەمپەری هەستەوەرەکانمان بەری پێ ناگرێت و ئەزموونیش وەکو ئاماژەمان پێدا هەمان شت.

کرۆک و تانە لە پەرجۆ/موعجیزە

بیرمەند هیوم لە کتێبە تابازەکەی ”لێکۆڵینەوەیەک لە هزری مرۆڤ” دەفەرمێت، کە:

مرۆڤی دانا ئەو کەسەیە، کە باوەڕی خۆی بە بەدیهی/زانراوی بەڵگەنەویستەوە دروست دەکات. بۆیە کاتێک بابەتەکە پشت بە ئەنجامەکان دەبەستێت لەسەر بنەمای ئەزموونی پێشووی و زانراوە، چاوەڕێی ئەوە دەکات ڕووداوەکە بە بەرزترین پلەی دڵنیایی ڕووبدات. وە سەیری ئەزموونی پێشووی خۆی دەکات وەک بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ ڕوودانی ئەوە لە داهاتوودا.

واتا متمانەی ئێمە بە مێژوونوس یاخود شایەتی ڕووداوێک، دەکەوێت سەر ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ڕاستگۆیی و سەرچاوەکانی پشتگیریی ئەو گێڕانەوە. هەمان کات ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ناوەڕۆکی شایەتییەکانی بەبەراورد بە شتی هاوشێوە ئاسایی. دیسان زۆر وردبە لە وشەی ئاسایی یاخود ڕووداوی ئاسایی، کە سەرەتایە بۆ چوونە ناو بازنەی متمانە بەو گێڕەوەیە. گەر تەماشای نمونەکەی دورگەکانی فۆکلاند بکەیت و ئەزموونمان لە شایەتەکان و سەرچاوەی هەواڵەکە یەکەمجار پێمان، پەیوەندییەک دەدۆزیتەوە لە نێوان ئەزموون و هەستەوەرەکان، کە سەرچاوەی زانینمانن. بەڵام!! کاتێک ڕووداوێکی نائاسایی/شکێنەری یاساکانی سروشت وەکو زندووکردنەوەی مردووی بەدەستی حەزرەتی عیسا دەگات پێمان، ئەوە ئێمە هەردوو پایە سەرەکییەکەی زانین لەق و لەرزۆک دەبن. چونکە یەکەم: ئەزموونمان نییە، لەو ڕووداوە نائاسییانە و پێشتر هەرکەس نەهاتووە ها مردوو زندووبکاتەوە و ها ماسی ناو لەپییەوە دەرچن …هتد. گەر بڵێی: ئەرێ هەمانە، ئەو کاتە ڕووداوەکە پێویست ناکات ”نائاسایی و شکێنەری یاسا بن” بەڵکو قەیچێکە و دەشێت. پێویستیش ناکات ڕووداوی ئاسایی بەڵگە بن بۆ هیچ شتێکی نائاسایی. دووەم: هەڵسەنگاندنی کۆی هەواڵەکەیە لە تەرازوودا بەرامبەر هەواڵێکی تری ئاسایی. بەکورتی واتا دوو گێڕانەوە وەکو ئەوەی دورگەکان هەیە و ئینگلیز داگیری کردووە و شەڕە لەگەڵ ئەرژەنتین و تاکۆتایی ئاساییە و دەشێت. بەرامبەر هەواڵێک، کە زۆر نائاساییە. لە دووەمیاندا بەڕواڵەت وەکو مرۆڤ دەچین بۆ ئەوەی: بەڕێژەیەکی زۆر یا پەشۆکاوە و بەرچاوەی تێکەڵی کردووە (گەر کەسەکە لامان لە هیچ خانەیەکی درۆ و تەڵەکە نەبوو وەکو ئەزموون). یاخود دەڵێین: بە ڕێژەیەکی زۆر تا نزیک دڵنیایی ساختەیە و تەڵەکە دەگێڕێتەوە. چونکە هەمان شت ئەزموونمان هەیە، کە مرۆڤ هەرچەند ڕاستگۆ و بە ئەمەکیش بێت، ئەوە هۆکار زۆرە کە دەشێت ئەمجارە ناڕاستگۆ بێت!


نوسراوە

لە

له‌لایه‌ن

بۆچوونەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *