دەربارەی نوسەر:
دەرچوی پەیمانگای هونەرە جاوانەکانی شەهید جەعفەرە لە کۆیە بەشی شانۆ /دەرهێنان . کاری دەرهێنانی کردوە بۆ شانۆگەریەک بە ناوی گرفتەکانی پیاوێکی مردوو. وەکو یاریدەدەری دەرهێنەر و تەکنیسیان لە چەند شانۆگەریەک بەشداری کردووە. هەروەها لە چەند فیلمی درێژ و کورتە فیلم و دراما کاری کردوە وەکو تەکنیسیان .
بەشی یەکەم: کورتە باسێک لەسەر ڕۆمانەکەی ماری شێلی
لێرەدا من باسی مێژووی ڕۆمانی (Frankenstein; or, The Modern Prometheus) دەکەم، لە دەرچوونی ڕۆمانەکە و کاریگەرییەکانی وەرگێڕانی بۆ میدیای سینەما و فیلم، و لە کۆتاییدا پێداچوونەوە بۆ کۆتا فیلمی (فرانکنشتاین) دەکەم.
پێشەکییەک لەسەر نووسەری فرانکنشتاین
«لە شەوێکی تاریک و دڵتەنگی نۆڤەمبەر بوو، کە بە چاوەکانم سەرکەوتنی زەحمەتەکانمم بینی. بە دڵەڕاوکێ و شڵەژانێک کە نزیکتر بوون لە ئازار و ئەشکەنجە، ئامێرەکانی زیندووکردنەوەم لە دەوری خۆمدا کۆکردەوە، بەڵکو تەزوویەکی ژیان بخەمە نێو ئەم شتە بێ گیانەی کە لە بەردەمم کەوتووە.»
— (ڤیکتۆر فرانکنشتاین)، بەشی ٥
کاتێک بڕیاری دا ڕۆمانی (فرانکنشتاین) بنووسێت، تەمەنی تەنها ١٨ ساڵان بوو. وێڕای تەمەنە کەمەکەی (Mary Shelley)، پێشوەختە منداڵێکی لەدەست دابوو. کچەکەی، کە تەمەنی تەنها دوو هەفتە بوو. ماوەیەکی کەم دوای ئەم ڕووداوە، شێلی لە یادەوەرییەکانیدا دەنووسێت:
«لە خەونمدا منداڵە بچکۆلانەکەم گەڕایەوە ژیان، تەنها سەرمای بوو، لەبەردەم ئاگردانەکە گەرمم کردەوە و ژیا. کە لە خەو هەڵسام هیچ منداڵێکم نەدۆزیەوە لە پاڵم، تەواوی ڕۆژەکە بیر لەم بچکۆلانەیە دەکەمەوە.»
لەدەستدانی منداڵەکەی بوو بە هۆکاری خەمۆکییەکی ئێجگار قووڵ لە ناخی شێلی. هەروەها مردنی دایکی خۆی کاتێک تەمەنی تەنها ١٠ ڕۆژ بووە، ئەم ڕووداوانە و خەمۆکییە زۆرە لە ژیانی ماری شێلی، نەک تەنها ئیلهامبەخش بوون بۆ نووسینی ڕۆمانەکە، بەڵکو بەرپرسیارن لە زۆرێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە وەک (مردن، بەجێمان و دووبارە ژیانەوە). ڕەنگە ئارەزووی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی کچە نەخۆشەکەی بۆ ژیان، هۆکارێکی ترسناک و سەرچاوەیەکی تری ئیلهام بووبێت بۆی.
لە ژیاننامەی ماری شێلیدا دەیبینین، کە سەرەڕای تەمەنە گەنجەکەی، بەڵام دووبارەبوونەوەی بابەتی وەک (لەدایکبوونی منداڵ، دایکایەتی و ماتەم)ی تێدایە. هەروەک چۆن کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە، زانا (ڤیکتۆر فرانکنشتاین)، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئازار و ماتەمی لەدەستدانی دایکی، خۆی ون دەکات لەژێر لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی زانستیی نائاسایی و قەدەغەکراودا. شێلیش هەستەکانی وەلا دەنێت و وزەکەی تەرخان دەکات بۆ نووسینی ڕۆمانێکی نائاسایی و جیاواز لە جۆری چیرۆکەکانی، کە لە سەردەمی خۆیدا هەبوون. شێلی (فرانکنشتاین، یاخود پرۆمیسیۆسی مۆدێرن)ی دوو ساڵ دواتر پێشکەش بە جیهان کرد.
ژینگەی زانستیی سەردەمی ڕۆمانەکە
لە ساڵی ١٨١٨، ئەو ساڵەی شێلی فرانکنشتاین بڵاو دەکاتەوە، زانست پەرەسەندنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو. لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە کاریگەریی تەزووی کارەبا لەسەر جەستەی ئاژەڵان و مرۆڤ، یاخود (گاڵڤینزم – Galvanism)، کۆمەڵگەی سەرسام کردبوو و پرسیارگەلێکی ورووژاند سەبارەت بە سروشتی ژیان و مردن. هەروەها زانیاری سەبارەت بە توێکاریی (Anatomy) مرۆڤ لە پەرەسەندندا بوو لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان لەسەر لاشەی مردوو؛ بەڕادەیەک گۆڕدزەکان مامەڵەیان بە لاشەی مردووەوە دەکرد لە سەرانسەری بەڕیتانیادا، کە شوێنی نیشتەجێبوونی نووسەر خۆی بوو.
هەروەها دۆزینەوە کیمیاییە نوێیەکان، گفتوگۆ فەلسەفییەکان سەبارەت بە (ڤیتاڵیزم و ماتریاڵیزم)، پێشکەوتنی پزیشکی لە گواستنەوەی خوێن، نەشتەرگەرییە سەرەتاییەکانی جوانکاری، سەرەتاکانی بیردۆزی پەرەسەندنی داروین و مانەوەی بەشێک لە بیروباوەڕە کۆنەکانی (کیمیاگەری). ئەمانە نیگەرانییەکی زۆریان بۆ خەڵکی دروست کردبوو سەبارەت بە ئاکاری پزیشکی و زانستی. ئەمانە ئیلهامبەخش بوون بۆ ماری شێلی تا دەست بکات بە گەڕان و پشکنین لە ئاکار و دەرەنجامی تەماحکاریی زانستی لەنێو ڕۆمانەکەیدا.
«لێمەوە فێربە، ئەگەر لەڕێگەی فەرمانەکانیشم نەبێت، لانی کەم لە ڕێگەی نموونەکەمەوە، بەدەستهێنانی زانست دەکرێت چەند مەترسیدار بێت.»
— (ڤیکتۆر فرانکنشتاین)
بەشی دووەم: وەرگێڕانی (Frankenstein) بۆ میدیای سینەما
ڕۆمانەکە دوای بڵاوبوونەوە دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو. کاتێک لە بەڕیتانیا بڵاو کرایەوە لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨١٨، ماری شێلی تەمەنی ٢٠ ساڵان بوو و لەژێر ناوی خوازراوەوە بڵاوی کردەوە. بۆ یەکەم جار، کە ناوی خۆی لەسەر کتێبەکە نووسرا، ساڵی ١٨٢١ بوو دوای ئەوەی دووبارە ڕۆمانەکە لە پاریس چاپ کرایەوە.
پێش ئەوەی باسی وەرگێڕان یان ئەداپتکردنی ڕۆمانەکە بکەین بۆ سینەما، بە پێویستی دەزانم باسی ناو و ناوبانگی ڕۆمانەکە و هۆکاری سەرکەوتنە گەورەکەی بکەین، هەروەها چی وای کردووە (فرانکنشتاین) لە ئەمڕۆدا وەک کلاسیکییەک لە ئەدەبیاتی ڕۆمان و نووسین سەیر بکرێت.
وەک لەوەوپێش باسمان کرد، شێلی ڕۆمانێکی نووسیوە، کە جیاوازە لەو چیرۆکانەی لە سەردەمی خۆیدا هەبوون. ڕۆمانەکە باس لە کەسایەتیی (ڤیکتۆر فرانکنشتاین) دەکات کە زانایەکی گەنجە، هەڵدەستێت بە دروستکردنی بوونەوەرێک لەڕێگەی بەیەکەوە بەستنەوەی پارچەی جیاواز لە کۆمەڵێک لاشەی مردوو بە ڕێگەی تاقیکردنەوەی زانستیی نائاسایی. دەکرێت بڵێین ئەمە کورتترین و سادەترین پێناساندن یان پێشەکییە بۆ چیرۆکی ڕۆمانەکە. هەر ئەم پوختەیە لە چیرۆکەکە دەکرێت کۆمەڵێک پرسیار لەلای تۆی خوێنەر بورووژێنێت، بێگومان لە سەردەمی خۆیشیدا هەر وا بووە و بگرە زیاتریش، چونکە یەکەم جارە بیرۆکەی لەم چەشنە دەخرێتە بەرچاوی خوێنەران، بەتایبەتیش کە ڕۆمانەکە سەر بە ژانەری چیرۆکی ترسناکە. بۆ ساڵی ١٨١٨، چیرۆکی لەم جۆرە باو نەبووە و ژانەری ترسناک لەو سەردەمە لە چیرۆکی فۆکلۆری، دێو، ڕۆحی خراپ (خێو) و خوێنمژەکاندا کۆکرابووەوە.
بەڵام (فرانکنشتاین) چیرۆکێکی تەواو جیاواز پێشکەش بە خوێنەرانی دەکات: کەشێکی ترسناکی خەیاڵی زانستی، کە لەوەوپێش شتێک نەبوو زانست وەک هۆکارێک بۆ ترس و تۆقاندن بەکاربهێنێت. هەروەک لە پێشووتریشدا باسمان کرد، کۆمەڵگە خۆی ترسی هەبوو سەبارەت بەو پەرەسەندنەی زانست بەخۆیەوە بینیبووی و پرسیارگەلی خەڵکی سەبارەت بە ئاکاری زانستی و سنورەکانی زانست تا کوێیە، یارمەتیدەر بوون بۆ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە و چوونی بۆ نێو خەڵکی. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، بەکارهێنانی زانست وەک سەرچاوەیەکی تۆقاندن لە ڕۆمانەکەدا وای کردووە زۆربەی کات (فرانکنشتاین) وەک یەکەم چیرۆکی (Science Fiction) یان خەیاڵی زانستی ناوی بهێندرێت. هەرچەند ئەم ڕایە دەکرێت قسەی زیاتری لەسەر بکرێت بەڵام ئەم وتارە بە شوێنێکی گونجاو نازانم بۆی، لێرەدا تەنها دەتوانم ئەوەندە بڵێم: بەڵێ دەتوانین کۆمەڵێک ئێلیمنت لە خەیاڵی زانستی بەدی بکەین لە ڕۆمانەکەدا، بەڵام تەواو خۆی بۆ ئەم ژانەرە یەکلایی نەکردووەتەوە.
هۆکارێکی تری مانەوە و بەناوبانگبوونی ڕۆمانەکە ئەو پرسیارانەیە کە لای خوێنەر دەیورووژێنێت، کە لە سەدەی ١٩ تاوەکو ئەمڕۆش لە سەدەی ٢١ هێشتا جێگەی بایەخ و مشتومڕە لە کۆمەڵگەی پۆست-مۆدێرنیشدا:
- چی ڕوودەدات کاتێک مرۆڤ دەیەوێت ڕۆڵی خودا بگێڕێت؟
- بەرپرسیاریەتیی ئەفرێنەر بەرامبەر ئەفرێندراوەکەی چییە؟
- زانست تا کوێ ڕێگەپێدراوە و ئەخلاقییە؟
- مرۆڤ چییە و چی بە مرۆڤ هەژمار دەکرێت؟
لەگەڵ ئەوەی ڕۆمانەکە ئەم پرسیارە فەلسەفی و هەبوونیانە دەورووژێنێت، بەڵام لایەنی مرۆیی و هەست و سۆزی فەرامۆش نەکردووە؛ لە کەشی ڕۆمانەکەدا لایەنێکی بەرچاوە و تراژیدیاکەی هەموو کەسێک دەتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ ببەستێت و هەستەکانمان بجووڵێنێت. ماتەم و هەستی لەدەستدان و هەستکردن بەوەی جێهێڵدراوی لەلایەن کەسێکەوە کە گرنگ بووە لەلات، زۆر بە بەهێزی بوونیان هەیە لە ڕۆمانەکەدا.
ئامارەکانی فرانکنشتاین لە سینەمادا
ئەگەر باسی وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بکەین بۆ سینەما و فیلم، یەکەم فیلم لە ساڵی ١٩١٠ دروست کراوە، کە کورتە فیلمێکی بێدەنگە لە دەرهێنانی (J. Searle Dawley). لە دوای ئەم فیلمەوە و تاوەکو ئێستا ئەم چیرۆکە و دەرکەوتنی کەسایەتیی (فرانکنشتاین) لە سینەما بێت یان تیڤی گەیشتووە بە:
- ٤٣٣ فیلمی درێژ
- ٢١٢ فیلمی کورت
- ٨٥ زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی
- ٣٤٠ ئەڵقە
- و چەندین ڤێرژن (وێنە) لە کەسایەتییەکە یان کەسایەتییەک، کە ئیلهامی لە فرانکنشتاین وەرگرتووە.
بێگومان ئەم ژمارانە بۆمان دەسەلمێنن، کە ئەم چیرۆکە کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی هەبووە و شایەنی ئەوەیە وەک ئایکۆنێک سەیر بکرێت و بێگومان بەشێکە لە (Pop Culture) یان ئەوەی پێی دەگوترێت کولتووری باو، بگرە تا ئەوەی پێی بگوترێت کلاسیک هەندێک جار، و لە ئایندەشدا بێگومان لە فۆڕمی جیاواز و دووبارە بەرچاومان دەکەوێتەوە.
بەشی سێیەم: پێداچوونەوە بۆ فیلمی (Frankenstein 2025)
لێرەدا هەرچی دەیخەمە ڕوو ڕای خۆمە، مەرج نییە کەس لەگەڵم هاوڕا بێت یان ڕای خۆم زاڵ بکەم بەسەر کەسی تردا. هەوڵ دەدەم هیچ بەراوردێک لە نێوان فیلم و ڕۆمانەکە نەکەم چونکە دوو میدیای جیاوازن. تەواوی جەختەکەم لەسەر فیلمەکە خۆیەتی و ئەوەی پێشکەشی دەکات. لە درێژەی قسەکانمدا کەسایەتیی زانا (ڤیکتۆر فرانکنشتاین) تەنها بە (ڤیکتۆر) ناو دەهێنم و بوونەوەرەکە یان دڕندەکە بە (فرانکنشتاین) ناو دەهێنم، چونکە هەر خۆی وا بەناوبانگە و پێی دەگوترێت “دڕندەکەی فرانکنشتاین”.
خۆم تا ئێستا دوو جار فیلمەکەم بینیوە. جاری یەکەم زۆر بە توندی قسەم لەسەر فیلمەکە هەبوو. بەڵام دوای دووبارە بینینەوەی فیلمەکە لە بەشێکی ڕاکانم پاشگەز بوومەوە.
سکرێپتی فیلمەکە لە لایەن (Guillermo del Toro) نووسراوە و هەر خۆیشی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. فیلمەکە سەرەتا بڕیار بوو بەشێک بێت لە پلانی ستۆدیۆکانی (Universal) بۆ دروستکردنی جیهانێکی سینەمایی هاوشێوەی ماڕڤڵ بە ناوی (Dark Universe)، بەڵام دوای شکستھێنانی فیلمی (Mummy)ی تۆم کرووز، پڕۆژەکە ڕاگیرا. دواتر (Netflix) پڕۆژەی فیلمەکەی زیندوو کردەوە و لەگەڵ گیلەرمۆ دێلتۆرۆ کردیان بە پڕۆژەیەکی سەربەخۆ. بێگومان کاریگەرییەکانی ئەوەی بڕیار بووە بەشێک بێت لە جیهانێکی سینەمایی، ئەگەرچی دووبارە نووسینەوە بۆ بەشێک لە سکرێپتەکە کراوە، هێشتا دەتوانین ئەوە ببینین کە ئەم فیلمە بە جۆرێک لە جۆرەکان (Origin Story)ی فرانکنشتاینە. هەروەک چۆن پاڵەوانەکانی جیهانی ماڕڤڵ لە فیلمی یەکەمیاندا بە بینەر دەناسێندرێن و چیرۆکی دروستبوونی پاڵەوانێکە، لەم فیلمەشدا کەم تا زۆر ئەم شتە بەدی دەکرێت. لە درێژەی باسەکەدا ئەمە ڕوونتر دەبێتەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم تۆنی تاریکی فیلمەکە و هەبوونی توندوتیژییەکی زۆر لە هەندێک لە دیمەنەکان و نیشاندانی ڕێژەیەکی زۆر لە لاشە و خوێن تا ڕادەیەک یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئەم هەستەی کە ئەمە فیلمی دروستبوونی پاڵەوانێکە.
کاستی فیلمەکە پێکهاتووە لە:
- Oscar Isaac (Victor Frankenstein)
- Jacob Elordi (The Creature)
- Christoph Waltz (Dr. Pretorius / Harlander)
- Mia Goth (Lady Elizabeth)
- Felix Kammerer (William Frankenstein)
١- پڵۆت (چنین)، چیرۆک و شێوازی گێڕانەوە لە فیلمەکە
فیلمەکە دابەش دەبێت بۆ دوو چاپتەر (بەش) بەو جۆرەی، کە لە ڕۆمانەکەدا دەیبینین. ئەم ستایلە تایبەتە بە ڕۆمان و کتێب، بەڵام زۆر جار دەبینین دەرهێنەرەکان ئەم ستایلە بەکار دەهێنن لە فیلمەکانیاندا. دەستپێکی فیلمەکە بەشێکی کورت هەیە بە ناوی پێشەکی، بەڵام دوو چاپتەرە سەرەکییەکە بریتییە لە:
- Chapter 1: Victor’s Tale
- Chapter 2: The Creature’s Tale
فێرست ئاکت (First Act) یاخود پێشەکی
فیلمەکە دەست پێ دەکات بەوەی کەشتییەک دەبینین لەنێو دەریای بەستوو گیری خواردووە. کاپتنی گرووپەکە دەبینین، کەسێک لە گرووپەکە ترس و دڵەڕاوکێی گرووپەکەی پێ ڕادەگەیەنێت. لە وەڵامدا کاپتن پێیان دەڵێت گەڕانەوە نییە تا دەگەین بە جەمسەری باکوور. لە شەودا گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەک دەبێت، کاتێک دەچن بۆ سەرچاوەی دەنگەکە پیاوێک دەدۆزنەوە و خەریکی پشکنینی پیاوەکەن، لەپڕ بوونەوەرێکی باڵابەرز لە دوورەوە بۆ لایان دێت و تووشی ڕووبەڕووبوونەوە دەبن لەگەڵیدا. هەرچۆنێک بێت لە دەستی ڕزگاریان دەبێت و پیاوە نامۆکە دەبەن بۆ سەر کەشتییەکە.
سەبارەت بەم پێشەکییە شتێکی ئەوتۆ نییە بگوترێت، جگە لە جوانیی دیمەنی ئەم ناوچە بەستووە و تێچووی زۆری وەبەرهێنان لە فیلمەکە لەم دیمەنەوە تا کۆتایی فیلمەکە شتێکی ڕوونە. ئەوەی بۆ من نەرێنییە، چەند دیالۆگێکی کاربەڕێکەر و ناسروشتییە لە پێشەکییەکەدا. یەکەم بەرکەوتن لەگەڵ ڤیکتۆر و ڕۆڵگێڕانی ئۆسکار ئایزاک لەم دیمەنە زۆر ناسروشتییە؛ شێوازی قسەکردنی و کاردانەوەی لە دیمەنەکە هەموویان بەسەریەکەوە لە خۆنواندن دەچێت تا نواندنێکی ڕاستەقینە. هەروەها یەکەم بەرکەوتنمان لەگەڵ فرانکنشتاین، ئەوەی دەیبینین زیاتر لە مرۆڤێکی باڵابەرزی زۆر بەهێز دەچێت تاوەکو دڕندەیەک. ئەم هەڵبژاردەیەشم بە هیچ جۆرێک بە دڵ نییە. جگە لەمەش هێزی زۆر لە ڕادەبەدەری لە دیمەنەکەدا وەکو فیلمی سوپەرهیرۆکان دەردەکەوێت تا ئەوەی بوونەوەرێکی ترسناک و بەهێز بێت لە فیلمێکی ترسناکدا.
سەبارەت بە دیالۆگەکان، ئەگەرچی بۆ ئەم پێشەکییە ئاساییە، بەڵام دیالۆگێکی دیاریکراو هەیە زۆر لاوازە لەم دیمەنەدا. ئەویش کاتێک ڤیکتۆر دەڵێت “ئەم دڕندەیە نامرێت”، کاپتنەکە دەڵێت: “ئەم بوونەوەرە چییە؟ دەبێت شەیتانێک دروستی کردبێت؟” پرسیارێکە زۆر نائاساییە و دەزانی لەوێ دانراوە تا ڤیکتۆر لە وەڵامدا بڵێت “من دروستم کردووە”. ئەگەر هەر ئەم دیالۆگە بوایە کێشە نەبوو و چاوپۆشی لێ دەکرا، بەڵام بە درێژایی فیلمەکە دیالۆگی وا زۆرە، کە هەست دەکەیت بە هیچ جۆرێک سروشتی نییە یان لە شوێنی خۆی نییە، تەنها بەم جۆرە دانراوە بۆ ئەوەی شتێک بەدوای خۆیدا بهێنێت. وەک ئەم نموونەیەی دواتر: بۆ ڕۆژی دواتر ڤیکتۆر لەگەڵ کاپتنەکە قسە دەکەن و ڤیکتۆر پێی دەڵێت “ناوم ڤیکتۆر فرانکنشتاینە”. دوای ئەوەی شەوی پێشوو ڕووی دا، لە یارمەتیدانی ڤیکتۆر و هێنانی بۆ ناو کەشتییەکە، لانی کەم دەبوو مەراقی ئەوە بکەن کێیە و ناوی بپرسن، بەڵام دیارە کاتیان نەبووە؟
چاپتەر یەک: چیرۆکی ڤیکتۆر
ئەم چاپتەرە دەکەم بە دوو بەش: منداڵیی ڤیکتۆر، و سەردەمی گەنجی تا دروستکردنی بوونەوەرەکە.
دوای دیمەنی پێشوو کە ڤیکتۆر و کاپتنەکە دانیشتوون بەیەکەوە و ناوی خۆی پێ دەڵێت، بە کاپتنەکە دەڵێت “باوکم ئەو ناوەی پێ بەخشیوم”، وەک ئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی کوڕ ناوی باوکی هەڵنەگرێت؟
لێرەوە (ڤیکتۆر) بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە بۆمان. دەرهێنەر پشت بە تەکنیکێک دەبەستێت، ناوم لێناوە “نەفرەتی Forrest Gump”. بۆچی نەفرەت؟ چونکە دوای بڵاوبوونەوەی فیلمی ناوبراو و بەناوبانگبوونی، چەندین دەرهێنەر هەمان شێواز بەکار دەهێننەوە بێ گوێدان بە یاسای یەکەمی سینەما: (Show don’t tell) “نیشانم بدە، پێم مەڵێ”. وەک ئەوەی زۆر شتێکی ئاسایی بێت، شکاندنی ئەم یاسایە وا دەکات پشت بە دیالۆگی ڕێنماییکار ببەستیت بۆ تێگەیشتن لەوەی دەیبینین، یان ئەسڵەن شتێکی بینراو نییە و تەنها دیالۆگەکە پێت دەڵێت ئەمە ڕووی دا و ئاوا بوو. هەستی کارەکتەرەکە یان ڕەفتاری لە کاتێکدا هیچ شتێک نابینیت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی دەگوترێت.
لە گەڕانەوەمان بۆ ڕابردوو، ڤیکتۆر باسی سەردەمی منداڵیی خۆی دەکات. خۆشەویستی بۆ دایکی کە تەنها بە قسە و تۆزێک گریان بۆ دایکی دەیبینین. باوکی وەک پیاوێکی خراپ لەگەڵ دایکی نیشان دەدرێت، گوایە هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ دایکی تەنها بۆ پارە بووە و باوکی “باڕۆن”ێکی دەوڵەمەند و لە هەمان کاتدا باشترین پزیشکی سەردەمی خۆی بووە. ئەمەشیان تەنها بە قسە پێمان دەگوترێت. بەڵام ئەوەی لە فیلمەکەدا دەیبینین زۆر جار پێچەوانەیە. دەمەقاڵێیەک هەیە لە نێوان دایک و باوکی. شەوێک کە ڤیکتۆر لەبەردەم پەیکەرێک دەپاڕێتەوە و پێی دەڵێت “فریشتەی پارێزەر”، ئێمە تەنها چەند هات و هاوارێک دەبیستین. ڤیکتۆر پێمان دەڵێت لەسەر بابەتی سەروەت و موڵک و ماڵ دەمەقاڵێیان دەکرد زۆربەی کات، بە پێچەوانەی ئەوە دیمەنێک پێشووتر دەبینین باوکی داوا لە دایکی دەکات، کە پارچەیەک نان بخوات چونکە بۆ خۆی و منداڵەکەی سکی بەسوودە. دایکی دەنگی لێوە نایەتە دەر، لە کاتێکدا دەرهێنەر دەیەوێت پێمان بڵێت بە زۆر ئەم کارە دەکات. بەڵام هۆکارەکەی باوکی پێشکەشی دەکات زۆر قبووڵکراوە. قسەنەکردنی دایکی ڤیکتۆریش نامەعقوولە لە کاتێکدا پێمان دەڵێت لە حاڵەتی تردا دایم شەڕیان بووە.
دیمەنێکی تر هەیە لە کاتی وانەگوتنەوە بە ڤیکتۆر لەسەر نەزانینی وەڵامێک لە بواری پزیشکی، باوکی سزای دەدات. ئامادە نییە لە دەستی ڤیکتۆر بدات، دەڵێت ئەمە لە دواییدا دەبێت بە هۆکاری باشبوون لە بواری پزیشکی، بەڵام ڕوخسارت هۆکارێکە بۆ لەخۆباییبوون، بۆیە لە ڕوخساری دەدات. دواتریش باسی ئەوە دەکات “ڤیکتۆر تۆ هەڵگری ناوەکەم دەبیت، لە داهاتوودا دەبێت لەمە باشتر بیت” و دەستێک بە ڕوخساری دادێنێت. ئەگەرچی دەربڕینەکەی بێ هەستی پێوە دیارە، بەڵام خودی دەستلێدانەکە لە ڕوخساری دەکرێت نیشانەی گرنگیدان بێت. بەڵام ڤیکتۆر دەڵێت “باوکم ڕقی لە من و دایکم دەبووە”، تەنانەت دەڵێت “ڕقی لە ڕەنگی قژ و چاومان دەبووە”. ئایا ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کوڕی ئەو نییە؟ چونکە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ کوڕی دووەمی ئاوا نییە و ڤیکتۆر دەڵێت “ویلیەمی برام کوڕە خۆشەویستەکەی باوکمە”، کە ڕوونە سیفاتی جەستەیی جیاوازە؛ قژ زەرد و چاو شینە. هەر وەک گوتم، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی ڤیکتۆر کوڕی ئەو نەبێت یان لە چەند دیالۆگێک ئەم هەستەت لا دروست دەکات، بەڵام هیچ کات ڕوون ناکرێتەوە، دەشکرێت ئەمە بە هیچ جۆرێک بە مەبەست نەکرابێت.
باسی ویلیەممان کرد، لەدایکبوونی ئەم منداڵە دەبێتە هۆکار بۆ مردنی دایکی. ڤیکتۆر دواتر باوکی تۆمەتبار دەکات بە کوشتنی دایکی. دواتریش لە دیمەنەکە ئەمە بە باوکی دەڵێت، باوکی بۆی ڕوون دەکاتەوە هەرچی لە توانایدا بووە کردوویەتی. ڤیکتۆر دەڵێت “کەواتە شکستت هێنا”، باوکی دەڵێت “مرۆڤ هیچ کاتێک ناتوانێت بەسەر مەرگدا زاڵ بێت”. لێرە ڤیکتۆر قسەیەکی زۆر ناڕوون دەکات، دەڵیت “لێرە ڕاستییەکەم بۆ یەکلایی بووەوە”. کام ڕاستی؟ ئەوەی باوکی دایکی کوشتووە؟ یان ئەوەی مرۆڤ ناتوانێت بەسەر مەرگدا زاڵ بێت؟ ئەگەر ئەوەی دووەم بێت ئەم منداڵە دەبێت کێشەیەکی لە عەقڵی هەبێت. لە وەڵامی قسەکەی باوکی، ڤیکتۆر دەڵێت “من بەسەر مردن زاڵ دەبم”. شەوی دواتر خەو بە فریشتەیەک دەبینێت هاوشێوەی پەیکەرێکی سوورە پێی دەڵێت “فریشتەی تاریک”، کە لە خەو هەڵدەستێت دەڵێت “بەڵێنی پێدام کە من بەسەر مەرگدا زاڵ دەبم”، ئێمە نابینین فریشتەکە هیچ بڵێت.
بە شێوەیەکی گشتی لە لایەنی چیرۆکی و چنینەوە، ئەم بەشە لە چاپتەر یەک زۆر لاوازە. ڕیتمی ڕووداوەکان زۆر خێران، جگە لەوەی بەردەوام بە دیالۆگ ئاراستە دەکرێین. هەر وەک ناوم لێنا “نەفرەتی فۆڕێست گەمپ”، تەواوی ئەم قسانە لەلایەن ڤیکتۆرەوە دەکرێت لە تەمەنی گەورەییدا، کە دەبێت وەک فاکت مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. چونکە ئەمە ڤیکتۆری منداڵ نییە، تا بڵێین دەکرێت تەنها بیرکردنەوەی منداڵێک بێت، ناشکرێت بیانووی (Unreliable Narrator) “حیکایەتخوانی متمانەپێنەکراو”ی بۆ بهێنینەوە. جگە لەوەی شێوازی حیکایەتخوانی لە فیلمدا پەسەند نییە و هەر وەک گوتمان لە یاسای یەکەم دەدات، دەنگی ئۆسکار ئایزاک بە هیچ جۆرێک گونجاو نییە و شێوازی گێڕانەوەی بۆ ڕووداوەکان بە هیچ جۆرێک سەرنجڕاکێش نییە.
سەبارەت بە نواندن لەم بەشە، هیچ شتێکی تایبەت بەرچاومان ناکەوێت. دایکی هەمان ئەو ئەکتەرەیە کە ڕۆڵی ئەلیزابێت دەگێڕێت لە دواییدا، بە هەموو دەرکەوتنەکانی دوو خولەک نابینرێت لە ڕۆڵی دایکی ڤیکتۆر، کەواتە چاوەڕێی هیچی لێ ناکەین. ڤیکتۆری منداڵ، کە لێرە ١٢ ساڵان دەبێت، نواندنەکەی زۆر ڕووکەشی و سادەیە و لە هەندێک شوێن بگرە خراپیشە. وەک دیمەنی قسەکردنی سەبارەت بە کوشتنی دایکی. ئینجا شتێک شۆکی کردم، دوای لەدایکبوونی براکەی نزیکەی ٥ ساڵ تێدەپەڕێت و براکەی دەتوانێت قسە بکات، کەچی هەمان ئەکتەر بێ هیچ جیاوازییەک بەکار هاتووە وەک ئەوەی کات تێنەپەڕیبێت. ڕۆڵی باوکی ڤیکتۆر (Charles Dance) دەیگێڕێت کە زۆر کەس لە ڕۆڵی (تایوین لانستەر) پێی ئاشنان، لێرەدا ڕۆڵەکەی هەر تایوینە. بەڵام بە سکرێپتێکی خراپتر و کاتێکی زۆر کەمتر. بەقەد ئەوەی لە قسەکانی ڤیکتۆر بۆمان باس دەکرێت کەسایەتییەکی چۆنە، لە دیمەنەکان نایبینین.
سەبارەت بە سینەماتۆگرافی لەم بەشەی فیلمەکە، جوانییەکی بێ وێنەی هەیە. دیمەنەکانی کۆشکەکە و کەشی (Gothic) تەواو زاڵە لێرەدا و بە درێژایی فیلمەکە ئاوایە، تەنها لە چەند شوێنێکی کەم نەبێت، بە تایبەت تریش لە چاپتەری دووی فیلمەکە. دیمەنی یەکەم لە نێو کۆشکەکە یەکێکە لە جوانترین دیمەنەکان. بەکارهێنانی ڕووناکی خۆر بۆ زۆرێک لە دیمەنەکان بە درێژایی فیلمەکە بەرچاو دەکەوێت و جوانییەکی تایبەت بە زۆرێک لە دیمەنەکان دەبەخشێت. هەڵبژاردنی ڕەنگی سوور بۆ دایکی ڤیکتۆر و ڕەش بۆ باوکی، ئەگەر تەنها هەڵبژاردەیەکی سادە بوایە بۆ ڕەنگ و سیمبۆلێکی سادە بوایە قبووڵکراو بوو، بەڵام بەداخەوە وا نییە. ئەم دوو ڕەنگە دەنکە گەنمێکن لە خەرمانێک لە سیمبۆل لەم فیلمەدا. من دژی سووریالی یان سیمبۆلیبوونی فیلمم، ئەگەرچی ئەمە تەنها تێڕوانینی کەسیی خۆمە. بەڵام بێ هۆکار نییە و ڕوونکردنەوەم بۆی هەیە. پشت بەستن بە سیمبۆل لە فیلمدا وا دەکات کۆمەڵێک پێکهاتەی سەرەکیی سکرێپت فەرامۆش بکرێن، بگرە هۆکارێکە بۆ خراپبوونی سکرێپت، چونکە لێرەدا دەرهێنەر لەبری ئەوەی لە ڕێگەی (کەسایەتی، ڕووداو، دیالۆگ) شتەکان ڕوون بکاتەوە. سیمبۆلێک هەیە وەک کلیلێک کار دەکات بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵێک شت لە نێو چیرۆکەکەیدا. جا ئەوە ئەگەر بەسەرەتدا تێنەپەڕێت، خۆ ئەگەر تێبینیشی بکەیت دیسانەوە مەرج نییە لە مانای پشتەوەی تێبگەیت یان ئەوەی دەرهێنەر خۆی مەبەستییەتی. سیمبۆل یان سووریالیبوونی فیلم وەک خۆدزینەوە وایە لە بەرپرسیاریەتیی گێڕانەوەی چیرۆک بە شێوەیەکی دروست، هەروەک چۆن ئاماژەم پێدا لە سەرەوە لە ڕێگەی کەسایەتی و ڕووداو و دیالۆگ. هەربۆیەش دەبینین ئەم فیلمە لە سەرەتاوە تا کۆتایی دەناڵێنێت بەدەست کەسایەتیی ناڕوون و ڕووداوی لاواز و دیالۆگی لاواز، چونکە هەموو ئەمانە قوربانییان پێدراوە. لەبری ئەوەی ئێمە کاریگەریی ڕووداوێک ببینین بەسەر کەسایەتییەک و لە ڕێی دیالۆگ و کاردانەوەکانی، سیمبۆلێک دەبینین کە شوێنی ئەم شتانە دەگرێتەوە، کە دەکرێت زۆر بە سادەیی تۆ تێبینی نەکەیت. باشترین و جوانترین جۆری سیمبۆل لە دیدی مندا ئەوەیە، کە لە عەقڵی نائاگای نووسەر یان دەرهێنەر دەردەچێت نەک لە عەقڵی ئاگا، کە ئەم دووانە جیاوازییەکی ئێجگار زۆریان هەیە. ئەوەی یەکەم بە شێوەیەکی سروشتی ڕەنگ دەداتەوە لە نێو کارەکەی و چیرۆک و پێکهاتەکانی سەربەخۆن و بە شێوەیەکی سروشتی بەرەو پێشەوە دەڕۆن بێ ئەوەی سیمبۆل ببێت بە ڕێگر و سەنتەری کارەکە. بەڵام ئەوەی دووەمیان هەڵبژاردەیەکی بیرلێکراوەیە کە پێویستی بە قوربانیدانە بە چیرۆک و پێکهاتەکانی و سیمبۆل دەبێت بە سەنتەری کارەکە، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ئامانج نەپێکێت و بە هۆی ئەوە تەواوی کارەکە بناڵێت بە دەستی ناڕوونی و بێمانایی. بۆیە من لەم بارەوە بەرەی بینەری ئاسایی دەگرم و نایەمە ژێر ئەم بارەی کە بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکێک پێنووس و کاغەز بە دەستەوە بگرم و کۆمەڵێک کۆد شی بکەمەوە، و قسەکردنم لەسەر ئەم فیلمە تەنها لە ڕوانگەی چیرۆکە سەرەکییەکە و پێکهاتەکانییەتی، کە ئایا دەتوانن بێ سیمبۆل سەربەخۆ بن و بەرەو پێشەوە بڕۆن.
هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، لاوازیی نووسین و گێڕانەوەی چیرۆکە کە ناتوانێت ئەم سیمبۆلە سادەیەی “ڕەنگی سووری خۆشەویستی و ڕەشی خراپە” لە ڕێگەی کارەکتەرەکان نیشانمان بدات. خاڵێکی تری خراپ ئەوەیە ئامانجی کەسایەتی یان “مۆتیڤ” نە لەم بەشە و نە لە دواییشدا ڕوون نییە. ئەگەرچی تەواوی ئەم بەشەی منداڵیی ڤیکتۆر بۆ ئەوە تەرخان کراوە مۆتیڤی ڤیکتۆرمان پێ بڵێت، بەڵام مردنی دایکی هەست ناکەیت سەنگێکی ئەوتۆی هەبێت تا ببێت بە مۆتیڤ. ئەگر دوو دیمەنی ١٠ چرکەیی گریان نیشانی من بدەیت لەگەڵ دوو گاڵتە و گەپی دایکی و کوڕەکەی، بەلای دەرهێنەرەوە بەس بێت بۆ ئەوەی پێمان بڵێت “لەبەر ئەم هۆکارە ڤیکتۆر دەیەوێت مەرگ ببەزێنێت”، ئەوە من وەک بینەر دەڵێم چیم نەبینی تا بڕوای پێ بکەم. هیچ کامێک لەم دیمەنانە سەنگ و قورساییەکی ئەوتۆی نییە بۆ کاریگەرییەکی قورسی دەروونی، لانی کەم نە لە نواندن و نە لە دیالۆگەکان هەست بەم شتە ناکرێت، بۆیەش تا ئاخیری فیلمەکە هەست دەکەیت مۆتیڤی ڤیکتۆر ڕوون نییە بۆ هیچ کامێک لە ڕەفتارەکانی.
دوای ساڵانێک لە لێکۆڵینەوە، لە ساڵی ١٨٥٥ لە بەردەم دادگای دیسپلینی کۆلێژی شاهانەی پزیشکی، وتارێک تەواو شۆڕشگێڕانە پێشکەش دەکات سەبارەت بە پڕۆژەکەی. لەوێ سەبارەت بە زانست و ئازادیی لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای نهێنییەکانی سروشت دەدوێت. هەروەها وتارەکەی لایەنێکی ئایینی و دژایەتیکردنی خودای تێدایە، کەوا مرۆڤی بە زۆر هێناوەتە بوون بەبێ هیچ هەڵبژاردەیەک. لاشەیەکی مردوو نمایش دەکات کە چۆن دەتوانێت زیندووی کاتەوە و دەڵێت “ئەگەر مرۆڤایەتی بڕیارە ڕۆڵی خودا ببینێت، لانی کەم دەبێت بتوانێ دەرئاسایەک ئەنجام بدات” کە لە حاڵەتی ئەو، زیندووکردنەوەی لاشەیەکی مردووە. بێگومان بەرهەڵستی دەکرێت، نمایشەکەی بە سێرک و تەڵەکەبازی لەقەڵەم دەدەن. ڤیکتۆر بە تووڕەییەوە دەچێتە دەرەوە.
دوای ئەمە ئاشنا دەبین بە کەسایەتی (هارلاندەر). لەبەردەم ماڵەکەی وەستاوە، پێشوتریش لە کاتی وتارەکەی ڤیکتۆر ئامادە بووە. پێی دەڵێت “داوام لە براکەت کردووە کە بەیەکمان بناسێنێت”، نامەیەکیشی لە ویلیەمی برایەوە بۆ هێناوە. هارلاندەر پێی دەڵێت “براکەت دەستگیراندارە و بڕیارە هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێک بکات بە ناوی ئیلیزابێس هارلاند” کە دەکاتە کچی براکەی، باسی دەوڵەمەندبوونی ویلیەم دەکات. دواتریش باسی وتارەکەی دەکەن. لە کۆتاییدا بەر لە ڕۆیشتنی بە ڤیکتۆر دەڵێت “سێ ڕۆژی تر بڕیارە براکەت و دەستگیرانەکەی بێن، بانگێشتت دەکەم بۆ ماڵەکە بۆ ئەوەی شتانێکت نیشان بدەم چارەنووست بگۆڕێت”. دیمەنی دواتر ماڵەکەی هارلاندەرە، پێش هاتنی ڤیکتۆر دەبینین خەریکی وێنەگرتنە بە کامێرایەکی سەرەتایی. کە ڤیکتۆر دێت و لێی دەپرسێت، دەڵێت ئەمە هونەرێکی نوێیە بەناوی “فۆتۆگرافی”. دواتر بۆمان دەردەکەوێت هارلاندەر لە ڕابردوودا دکتۆری جەنگ بووە، لە ئێستاشدا خاوەنی کارگەی وەبەرهێنانی فیشەکە. پێشنیار دەکات بەشدار بێت لەگەڵ ڤیکتۆر و ئەو هەموو شتێکی بۆ فەراهەم دەکات، لە بەرامبەردا ئەو کارەکانی تۆمار بکات.
دواتر براکەی و دەستگیرانەکەی دێن و لە کاتی خواردنی شیرینی لەگەڵ ئیلیزابێت بەرکەوتنیان دەبێت. وەک ئەوەی ڕوونە، ئیلیزابێت قسەکانی ڤیکتۆر و بیرۆکەکانی بە گەمژانە دەزانێت. دوای ئەم یەکتربینینە چەند جارێک بەرکەوتنیان دەبێت، ڤیکتۆر هەستی بەرامبەر بە ئیلیزابێت بۆ دروست دەبێت. ڤیکتۆر دەڵێت “ئیلیزابێت وام لێدەکات ژیان زیاتر بەلامەوە گرنگ بێت و بۆ یەکەم جارە گرنگیدانم بە مەرگ کەم بێتەوە”. هارلاندەر هەست بەم شتە دەکات، دواتر کە قسە لەگەڵ ڤیکتۆر دەکات پێی دەڵێت “جەنگ دەوەستێت، هەفتەیەکمان ماوە دەبێت کارەکان تەواو بکەین”.
ڤیکتۆر هێشتا ناتوانێت کێشەیەک چارەسەر بکات، ئەویش چۆن وا لە جەستەکە بکات ئەو وزەیەی پێی دەدرێت لەدەستی نەدات. خەریکی ئەم بابەتەیە، ئیلیزابێت بێ هیچ هۆکارێکی ڕوون سەردانی دەکات. ڤیکتۆر هەستی خۆی پێ دەڵێت و ئیلیزابێت ڕەتی دەکاتەوە هەستی بۆی هەبێت، بەڵام قسەیەک دەکات؛ خۆی بە پەپولەیەک دەچوێنێت کە “لەشووشەکراو” (Taxidermied). لەوەوپێش لەگەڵ ڤیکتۆر بەیەکەوە گرتبوویان، لەگەڵ خۆی هێناویەتی، سەیری دەکات و دەڵێت “لەگەڵ ئەوەی سێ دڵی هەیە و چەند چاوێکی هەیە و خوێنی سپییە، بەڵام لەشووشەکراوە، توانای هەڵبژاردنی نییە”. دوای ئەوە بە ڤیکتۆر دەڵێت “من هەڵبژاردەی خۆمم کردووە” و بە خێرایی لە ماڵەکەی دەچێتە دەرەوە.
دواتر ڤیکتۆر خەریکی خۆشۆردنە. (ڤیکتۆری حیکایەتخوان) دەڵێت “بیرم دەکردەوە چەند جارێک لەسەر یەک”، لەپڕێک قسەیەکی ئیلیزابێت بیر دەکەوێتەوە کاتێک سەیری ئەو تەرمەی دەکرد کە ڤیکتۆر تاقیکردنەوەی لەسەر دەکات. چارەسەری کێشەکەی بۆ دەرکەوت و شوێنی دوو لەو دەرزیانە دەگۆڕێت کە لە ڕێگەیەوە وزەی بە تەرمەکە دەدا بۆ گەڕانەوە بۆ ژیان، سەرکەوتوو دەبێت لە زیندووکردنەوەی تا ئەوەی خۆی وزەکەی لێ دەبڕێت.
دوای ساڵانێک لە لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە، لە کۆتاییدا کاتی ئەوەیە بە هەمیشەیی مردوویەک بگەڕێنێتەوە ژیان. دەچن بۆ ئەم تاوەرەی کە لە لایەن هارلاندەر و براکەی بۆی تەرخان کرابوو. تەواوی کەرەستەکانیشی بۆ ئامادە کراوە. دەست دەکات بە لێکدانی کۆمەڵێک لاشەی مردوو، ئامادەکردنی ئامێرەکان، چاوەڕێی زریانێکن بێت تا وزە لە هەورە بروسکەکان وەربگرن. هارلاندەر وێنەی تەواوی پڕۆسەکە دەگرێت. کاتێک زریانەکە نزیک دەبێتەوە، ڤیکتۆر بەدوای هارلاندەردا دەچێت تا پێی بڵێت کاتی گونجاوە بۆ دەستبەکاربوون، بۆی دەردەکەوێت هارلاندەر نەخۆشە و لەسەرەمەرگە. لەوێدا بە ڤیکتۆر دەڵێت “دەمەوێت من بخەیتە ئەم لاشەیەوە بۆ ئەوەی لە مەرگ ڕزگارم بێت”. ڤیکتۆر ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت “تۆ نەخۆشییەکەت تەواوی جەستەتی داگیر کردووە، بە عەقڵیشتەوە ڕزگارت نابێت”. دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی و ئامێرەکان ئامادە دەکات و هارلاندەر بەدوایەوەیەتی و لێی دەپاڕێتەوە تا یارمەتی بدات بەڵام ڕازی نابێت. لەوپەڕی بێهیواییدا هەڕەشەی لێ دەکات بە شکاندنی پارچەیەک لە ئامێرەکان، دەبێت بە شەڕیان و هارلاندەر دەکەوێتە خوارەوە و دەمرێت. ڤیکتۆر بەردەوامی بە کارەکەی دەدات و وزەی بروسکەکە بە بوونەوەرەکە دەدات، بەڵام زیندوو نابێتەوە. ڤیکتۆر لەوپەڕی بێهیواییدا دەچێت دەخەوێت و بەر لە خەوتنی بە پەیکەری “فریشتەی پارێزەر” دەڵێت “تۆ درۆت لەگەڵم کرد”. لە خەودا دووبارە “فریشتەی تاریکی” دەبینێتەوە. کە لە خەو هەڵدەستێت دەبینین بوونەوەرێکی باڵابەرز لە تەک شوێنی خەوەکەیەتی؛ بوونەوەرەکە زیندووە.
ڤیکتۆر لە ڕادەبەدەر خۆشحاڵە، بەریەککەوتنەکانی سەرەتای لەگەڵ بوونەوەرەکە وەک منداڵێک وایە کە لە کۆتاییدا ئەو دیارییە بەدەست هێنابێت کە بۆ ماوەیەکی زۆر داوای دەکرد. بوونەوەرەکە هاوشێوەی منداڵێک وایە کە جیهان بە چواردەوریەوە شتێکی نوێیە و یەکەم جارە دەیبینێت. ڤیکتۆر ناوی خۆی بە بوونەوەرەکە دەڵێت و ئەویش دووبارەی دەکاتەوە. دواتر دەیبات بۆ ژوورێک و بە زنجیرێک دەیبەستێتەوە. دوای ئەوەی لە ژوورەکە دێتە دەرەوە، (ڤیکتۆری حیکایەتخوان) دەڵێت “هەستم دەکرد سەرکەوتنێکی سروشتی نەبوو، هەموو ئەوەی هەوڵم بۆی دەدا تاوەکو ئێستا هیچ مانایەکی نەبوو”. دوای ماوەیەک کات بەسەربردن بەیەکەوە، ناڕازییە لەوەی کە بوونەوەرەکە بەپێی پێویست زیرەک نییە، تاوەکو ئێستا تەنها یەک وشە فێر بووە ئەویش ناوی دروستکەرەکەیەتی. ڤیکتۆر چەند جارێک خۆی لێ تووڕە دەکات و بوونەوەرەکە لێی دەترسێت.
لە لایەکی ترەوە ئیلیزابێت نیگەرانی مامیەتی کە ماوەیەکە دەنگی نییە و نەگەڕاوەتەوە. بە ویلیەم دەڵێت با بچین بۆ تاوەرەکە. کاتێک دەگەن بەوێ، ڤیکتۆر دەرگایان لێ دەکاتەوە بەڵام سەرەتا بوونەوەرەکەیان نیشان نادات. بە جۆش و خرۆشەوە براکەی و ئیلیزابێت بانگ دەکات بچنە بەشی سەرەوە سەیر کەن بە کوێ گەیشتووە. براکەی لەگەڵ خۆی دەبات و ئیلیزابێت جێ دەمێنێت، گوێی لە دەنگی بوونەوەرەکە دەبێت بانگی ڤیکتۆر دەکات و دەچێت بە شوێن دەنگەکەوە. ئەمە یەکەم بەریەککەوتنە لە نێوان بوونەوەرەکە و ئیلیزابێت. ئیلیزابێت دەستی بوونەوەرەکە دەگرێت و وەک ئەوەی هەردووکیان یەکتر بپشکنن، هەردوو سەرسامن بەم چاوپێکەوتنەی یەکەم. ڤیکتۆر دێت، ئیلیزابێت لای ناخۆشە ئاوا بوونەوەرەکەی زیندانی کردووە و بەستوویەتیەوە. شەوی دواتر دووبارە دەچێتەوە لای بوونەوەرەکە و قسە دەکەن، ناوی خۆی پێ دەڵێت. ڤیکتۆر دێت و دەبێت بە دەمەقاڵێیان لەگەڵ ئیلیزابێت سەبارەت بەوەی نابێت نزیکی بکەوێتەوە چونکە بوونەوەرەکە زیرەک نییە و تەنها یەک وشە دەزانێت ئەویش ناوی ڤیکتۆرە. ئیلیزابێت دەڵێت “ڕەنگە ئەم وشەیە لە هەموو شتێک بەلایەوە گرنگتر بێت”. لە درێژەی دەمەقاڵێیەکانیان ڤیکتۆر دەڵێت “وا قسە دەکەیت وەک ئەوەی هەستت بۆی هەبێت” و دواتر دووبارە هەستەکانی خۆی بە ئیلیزابێت دەڵێتەوە. ئیلیزابێتیش پێی دەڵێت “تۆ هیچ لەسەر هەست و دڵ نازانیت”، پێشی دەڵێت “تەنها دڕندەکان یاری بە چارەنووس دەکەن”. ئەمە وا دەکات ڤیکتۆر تووڕەیی خۆی بەسەر بوونەوەرەکە دابڕێژێت و ئازاری بدات، لە بەرامبەردا بوونەوەرەکە زۆر تووڕە دەبێت، ئەو ئاسنەی کە بەدەستی ڤیکتۆرەوەیە دەیچەمێنێتەوە. ڤیکتۆر زۆر دەترسێت و ڕۆژی دواتر براکەی بە تەنها بانگ دەکات و دەڵێت “پڕۆژەکە شکستی هێناوە، ئەم بوونەوەرە مەترسیدارە” و تەرمی هارلاندەر نیشانی دەدات و دەڵێت بوونەوەرەکە کوشتوویەتی. براکەی و ئیلیزابێت بەڕێ دەکات و هەرچی سووتەمەنی لە تاوەرەکە هەیە کۆی دەکاتەوە تا شوێنەکە بسووتێنێت. کۆتا جار دەچێتەوە لای بوونەوەرەکە دەڵێت “یەک وشەی تر بڵێی با نەتکوژم”، ئەویش دیسانەوە دەڵێت “ڤیکتۆر”. لە کاتی چوونە دەرەوەی ڤیکتۆر، بوونەوەرەکە دەڵێت “ئیلیزابێت”. لەگەڵ ئەوەی دەیبیستێت بەڵام گوێی پێ نادات و شوێنەکە ئاگر دەدات. پاش کەمێک کە لەسەر پلیکانەکە پەشیمان دەبێتەوە، دەیەوێت ڕزگاری کات، بەڵام هەر کە دەرگاکە دەکاتەوە تەقینەوەیەک ڕوو دەدات و ئەوەش وا دەکات قاچێکی لەدەست بدات.
ئەم بەشە دوورودرێژترین بەشی فیلمەکەیە. کەم تا زۆر بێ بەش نییە لە کێشەکانی بەشی پێش خۆی. ئەگەرچی حیکایەتخوانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە، بەڵام هێشتا لە هەندێک دیمەندا بوونی هەیە. لەم بەشە زیاتر باسی کارەکتەرەکان و نواندن دەکەم تا لایەنەکانی تری فیلم.
کارەکتەری ڤیکتۆر فرانکنشتاین:
بەرچاوترین شتی ئەوەیە بە هیچ جۆرێک لە زانا ناچێت؛ ئێمە نایبینین وەکو زانایەک بیر بکاتەوە. تاکە کێشەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەم بەشە بابەتی لەدەستنەدانی وزەکەیە لە جەستەی مردووەکە، ئەویش وەک زانایەک چارەسەری ناکات بەڵکو بە شێوازی (Deus Ex Machina) “دەستتێوەردانی خودا”، چارەسەر دەبێت لە ڕێگەی قسەیەکەوە کە ئیلیزابێت بێ مەبەست دەیکات. دەبینین دەستەواژەی زانستی بەکار دەهێنێت بەڵام کاری زانا نابینین. ئۆسکار ئایزاک لەم ڕۆڵە هیچ شتێکی جیاواز پێشکەش ناکات، هەمان ئەم شتانەیە کە لێمان بینیوە لە ڕۆڵەکانی پێشووی و لێرە بەداخەوە هەندێک “ئۆڤەر ئاکتینگ” دەبینین، ئەمەش هەست دەکەم بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانەیە کە لە کەسایەتییەکە هەیە. خودی کەسایەتییەکە قوڵییەکی ئەوتۆی تێدا نییە، ئەمەش دەسەلمێنێت چەند ئەکتەر باش بێت، سکرێپتی لاواز ڕێگە نادات بە باشی دەربکەوێت؛ لە کۆتاییدا سکرێپت ئەو شتەیە ئەکتەر لەسەری دەڕوات. دەتوانم بڵێم باشترین شت پێشکەش دەکات بەوەی کە لە بەردەستیەتی نەک ئەوەی لە توانایەتی.
هەر وەک لە پێشوودا باسی مۆتیڤی ڤیکتۆرم کرد، لەم بەشە زۆر ناڕوونترە؛ ئەم پیاوە چی لە ژیان دەوێت بەڕاستی؟ دەرهێنەر لەوەوپێش هەوڵی دا بڵێت مردنی دایکی بوو بە هۆکاری جەنگەکەی لەگەڵ مەرگ، ئایا لە دواتردا بە یەک دیالۆگیش باسی دایکی دەکات ڤیکتۆر؟ نەخێر بە هیچ جۆرێک. لە وتارەکە وەک شۆڕشگێڕێک قسە دەکات بەرامبەر بە سنوورەکان، بەرامبەر بە خودا داوای ئازادیی لێکۆڵینەوە و گەڕان دەکات. ئایا ڤیکتۆر ئەم جۆرە پیاوەیە؟ نەخێر بە هیچ جۆرێک، ئەم وتارە شۆڕشگێڕییە هیچ دەرەنجامێکی نییە. لە کۆتاییشدا خۆی هەوڵی لەناوبردنی پڕۆژەکەی دەدات لە کاتێکدا براکەی بانگێشتنامەی کۆمەڵەی پزیشکیی شاهانەی بۆ دەهێنێت، خۆی ڕەتی دەکاتەوە. بە درێژایی فیلمەکە هیچ لایەنێک نابینین ڕێگر بێت بەرامبەر بە پڕۆژەکەی یان کەسێک کارێک لە دژی بکات؛ نە وەک کەسانێک کاربەدەستی دەوڵەت بن بە ناوی ئاکار و مرۆڤایەتی دژی بوەستن، نە کەسیش بە ناوی خوداوە لە دژی دەوەستێت. لە کاتێکدا کە خەریکە دەگات بەو شتەی هەموو ژیانی هەوڵی بۆ داوە، چیرۆکێکی خۆشەویستیی بێ بنەما لە نێوان ئەو و ئیلیزابێت دروست دەبێت کە ناگات بە هیچ شوێنێک، و خەریکە واز لە هەموو ئەوە بێنێت ساڵانێکە هەوڵی بۆ داوە. دێمەوە سەر پرسیارەکەی پێشووم، ڤیکتۆر چی لە ژیان دەوێت؟ ئامانجی چییە؟ تا کۆتایی هەر ناڕوونە چونکە کەسایەتییەکە زۆر ڕووکەشییە و کەسایەتییەکی “دیفۆڕم” کراوە لە چاو ئەو سەرچاوەیەی لێی وەرگیراوە. ئەگەرچی نامەوێت بەراورد بکەم لە نێوان ڕۆمانەکە و فیلمەکە، بەڵام ڤیکتۆر فرانکنشتاین زانایە نەک “گۆرانیبێژی ڕۆک”. هەروەک دێلتۆرۆ دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت “دەمەوێت وا نیشانی بدەم”، و پێم وایە زۆر سەرکەوتوو بوو لەم شتە. ڤیکتۆر لێرە گۆرانیبێژێکی ڕۆکە کە لەسەر ستەیج دەقیژێنێت ناو بەناو، بێ ئەوەی هیچ باگڕاوندێکی سایکۆلۆجی و سروشتی لە پشت کردارەکانی هەبێت، بەڵکو لە ساتەوەختێکدا بڕیارێک دەدات تۆی بینەریش تێناگەیت بۆ. تەمەنێک هەوڵ دەدات تا بەسەر مەرگدا زاڵ بێت، کاتێک دەگات بە ئامانجەکەی دەڵێت هیچ مانایەکی نییە. بڕیار دەدات ئەوەی دروستی کردووە لەناوببات لەبەر ئەوەی زیرەک نییە، کە بۆی دەردەکەوێت زیرەکە هەر بەردەوام دەبێت و ئاگر لە شوێنەکە بەردەدات. کەچی لە بەر دەرگاکە پەشیمان دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە ژوورەوە، لەسەر ئەمە قاچێک لەدەست دەدات. هەموو ئەمانە بێ ئەوەی تێبگەین بۆچی وا دەکات و چی دەوێت؟ تەنزێکمان هەیە لە سینەما بۆ ئەم جۆرە شتانە: “دەرهێنەر وای دەوێت”، پێم وایە ئەمە گونجاوترین وەڵامە.
کەسایەتی هارلاندەر:
لە لایەن (کریستۆڤ واڵتز) ڕۆڵی گێڕدراوە. جگە لەوەی زۆر حەز دەکات لە قسەکانی ئاماژە بە ئەفسانە یۆنانییەکان بکات وەک پرۆمیسیۆس و چەندانی تر، تایبەتمەندییەکی ئەوتۆی نییە جگە لە (Plot Device) “ئامرازی چنینی چیرۆک”. زیاتر نییە لەو کەسەی پارە بە ڤیکتۆر دەدات و شوێن و پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکات. ئەمەش ڕوونتر دەبێتەوە بە مەرگی کە هیچ لێکەوتەیەکی نییە لە دواییدا وەک ئەوەی هەر نەبووبێت. ئاشکراکردنی ویستی بۆ ئەوەی مێشکی بخرێتە نێو جەستەیەکی نوێ لە کۆتا ساتدا و لە کاتی زریانەکە، ئەوە ڕوونتر دەکاتەوە کە تەنها “پڵۆت دیڤایس”ە، چونکە ئەوسا نەشتەرگەرییەکە تەواو بووە لەسەر جەستە مردووەکە. تەنها بۆ دروستکردنی هەیەجان لە ساتێکی مردوودا لە فیلمەکە، لەم ساتە مۆتیڤی ڕاستی ئاشکرا دەکرێت کە وا دەکەن هیچ گرنگییەکی نەبێت بۆ چیرۆکەکە. مۆتیڤە ساختەکەی سەرەتای کە دەڵێت تەنها دەیەوێت پڕۆژەکە تۆمار بکات، و لە دواییدا بوونەوەرەکە بیکوشتایە و یەکەم قوربانی بوایە هەر وەک ڤیکتۆر بە درۆ ئەمەی بە ویلیەم گوت، زۆر جوانتر بوو لەوەی وەکو گەمژەیەک لەسەر تاوەرێکی سەرکراوە لە کاتی با و باراندا شەڕ بە ڤیکتۆر بفرۆشێت.
کریستۆڤ واڵتز شایەنی ڕۆڵێکی زۆر لەمە باشتر بوو، ئەگەرچی لێرەشدا بەتوانابوونی خۆی دووبارە نیشان دەدات، بەڵام هاوشێوەی ئۆسکار ئایزاک ئەمە باشترین شتە کە بتوانن لە ڕۆڵەکانیان پێشکەشی بکەن.
کەسایەتی ویلیەم:
پڵۆت دیڤایسێکی تر. زۆر حەزم دەکرد بەوەندە کۆتایی پێ بهێنم بەڵام پێم وایە دەکرێت دوو وشەی تریش بڵێین لەسەری؛ ویلیەم برای ڤیکتۆر و دەستگیرانی ئیلیزابێتە لە فیلمەکە، واتە بوونی هەیە و هیچی تر.
کەسایەتی ئیلیزابێت:
هەر جارێک دەردەکەوێت بە ڕەنگی سەوزی جلەکانی دەبێتە سەنتەری دیمەنەکە. سەوز وەک هێمایەک بۆ ژیان یاخود ژیانەوە بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بەم کەسایەتییەوە نییە. بەقەد ڤیکتۆر ناڕوونە و بێ ئامانجە لە فیلمەکە تا کۆتا دیمەنی کە دەردەکەوێت هاوشێوەی مامی ئامانجێکی بۆ دەدۆزنەوە. جگە لەمە کەسایەتییەکی پڕ لە دژیەکی و هەست و سۆزی ساختە و بە زۆرە. تەنها دیمەنی چوونی بۆ ماڵی ڤیکتۆر بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کەسایەتییەکی چۆنە؛ دەچێتە ماڵی ڤیکتۆر بە بیانووی ئەوەی ئەو پەپولەیەی بەیەکەوە گرتوویانە بیری ڤیکتۆری کردووە (نازانم باوەڕ دەکەن یان نا، ئیدی خۆتان لێکدانەوەی بۆ بکەن). دوای کە ڤیکتۆر هەستەکانی پێ دەڵێت، دەموچاوی دەدات بەیەکدا و ڕەتی دەکاتەوە هەستی بۆ ڤیکتۆر هەبێت. دەچێتە لای پەپولەکە و لێکچواندن دەکات لە نێوان خۆی و پەپولەکە و دەڵێت “پەپولەکە ئازاد نییە لە هەڵبژاردەکانی” (ئایا ئەگەر ئازاد بوایە ڤیکتۆری هەڵدەبژارد؟). دوای ئەوەی کە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بڕوات دەڵێت “من هەڵبژاردنی خۆمم کردووە” و بە دڵ پڕییەوە دەڕوات. لە یەک دیمەندا ئەم هەموو دژیەکییە چۆن کۆدەبێتەوە نازانم، بەڵام دڵنیام هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت! لە حاڵەتی ئاساییدا مرۆڤ هەڵەش بکات یەک دژیەکی ڕوودەدات.
هەمان ئەکتەر ڕۆڵی دایکی ڤیکتۆریشی گێڕاوە، ئایا بۆ ئەوەیە بڵێن لە یەک دەچن؟ یان چی؟ چونکە هیچ ئاماژە بە لێکچوونیان ناکرێت. جگە لەمە بەریەککەوتنی لەگەڵ بوونەوەرەکە، نیشاندانی گرنگیدان بۆی چونکە پێی وایە ڕۆحێکی پاکە، خودا بێ ئەوەی ئەم بوونەوەرە “گوناحی یەکەم”ی کردبێت یاخود گوناحەکەی ئادەم، لە بیروباوەڕی مەسیحییەتدا ڕۆحی بە بەردا کردووە، و دژایەتیکردنی بۆ شێوازی مامەڵەکردنی ڤیکتۆر لەگەڵ ئەم بوونەوەرە کە لە بەشی دواتر قسە لەسەر ئەمە دەکەم.
نواندنی ئەکتەرەکە ئەگەر باس بکەین، زۆر بە سادەیی دەتوانم ئەوەندە بڵێم: بێ هەست و مردوو، تەنانەت دەنگ و شێوازی قسەکردنیشی تاقەتپڕوکێنە. بەڵام پێم وایە ئەمە کێشەی خودی کەسایەتییەکەیە نەک کێشەی نواندن. من هیچ ڕۆڵێکی تریم نەبینیوە بۆیە ناتوانم بڕیار لەسەر ئاستی نواندنی بدەم بەپێی کارەکانی پێشووی، تەنها دەتوانم ئەوەندە بڵێم لێرە باش نییە، هیچ شتێکی سەرنجڕاکێشی لێ بەدی ناکرێت.
چاپتەر دوو: چیرۆکی بوونەوەرەکە
دوای تەواو بوونی سەربوردەی ڤیکتۆر، بوونەوەرەکە دێت بۆ سەر کەشتییەکە. دەیەوێت لە کاپتنەکە بدات، کاپتنەکە دەڵێت “بیسەلمێنە قسەی دروستکەرەکەت ڕاست بوو تۆ تەنها دڕندەیەکی”. لێرە دەوەستێت، دەڵێت “ئەو چیرۆکی خۆی گوت، ئێستا سەرەی منە”. باسی ڕزگاربوونی لە ئاگرەکە دەکات، لە کەنار دەریاکە بە ئاگا دێتەوە. دەچێتە نێو دارستانەکە، خواردن بە ئاژەڵێک دەدات، لەپڕ ڕاوچییەک تەقەی لێ دەکات و ئاژەڵەکە دەکوژێت، دواتر تەقە لە خۆیشی دەکەن. فرانکنشتاین لە دەستیان ڕادەکات تا خانوویەک دەدۆزێتەوە و لە تەکیەوە ئاشێکی کۆنی هەیە، ماڵەکە خۆی لەوەی دەشارێتەوە. پاش چەند کاتژمێرێک ڕاوچییەکان دەگەڕێنەوە ئەم شوێنە، باسی ئەو دەکەن “دڕندەیەکی گەورەیان بینیوە”. ماڵەکە ژن و مێردێک و منداڵەکەیانن، پیرە پیاوێکی نابیناش کە باوکی ئافرەتەکەیە لەگەڵ دوو پیاوی تر کە نازانین کێن. بە هەر حاڵ، فرانکنشتاین چاودێریان دەکات لە کونێکەوە و سەیری ناو ماڵەکە دەکات. لە کاتەکانی تر دێتە دەرەوە و سەیریان دەکات کەوا پیاوە پیرەکە لەگەڵ نەوەکەی یاری دەکات. دواتریش دەگەڕێتەوە شوێنەکەی خۆی و دەڵێت “ئەم خەڵکە کۆمەڵێک دەنگیان بەکار دەهێنا بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و هەست و سۆز، پێیان دەگوت وشە”. هەر لە کونی دیوارەکەوە سەیری پیاوە پیرەکە دەکات چۆن نەوەکەی فێری خوێندنەوە دەکات لە ڕێگەی چەند کارتێکەوە کەوا وێنەیەک و پیتێکی لەسەرە؛ جارێک نیشانی نەوەکەی دەدات دەیخوێنێتەوە، جارێکیش ڕووی وەردەگێڕێت بۆ پشتەوە لێی دەپرسێتەوە. بەم جۆرەش فرانکنشتاین کارتەکە دەبینێت. دەڵێت “حەزم دەکرد بەشێک بووام لەم خێزانە”. بە نهێنی شەوان داریان بۆ کۆدەکاتەوە و یارمەتییان دەدات لە کاری تر. ماڵەکە وا دەزانن “ڕۆحی دارستانەکەیە” یارمەتییان دەدات، هەندێک جار شتیشی بۆ جێ دەهێڵن وەکو جل و خواردن. پاش ماوەیەک خێزانەکە لە ترسی گورگەکان دەیانەوێت شوێنەکە جێ بهێڵن، دوای زستان بگەڕێنەوە. پیاوە پیرەکە دەڵێت “من نایەم، پێشووش زستانم لێرە بەڕێ کردووە و ئەمجارەش هەروا دەکەم”.
دوای مانەوەی بە تەنها، بانگێشتی فرانکنشتاین دەکات دەڵێت “ڕۆحی دارستان وەرە، ئەگەر لێرەیت”. دیارە هەر زوو درکی بەوە کردووە ڕۆحی دارستانەکە نییە، کەسێکی ترە و لێیانەوە نزیکە. فرانکنشتاین دەڵێت “زۆر بیرم لەم چاوپێکەوتنە کردبووەوە، ئایا چۆن دەبێت؟ کە چوومە ژوورەوە وەک ئەوە وا بوو بچمە جیهانێکی تر، جیهانێک تەنها لە دوورەوە دەمبینی”. پیاوە پیرەکە پێی دەڵێت “خواردنەکەم لەگەڵ بەش بکە و لام بمێنەوە”. فرانکنشتاین بە خراپی قسە دەکات و پیاوە پیرەکە تێبینیی ئەوە دەکات. ماوەیەک بەیەکەوە دەبن و دەبینین کەوا پیاوەکە فێری قسەکردن و خوێندنەوەی دەکات.
لە ناوەڕاستی زستاندا لە کاتی بەفرباریندا، پیاوە پیرەکە باسی ڕووداوێک لە ڕابردووی خۆی دەکات بۆ فرانکنشتاین، دواتر باسی لێخۆشبوون دەکات لەو کەسانەی ئازاریان داوین. فرانکنشتاین دەڵێت “چۆن دەتوانم شتێک لە بیر بکەم کەوا بیرم نایەتەوە؟” پیاوە پیرەکە دەڵێت “هیچت بیر ناکەوێتەوە؟” ئەویش ئاماژە بەوە دەکات لە خەونەکانیدا یادەوەریی چەند پیاوێک دەبینێت، هەمووی پارچەپارچە و ئاگر و ئاو و لمی ژێر پێکان بیر دەکەوێتەوە لەگەڵ یەک وشە. پیاوە پیرەکە دەپرسێت چییە؟ دەڵێت: “ڤیکتۆر”. پیاوەکە پێی دەڵێت بڕۆ بۆ لای وشەکە.
لە دیمەنی دواتر فرانکنشتاین دەگەڕێتەوە تاوەرەکە و کۆمەڵێک شت دەدۆزێتەوە کەوا بۆی ڕوون دەبێتەوە چۆن دروست کراوە؛ لە نێوانیاندا وێنەکەی کە هارلاندەر گرتوویەتی و نامەیەک کە لە کۆمەڵەی پزیشکیی شاهانەوە بۆ ڤیکتۆر نێردرابوو لەگەڵ دەفتەری تێبینییەکان. کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ لای پیاوە پیرەکە، سەیر دەکات گورگەکان هێرشیان کردووەتە سەری. چەند دانەیەک لە گورگەکان دەکوژێت، کەمێک قسە لەگەڵ پیاوەکە دەکات تا دەمرێت. لەپڕێک ڕاوچییەکان دەگەڕێنەوە، وا دەزانن ئەو پیاوەکەی کوشتووە، هێرش دەکەنە سەری. ئەویش بەرگری لە خۆی دەکات و دانەیەک لە پیاوەکان دەکوژێت و هەوڵ دەدات ڕاکات بەڵام تەقەی لێ دەکەن و دەیکوژن. پاش ماوەیەکی کورت هەڵدەستێتەوە دەڵێت “بۆم دەرکەوت کەوا من هەر جارێک بمرم، دووبارە زیندوو دەبمەوە”.
دیمەنی دواتر ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئیلیزابێت و ویلیەمە. ڤیکتۆر بە قاچێکی دروستکراوەوە دەبینین. لە کاتی خۆگۆڕینی جلەکانی دەبینێت پەنجەرەکە کراوەتەوە، دەچێت دایدەخات و دەڵێت “وەرە دەرەوە ئەگەر لێرەیت”. لێرەوە با بڵێین فرانکنشتاین دێتە دەرەوە. ڤیکتۆر دەڵێت “بۆ سوپاسکردنم هاتووی ڕزگارت بووە؟ و ئەوەندە زیرەکیت بمدۆزیتەوە، بە باشی دروستم کردوویت، چیت دەوێت؟” فرانکنشتاین دەڵێت “دەمەوێت کەسێکی تر وەکو من دروست بکەیت، من نامرم وە ناشتوانم بژیم بە تەنها”. ڤیکتۆر ڕەتی دەکاتەوە. فرانکنشتاین دەڵێت “ئەگەر خۆشەویستیم پێ نەدەیت، منیش کۆڵدەدەم بۆ تووڕەیی، تووڕەییەکەشم هەمیشەییە”. هێرش دەکاتە سەر ڤیکتۆر، لەم دەنگەدەنگە خەڵکەکە ئاگادار دەبنەوە. ئیلیزابێت دێتە ژوورەکە، کە فرانکنشتاین دەبینێت ڕادەکات بۆ لای وەکو کەسێک ڕووەو خۆشەویستەکەی ڕابکات دوای ماوەیەکی زۆر لە نەبینینی یەکتر، لە باوەشی دەگرێت. ڤیکتۆر چەکێکی بە دەستەوەیە و تەقە دەکات و بەر ئیلیزابێت دەکەوێت. ویلیەم و خەڵکەکەی تر دێنە ژوورەوە، هێرش دەکەنە سەر فرانکنشتاین. لە دەرەنجامدا پاڵێک بە ویلیەم دەنێت سەری بەر دیوار دەکەوێت و فرانکنشتاین ئیلیزابێت دەبات و دەڕوات. ڤیکتۆر براکەی لە باوەش گرتووە و لەسەرەمەرگە، پێی دەڵێت “تۆ دڕندەکەی ڤیکتۆر”.
فرانکنشتاین ئیلیزابێت دەباتە نێو ئەشکەوتێکەوە. لەسەرەمەرگدا دەڵێت “هەمیشە وام هەست کردووە سەر بەم جیهانە نیم و تامەزرۆی شتێک بووم نەمدەزانی چییە، ئەم شتە تۆ بوویت”. خۆشحاڵە لە دواساتییدا لە نێو دەستەکانی ئەو دەمرێت. ڤیکتۆر بە چەکەوە بەدوایاندا دێت، فرانکنشتاین پێی دەڵێت “تۆ ئەم ژیانەت بە زۆر دا بە من، تۆش دەبێت لێم بسێنیتەوە. ڕاستە تۆ منت دروست کردووە، بەڵام لە ئەمڕۆ بەدواوە من گەورەی تۆم”. ئیتر لەم ساتە بەدواوە ڤیکتۆر وەکو ڕاوچییەک بەدوای فرانکنشتاین دەکەوێت بۆ کوشتنی، تا ئەوەی لە کۆتا جار کەوا فرانکنشتاین چەقۆیەک لە ڤیکتۆر دەدات و ڤیکتۆریش هەوڵ دەدات بە TNT بیکوژێت. بەم جۆرە کەشتیوانەکان ڤیکتۆر دەدۆزنەوە.
دەگەڕێنەوە ساتی ئێستا، ڤیکتۆر لەسەرەمەرگە. لە کۆتا ساتەکانی داوای لێخۆشبوون دەکات لێی و دەڵێت “لێم خۆشبە کوڕم، هیچ هەڵبژاردەیەکی ترت نییە تەنها ئەوەی بژیت، ناوم بێنە، باوکم ئەم ناوەی پێداوم بەڵام هیچ مانایەکی نەبوو بۆی، بۆ کۆتا جار وەک ئەو کاتەی ناوم هەموو شتێک بوو بۆت”. فرانکنشتاین دەڵێت “ڤیکتۆر”. (ڤیکتۆر) دەمرێت. دوای ئەوە فرانکنشتاین لە کەشتیەکە دادەبەزێت، پاڵ بە کەشتیەکەوە دەنێت و ڕزگاریان دەکات لە بەستەڵەکەکە، ڕووەو خۆرهەڵاتن دەڕوات و فیلمەکە کۆتایی دێت.
کەسایەتی (فرانکنشتاین) یاخود بوونەوەرەکە:
سەرەڕای هەموو کرچوکاڵییەکان، بەشێک لە دیمەنەکانی چاپتەر دوو لە ڕادەبەدەر هەستبزوێنن، لە ڕادەبەدەر تراژیدین. ڕۆڵگێڕانی (جیکۆپ ئیلۆردی) لە ڕۆڵی بوونەوەرەکە یاخود (فرانکنشتاین) زۆر باشە و شایانی ستایشە؛ گۆڕینی دەنگ و دەربڕینی و فۆڕمی جەستەی و جووڵەکانی لە ژێر ئەم هەموو ماکیاژەوە، هێشتا دەتوانێت هەستەکانمان بۆ بگوازێتەوە. ئەم فرانکنشتاینە شێواز و فۆڕمی لە مرۆڤ نزیکترە تا دڕندەیەک، ڕەنگە ئەمەش یارمەتیدەر بووبێت بۆ ئەوەی زیاتر هەستی پێ بکەین. دەتوانم بڵێم باشترین کەسایەتیی نێو فیلمەکەیە. دێلتۆرۆ سەرکەوتوو بوو لەوەی ئەم ڤێرژنە نوێیە لە فرانکنشتاین بە ئێمە بناسێنێت و هەستەکانمان بجووڵێنێت و هەست بە تراژیدیای کارەکتەرەکە بکەین.
لایەنەکانی تری ئەم چاپتەرە وەک سینەماتۆگرافی و کەش و گرتەی کامێرا لە دیمەنەکانی کڵۆس و میدیەم و لۆنگ، هەمووی نایابن. بەڵام وەکو تەواوی فیلمەکە نووسین و سکرێپتی لاوازە، لێرەش کاری خۆی دەکات. لە چاپتەر دوو، فرانکنشتاین ماوەی چەند مانگێک لە ژوورێک لە پاڵ ماڵی ڕاوچییەکان خۆی شاردووەتەوە، کەچی لەم ماوە درێژە ئاشکرا نەبوو لە نزیکیانەوە، شەوان کار دەکات و لەسەر بانی ماڵەکە دادەنیشێت تەنانەت لە ڕۆژی ڕووناکیشدا کەچی کەسیان نایبینن و هەستی پێناکەن تەنها پیاوە نابیناکە نەبێت؛ ئەمە لاوازیی سیناریۆ نەبێت هیچ ناوێکی تری لێ نانرێت.
لەپڕ زیرەکبوونی فرانکنشتاین لە کاتێکدا پێشووتر لە یەک وشە زیاتری نەدەزانی. ئەگەرچی ڤیکتۆر هەوڵی لەگەڵ دەدا، بەڵام لێرە کاتێک خۆی شاردووەتەوە و لە کاتی هێرشی یەکەمی گورگەکان بۆ سەر ماڵەکە قسەیەک دەکات بیرکردنەوە و فەلسەفەی قووڵی لە پشتەوەیە، دەڵێت: “گورگەکان مەڕەکان ناکوژن چونکە ڕقیان لێیانە، ڕاوچییەکەش گورگەکە ناکوژێت چونکە ڕقی لێیانە، ئەمە تەنها سروشتی بەیەکەوە ژیانە”. من لە نووسەر دەپرسم: هەست ناکەیت بۆ کەسێک کە دوێنێ یەک وشە زیاتری نەدەزانی، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زۆر قووڵە؟
بە هەمان شێوە گەڕانەوەی بۆ تاوەرەکە و دۆزینەوەی کۆمەڵێک بەڵگە و پاشماوە بۆ دۆزینەوەی ڤیکتۆر (وەک بانگێشتنامەکە و تێبینییەکان و وێنەکانی هارلاندەر)، لە کاتێکدا تاوەرەکە گڕی گرت و دواتریش بە تەواوی داڕما، نالۆژیکییە و سیناریۆیەکی خراپە.
دواتر گەڕانەوەی ڕاوچییەکان بێ هیچ هۆکارێکی ڕوون لە کاتێکدا وا بڕیار بوو تا کۆتایی زستان نەگەڕێنەوە. لە کات و ساتێکی زۆر گونجاو گەڕانەوە ماڵەکە بۆ تۆمەتبارکردنی (فرانکنشتاین) بە کوشتنی پیاوە نابیناکە. هەموو ئەمانە لاوازیی سیناریۆ دەردەخەن و ڕووداوی نالۆژیکین.
لەوەوپێش گوتمان لە کۆتا ساتدا مۆتیڤێک بۆ ئیلیزابێت دەدۆزنەوە ڕێک وەکو هارلاندەر. لە کۆتا ساتەکانی ژیانی پێمان ڕادەگەیەنرێت کە ئاشقی فرانکنشتاین بووە. چۆن و لە کوێ ئەم هەستانە درووست بوون؟ بابەتی خۆشەویستیی ئیلیزابێت و فرانکنشتاین یەکێک لە لاوازترین خاڵەکانی فیلمەکە، ناتوانیت هەست بەوە نەکەیت کە شتێکە بە زۆر بەسەر ئیلیزابێت و ئێمەی بینەریشدا سەپێندراوە. دیالۆگەکانی (ڤیکتۆر) لە دیمەنی هاوسەرگیرییە یەک لە یەک لاوازترن و زیاتر وا لە ڤیکتۆر دەکات کارەکتەرێکی ناڕوون بێت و نازانیت چۆن بیر دەکاتەوە. لە بەرامبەردا دیالۆگەکانی فرانکنشتاین لە هەمان دیمەن بەهێزترین دیالۆگەکانی فیلمەکەن؛ وەک ئەوە وایە (دێلتۆرۆ) لە پێشبڕکێدا بێت لەگەڵ خۆی تا باشترین و خراپترین نووسەر بێت لە هەمان کاتدا. قسەکانی فرانکنشتاین لەم دیمەنە قووڵ و تراژیدین و هەستبزوێنن، لە هەمان کات دەتخاتە بیرکردنەوە و بیرکردنەوەی کەسایەتییەکە ڕوون دەکاتەوە هەروەها ئامانجی فرانکنشتاین چییە. بەڵێ، ئامانج لە فیلمێک کەوا ئامانجی کەسایەتیی “نامۆ” لە ڕۆمانەکەی (ئەلبێرت کامۆ) زۆر ڕوونترە لە ئامانجی کەسایەتییەکانی ئەم فیلمە.
دیمەنی کۆتایی فیلمەکە ئەگەرچی وەک بیرۆکە زۆر جوانە، بەڵام جێبەجێکردن زۆر خراپە. لێکچواندنی پەیوەندیی (فرانکنشتاین و ڤیکتۆر) بە پەیوەندیی باوک و کوڕ، وەکو دووبارەبوونەوەیەکە بۆ پەیوەندییە خراپەکەی نێوان (ڤیکتۆر و باوکی)، بەڵام ئەم جارە ڤیکتۆر باوکە خراپەکەیە. ئەگەرچی وەک بیرۆکە جوان دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک لە فیلمەکە دەیبینین زۆر لاواز و ڕووکەشییە. هۆکارەکەش بۆ خراپیی چنینی چیرۆک دەگەڕێتەوە، هەروەها بەپێی پێویست بناغەی بۆ دانەنراوە. چونکە لەوەوپێش هەموو خراپیی باوکی لە ڕێگەی گێڕانەوە پێمان گوتراوە و خراپیی ڤیکتۆریش لەگەڵ فرانکنشتاین ئەگەرچی هەوڵ دەدات پێمان بڵێت لەبەر ئەوەیە کە زیرەک نییە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی دەیبینین پێچەوانەی ئەم شتەیە. لەگەڵ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە زۆر جوان بوو بەلامەوە، بەڵام جێبەجێکردنی خراپ و چنینی خراپی چیرۆکەکە ئەم بیرۆکەیەی کوشتووە.
لە کۆتاییدا
چی هەیە سەبارەت (Frankenstein 2025) کە پێویست دەکات بگوترێت؟ بەدەر لە هەموو کێشەکان کە لەم فیلمەدا هەیە، هێشتا دەکرێت بڵێین فیلمێکە لە سەرووی ئاستی مامناوەندە. دوای دوو جار سەیرکردن دەتوانم بڵێم فیلمێکی چێژبەخشە ئەگەر چاوەڕوانیی گەورەت بۆی نەبێت. سینەماتۆگرافی و سێت دیزاین و پڕۆداکشنی فیلمەکە نایابن و یەکێکە لە جوانترین فیلمەکانی ساڵ لەم باریەوە. بەکارهێنانی (CGI) بە ڕێژەیەکی کەم و پشت بەستنی زیاتر بە (Practical Effect) بە هەمان شێوە جێگەی دەستخۆشین و هەمان کەشی فیلمەکانی ساڵانی ٩٠ی هەیە. ئەگەر چنین لە فیلمەکە باشتر بوایە و کۆنسێپتەکان جێبەجێکردنێکی باشتری هەبوایە، بە هەمان شێوە کێشەکانی وەکو ڕیتم و لاوازیی نووسینی کارەکتەرەکان و پشت بەستنی زیاد لە پێویست بە سیمبۆلیزم ڕێگر نەبوونایە، (Frankenstein 2025) لە ئاستێکی زۆر باشتر دەبوو.

وەڵامێک بنووسە