لەبەردەم ماڵماندا کونێکی بچووک لەسەر شەقامەکە هەبوو. ڕۆژێک پیرەمێردێک کە ئاگای لێ نەبوو، پێی تێخست و قاچی شکا. بەخۆمم وت: “با وەک هاووڵاتییەکی دڵسۆز بچمە شارەوانی و ئاگاداریان بکەمەوە با ئەم کونە بگرن، نەوەک کەسێکی تر ببێتە قوربانی.”
چوومە ئەوێ، فەرمانبەرەکە زۆر بە ساردی سەیری کردم و وتی:
- “ئەمە لای ئێمە نییە، بڕۆ بۆ بەشی چاککردنی شەقام.”
چوومە ئەوێ، وتیان:
- “هەروا بە دەم نابێت! دەبێت عەریزەیەک بنووسیت و پوولیشی پێوەبێت.”
چووم عەریزەم نووسی و پوولم کڕی و گەڕامەوە. کابرا وتی:
- “باشە ئێمە چوزانین ڕاست دەکەیت؟ دەبێت وێنەی کونەکە بگریت و موختاری گەڕەکیش ئیمزای بکات کە وایە.”
سەرتان نەیەشێنم، چووم وێنەم گرت و موختارم دۆزییەوە و ئیمزام هێنا. کە گەڕامەوە، وتیان: “تەواو، ئێستا دەبێت لیژنە بنێرین سەیری بکات.”
دوای سێ مانگ لیژنە هات و ڕۆشت! لەو ماوەیەدا باران باریبوو، کونەکە داڕمابوو و کەمێک گەورە ببوو. سەرۆکی لیژنەکە سەیری کردم و بە تووڕەییەوە وتی:
- “برا تۆ گاڵتەمان پێ دەکەیت؟ ئەمە کوا کونە؟! ئەمە ‘چاڵ’ـە! جەنابت عەریزەت بۆ کون نووسیوە، بڕۆ لە سەرەتاوە عەریزە بۆ چاڵ بنووسەرەوە!”
ساڵێکی پێ چوو، چاڵەکە بوو بە خەندەقێکی گەورە. من هەر دەچووم و دەهاتم، ئەوانیش هەر بیانوویەکیان دەهێنایەوە و دەیانووت: “ئەمە ئیشی ئێمە نییە، چونکە قەبارەکەی گۆڕاوە.”
دوای دوو ساڵ، ڕۆژێک سەیرم کرد تیمی شارەوانی بە ئامێری زەبەلاحەوە لەبەردەم ماڵمانن. وتم: “ئۆخەی! دواجار ئاوڕیان لێ داینەوە.” بە پەلە چوومە لای ئەندازیارەکە و دەستخۆشیم لێ کرد.
کابرا سەیری کردم و وتی:
- “دەستخۆشی چی کوڕی باش؟ ئەم چاڵە بووە بە کارەسات و ناونیشانی شارەکە، ئیتر کەس ناتوانێت چاکی بکات! هاتوین تەنیا ئەم تابلۆیە لێرە بچەقێنین کە لەسەری نووسراوە: (ئاگاداربن! نەکەونە ناو ئەم چاڵەوە!).. چونکە پارەی چاککردنەکەی زۆرە و حەوسەڵەی ئەو هەموو ئیشەمان نییە و دەوڵەت زۆر ئیشی گرنگتری لەپێشە!”

وەڵامێک بنووسە