ڕەتکردنەوەی لۆژیکی ئەرستۆیی – ئیبن تەیمیە

ibn teimiye u Aresto

ئیبن تەیمیە (١٢٦٣-١٣٢٨ ز بەرامبەر بە ٦٦١-٧٢٨ ک) یەکێکە لە توندوتۆڵترین ڕەخنەگرانی میراتی فەلسەفی یۆنان لە ناو میراتی وێژەی ئیسلامییەکاندا. ئەو لە کتێبی بەناوبانگی وەڵامدانەوەی مەنتقییەکان، کە یەکێکە لە کاریگەرترین کارە ڕەخنەییەکان لە مێژووی فەلسەفەی ئیسلامیدا. ڕەخنەکانی تەنها ڕەتکردنەوەیەکی سادە نەبوو، بەڵکو ڕەخنەیەکی بنەڕەتی و میتۆدی بوو لەسەر بنەمای فەلسەفی و کرداری. دیارە ئەم ڕەتکردنەوەیە زۆر نامۆیە بۆ کەسێک دێتە پێش، کاتێک بەرجەستەییەی لە هزری میراتی/ئسوڵییەکانی نەخوێندبێتەوە.

پاشخان: مەنتقی ئەرستۆ لە جیهانی ئیسلامیدا

مەنتقی ئەرستۆ لە ڕێگەی بزووتنەوەی وەرگێڕان (بونیادی هزری ئیسلامی لە سەردەمی سەرەتایدا و دەرکەوتنی هێڵە گشتییەکانی کەلام و عەقیدە) لە سەردەمی عەبباسیدا گەیشتە جیهانی ئیسلامی. فەیلەسووفە ئیسلامییەکان وەک فارابی و ئیبن سینا مەنتقی یۆنانییان وەک بناغەیەکی عەقڵی بەکاردەهێنا. بەشێوەیەک، کە نزیکەی هەرچی میراتی کەلام یا زانستی بەناو کەلامە لەوانەوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵام بە گوێرەی تێگەشتنی ئەو گرووپەی پێناسەکانیان ڕێکخستووە. واتا دەبێت بە ئاشکرا بڵێین ئەوەی کردوویانە نـــــە فەلسەفەی یۆنانییە، کە ئیبن تەیمییە ڕەخنەی لێیەتی، نــــە ئسوڵی/میراتییە. بەهەرحاڵ سەرەکیترین پێکهاتەکانی ئەم لۆژیکە بریتین لە:

  • پێناسە (حەد): دیاریکردنی چەمک بە “جنس + فەسڵ”
  • قەزیە (بڕیار): ڕستەیەکی ڕاست یان ھەڵە
  • قیاس: لێکدانەوەی ژیرانە بۆ گەیشتن بە ئەنجام

نموونەی قیاس:

“ھەموو مرۆڤێک فانییە سۆقرات مرۆڤە ➞ سۆقرات فانییە”

سەرەکیترین ڕەخنەکانی ئیبن تەیمیە

1. جیابوونەوە لە واقیع

ئیبن تەیمیە دەیگوت مەنتقی ئەرستۆ زیاتر خەیاڵییە وەک واقیعی. لێرەدا مەبەستی ئەوەیە فۆرم/شێواز و شێوەپێدانی ڕێکخستنەکانی خەیاڵین نەک لە بەریەککەوتنەوە بناغەی گرتبێت. بە نموونە:

“ھەموو نووسەرێک قسەکەرە زەید قسەکەرە ➞ زەید نووسەرە”
ئەم قیاسە “شێوەی” دروستی ھەیە، بەڵام ئەنجامەکەی لە واقیعدا ھەڵەیە.

2. مەنتق تاکە ڕێگای زانین نییە

بەپێی ئیبن تەیمیە:

“خەڵک لە ڕێگای ئەزموون (تجربة)، سەرنجدان (استقراء) و تێگەیشتن (فهم) زانست بەدەست دەھێنن، نەک تەنھا لە ڕێگای قیاسەوە”.
عەرەبەکان پێش ئەرستۆ زانستی پێشکەوتوویان ھەبووە لە بواری فێرکردنی زمان و یاسا. هەروەها فەرهەنگی میلییان پڕە لەو نمونانە بەبێ ”قیاس” بۆ حوکم و ڕەوشت و ئاکار.

3. کێشەی پێناسەکردن

پێناسەکردنی ئەرستۆ (“جنس + فەسڵ”) لە زۆربەی حاڵەتەکاندا شیاوی بوونی نییە. پێناسەکردنی مرۆڤ وەک ” ئاژەڵی قسەکەر ‘حیوان ناطق’ “ تەواو نییە، چونکە شێوەکانی قسەکردنی مرۆڤ جیاوازن لە ئاژەڵان. ئیبن تەیمیە پێشنیاری وەسف و نموونە دەکات لە جیاتی پێناسەی تەواو. واتا شتی گشتگیر لە پێناسەدا وادەکات، خودی پێناسەکە خۆی پێویستی بە پێناسەی بەشەکانی هەبێت. بەم شێوەیەش ئیبن تەیمییە دەڵێت: خەستکردنەوەی قوڕەکەیە.

4. پێنج کولیاتەکە ( ڕاڤەبوونی چەمکەکان)

پۆلێنکردنی ئەرستۆ بۆ چەمکەکان (جنس، نوع، فصل، خاص، عرض ‘ڕەگەز، جۆر، جیاکەر، تایبەت و گشتەر ) ڕەنگە لە واقیعدا بوونی نەبێت. ئەمە تەنها گریمانەیەکی فەلسەفییە و پێویست نییە بۆ تێگەیشتن لە ژیان. ئەم جیاکارییە لە خەسڵەتاندنی پێکهاتە زادەیەکی ڕەسەنی نییە.

5. تێکەڵکردنی زهنی و واقیعی ”هزری و ڕاستیانە”

مەنتقی ئەرستۆ جارجار ئەوەی لە مێشکدا ھەیە (ذهني) دەیبەستێتەوە بە واقیعی. ئەمە دەبێتە ھۆی ئەنجامێکی “ڕاست” بەڵام بێ پەیوەندی بە خودی ژیانەوە. لێرەدا مەبەستی ئەوەیە، ئەوانەی لە بوونی هزریمان هەن ”ذهني” پێوەستبوونیان نییە، کە خۆشیان هەبن لە واقیعدا.

6. نابەرابەری لەگەڵ سەرچاوە ئیسلامییەکان

لێرەدا ئیبن تەیمییە تەواو دەردەکەوێتەوە، کە حەنبەلییە. واتا هەمیشە دەڵێت میرات کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە. جا لە ڕێگای هزریان بێت یاخود شێوە بیرکردنەوەی توێژەکانیان، کە وەکو بەردی بناغەی باوەڕەکە تەماشای دەکەن. جا دەقەکەی بەم شێوەیەیە، گەر کوردییەکەم بۆی دروست بێت.

“ئەگەر مەنتق/لۆژیک پێویست بووایە بۆ زانست و ڕزگاری ئوممەت، پێغەمبەر ﷺ هاوەڵەکانی فێر دەکرد. بەڵام لە قورئان و سوننەتدا هیچ باسێکی نییە!”

میتۆدی پێشنیارکراوی ئیبن تەیمیە

لە جیاتی مەنتقی ئەرستۆ، ئەو ئەم ڕێگایانە پێشنیار دەکات:

  • فطرة سلیمة (سروشتی ڕاست)
  • عەقڵی سروشتی (ژیرییەکی سادە و کردارەکی/پراکتیکی)
  • وەحی/سروش (سەرچاوە ئیسلامییەکان)
  • ئەزموون (تاقیکردنەوە لە ژیاندا)
  • سەرنجدان (استقراء)

بەراوردی میتۆدەکان

تایبەتمەندیمەنتقی ئەرستۆییئیبن تەیمیە
پێناسەحەدی تەواو (جنس+فەسڵ)پێناسە و نموونە
قیاسپێویستی سەرەکیپێویستی نییە
سەرچاوەی زانینعەقڵی تەنھاعەقڵ + فطرة + وەحی/سروش
جەبری چەمکەکانپێنج کولیاتەکەپۆلێنکردنی سادە
جۆری سەلماندنوێنەیی/صوريواقیعی-ئەزموونی

پایە و کاریگەری

ڕەخنەکانی ئیبن تەیمیە دەتوانین لە چەند خاڵێکدا کۆبکەینەوە، کە بەگشتی هەوڵم داوە وەکو سەرەداو بیخەمە بەردەست خوێنەر:

  • یەکەم ڕەخنەی سیستەماتیکی بوو لە مەنتقی ئەرستۆدا لە جیهانی ئیسلامی
  • کاریگەری لەسەر ڕەخنەگرانی دواتر وەک ئیبن خەلدون ھەبوو
  • بابەتی گفتوگۆی زانستی ماوەتەوە تا سەردەمی مۆدێرن واتا کەمتر نییە لە بەیکۆن و هیوم دژ بە ئەرستۆ
  • پێشنیاری میتۆدێکی جیاوازی کرد بۆ زانستی ئیسلامی

پووختە ”خوڵاسە”

ڕەخنەی ئیبن تەیمیە تەنھا ڕەتکردنەوەیەکی فەلسەفی نەبوو، بەڵکو دیاردەیەکی مێژوویی بوو، کە ڕێگای بۆ گۆڕان لە فەلسەفەی ئیسلامیدا کردەوە. بیرەکانی ئەمڕۆش گرنگن بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان عەقڵ و نەقڵ لە کولتووری ئیسلامیدا. ئیبن تەیمییە دیاردەیەکی سەیرە، کە دژی بیت یاخود لەگەڵی دەبێت بزانیت لە هەموو چواردەوری خۆی ڕەخنەی ڕێڕەویانەی قوڵی گرتووە. ئەم میراتە ڕەخنەییەش لەلای دیکارت و ئەزموونییەکان وەکو یاخیبوون دەردەکەوێت. بۆیە بە باشم زانییووە خوێنەری کورد لەم بوارانە شارەزا بێت و سەرچاوەی کوردی بۆیان هەبێت.

فەرهەنگ و پەراوێز

واقیع= کەتوار
واقعی= کەتواریی یان کەتوارەکی
واقعیانە= کەتوارەکییانە
قیاس= پێوەر، پێودانگ

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *