بنکەی پۆلیسە، کاکی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکەی قنج خۆیان گۆڕیوە و بسکەی سمێڵیان دێ. تازە مووچەی مانگی پێش پێشووتریان وەرگرتووە. شار خامۆشە و هەموو شت بەپێی “تەل”ـی دادگا دەسوڕێت. لە سەریانەوە تەرازوویەک دانراوە و ژنێکی چاوبەست گرتوویەتی بە دەستیەوە، لە سەرووی ئەویشەوە وێنەی جووت سەرکردە هەڵواسراوە.
یاریدەدەر: جەناب، باشتر نییە نیشانەی داد و یەکسانی لە سەرووی وێنەی جووت سەرکردەوە بێت؟ چونکە هەردووکیان پارێزەری داد بوون و مەعالیان هەمیشە جەختیان لە دادپەروەری دەکردەوە.
بەڕێوەبەر: من چەند دەتکەم بە “ژێرسک”، کەچی تۆ هەر دەبیتەوە بە “پاڵدو”*! ئاخر نازانی گەر هەردووکیان نەبان، نە ئازادی، نە داد و نە ئەم وڵاتەش دەبوو؟ کوڕە من و تۆش بە کەرەمی ئەوان لێرەین.
یاریدەدەر: ئەها! وەڵڵاهی ئینسان تا دەمرێت هەر فێری حیکمەت و مەنتق دەبێت لە جەنابتەوە. تۆ سەیرکە من چیم بیرچووە! تکایە بمانبوورە بە گەورەیی خۆتان.
بەڕێوەبەر: گرنگ ئەوەیە تۆش بیگەیەنیت، وەکو دەزانیت ئێمە مستی پۆڵایینی دادپەروەرین لەم شارەدا.
لەپڕ غەڵبەغەڵبێک دێت و هەرایەک لە حەوشەی بەردەمیانەوە نزیک دەبێتەوە. هونەر، کە پۆلیسێکی جێگیرە لە بەڕێوەبەرایەتی و خاوەنی بڕوانامەی شەشی بنەڕەتییە، بەو لەشە پتەو و قیافەیەوە ڕێگری لەو حەشامەتە دەکات بگەنە ژووری بەڕێوەبەر. بەڕێوەبەر و یاریدەدەر بە سەرسوڕمانەوە سەیری یەک دەکەن و دەرگا دەکەنەوە.
بەڕێوەبەر: ها هونەر! ئەم گەڕەلاوژێیە چییە؟
هونەر: قوربان، پێنج کەسن دەرەقەتیان نایەم، بە پاڵ منیان هێناوەتە ئێرە.
بەڕێوەبەر: هێی هێی! ئێرە حەمامە یان کاروانسەرا؟ ئەم شاتەشاتە چییە بەم سەبای ساڵحانە؟!
یەکێک دەستی بە خوێنەوە بەرز کردووەتەوە و دەڵێ:
“کوڕە قوربان فریامان کەوە! ئەم سەگە قەپاڵی لێم داوە. هەم هەراسانی کردووم لەبەر ئازارەکەی، هەم دەترسم خوانەخواستە ‘هار’ بووبێت و بمرم و ماڵم وێران بێت… خۆت دەزانیت هەر هیچم لێ نەیەت، من بەرگدرووم و هەموو ئەم شارە دەمناسێ. ئەمە دەستی ڕاستمە و کۆی کارەکانم بەمەوە بەندە.”
لەو لاوە سەگێکی سپیی وەک بەرخ بە دەستی یەکێکیانەوەیە. پاکوتەمیس دیارە و جۆرەکەی لەو سەگانەی کۆڵانی قەسابان ناچێت، یان لەوانەی لای مەڕوماڵات کە هەوشار و پشدەرن. ئەمە بچووکتر و لوولە و پەرچەمی چاوەکانی بە ئاستەم دەرخستووە.
بەڕێوەبەر (سەیری بەرگدرووەکە دەکات):
“هێواش هێواش! دەتناسمەوە، تۆ کاکە سایبی بەرگدرووی. ئادەی ئەو سەگە.. دەی بیهێننە ژوورەوە! بانگی لێکۆڵەر بکەن با دۆسییەکەی بۆ بکەمەوە و تەربیەتی خاوەنەکەی بدەم. بیکەم بە پەند بۆ ئەوانەی وا دەزانن ئەم شارە بەرەڵڵاخانەیە و رۆڵەکانی خزمەتکاریانن. وەڵڵا خۆشە! لە ژێر چاودێریی مندا و لە پەنای مندا سەگ بەردەنە گیانی کاسبکارێک و کابرایەکی وەک جەنابت کاکە سایب!”
بەڕێوەبەر سایب ئەفەندی دەناسێت. زۆری حەز لەوەیە بەشکم بەم بۆنەیەوە قاتێکی رانکوجۆغەی مەرەزی بۆ چێ بکات. دیاری بە بەرتیل هەژمار ناکرێت. دەی ئەوە ڕۆژی ئاڵا و شەوی بەرات و یادە مەزنەکە هەمووی لە پێشە.
یەکێک لەوانەی پشتەوە دەڵێ: “بەس قوربان ئەمە بەرەڵڵا نییە، ئەو ڕۆژە لای ماڵی براگەورەی پارێزگار بینیم.”
یاریدەدەر (بە تۆزێک ترسەوە): “براگەورەی پارێزگاری خۆمانە؟!!”
ڕەنگی بەڕێوەبەر دەگۆڕێت.
بەڕێوەبەر: “ئێ کاکە سایب، تۆ پیاوێکی کاسب و ماشەڵڵا ڕیشت سپییە. مەعقوولە خۆت خستووەتە ئاستی ئەم سەگە؟ نەدەکرا لێی بگەڕێیت بۆ خۆی؟ یانی سەیری بکە، لەو دەموچاوە بێتاوانە و لەو لەشە خورینە بچووکە چۆن زیان دەدات؟ دیارە خۆت شتێکت لێ کردووە!”
سایب: “ئاخر جەناب!!!”
بەڕێوەبەر: “بەس بەس! ئاخر و ماخری ناوێت. دەستت بپێچە. یان عەزیەت مەکێشە، بڕۆ بۆ لای هەر برینپێچێک بۆت دەپێچێت. یاخود هەویرێکی بخەرە سەر، بەخوا ژەهریشی تێدا بێت دەیمژێت.”
یەکێکی پیادە دەڵێ: “نا جەناب وا نییە. من سەگەکەی براگەورەی پارێزگاری شەریفمان دەناسم. ئەو تۆزێک بچووکترە و تووکی وا لوول نییە.”
بەڕێوەبەر (ڕووی گەش دەبێتەوە): “کەواتە کاکە سایب مەڕۆ بۆ لای کەس. هەروا بە برینەوە بوەستە با دۆسییەکە هەمووی بنووسین. سەیر سەیری ئەم بەرەڵڵاخانەیە! شەرتبێ وای لێ بکەم خاوەنەکەی ببێتە پەند. دیارە ئەمە لە ئەوروپا هاتوونەتەوە و بە خەیاڵی خۆیان لێرە شار بێ حاکمە. زۆر زۆر سەهوەن!”
هونەر دەڵێ: “وەڵڵا جەناب من خۆم ئەمەم لە ماڵی سکرتێرێکی مەکتەبی جەنابی سەرۆک بینیوە. بەو نیشانەیەی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لە داوەتەکەی کوڕ و برازای سەرۆک، کە هەردوو سەرۆک و سەرۆکەکانی تریش لەوێ بوون، ئەم لەو ناوە یاری دەکرد. بەخوا خۆم بینیم بانگیان دەکرد: چیچۆ … چیچۆ.”
ڕوخساری بەڕێوەبەر دەشڵەژێت و ئارەقەیەک دەسڕێت.
بەڕێوەبەر: “وەکو وتم کاکە سایب، هەر شتێک خوا نەیکردبێت بە قسمەت، نابێت. تۆش گەر هار بوایە خوانەخواستە یان نەخۆش بوایە، ئەوە ئێستا لە هۆشی خۆت دەچوویت. ئینسان ناکرێت ئەوەندە لەسەر شت بکۆڵێتەوە. هەفتەیەک پشوو وەربگرە، لەگەڵ خێزانت بچۆ بۆ سەیران، بۆ ماڵە خزمان، سەردان گرنگە ها… یان بڕۆ ماوەیەک لە باخی خۆت دوور لە ژاوەژاوی ئیش و شار بژی. بە شەرفم هەر نازانیت چۆن چاک بوویتەوە. کوڕە جەنابی قائیدی گەورە، نۆ دانە فیشەکی پێوەیە و ماشەڵڵا دەڵێی ئاسکە لە تەلەفزیۆن. قەپاڵی سەگ هەر شەربەتە و کەفارەتی گوناحە ئینشائەڵڵا. بڕۆ خوات لە گەڵ!”
ڕووی دەکاتە هونەر: “هونەر بڕۆ ئەوەم بۆ بێنە… شیچۆ.”
هونەر: “نا گەورەم بە چ و چیچۆی ناوە.”
بەڕێوەبەر (بە نازەوە): “ئەڵڵا وەرە چیچۆ … چیچۆ گیان!”
پەراوێز:
*پاڵدو: قایشی پشتەوەی زین و کورتانە، کە دەکەوێتە ژێر کلکی وڵاخەوە لە خوارووی کۆمیانەوە. لە کوردەواریدا قایشی ژێرسک بۆ پتەوی و جێگیری دەهێنرێتەوە، بەڵام “پاڵدو” وەک دەستەواژەیەک بۆ کەسی ماستاوچی، هیچ لەبار، یان پاشکۆ بەکاردێت.

وەڵامێک بنووسە