هایدگەر ئاگادارمان دەکاتەوە لە سامانی تەکنەلۆژیا

پێشەکی

لە سەردەمی سێلفی و ژیریی دەستکرد، فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدگەر (١٨٨٩-١٩٧٦) ئاگادارمان دەکاتەوە لە مەترسی: زانست لە ڕۆڵی وەک ئامرازێکی زانیاری تێپەڕاندن، بووە بە ئامێرێک، کە مرۆڤ خۆی هەڵدەلووشێت! ئەو بەڕوونی پێمان دەڵێت: ئاگاداربن، زانست و تەکنەلۆژیا دەیانەوێت مرۆڤ بکەن بە کاڵا

  • چۆن ئەمەش ڕوویدا؟
  • چی چارەسەرەکەیە؟

وەڵام لە شیکاری قوڵی گیرت سکۆبڵە ”بەرنامە و وتارەکەی، کە لە کەناڵی ٣ــی ئەڵمانی پێشکەشی کردووە”. هەمان کات بۆچوونی خۆم دەخەمە پاڵیان وەکو یارمەتییەک بۆ ڕوونکردنەوە.

یەکەم: ڕەخنەی بنەڕەتی هایدگەر لە زانست

بۆچوونەکە:

زانستی نوێ چیتر هەوڵ نادات بۆ تێگەیشتن لە جیهان، بەڵکو دەیگۆڕێت بۆ “کۆگایەک” (Bestand) بۆ خزمەتکردنی تەکنەلۆژیا. واتا بەریەککەوتنی زانست لەگەڵ مرۆڤدا دوو بێگیانە نەک بوون و وابەستەیی پەرەسەندووی هەردوولا

Das Gestell ist das Wesen der modernen Technik. Es stellt die Natur als Bestand vor die Verfügung.

بەکوردی: چوارچێوەی ئامادەکراوی (زۆرم هەوڵداوە ئەو وشە ئەڵمانییە بکەمە کوردی) جەوهەری تەکنەلۆژیای نوێیە. سروشت وەک کۆگا لەبەردەست دادەنێت.

بەڵگەکان:

  • چەمکی “” (Gestell): ئەمە “چوارچێوەی ئامادەکردن”ە کە هەموو شتێک (سروشت، مرۆڤ، بیرکردنەوەکان) دەگۆڕێت بۆ سامانی ژمارەکراو و بەکارهاتوو.

سەرچاوەکان:

  • هایدگەر لە وانەبێژیەکەی “پرسیار لەسەر تەکنەلۆژیا” (یەکەم جار لە برێمن ١٩٤٩بڵاوکراوەتەوە): “زانستی نوێ، گەردوون دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی… تەنانەت مرۆڤەکان بوون بە ‘سەرمایەی مرۆیی’ کە وەک باقی سامانەکان بەڕێوە دەبرێن.”

دووەم: کارەساتی “لەبیرچوونی بوون”

بۆچوونەکە:

زانست پرسیارە بوونیەکان (واتای ژیان، مردن، ئازادی) دەکوژێتەوە و جێگرەوەیان بۆ دادەنێت بە هاوکێشەی بیرکاری. واتا چیتر ئەو زانستە ” ئەنتلۆژی” مرۆیبوونیمان تێناگات، بەڵکو چەند داتا و پێدانی ژمارەییان هەیە بە کەڵک بێت.

هایدگەر هەستی دەکرد، کە زانستی سەردەمی خۆی (مەبەست ئەو زانستەی، کە لە کاری نیوتن و دیکارتەوە هاتووە) شتێکی گرنگی لە دەست داوە. ئەو دەیگوت: “ئێمە فەرامۆشمان کردووە بپرسین ‘بوون’ چی یە؟ ”

بەڵگەکان:

  • هایدگەر: سەرقاڵبوونی زانست بە “چۆن” (How) پرسیاری “بۆچی” (Why) دەشارێتەوە. لێرەشدا تەواو دژی کرۆکی ”بۆ” وەکو یەکەم دەرپەڕیوی هزری ئێمە لاواز و لاکوت دەکات

سەرچاوەکان:

  • کتێبی “بوون و کات” (زانکۆی فڕایبورگ، ١٩٢٧): “زانست جیهان کورت دەکاتەوە بۆ شتە جیاکراوەکان و پرسیاری بوون دەشارێتەوە.””

سێیەم: پێکدادانی نێوان دوو جۆر بیرکردنەوە

بیرکردنەوەی زانستیبیرکردنەوەی ورد (هایدگەر)
حیسابی/هەژمارەیی: جەخت لەسەر کارامەیی و کۆنترۆڵ بوونی: پرسیار لەسەر جەوهەری/کرۆکی شتەکان
نموونە: ئەلگۆریتمەکانی “تیک تۆک” سەرنج دەگۆڕن بۆ کاڵانموونە: فەلسەفە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیار: “واتای چییە مرۆڤ بیت؟”

سەرچاوە:

  • سکۆبڵ لە ڤیدیۆکە: “زانست پرد دروست دەکات، بەڵام فەلسەفە بیرمان دەخاتەوە: بۆ کام ئاراستە دەڕۆین؟” کە پرۆفیسۆر و پێشکەشکارێکی ئەم سەردەمی هزر و فەلسەفەی ئەڵمانییە
  • زانای کۆمەڵایەتی “هارتموت ڕۆزا” (٢٠٢٣): “خێراکردنی تەکنەلۆژیا ‘ئەزموونە قووڵەکان’ دەدزێتەوە لێمان، کە واتا بە ژیان دەدات.”

چوارەم: مرۆڤ قوربانی “چوارچێوە ئامادەکراوەکانە”

بۆچوونەکە:

تەکنەلۆژیا تەنها بەسەر سروشتدا دەسەڵات نادات، بەڵکو مرۆڤ خۆشی گۆڕی بۆ “سامان”. واتا بە قورسایی چالاکی کلیک و شوێنپێت لە ئەپ و گەڕانەکاندا تۆ گرنگیت. یەکێک لە وابەستەکانی ئەمە ”ژینگەی فڵانە کۆمپانیا” یاخود ئەوەی پێی دەوترێت ”ئەپڵ ئیکۆ سیستەم/گووگڵ ئیکۆ سیستەم ..هتد”

“Die Technik ist nichts Technisches. Sie ist eine Weise der Entbergung.”

بە کوردی: تەکنەلۆژیا شتێکی تەکنیکی نییە. ئەو شێوەیەکی دەرخستن/دەرکەوتنە.

بەڵگەکان:

  • هایدگەر: مرۆڤەکان بوونە “پارچە یەدەگ” لە ئامێری سەرمایەداری نوێ. لێرەدا زلەکۆمپانیاکان هەمیشە جێگرەوەیان بۆ ”مرۆڤی ڕابردوو یا کڕیاری پێشوو” هەیە.

پێنجەم: ڕەخنەی سکۆبڵ لە هایدگەر (لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکان)

لایەنە ئەرێنیەکانلایەنە نەرێنیەکان
✅ پێشبینی قەیرانی ژینگە و زیرەکی دەستکردی کرد❌ زاراوەکانی تەماوین (وەک “Gestell”)
✅ مەترسی “کورتکردنەوەی مرۆڤ”ی دەرخست❌ چارەسەرەکانی تەماوین (“چاوەڕوانی خوودایەکی نوێ دەکات یا دەڵێت ؛؛مەگەر خودا”)
✅ پرسیارەکانی لە سەردەمی “مێتا و ئەلفا” دروستن❌ مێژووی ڕەشی لەگەڵ نازیەکان متمانەی لاواز دەکات. هەرچەندە لای بەندە ‘سیامەند” لاوەکین

سەرچاوە:

  • سکۆبڵ لە بەرنامەکە: “هایدگەر تاریکی تەکنەلۆژیمان ڕووناک دەکاتەوە. بەڵام چرایەکەی تەماوی یا لێڵە!”
  • فەیلەسوف “یورگن هابەرماس” (٢٠٢٠): “ڕەخنەی هایدگەر ڕاستە، بەڵام چارەسەر لە چاوەڕوانی نییە، بەڵکو لە دیموکراسییەتیکردنیەتی، کە تەکنەلۆژیا یاسایی و مرۆیی دەکات.”

پووختە ”خوڵاسە”

حەفتا ساڵ پێش ئەمڕۆ، فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدگەر ئاگادارکردنەوەیەکی قووڵی لەسەر مەترسیەکانی تەکنەلۆژیای بێسنوور داوە. ئەمڕۆ لە سەردەمی ژیریی دەستکرد و هەوری دیجیتاڵی، ئاگادارکردنەوەی ئەو لە هەر کاتێکی تر ڕاستترە. ئەگەر زانست بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی تەکنەلۆژیای کوێر، هەموومان دەبینە “داتا” لە هەورێکی دیجیتاڵی گەورەدا. ژیانی ڕۆژانەمان بەسەر ئەلگۆریتمەکانەوە شکاندۆتەوە، هەستەکانمان بە ئامارەدەکرێن و دەخرێنە ناو گۆڕەپانی زانیاری. مرۆڤایەتیمان بە بنکەیەکی داتا خوێندنەوە شێوەی گرتووە.

لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم قەیرانە، هایدگەر بانگمان دەکات بۆ “بیرکردنەوەی ورد” وەک ڕزگارکەر. ئەم بیرکردنەوەیە پێچەوانەی بیرکردنەوەی تەکنیکی-حیسابیانە، کە بەسەر ژیانی ئێستامان زاڵ بووە. بیرکردنەوەی ورد بەو مانایە، کە بوەستین، پرسیار بکەین و ڕەتی بکەینەوە. هایدگەر پێشنیاز دەکات، کە ژیانمان کورت بکەینەوە بۆ هاوکێشەیەک نەک وەک پاشگەڕانەوەیەکی خام، بەڵکو وەک دۆزینەوەی توانای مرۆڤانە بۆ پەیوەندیکردنی ڕاستەقینە لەگەڵ جیهان.

بەڵام ئەم وەستانە لە پرسیارێکی سەرزەنشتکارانە دەچێت: ئایا گوێ دەگرین پێش ئەوەی دەرفەت لەدەستمان بچێت؟ یا دەکرێت، کە ئەسڵەن هەر لەدەست چووبێت؟ ئێمە لە ڕێگای دوو ڕادا وەستاوین: یان دەتوانین هێشتا بژاردەی بیرکردنەوەی ورد بکەین، یان دەتوانین بەردەوام بین لە خۆئاواکردن و بوون بە ئامرازی تەکنەلۆژیا. ئایندەی مرۆڤایەتی لەوانەیە بەندبێت بەوەی، کە ئایا دەتوانین فێربین چۆن بە ئەقڵی خۆمان بیر بکەینەوە پێش ئەوەی، کە ئەمانە بە کۆدی کۆمپیوتەری بدرێنە شوێن و داتا سەنتەرێک. کات بە خێرایی تێدەپەڕێت، و هەر پاشکەوتنێک دەکرێت گەورەترین شکست بێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئەو دەمە، هەموو شت زۆر زۆر درەنگ بێت و کاڵەک بە ئەژنۆ بشکێنین!

سەرچاوەی زیاتر

  1. ڤیدیۆی سکۆبڵ: Heidegger und Wissenschaft
  2. هەندێک وتار و کتێبی عبدالرحمن بەدەوی (دەربارەی بوونیمان لەم سەردەمە)

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *