نوسینی: حەسەن خۆشناو
بە ماددیبوونی ناسنامەی عومەر فەقێ لە ڕەوتی شیکاریی هەڵوەشاندنەوەدا
دەرکەوتەی نوێی عومەر فەقێ وەکوو «هەبوو» و بەرکەوتنی لەگەڵ ڕووداوێکی هەلومەرجی و هەنووکەیی، دەرکەوتنی خودی ناسنامەی عومەر فەقێیە؛ واتە هەر خودی دەرکەوتنەکە ناسنامەکەیە، کە بونیادە لەسەر بنەمای گوتار و خواستنەکانی (Metaphors) سەبارەت بە نیشانە ڕاستەقینەکان و دروستبوونی میکانیزمی «وشە بابەتییەکان بەرەو بەخودبوونی وشەکان».
لە درێژەی گوتاری عومەر فەقێدا، دوو جۆر نموونەی بەشەکیی کۆمەڵایەتیی خۆی دەنوێنێت:
- ڕەوتی دژبەیەکیی (Paradoxical) گوفتاری.
- وشە بەرزونزمییەکان لەسەر ناسنامەی تاک و کۆمەڵ وەکوو «هەبوو».
دروستکردنی واتامەندی لەسەر بوونی خودی وەکوو کرۆکی ڕەها و بڕیاردانی ڕەها، بەو پێیەی ئەو هەڵیدەسەنگێنێت. عومەر فەقێ و سەدام حوسێن وەکوو دوو تەواوکەری لەیەکتربەرهەمهێنانەوەن؛ لە غیابی کەسی دووەمدا (مەبەستمان سەدامە)، بەرهەمهێنانەوەیەکە کە بە جۆرێک مەترسیی لەگەڵە؛ مەترسییەک کە بنەماکانی بەعسیزمی لەگەڵ نییە، بەڵام ڕێگەخۆشکەری دروستبوونی تیرۆری هزرییە لە شێوەیەکی نامۆی نوێگەریدا (Modernity) کە بۆ من نوێیە و تازە سەروکارم لەگەڵیدا دروست دەبێت.
وەرگەڕان و ئایندەگەریی ڕابردووخواز
وەرگەڕانی (Metamorphosis) عومەر فەقێ لەناو مانا نوێیەکان و وەکوو دوو بەرکەوتەی ڕووداوی جیاواز:
- یەکەم: ناسنامەی گریمانەیی (Virtual).
- دووەم: کۆناتۆسێکی (Conatus) «دڕ» کە پەلاماردانێکی لەگەڵدایە.
دەرهاویشتەی ئەو ئایندەگەرییە ڕابردووخوازەیە (Retrofuturism) کە ڕابردوو دەهێنێتە ناو ئێستای من و ئێستای تۆ و ئەوانی تر. بۆ عومەر دژکارە لەگەڵ ئەو ئێستایەی کە هەر بۆ خودی خۆی یۆتۆپیایە و چاوەڕواننەکراو بوو بۆ ئەو، بەڵام کە ڕێژەیەک لەو یۆتۆپیایەی عومەر بەکردەیی بوو (Actualized)، دواتر بوو بە «سەگی هار»! نازانم ئەمە پرسیارە یاخود ئارگومێنتێکە هێناومەتەوە وەکوو پرسیار خۆی دەخاتە ڕوو؟
عومەر فەقێ وەکوو بکەری «سەگی هار»، دروستکردن و هێنانوبردنی واقیعێکی پاسیڤی وەهمییە کە خۆگونجێن و پێوەرکارییە (Normative) بە عەقڵی کوردی و وەکوو ماکینەیەکی خۆبەرهەمهێنانەوە وایە.
کات و ساتی دیار نییە و وەکوو «کارکردێکی هەمیشەیی» چالاکە و بەرجەستەبوونە (Embodiment). بەرکەوتەسازی و دەرهاویشتەکانی عومەر هەمووکات وەکوو ڕووداوێک خۆی نیشان دەدات کە حەقیقەتگەلێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ بونیادێکی «مرۆڤئاژەڵی» لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
نموونەیەکی «ئالان بادیۆ»م بیرکەوتەوە کە وێنای دارستانێک دەکات کە گڕگرتنی دارستانەکە زۆر پێشبینینەکراوە، بەڵام کە گڕگرتنەکە ڕوو دەدات و وەکوو ڕووداوێک دەردەکەوێت، حەقیقەتگەلێکی «بەخودبوون/بەبکەربوون» (Subjectivization) دروست دەکات بۆ مانەوە (مانەوەی هەمیشەیی). کەواتە عومەر و ویستی سەدام دۆخێکی «سۆسیۆ-سیاسیی سادیزمییە» کە ڕابردوویەک دەخوازێت و دەهێنێتە ئێستا، کە لە ڕابردوودا ئەم خوازیارە نەمانی خودی ڕژێمەکە بوو. عومەر دروستکەری شوێنگەیبوونی جۆرێک لە واتامەندییە، وەکوو ئەو شیکارییە ئارکیۆلۆژییە سێکسییەی «میشێل فۆکۆ» وایە کە باسی ڕژێمی یۆنان دەکات.
فەرهەنگۆکەی زاراوەکان
| زاراوەی کوردی | زاراوەی ئینگلیزی | مانا / تێبینی |
| بکەر | Subject | ئەو لایەنەی کە کارەکە ئەنجام دەدات یان خاوەن ناسنامەیە. |
| بابەتی | Object | ئەو لایەنەی کە کارەکەی لەسەر دەکرێت یان وەک ماددە دەبینرێت. |
| خواستنەکان | Metaphors | بەکارهێنانی وشە لە مانایەکی تردا بۆ نیشاندانی لێکچوون. |
| دژبەیەکی | Paradoxical | بوونی دوو لایەنی دژبەیەک لە یەک کاتدا. |
| نوێگەری | Modernity | دۆخی نوێبوونەوە و سەردەمی مۆدێرنە. |
| وەرگەڕان | Metamorphosis | گۆڕانی شێوە یان سروشتی شتێک بۆ شتێکی تر. |
| گریمانەیی | Virtual | شتێک کە لە واقیعدا نییە بەڵام کاریگەرییەکەی هەیە. |
| کۆناتۆس | Conatus | مەیلی سروشتی شتێک بۆ بەردەوامبوون لە مانەوەدا. |
| ئایندەگەریی ڕابردووخواز | Retrofuturism | وێناکردنی داهاتوو لە ڕێگەی دیدگایەکی ڕابردووەوە. |
| بەکردەیی بوو | Actualized | گۆڕان لە ئەگەرەوە بۆ بوونێکی ڕاستەقینە. |
| پێوەرکاری | Normative | ئەوەی پەیوەندی بە پێوەر و یاسا جێگیرەکانەوە هەیە. |
| بەرجەستەبوون | Embodiment | بوون بە جەستە یان دەرکەوتنی بیرۆکەیەک لە شێوەی ماددەییدا. |
| بەخودبوون | Subjectivization | پڕۆسەی دروستبوونی خود و بوون بە بکەر. |

وەڵامێک بنووسە