پێشەکی
“دەوڵەتی تەواو ڕەسەنی ئیسلامی لە مێژوودا هەرگیز بوونی نەبووە، کە هەموویان لەم سەدەیەدا لەگەڵی کۆک بن. تەنیا خەونێک بووە، کە دەسەڵاتداران بەکاریدەهێنن بۆ بەشەرعیکردنی جەور و جەفای خۆیان”
کاتێک تالیبان لە ساڵی ٢٠٢١ کابولیان گرت، زۆرێک پێیان وابوو، کە خەونێکی هەزار ساڵەی ئیسلامی هاتووەتە دی. بەڵام دوای سێ ساڵ، ئەم “دەوڵەتە ئاینییە” لە قەیرانی ناسینەوەی نێودەوڵەتی و کەمبوونەوەی دارایی و خۆپیشاندانەکانی ژناندا تەژی بووە. ئەمەش پرسیارێک دەخاتە بەرچاو: ئایا دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئاینی لە سەردەمی هاوچەرخدا مەحاڵە؟ یا دەشێت و بۆ نا؟
لەمپەرە سەرەکییەکانی بەر دەوڵەتی ئاینی
١. کێشەی سنور: جیهان چۆن بە “جیهادی فتح” دەپێورێت
لە تیۆرییە کلاسیکییەکانی یاخود ڕەسەنەکانی سەلەفی ئیسلامدا، جیهان دابەشکراوە بەسەر:
- دارالإسلام (زەوییەکانی موسڵمانان) لێرەشدا پرسیارە، بە نمونە ئێران و ویلایەتی فەقیھ، سوننە بە ”ئیسلام” دەزانێت لە ئەسڵدا؟ یاخود پێچەوانەی ئەوانەی ڕەقە و موسڵ، ئەسڵەن سوننەکانی ئەوێیان بە ”موسڵمان” دەزانی یا دراوسێکانیان؟
- دارالحرب (زەوییەکانی کافر) هەمان کێشەی سەرەوە. لەلای شیعەی ١٢ ئیمامی، گەر لەگەڵ ئیمامە و وەلیبوون نەبوویت ”ناصبیت”. لەمەی پێچەوانەشیان تۆ گەر موسڵمان و سوننە و حەنبەلی ئسوڵیش بیت، بەڵام ”قعود” کردووە و زیانی. واتا گڕ گڕ هەمان بازنەی ”کوفریت”.
- دار المركبة (دەوڵەتی تێکەڵە، کە تایبەتە بە کاتی مەغۆل و فەتوای ئیبن تەیمیە) ئەمەیان دەشێت. بەڵام وەکو دەبینین توندترین گرووپەکان شێخی ئیسلامیان کردۆتە چەک. هەمان کات نەرمونیانەکانیان وەکو سەلەفییەکانی میسر یا ”مەدخەلییەکان” . شێخی ئیسلام بۆ تەئسیڵکردنی ڕانەبوون دژی حاکم بەکاردەبەن. واتا بابەتەکە تەواو ”تەئویلییە” و شیکارەکییە.
بەڵام لە سەدەی ٢١دا:
- یاسای نێودەوڵەتی سنورەکان نەگۆڕن بەشێوەیەکی گشتی
- هەوڵی فراوانبوون شەڕی ناوخۆیی دروست دەکات (وەک لە سووریا، ئێراق)
- نمونەی داعش نیشانیدا، کە جیهانی مۆدێرن ڕێگە بە فراوانبوونی ئاینی نادات
عەرەبستانی سعودی و ئێران سەڕەڕای خۆبەڵێنەدانی خۆیان وەک دەوڵەتی ئاینی، هەرگیز سنورە نێودەوڵەتییەکانیان نەگۆڕیوە. هەمیشە خواخوایانە لەگەڵ ڕۆژئاوادا تەریب بن نەک دژ.
٢. پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: کێشەی خۆناساندن
هیچ دەوڵەتێکی ئاینی لە مێژووی هاوچەرخدا نەیتوانیوە:
- پەیوەندییە بازرگانییە ئاساییەکان دروست بکات لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا
- لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداربێت
- باڵێوزی فەرمی لە واشنتۆن، لەندەن و بەرلین هەبێت
نمونەی ئێران:
- پەیوەندی تەنیا لەگەڵ کۆمارییە دیکتاتۆرییەکان و ئەوانی تر ”بەسنوورداری”
- ئابڵوقەی ئابووری لەلایەن ئەوروپاوە بێجگە لەلایەن ئەمریکاوە
- کەمبوونەوەی دراو بە ٤٠٪ لە ماوەی ٥ ساڵدا هەروەها بەراورد بە ١٩٧٩ لە دەیان سەدی زیاتر
٣. سیستەمی دارایی: کێشەی ڕیبا لە جیهانی سەرمایەداریی
گەورەترین بەربەستەکان:
کێشە | لە تیۆریدا | لە کردارەکیدا |
---|---|---|
ڕیبا (سوود) | حەرامە | بانکەکان بە “خزمەتگوزاری” ناوی دەبەن. خومسیش دەبات |
هەڵاوسان | نابێت هەبێت | ئێران بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی جیهانی هەیە (٤٥٪) |
کرێی دارایی | نادیارە | عەرەبستانی سعودی کرێی زەوی دەستکاری دەکات |
“بانکی ئیسلامی” لە مالیزیا و میسر سەرکەوتوو بووە، بەڵام تەنیا لە ئاستی تاکەکەسی کاردەکات نەک لە ئاستی دەوڵەت
٤. فرەیی عەقیدەیی: سوننە، شیعە، وەهابی…
هیچ دەوڵەتێکی ئاینی ناتوانێت هەموو بوارەکانی ئیسلام ڕازی بکات:
- سعودیە: تەنیا فەرمانڕەوایی وەهابی، کەچی ئەویش بەزۆر تێبینیەوە
- ئێران: تەنیا شیعە دەناسێت و تەنیا لە چوارچێوەی ویلایەت
- تالیبان: سوننەن بەڵام ئەوش بە بنەڕەت و دەستکاری زۆرەوە
لەم نمونانەی سەرەوە بۆ تاکێکی موسڵمانی خواناس، هەرکات بکەوێت سەر وردەکاری دەبنە کێشە بۆی. نمونەمان لە عەباسییەکانەوە هەیە، کاتێک موعتەزیلە، کە گوایە زۆر کراوە و نەرمن. هەرچی حەنبەلی و ئسوڵی بوو ڕاویان نان. لە هەوڵی زیندانیکردن و لەناوبردنیان نەکەوتن. عوسمانییەکان و چەوسانەوەی موسڵمانانی ژێردەستیان، کە ئەوانیش نەک سوننە بوون زۆربەیان، بەڵکو هەمان مەزهەبی عەقەدی و فیهی خۆیان هەبوو. گەر بچینە سەر ژماردن و نزیککردنەوە، ئەوە پێش عەباسییەکان و ململانێی بەنی زوبەیر، بەنی ئومەیە و خەواریج و شیعەی چەکداری تەژین.
مێژوو وێنە دەکێشێت:
- شەڕی عوسمانی-سەفەوی (١٥٠١-١٥٥٥) بەهۆی جیاوازییەکانی سوننە-شیعە
- ناکۆکی هاوچەرخی سعودی-ئێران لە یەمەن و عێراق
٥. کێشەی کەمینەکان: جزیە یان دیموکراسی؟
لە دەوڵەتی ئاینی هاوچەرخدا:
- جزیە وەک “تەبعیض” لە قەڵەم دەدات
- مەزهەبەکانی تر و بیروڕاکانی بێجگە لە مەزهەبی حاکم پلە دوون یا سێ
- مەسیحی و جووەکان وەک هاوڵاتیانی پلە سێ یا خراپترن. ئەوانەی تر وەکو عەلەوی و یارسانی و ئێزیدی غەیرەن ئەسڵەن
- ژنان لە زۆربەی بوارەکاندا سنووردارکراون هەمان کاتیش پیاوان. واتا کێشەی خودی ڕەگەز لە هەردوولا بەپێی بەرەنگاری دەپێورێن
نمونەی تالیبان:
- ژنان قەدەغەکراون لە خوێندنگا و کار
- پیاوانیان ئەوەی بڵێ لەل هەمان شت سڕدراوەتەوە
- کەمینەکانی هەزارە و ئوزبەک بێدەنگکراون
- هاوڵاتیانی پەشتووی ناکۆکیان کۆچ دەکەن
نمونەکانی هاوچەرخ: سەرکەوتن یان شکست؟
دەوڵەت | سەرکەوتن ”بەتێبینەوە” | شکست |
---|---|---|
ئێران | سیستەمی خۆڕاگر/مقاوەمەت | خۆپێشاندان، گەمارۆ |
تالیبان | کۆنتڕۆڵی سەرەکی | ناسینەوەی نێودەوڵەتی نییە |
سعودیە | پەیوەندییە بازرگانییەکان | جیاکاری دژ بە شیعە |
مالیزیا نمونەیەکی سەرکەوتووە: دەوڵەتێکی مەدەنی، کە یاسا ئیسلامییەکان تەنیا لە کەس و خێزان جێبەجێ دەکات
تەئویل/تەفسیر وەک بکوژی هەموو ڕاکان
بەدەر لە هەموو ئەو وردەکارییەی باسمان کردووە. دانەیەکی تر هەیە وەکو خۆرە و مڵە لەسەردەمی خەلافەتی ڕاشدینەکانەوە. واتا هەر لە فیتنەی زەکات/ڕددەوە تاکو هەنووکە وەکو بەڵا و ئافات لەناومان دەبات، ئەویش ”تەئویل و تەفسیرە ”ئیجتیهاد.
یانی بێنە بەرچاوت لەو کوردستانەی، کە کۆمەڵگەیەکی زۆر یەک ڕەنگی سوننەی شافیعی و تا ڕادەیەک زۆر سەلامەتن. کەچی تەنها لە نێو ١٠ هەزار سەلەفییەک بەنمونە، تۆ هیچ نەبێت ١٥ گرووپت هەیە. هەریەک بەوەی تر دەڵێ: ئەوانە بیدعەن، ئەوانە ساختە دەکەن، ئەوانە مودەلیسن و لە کۆتایشدا فڵان ”مەدخەلی” و ئەوانیش بەمان دەڵێن ”گومڕان”. جا ئەوە نێوەندنی نێوان ئەو ئیماندارانەی نێو حیزبە ئیسلامییەکان دژ بەم کەمینە سەلەفییە هەر لێی گەڕێ. کاتێک لە بەرنامەیەکی دەکەونە بەرامبەر یەکتر، ئەوە پێویستیان بە ناوبژیوانی نێو دەوڵەتی هەیە. هەمان کات هەر یەک بە گوێرەی مەلای مزگەوتەکەی بۆی دەڕوات ڕای خۆی هەیە. دیارە ئەمانە گەر سەر بە هیچ حیزبێک و گرووپی ئیسلامی نەبن. یانی یا لە نێو پدک/ینک بن یاخود لە هێزەکانی بەرامبەر دەسەڵات.
بۆیە تۆ مەحاڵی مەحاڵە، کە بتوانیت لەسەر هەر پێناسەی سجود و ڕکووع ڕای هەموویان یەک بخەیت، نەخوازە بێتە سەر ڕوئیای دەوڵەت و داهاتوو. لە کۆتایشدا ئەوەندەی موسڵمان لەناوچووە لە مێژوودا تاکو ئەم گۆڵمەزانەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران و کەنداو، هەرگیز ئەوەندە ناموسڵمان و ئاینەکانی تر تەفروتونا نەبوون. بۆیە حەقی خۆیەتی بڵێم ”ڕای جیاواز” لە نێو شیکار بۆ دەق و میراتی ئیسلامی بە ئارەزوو و تێگەشتنی لایەک، باشترین سەرچاوەی فیتنە و شەڕانگێزییە. هەر جارەی برادەرێک دەیوت: گەر دەتەوێت ئەم وڵاتانە تێکدەیت، دیکتاتۆرەکەی سەریان لابە و بڵێ خۆتان ڕێککەون ” هەر سوریا و ڕووداوەکانی ئەم چەند مانگەی نزیکترین بەڵگەن”.
ڕێگە چارەسەرەکان: دەوڵەتی مەدەنی بە کەلەپووری ئاینی
پاش شکستی هەموو هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئاینی، شێوازێکی کردارەکیتر پێشنیارکراوە:
- دەوڵەتی مەدەنی بە یاسای گشتی بۆ هەموو هاوڵاتیان
- سیستەمی دووڕەیی یاسایی:
- یاسای مەدەنی بۆ بازرگانی و کولتوور
- یاسای ئیسلامی بۆ کەس و خێزان (هاوسەرگیری، میرات)
- ڕێزگرتن لە هەموو کەمینەکان:
- مافی یەکسانی بۆ ژنان
- ئازادی ئاینی بۆ نا موسڵمانان
- پەیوەندییە نێودەوڵەتییە ئاساییەکان:
- پەیوەندی بازرگانی
- بەشداری لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
“ئیسلام دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەخلاقی بینێت لە کۆمەڵگا، بەڵام نابێت ببێتە دەسەڵاتی سیاسی” – عەبدولکەریم سوروش
کۆتایی: خەون یان واقیع؟
لە کۆتاییدا، دەوڵەتی تەواو ئاینی لە سەدەی ٢١دا مەحاڵ دیارە. نەک بۆ جیهانی دەرەوە، بەڵکو خودی ئاینەکە خۆی و دەبیتە چەوسانەوەی هەرچی ناتەبایەتی لەڕووی عەقیدە و مەزهەبەوە. دیارە هەمان شت بۆ جیهانی کۆمەنیستانە و نەمانی سنورەکانی نێوان کرێکاران و دەوڵەتی چوارپارچەی کوردستان …هتد هەمان چەڵەمەیان هەیە، کە دابڕاون لە ”واقیع”. نمونە هاوچەرخەکان نیشان دەدەن، کە دەسەڵاتداران دوو هەڵبژاردنیان هەیە:
- خەون بینین و ڕووبەڕووی ئابڵوقە و جیابوونەوەی کۆمەڵگا بوونەوە (وەک تالیبان، ئێران، دەوڵەتی بەناو شام و ئێراق لە ڕەقە و موسڵ)
- یان کەڵک وەرگرتن لە ڕاستییەکان و پەرەپێدانی سیستەمێکی مەدەنی، کە بەها ئیسلامییەکان لەخۆدەگرێت (وەک مالیزیا)
“ئیسلام دەتوانێت ڕێنمایی بکات، بەڵام نابێت ببێتە کۆت و زنجیر” – مەحموود محەممەد تەھا
ئایا تۆ پێت وایە دەوڵەتی ئاینی لە سەردەمی ئێمەدا دەگونجێت؟ بیروڕای خۆت لە کۆمێنتەکاندا باس بکە!
هەندێک پاڵاوتن بۆ خوێنەر:
- پێتان وایە کوردستان دەتوانێت دەوڵەتێکی ئاینی دروست بکات؟
- ئایا یاسا ئیسلامییەکان دەتوانن لەگەڵ دیموکراسیدا یەکبگرێنەوە؟
- چ شێوازێک بۆ کوردستان باشترە: دەوڵەتی ئاینی یان مەدەنی؟
- وەکو خۆت کێشەت لە کام سیستەم و شێوەپێدانی دەوڵەتدا هەیە؟
وەڵامێک بنووسە