پێشەکی
هزر و فەلسەفەی کەلامی ئیسلامی پڕە لە باس و مشتومڕی قوڵ، بەڵام یەکێک لە سەرەکیترین و ئاڵۆزترین پرسەکان پرسی “فعل” (کردار) و “أمر” (فەرمان) و پەیوەندیی نێوان ویست و ئازادیی مرۆڤە لەگەڵ قودرەتی ڕەهای خودا. لە ناوەندە فیکرییەکانی مەزهەبی ئەشاعیرەدا، ئەم تێڕوانینە بووەتە سەرچاوەی کێشەیەکی تیۆریی قوڵ، کە تا ئێستاش ڕووبەڕووی لێکدانەوەی جیاواز و دژوار دەبێتەوە. ئەم وتارەم لەبەر ڕێزی دوو کەس نوسیووە وەکو بنەڕەت، کە یەکێکیان ”ڕبووبییە: باوەڕی بە خودایەک هەیە، بەڵام نا لە ڕێگەی ئاینەوە” ئەوەی تریان کەسێکی تەیمییە واتا (سەلفییەکی دەقییە، بەڵام هەمان کات واقیعییە نەک میسالی)
کێشەی “فعل” و “أمر” لە دیدگای ئەشاعیرە
مەزهەبی ئەشاعیرە، کە لەسەر بنەمای زاڵبوونی ڕەهای ویست و قودرەتی خودا دامەزراوە، هەوڵ دەدات ئازادیی مرۆڤ و بەرپرسیارێتیی شەریعەتیی ڕوون بکاتەوە. بەڵام کاتێک دێتە سەر پێناسەکردنی کردەوەی مرۆڤ (“فعل”)، ئەوان لە پێناو پاراستنی تەوحیدی ئەفعالیدا، دەڵێن: کردەوەی ڕاستەقینە تەنها هی خوایە واتا نەک ئەمرەکە بەڵکو کردەوەکە هی خودایە لە ئەسڵدا. مرۆڤ تەنها شوێنی ڕوودانی کردەوەکەیە (مەحەل). ئەم کێشەیەک لەوە دێت، کە خودی ئیمامی ئەشعەری ”دامەزرێنەر” تاکو لە موعتەزیلە خۆی جودا بکاتەوە و چەڵەمەی دادی خودای چارە بکات، هات خودی پێناسەکەی شێواند. بەردەوام دوای دەیان سەدە، هەمیشە هەوڵدان بۆ تێکدانی پێناسە لە هزری مرۆیدا هەرە کێشەیەکی تابازە ”تاباز=عظيم”
لێرەدا، پێکدادانەکە لەگەڵ فەرمانی خودا (“أمر” – وەکو فەرمانکردن بە نوێژکردن یان قەدەغەکردنی دزی) دروست دەبێت. چۆن خودا فەرمان بە شتێک دەکات، کە مرۆڤ هیچ قودرەتێکی ڕاستەقینەی لەسەر نییە و خودی کردەوەکە هەر هی خودایە؟ ئەمە ڕێگە دەدات بە گومان دروستبوون لە دادپەروەریی (عەدلی) خودا و مانای بەرپرسیارێتیی مرۆڤ.
تەماشای ئیمامی شەهرستانی ٥٤٨ک لە الملل والنحل دەفەرمێ:
(فعل خارق للعادة، مقترن بالتحدي، سليم عن المعارضة)
بەڵام تەماشای ئیمامی ڕازی ٥٤٤ک، کە تەفتەزانی دووپاتی کردۆتەوە لە ڕوونکردنەوەی ڕێڕەوی ئەشاعیرە لە شرح المقاصد في علم الكلام، کە:
( أمر خارق للعادة مقرون بالتحدي مع عدم المعارضة)
ئەگەرچی ئەشاعیرە هەوڵی داوە بە تێزەکانی وەک “کەسب” (بە دەستهێنان) ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، کە گوایە مرۆڤ تەنها لە کاتی ڕوودانی کردەوەکەدا ویستەکەی بە “کەسب” لکاوە، بەڵام زانایانی گەورەی ناو خودی مەزهەبەکەش دان بەوەدا دەنێن کە ئەمە بە تەواوی کێشەکە چارەسەر ناکات و “کەسب” تێزێکی ئاڵۆز و نادیارە.
ئیلزاماتی چەمک
یەکێک لەو ملکەچییانەی ”الزام” پێناسەکە تووشت دەکات بریتییە لەوەی بە نموونە:
کەسێک دەچیتە دووکانەکەی و دەتەوێت کیلۆیەک ئاردت بداتێ. بەڵام ئەم کەسە لە گوناحە گەورەکان دەکات بەوەی، کە ٢٥٠ گرامێک بەدەست دەخاتە ژێر تای تەرازوی لای ئاردەکە. واتا لێرەدا ویستی کەسەکە، کە ئەقڵ و ویژدانییەتی ”ئەمر” فرمانی پێدەکات. ئەمیش بە کردەوەی دەستی ئەنجامی دەدات.
ئێستا ئێمە تاوانێکی پڕ ”موکەمەل”مان هەیە لە نیەت و کردەوەکە تا کۆتایی. بۆیە دەپرسین:
گەر ئەمری خودایە جارێ لە مێشکی دووکاندەرەکەیە تەنها؟ ئەوە کابرای دووکاندار هەڵبژاردنی تری هەیە و زۆرن، کە بەگوێرەی ئەمرەکە نەکات، کە حەزی خراپەیە. بەڵام دەزانین ئەمری خودا نوسراوە و زاڵەکەیە. باقی فەرمانەکانی تری سەری، تەنها شیانە/ئیمکانی هەیە لەلای بەندە.
لێرەدا دوو شیمانەی دەدەینێ، کە:
- لێرەدا خودا وەکو فەرمانکەر بەرپرسە لە هەمان شت وەکو بکەر بەرپرسە. جا بۆیە تەنها فەرمانەکە وەردەگرین و دەپرسین: گەر گریمانەش دابنێی، کە نەکردنی و شکاندنی فەرمانی خودا ئەسڵەن ”شیاوە/مومکینە”. گەر بشێت فەرمانەکە بشکێنێت، ئەوە لەگەڵ عەدلی و سەلەفییەکان لە ”نیەت” هاوڕان و بەخێربێن بۆ کێشەیەکی تر 🙂
- بێینە سەر کردەوەکە/فعل ی نوساندنی ٢٥٠ گرامەکە و ڕوودانی تاوانەکە. گەر بکەری ڕاستەقینە خودایە و ئەو بەدەستی هێناوە ”کسب”. ئەوە دووکاندار گەر کردەوەی تریشی هەبێت و نەشیکات، هەر کردەوەکە بۆ بکەر دەگەڕێتەوە. واتا کردنی تاوان ”قبیح” و نەکردنی و ڕاستگۆیی ”حسن” ئەم تێیایدا ڕوو دەدات ”محل” نەک بکەر ”فاعل”. بەم شێوەیان بەخێربێی بۆ لای جەهەمییەکان
لێدوانەکانی زانایانی ئەشاعیرە: دانپێدانان بە کۆسپەکە
سەرەڕای هەوڵە زۆرەکانی زانایانی کەلام، کاتێک شیکردنەوە ورد دەبێتەوە، ناتوانرێت لەوە ڕزگار ببن کە سیستەمی فەلسەفییەکەیان بە شێوەیەکی ناچاری بەرەو جەبر و حەتمیەت (Determinism) دەچێت. خودی زانایە هەرە گەورەکانی ئەشاعیرە دانیان بەو ئاڵۆزییەدا ناوە و هەندێکیان بە ڕوونی ئاماژەیان بە نادیاریی و کێشەداربوونی “کەسب” داوە.
ئیمامی حەرەمەین، الجويني (٤١٩کـ)
ئیمامی حەرەمەین الجويني بە یەکێک لەو زانایانە دادەنرێت، کە بە ڕاشکاوی دانی بەوەدا ناوە، کە بابەتی کەسب/بەدەستهێنان لە بنەڕەتدا کێشەدارە و زۆر ئاڵۆزە. لە کتێبی خۆیدا دەڵێت، کە ئەگەر بە تەواوی ڕوونکردنەوە لەسەر بەدەستهێنان بدەن، دەچنە سەر ڕێبازی قەدەرییەکان (کە بە پێچەوانەی جەبرەوە، باوەڕیان بە ئازادیی مرۆڤ هەیە) و بۆیە حەقیقەتەکەی دەسپێرن بە خودا. واتا تفويض!
غەزالی (٤٥٠ک)
غەزالی، کە یەکێکە لە کاریگەرترین زانایانی ئەشاعیرە، لە زۆر شوێندا دان بەوەدا دەنێت کە تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان قودرەتی خودا و قودرەتی مرۆڤ زۆر قورسە. لە یەکێک لە نووسینەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە قسەی ئەشعەری لەبارەی ئەوەی، کە کردەوەی مرۆڤ هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر هاتنەبوونی شتەکە، “ڕێگرییەکە لە عەقڵ”، بەڵام ناچار بووە بۆی بەهۆی پێویستیی بەڵگە. کە ئەم ڕایەش وەکو پەندە کوردییەکەیە: چاکی مەکە، با خراپ نەبێت
فەخرەدینی ڕازی (٥٤٤کـ)
فەخرەدینی ڕازی، کە بە ئیمامی گومانگەران ناودەبرێت، لە کتێبی “المطالب العالية من العلم الإلهي” و “محصل أفكار المتقدمين والمتأخرين من العلماء والحكماء والمتكلمين“دا بە ڕوونی باسی ئەم کێشەی کردووە. ڕازی دەفەرموێت: کە زۆر لە زانایانی ئەشاعیرە خۆیان سەرلێ شێواون لەو مەسەلەیەدا، چونکە تێگەیشتنی ڕوون لە “کەسب” زۆر دژوارە و لە ڕاستیدا نزیکە لە جەبری سەرڕاست.
شەهرەستانی (٥٤٨کـ)
شەهرەستانی لە کتێبی مەشهوری “الملل والنحل”دا، کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکان لەسەر مەزهەبە ئیسلامییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، کە بۆچوونی ئەشاعیرە لەسەر کردەوەکانی مرۆڤ لە ڕاستیدا زۆر نزیکە لە جەبرییە، هەرچەندە بە ناوی جیاوازەوە پێشکەش دەکرێت. ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە تەنانەت هەندێک لە دژەکانی ئەشاعیرە تۆمەتی جەبریان دەخەنە پاڵ. ئەمەش نوێ نییە!
جەبر و حەتمیەت: کۆسپی بەردەم فەلسەفەی عەدل
سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هاوسەنگی، ئەنجامی کۆتایی هزر و فەلسەفەی ئەشاعیرە لەم پرسەدا بەرەو جەبرێکی ڕەها دەڕوات. کاتێک بە توندی جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە تەنها خودا فاعیلە (کردار ئەنجام دەر و بکەری ڕاستەقینە) و مرۆڤ تەنها “بەدەستهێنەر”ـی شتێکە، کە لە بنەڕەتدا دروستکراوی خودایە، ئەوە بە واتای ئەوە دێت کە مرۆڤ لە ژێر باری حەتمیەتێکی گەورەدایە.
ئەم حەتمیەتە، وەک دەردەکەوێت، گەورەترین کۆسپ و ئاڵۆزییەکە بۆ:
یەکەم: ڕوونکردنەوەی دادپەروەریی (عەدلی) خودا
چۆن خودا سزای کەسێک دەدات کە کردارێکی ئەنجام نەداوە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە، بەڵکو تەنها ئەو کردارەی “بە دەستهێناوە” کە خودا بۆی دروست کردووە؟ ئەم پرسیارە بنەڕەتیترین لێکدانەوەی بۆچوونی عەدل و حیکمەتی خودایە لە چەقی ڕاژەکەی دەدات لە بنەوە.
دووەم: مانای فەرمان و نەهی
ئەگەر مرۆڤ ئازادیی ڕاستەقینەی نییە بۆ ئەنجامدان یان ئەنجام نەدانی فەرمانێک، ئیدی مانای چییە بەو فەرمان و قەدەغانەی شەرع؟ چۆن دەکرێت مرۆڤ بەرپرسیار بێت لەبەردەم شتێک کە دەسەڵاتی لەسەر نییە؟ با گریمانە بەدەستی دەهێنێت، بەڵام لە ئەسڵدا وەکو زانین لەلای عیلمی خودا هەر ئەوەیە. کردنی کارەکەشی هەمان شت لە ملیۆنێک شیاندا، تەنها ئەو شیانە ڕاستە، کە پێشتر خودا بۆی داناوە؟
سێیەم: مانای تەکلیف و بەرپرسیارێتی
بنەمای هەموو سیستەمێکی شەرعی و یاسایی ئەوەیە، کە مرۆڤ توانای هەڵبژاردنی هەبێت. ئەگەر ئەم توانایە نەبێت، ئیدی بنەمای تەکلیف و بەرپرسیارێتی لەناودەچێت و هەموو سیستەمی پاداشت و سزا بێ مانا دەبێت.
کۆتایی
لە کۆتاییدا، هەرچەندە مەزهەبی ئەشاعیرە لە ڕووی سیاسی و کەلامییەوە زاڵ بوو، بەڵام پرسی جەبر و حەتمیەت لە ناویدا بە برینێکی کراوەی فەلسەفی مایەوە. هەر هەوڵێک بۆ لێکدانەوەی “کەسب” بۆ چوونە دەرەوە لە جەبر، خۆی لەخۆیدا بەڵگەیەکی ترە لەسەر ئەوەی کە “جەبر” و “حەتمیەت” گەورەترین کۆسپ و چەڵەمە بوون لە فەلسەفەی کەلامی ئەشاعیرەدا.
دانپێدانانی خودی زانایانی گەورەی ئەم مەزهەبە بە ئاڵۆزیی و قورسیی ئەم مەسەلەیە، باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە تێگەیشتنێکی ڕوون و تەواو لە پەیوەندیی ویستی خودا و ویستی مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەشاعیرەدا دەستکەوتوو نییە، و ئەم کێشەیە هەر بە کێشەیەکی کراوە و بێ چارەسەر ماوەتەوە.
هەمان کات وەکو پاکنووس دەڵێم: جەبر و حەتمییەت بۆ هەموو مرۆڤایەتی کێشەن لە دەرەوەی دین و مەزهەبەکان. واتا هەرچییەک وەکو هێربەرت فایگڵ. لیبیت و ساپۆلسکی قسەیان لەسەری کردووە و ئەزموونیان لەم ساڵانەدا نیشان داوە. هەمان شت دەتبات بۆ ئەوەی: گەر ڕاستە و ئێمە ویستی ئازاد وەهمە. ئەوە بۆ هەموو تاوان و سزایەکی یاسایی و بچوکترین کردەوەمان لەم ژیانە بیانووی ”بێدەسەڵات” بوونمان هەیە

وەڵامێک بنووسە