ئایا دزینی نەرمەکاڵا ڕەوایە؟
شتێکی باشە مرۆڤ دان بەوەدا بنێت، کە ئەگەر لە باشترین وڵاتی سەرمایەداری و پێشکەوتووشدا بێت، هێشتا بەبێ نەرمەکاڵای «هاککراو» و «شکێنراو» ناژی! (هەرچەندە لە ڕاستیدا واش نییە؛ خەڵکی ئاسایی ئەو نەرمەکاڵایە دەکڕن کە پێویستیانە و گیرفانیشیان دەری دەهێنێت، لەبەر ئەوەی وەک من و تۆ کار دەکەن). یان ئەوەتا سیستەمەکە خۆی بۆ ئەوە داڕێژراوە، کە قاچاخ و دزیت لێ بکات بە شانازی، چونکە خۆی لەوەوە دروست بووە؟ یان دەڵێیت: «تا ماڵ هەبێت، مزگەوت حەرامە»؟
پرسیارەکە ئەوەیە: جیاوازیی ئەو کەسەی لە دووکاندارێک سەندویچێک دەدزێت بە بیانووی ئەوەی برسییەتی (لەم وڵاتانەی خۆمانی لێین)، لەگەڵ ئەوەی بەرنامەی گرووپێک و کۆمپانیایەک دەدزێت، چییە؟ لە کاتێکدا ئەو گرووپە پارە، بودجە، عەقل و لێهاتوویی خستووەتە گەڕ بۆ ئەو بەرهەمە تا ببێتە مایەی سەرکەوتن و بژێوییەکی باشتر بۆی. ئایا هەردووکیان دزن، یان هەردووکیان مرۆڤی پاکن؟ ئایا بیانووی دزییەکە تەنیا یەک هۆکارە؟ مادام دەتوانم بیدزم، بۆ بیکڕم؟ ئایا هیچ بیانوویەکی تر هەیە؟
چارەسەری واقیعی دوو جێگرەوەیـە:
١. وەک خۆت بمێنەرەوە، بەڵام ئەوەی پێویستت بوو ئەگەر بە پارە بوو، دەبێت خەرجیی بۆ دابین بکەیت و ڕازی بیت. هیچ کەس بە دووتدا نەیناردووە هیچ سیستەمێک و هیچ نەرمەکاڵایەک بەکار بەریت، بەڵکو خۆت چوویت. یان ئەگەر لە خوێندن و کاردا شتێکی پێویستە، ئەوە بزانە، کە هاوکار و هاوشێوەکانت دەیکڕن و وەک تۆش دەژین.
٢. یان ئەوەتا سیستەمی بیرکردنەوەی خۆت بگۆڕە؛ ئەوەی بەخۆڕایی نەبوو، بەکاری مەهێنە، جا چی سیستەم بێت یان نەرمەکاڵا. من دووەم جێگرەوەم هەڵبژاردووە. لە ڕووی دەروونیشەوە خۆشحاڵترم کاتێک دەچمە سەر سیستەمەکەی بەردەستم. مەبەستم تەنیا لەوانەیە کە لەم وڵاتانە دەژین و بژێویی ژیان و هۆکارەکان ئەوەندە بەردەست کراون، بە کرتەیەک مافەکان دەکڕدرێن و نوێ دەکرێنەوە.
وەڵامێک بنووسە