هاوپۆل: گشتی

  • فارگۆنی بەفرگرەکە

    فارگۆنی بەفرگرەکە

    – کورتە چیرۆکی: محەمەد ئۆسۆ
    – بەو هیوای وەرگێڕانەکەی بۆ کوردی چاک بێت
    زوهێر خوێنەوارێکی گوندەکەی خۆیانە و حەزێکی زۆری بۆ هونەر و هەموو بابەتە هزرییەکان هەیە. لەگەڵیدا هەمیشە بەهۆی نەمانی باوک و دایکییەوە، نازێکی زۆری ئاواییەکەی بەسەرەوەیە. ئەم جیهانە بۆ ئەو هەموو حەز و ویستانەی هێشتا بچوکە. دەیەوێت بگات بەو پیشە و شوێنەی، کە پاڵەوانی ڕۆمانەکان زۆرجار تیایدا دەگوزەرێن بۆ چەندین سەدە. سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەچێتە شام! شامی شارستانی و مۆدی کەشخە و ناوەڕۆکی چێژ و ویستەکانی. لەو شارەدا زۆر تێناپەڕێت، زوهێر تێدەگات، کە خەیاڵ پڵاوێکی مەست بووە. ئیتر بەرە بەرە دەگاتەوە هەمان دۆخی گوندەکەی خۆی. ئەو پارەیەی، کە لەگەڵ خۆی هێنابووی دەداتە کزی. لەلای پیرەژنێکی داماو ژووری گرتووە و هەمیشە نەگبەتی و بێبەختی خۆیان بۆ یەک دەگێڕنەوە. زوهێر دەیەوێت بڕواتەوە و چەشە بووە لە هیوابڕاوی و دەردەسەری و شکست. دەچێتەوە وێستگەی شەمەندەفەر و لەوێ تەماشا دەکات، ئەو پارەیەی پێی ماوە بەشی سواربوونی ناکات. دەچێت ها لێرە ها لەوێ لە قومسێری ئەوێ یاخود جابییەکان بپاڕێتەوە، کە بە هەموو شوێن ڕازییە و تەنها سەری بخەن.
    جابی بەزەیی بە زوهێردا دێتەوە و دەڵێت: من ناتوانم سەرت بخەم لەگەڵ گەشتیاراندا. بۆیە چاوپۆشیت لێ دەکەم لە فارگۆنی بەفرگر سەرکەوە. بەختی تۆ هیچ خۆراک و شتی تێدا نییە. زوهێر لەسەرخۆ خۆی دەتەپەێنێتە ژوورەوە و نقە لەخۆی دەبڕێت.
    شەمەندەفەر دەڕوا و فارگۆنێکی ستیلی چۆڵە. نە سەعاتێکە نە دوان و زوهێر وەڕس دەبێت. کاتێک دەچێت گڵۆپەکە داگیرسێنێ، بەو پێیەی ترسی هەستپێکردنی نەماوە. لەپڕ تابلۆکە دەبینێت، کە نوسراوە ”تاکو ٢٨ پلەی ژێر سفر دەیبەستێت.تکایە دەرگا دوای خۆت دابخە”. ئەم ئیتر دادەنیشێ و بەرەبەرە هەست دەکات سارد دەبێت. هەڵدەستێ و بەئەسپایی لە دەرگاکە دەدات. بەڵام ئەفسوس لەو ژاوەژاوە و هاڕەیە کێ دەیبیستێ. تابێت توندری دەکات و هێواش هێواش شڵەژاوتر دەبێت. نە پەنجەرەیەک نە کونێکی دەرەوە هیچ هیچی نییە.
    دوای ٥ سەعات شەمەندەفەر دەگاتە حەڵەب. جابییەکە کاتێک دەرگاکە دەکاتەوە،تاکو بەدزییەوە دایبەزێنێت زەندەقی دەچێت. زوهێر بووە بەتەختە و هیچ ناجوڵێت. ئیتر لەتاوا هاوار دەکات و خەڵک و قومسێر کۆدەبنەوە. پاش نیو سەعاتێک ترومبێلی فریاکەوتن دەگات. کابرای شۆفێر شەمەندەفەرەکە ئاگرەکەی دادەخات و دەڕواتە نزیکی جابی. جابی بە ترس و لەرزێکەوە دەڵێ: تۆ بڵێ پۆلیس نەیدۆزێتەوە، کە من چاوپۆشیم لێ کردووە و ڕەقبۆتەوە؟ بڵێی لە سێدارە نەدرێم لەسەر ئەو کوشتنە ئەنقەستە؟ شۆفێرەکە بەسەرسوڕمانەوە دەڵێ: بۆ ڕەقبۆتەوە لەسەرما؟
    ٠ ئەی چی هەی قوڕ بەسەرم!!
    — نا کاکە، ئەو فارگۆنە هەفتەیەکە هەر ماتۆڕی سارکردنەوەی دەرکراوە و نێردراوە بۆ چاککردن. خوا دەزانێ کەی دێتەوە!!
    گەلانی ڕۆژهەڵات لە زوهێر دەچن. وەهمێکیان دروستکردووە بەناوی سەرکردە و دەستڕۆیشتوو و گوایە هەموو دنیا لەگەڵیانە دژیان. بەڵام ئەسڵدا ”ماتۆڕیان” هەر پێوە نییە. تەنها کۆمەڵێک سەرسەری و بنەماڵەی چەتەن!

  • چۆن ”ئیدیعا” بسەلمێنی یا پووچەڵی بکەیتەوە؟

    چۆن ”ئیدیعا” بسەلمێنی یا پووچەڵی بکەیتەوە؟

    ئیدیعا claim یا بانگەشە چییە؟

    قسەکردن و دەربڕینێکە، کە دەبێت بەڵگەی دروستی بۆ بهێنرێتەوە. جۆرێک بەرپرسیارییەتیشە بۆ بانگەشەکەر/ئیدیعاکەر و دەبێت لەئەستۆی بگرێت. هەمیشەش بەرپرسیارییەتی سەلماندن دەکەوێتە سەرشانی ئەوەی دەیڵێت یا دەیکات.

    بەرباس

    ئێمە لە هەموو وتوێژێکی ڕۆژانە توشی جۆرێک لە ”ئیدیعا” دەبینەوە. جا ئەوە بەستنەوەی ڕووداوێکە بە هۆکاری تری هەمان زنجیرە و پەیوەستەوە. یاخود بەستنەوەی بیروڕایەکی دیاریکراوە و دەیبەستێتەوە بە ئەنجامێکەوە، کە ئەو ڕاستەکە یا شیاوەکەیە. بەڵام وەکو دەزانین هەر بابەتێکی لەو شێوەیە، گەر لە فیزیا، کیمیا یا بیرکاری توشمان ببێت. ئەوە دەچین بەدوای شیکارە و هۆیەکەی دەگەڕێیین بەپێی ”موسەلەمات” ڕێککەوتووکراوەکان لەسەری. بۆئەوەی ئەوەندە لەسەر پێناسە و شێوەکەی نەڕۆین، دەچین بۆ لای کۆمەڵێک نمونەی ئاسان لە تێگەیشتن.

    ئیدیعای ئەرێنی affirmative

    ئیدعای ئــەرێنی، واتا گرێدانی ڕووداو بە هۆکارەکانی و بەستەوەنی هۆکار و ڕووداو بە زنجیرەیەکی دانەپەچڕاو و ئەقڵانی. لێرەدا مەبەست لەوەیە هۆکاری ڕووداوەکە هیچ نەبێت ناسراو بێت پێشتر و بزانیت دەشێت یاخود شیاوی ڕوودانە. بە نمونە: ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێک (بەهۆی تەقینەوەی سۆپای نەوت. یاخود بە هۆی شۆرتێکی کارەبایی) ئەو دوانە هەریەک ”دەتوانن” هۆکاری ئاگرکەوتنەوە بن، گەر بەڵگەی ڕوودان دۆزرایەوە (لەڕووی تیۆرییەوە).واتا بوونی بونیاتی کێبڵی کارەبا و تەزوو لە ماڵەکەدا یاخود بوونی سۆپای نەوت و سوتەمەنییەکە هەمان شت.

    ئیدیعای نەرێنی negative claim

    لێرەدا دوو جۆری سەرەکی باومان هەیە، کە جیاکردنەوەیان لەیەکتری ئەوپەڕی گرنگە. ئەویش:

    ئیدیعای نەرێنی (دیاریکراو)

    ئەگەر لێدوانەکە و ڕاستییەکان یەک نەگرن، ئەوا پێدراوێک یا دراوەیەکی ناڕاست یان خەیاڵی چەوت هەیە. ئەگەر بە زانیاری تەواو لەسەر ڕاستییەکان، بتوانرێت مشتومڕ لەسەر ئەوە دروست بکرێت کە ئایا جەختکردنەوەکە ڕاستە یان هەڵەیە، ئەوە جۆرێک لە وتوێژی بەرهەمدار دەخاتەوە. واتا ڕەتکردنەوەی ئاگرکەوتنەوەی ماڵەکەی سەرەوە. یاخود ڕەتکردنەوەی ڕوودانی هۆکار و لەدوای یەکەکان بۆ ئاگرکەوتنەوە بەنمونە: ماڵەکە هیچ کێبڵێکی کارەبای تێدا نییە. یان ماڵەکە لە بنەڕەتەوە هەر سۆپایان لەوەیە نەبووبێت ..هتد. ئەمەش خەیاڵی و (مێتافیزیکی) نییە. بەڵکو دەتوانیت بچیت و ماڵە دیاریکراوەکە ببینی و دڵنیا بیتەوە لەم (ئیدیعایە). ئەمەش گومانێکی بەرهەمدار دەخاتەوە و خەمخۆری و لێکۆڵینەوە دروستر دەکات لەو کارەساتە (ماڵ سووتان).

    ئیدیعای نەرێنی (شاراوە)

    واتا وابەستکردنی ئاگرکەوتنەوە بە هۆکارێک، کە نەتوانیت نە بۆی بچیت و بیبینی و نە پێکەوە گرێی بدەیت. وەکو (جن و جانەوەر بەنزینیان کردووە بە ماڵەکەدا. یاخود گیاندارێک هەیە لەدەرەوەی زادەی ئەقڵ و هۆشیاری ئێمەوە گڕی بەدەم فڕێداوەتە ناو ماڵەکەوە). لێرەدا دەتوانیت بە باشترین نمونەی مەولانا ڕەسڵەوە گرێی بدەیت، کە ئەویش قۆرییە چاییەکەیەی ڕەسڵ Russell’s teapot (زیاتر دەربارەی ڕەسڵ بەکوردی لە بڵۆگی هاوڕێ لایەق حەمە هەیە). ئەم جۆرە بانگەشە نەرێنی و شاراوەیە زۆرترین خەڵکی ئاینی و بیردۆزی پیلانگێڕییەکان بەکاری دەهێنن بۆ سەلماندنی (ئیدیعاکانیان). لە هەمووشیاندا بەنزیکەیی دەیبەستنەوە بە هێزە نادیارەکانی سروشت وەکو فەلسەفەی بوزا و ئاینی هیندۆسی. لە لای ئاینە گرووپکراوەکان بەناوی ”ئیبراهیمییەکان؟” ناسراوە بە غەیبیات یا پشتەوەی سروشت و مادەوە.

    * ئاینە ئیبراهیمییەکان: ناوێکی پێدراوە بە هەموو ئەو ئاینانەی لە جولەکەوە یاخود تەناخەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوان یەکەم کەسن کەسایەتی ”ئیبراهیم” وەکو هاوەڵی یەهوا دەرکەوتووە. بەڵام ئەوان دژی ئەوەن مەسیح/ڕزگارکەر هاتبێت و پێیان وایە ئیسلامیش جۆرێک ”هەرطەقەیە”ی مەسیحی نەسطوری و ئەیبیونۆنییە. هەمان کات مەسیحییەکانیش هەمان شت بۆ جولەکە و ئیسلام. وە ئیسلامیش پێی وایە ئەم کۆتاییانە ”خاتەمەیە” وەشاندنێکی ئەسڵی ئەوانە. بەڵکو دەڵێت دەستکاریکراو و گومڕان.واتا کەسیان ڕازی نین لەڕووی عەقیدەوە ئەوانی تر ئاینی دروست و ئەسڵی بن

  • لە ” حەربا ”ــی چیخۆفەوە (کوردێنراوە)

    لە ” حەربا ”ــی چیخۆفەوە (کوردێنراوە)

    سەگێکی هار:

    بنکەی پۆلیسە و کاکی بەڕێوبەر و یاریدەدەرەکەی قنج خۆیان گۆڕیووە و بسکەی سمێڵیان دێ. تازە موچەی مانگی پێش پێشووتریان وەرگرتووە. شار خامۆشە و هەموو شت بەپێی تەلی دادگا دەسوڕێ. لە سەریانەوە تەرازوویەک دانراوە و ژنێکی چاوبەست گرتویەتی بەدەستیەوە. لەسەر ئەویشەوە وێنەی جووت سەرکردە دانراوە.
    یاریدەدەر: جەناب، باشتر نییە نیشانەی داد و یەکسانی لەسەرو وێنەی جووت سەرکردەوە بێت؟ چونکە هەردووکیان پارێزەری داد بوون و مەعالیان هەمیشە جەختیان لە دادپەروەری دەکردەوە.
    بەڕێوبەر: من چەن دەتکەم بە ژێر سک، بەڵام تۆ هەر دەبیت بە پاڵدو*. ئاخر نازانی گەر هەردووکیان نەبان، نە ئازادی نە داد و نە ئەم وڵاتەش دەبوو. کورە من و تۆش بە رەزای ئەوان لێرەین.
    یاریدەدەر: ئەها، وەڵاهی ئینسان تا دەمرێت هەر فێری حیکمەت و مەنتق دەبێت لە جەنابتەوە. تۆ سەیری سەیری من چیم بیرچووە. تکایە بمانبوورە بە گەورەیی خۆتان.
    بەڕێوبەر: گرنگ ئەوەیە تۆش بیگەیەنیت، وەکو دەزانیت ئێمە مستی دەستی دادپەروەرین لەم شارە.
    لەپڕ غەڵبە غەڵبێک دێت و هەرایەک لە قاوشی بەردەمیان وا نزیک دەبێتەوە. هونەر، کە پۆلیسێکی جێگیرە لە بەڕێوبەبەرایەتی بە بڕوانامەی ٦ـی بنەڕەتییەوە. لەشێکی پتەو و قیافەیەکی هەیە، کە نایەڵێت ئەو حەشامەتە بگەنە لای ژووری بەڕێوبەر. بەڕێوبەر و یاریدەدەر بە سەرسوڕمانەوە بۆ یەکتری لە دەرگاکە نزیک دەبنەوە و دەیکەنەوە.
    – ها هونەر ئەم گەڕەلاوژێیە چییە؟؟ (زیاتر…)

  • ئەو ماڵتە ئاوا OpenSource!

    دوو ڕوومێز و سیستەم بەڵام یەک مشک و تەختەکلیل!مێزێکی کۆنی چەند ساڵە و شوێنێکی تەنگ. دوو کۆمپیوتەر یەکێک ۲٤ و ئەوی تر ۱۹. یەکێک سیستەمی لینوکس و ئەوی دی iMAC. دوو خوێندنەوەی جودا بۆ تەختەکلیل و دوو خوێندنەوەی جودا بۆ دووگمە و دوو هاوکێشەی جیواز بۆ روومێز. یەکێکیان X11 ئەوەی تر تایبەت بە ماکنتۆش. باشە من دەمەوێت دوو کۆمپیوتەرە تەنها یەک مشک و تەختەکلیل بۆ هەردووکیان! باشە ئەم کاک Open Source چارەسەری بۆ وردترین شت هەیە، بڵئی بۆ ئەمیش؟
    ـ کورە کێ مێزێکی وا قۆڕ و ئەوەندە سەرقەڵەباڵغە! نا کاکە دەچم بە Google دەڵێم، لەبیرشم نەچێت دەبێت تەواو خۆڕایی بێت.
    @ـــ دووەم هەڵبژاردن ئەمەم دۆزیەوە quicksynergy پڕ بەپێستی ئەوەبوو دەمویست. هەندیک گۆڕانکاری لە ڕێکخستن دەویست کاتێک تۆ سیستەمەکەی دووەم ڕاژەخوازەکە Client هەموو جار لەگەڵ داگیرساندندا کاربکات. ئەم بەستەرەش هەر بەڕوونی نوسیوەتی چۆن کارەکە ئەنجام بدەیت لەو دۆخەدا.
    ـ ئۆخەیش! شوێنێکی بەرچاو باشم بۆ گەڕایەوە و زۆر بەئاسانی بۆخۆم دوو ڕوومێز و سیستەم و لەیەککاتدا یەک مشک و یەک تەختەکلیل! ماوەتەوە بڵێم یاخوا بەردی سارد و گەرم بەرپێت نەکەوێت کاکە Open Sorce :).

  • ئەمجارەش هاتینەوە!

    ئەمجارەیان دوای نزیکەی ٦ مانگ دابڕان لە نوسینی بابەتی بێسەروبەرە و بێهاوپۆل گەڕاینەوە لاتان. لێرە بەدوا ئارەزوو دەکەم بەردەوامبین، وەکو چۆن حەزدەکەم بەردەوامبم وەکو خۆم لە نوسین. ئاوهاش حەزدەکەم ئێوەش بنوسن! چونکە ڕاژەکردنی پەڕەیەک لەسەر وێب، ئەوەندە ئەو ئەوتۆیە نییە، بەڵکو چۆنیەتی مانەوە و ڕاگرتنی گرنگترە. بەهەرحاڵ ئەمە ماڵپەڕێک نییە پەیوەست بێت بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێساوە. ئەکرێت ئێوە لەکاتی بوونی کاتدا، تەماشایەک بکەن و هەندێک بیروڕا لەسەر بۆچوونی خۆم (تەنها وەکو خۆم) لەگەڵ ئێوەدا بگۆڕینەوە.
    ئارەزووش دەکەم پەتی خۆڕاگریتان لە ئاستی ڕای کەسێکی تردا ئەستور بێت، چونکە دواهەمین جار لەسەر بابەتێکی ئاینی. برادەرێک دەسەڵاتی نەبوو ئەگینا لە ناو لیستی بۆچوونەکاندا دوو مینی دادەنا تا بەکەسی بەرامبەریدا بتەقێتەوە و لە ناوی ببات. نەیدەزانی کەئێمەش پیادەین 🙂
    جارێکی تر من سوپاستان دەکەم بۆ ئەو کاتەی بە پەڕەکەمی دەبەخشن!

  • بازاڕی گۆڤاری لینوکس.

    linux magazin in horsens train stationلەسەردەمانێک خولیای ئەم سیستەمە یان باشترە بڵێین ئەو ئایدۆلۆژییە (ئازادی لەئازادیدا) بووین، سەرچاوە زۆر کەم بوو. دەستکەوتنی شتێک بۆ خوێندنەوە، هەر ئەو پەرتووکە ئەستوورە زۆر توندوتۆڵانە بوون، کەخوێندنەوەیان کاتی باشی دەوست بۆ پراکتیزەکردن و لێکدانەوەی کەسیی خۆت. لێ ئەمڕۆ هەموو لایەنەکانی تری پەیدا بوون، بەڕەنگ و ڕوویەکەوە کەمایکرۆسۆفت هەمیشە خەریکە بیرۆکە دزینە وەکو (taskbar mouse over) کەپڕاو پڕ لەساڵی 2005 لە KDE بەکارهاتووە. بەهەرحاڵ.

    ئەمڕۆ لەوێستگەکاندا و کۆشکەکاندا گۆڤارە جیاجیاکانی ئەوەندە زۆربوون بەباتی زانستی، چاوپێکەوتن، تووڵئامراز tip and tricks …هتد بەڕەنگ و ڕوویەکەوە کەتامەزرۆی خوێندنەوەیان دەکەیت، هەروەها هەمیشە هەڵگری DVD یان چەند دانەیەکن پڕ لەدابەشکردنەکانی لینوکس و نەرمەکاڵای بەسوود و ڤیدیۆ و ڕاهێنان و پڕۆگرامۆکە وێب ..هتد. هەربۆیەشە زۆر دەفرۆشرێن و ئارەزوو لەسەریان واچەندین ساڵە هەر ڕوو لەسەرکەوتنە.
    وێنە: وێنەی تەختێکی گۆڤار و ڕۆژنامە فرۆشتنە لەوێستگەی شەمەندەفەری شارەکەمان.