کابرایەک خەڵکی کوێرە گوندێکی لای دێر الزورە لە سوریا. بەبۆنەی ماستاوچێتی حیزبەوە دەبێتە بەڕێوبەری گشتی و مەسولی دیوانی وەزارەت. کاتێک بودجەی ساڵانە ١٨ ملیۆن لیرە قسور دێنێت. بانگی کۆنترین ژمێریاری دەزگاکە دەکات و دەڵێ: ئەرێ ئەی هاوار بۆ وامان لێ هاتووە؟ ئەویش دەڵێ: گەورەم هەموو ساڵ وایە. ئەویش دەڵێ: ئەی چۆن کەس لەسەر دزی دەرنەکراوە؟ ئەویش دەڵێ: بۆنەیەک دەکەین، ئەو ١٨ ملیۆنە لە زوڕنا، لافیتە، دەنگخۆش، وتاربێژ وە تەلەفی کورسی و مێز پڕدەکەینەوە. ئەوە ئاسانە گەورەم، بەس کێشەیەکی ترمان هەیە! ئەویش دەڵێ: نەڵێی نابێت، چییە؟ دەڵێت: بەس مانگی هەشتە و هیچ بۆنەیەکمان نییە. تۆ هیچ بۆنەیەکت بەخەیاڵدا دێت؟ بەڕێوبەر دەڵێ: لە گوندەکەمان مانگی هەشت دەچوین بۆ چیلکە کۆکردنەوە. لەوێ کچی وەکو خۆمان دەدۆزیوە و خۆمان لەیەکتری دەخشاند. ئەویش دەڵێ: کەواتە گەورەم ئاهەنگێک ساز دەکەین بەناوی: چنینەوە و تێخشان!
جــا میللەتێک زمانەکەی فت، زەویەکەی هیچ، دەوڵەتەکەی توڕەهات. هەر جارناجارێک ڕۆژێک دیاری دەکات و بۆنەیەک بۆ تێخشان
نووسەر: Sia
-
ڕۆژی جیهانی تێخشاندن – لە ئەدەبیاتی سورییەوە
-
ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی – نوسینی: #عەزیز_نەسین (کوردێنراوە)
هاوپیشەکارانی ئەزیز و لیژنەی ئامادەکاریی بۆ گەورەترین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی. زۆر گرنگە ڕووی گەل و ناوچەکەمان سوور بکەین لە نێو میللەتانی تر بۆ بەرهەم و پیشەسازی. وە جێگای خۆیەتی باشترین بەرهەم نمایش بکەین. جا دەمەوێت بزانم ڕای ئێوە و پێشنیازتان؟
– دکتۆر موزەفەر (دکتۆرا لە وزە و خەرجی ناوەکی): گەورەم من دەڵێم هەندێک گڵۆپ و شقارتەی خۆماڵی دابنێین؟
* ئەی دەمخۆش، بەڵام لێیان دەنوسین: ” تکایە دایمەگرسێنە و دەستی لی مەدە” خۆت دەزانی زۆریان بەتازەیی ئیش ناکەن!
– دکتۆر عارف (دکتۆرا لە جۆرایەتی کەلوپەل و پۆشاک): گەورەم چۆنە گۆرەوی و تراکسۆدی کارگەی چنین و پۆشاکی شارەکەمان بنێرین؟
* تۆش دەمخۆش، بەڵام لێیان دەنوسین ”تکایە بۆ لەبەرکردن و دەستلێدان نییە”. چونکە خۆمان دەزانین یەکسەر دەدڕێن!
– دکتۆرە سەعادەت (دکتۆرا لە مەقامی میللی و قەتار): من پێشنیار دەکەم بە ناردنی هەندێک خەنجەری دەبان بەمسکی عەنبەر و شاڵی مەرەزی خۆمان و تەسبیحی ئەبڵقەق و کڵاشی هۆرامی، کە چەپ و ڕاستی نییە و جێگای بایەخی گەلان دەبێت.
* بەڕاستی خانم زۆر بەجێیە. ئێستا بە لیژنەی کڕین دەڵێم: بڕۆن باشترین خەنجەر و تەسبیح و شاڵ بەرن.
(پاش تەواوبوونی ڤیستیڤاڵ و هاتنەوەی وەفد بە سێ ڕۆژ)
– ڕووداو: گەلانی دنیا بەو کبریتەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەردی بناغەی دانرا سەرسام بوون.
– کوردسات: ئەو کارگانەی بە هیمەتی سەرۆک کۆمار کرانەوە، ئێستا بەرهەمەکانی دەچنینەوە.
– سبەی: گەرچی کێشەی گەندەڵی هەیە، بەڵام پشتگیری شاڵ و کڵاش و تەسبیح لەدەرەوە وەکو کورد ئەرکمانە وەکو ئۆپۆزسیۆن.
(لیژنە و یاوەرانی ڤیستیڤاڵەکە لە ژووری بەڕێوبەرن دوای سەفەر)
ئادەی پێم بڵێن: چۆن بوون، چیتان کرد، چەند خەڵک هات بەوردی دوور لە مێدیا و ناونیشانی حیزبی؟
– ڕاستی گەورەم، شقارتە و گڵۆپ و گۆرەوی و کراسەکان هەر لە بارکردن و داگرتن دڕان و تێکچوون. بەڵام زۆر حەیف خەنجەر و شاڵ و ئەبڵەقەکەش بەهۆی گرانیانەوە دزران هەر کاتی نمایش وە کڵاشەکەش کە ئەوناوەیان شۆری، تێکچوو!
* ئەی لەشیان داڕزێ ئەرێوەڵا، سەیر سەیری ئەو وڵاتە پێشکەوتوانە بکە چۆن تێکچوون. خۆزگەمان بەلای خۆمان!
– گەورەم ڕاستی نەدەبا ئەو شتە بەنرخانە بنێرین
* گوێی مەدەرێ، شاڵ و کڵاشەکە هی چینە و خەنجەرەکەش دەسکەکەی باغە و تەسبیحەکەش لە ژێر پردەکە لە مناڵمان کڕیووەتەوە. موهیم ڕووی گەلەکەمانە لەنێو گەلانی تر. بژین -
مشکی خۆخۆر – عەزیز نەسین
لە شارێکی نزیک دەریادا، کۆگایەکی گەورەی خۆراک دەبێت. ئیتر وەکو هەموو کۆگایەک مشکی بۆ دێت. بەڕێوبەری کۆگاکەش لەڕێگای ژەهرەوە خەریکیان دەبێت. بەڵام تاکو مشکێک بە ژەهر دەکوژێت، ئەو ٢٠ مشکی خستۆتەوە. مشکەکان بەرەبەرە هەرچی فەردە ئاردە دەیکەنە هێلانە و هەرچی پەنیز و گەنم و جۆیە شەوان دەیکەنە یاری بۆ خۆیان. قەبارە و هێزیان وای لێ دێت، ئیتر ئینسان ناتوانێت شەوان بێتە کۆگاکە.بەڕێوبەری کۆگاکە هەڵدەستێت کۆمەڵێک پشیلەیان بۆ دێنێت، کە ناسراون بەچەموشی و لێزانی. دەی دوای هەفتەیەک مشکەکان بەتاکتیک هەموویان دەکوژن. بەڕێوبەر هیچی بۆ نامێنێتەوە بێجگە لە شیوەن و واوەیلا لەم دۆخەی تێیکەوتووە و چی بەسەر هاتووە. ڕۆژێک بیری بۆ لای پلانێک دەچێت، دەستبەجێ سێ قەفەسی گەورە دەبات بۆ ناو کۆگاکە و دەرگاکانی دەکاتەوە. مشکیش لەبەر قەرەباڵغی پڕی دەبن. تەنها دەرگاکەیان لەسەر دادەخات. دەی ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ئیتر مشکەکان دەیکەنە شەڕ ناو قەفەسەکە. برسێتی و جێگا تەنگی زۆریان بۆ دەهێنێ. ئیتر دەستدەکەنە یەکتری خواردن. دوای هەفتەیەک کەم دەبنەوە و ئیتر کەسیان متمانەیان بەکەسیان نامێنێ. هاکا یەکێکیان نوست لەسوچێکدا و ئەمەی تر برسیشی نەبێت، دەچێت دەیخنکێنێ. تا حاڵ وای لێ دێت دوای ٤ هەفتە هەر قەفەسەی یەک دانە مشک ماوەتەوە. مشکێکی دڕەندە، بەهەیکەل، تەڵەکەباز و دڕ و خێرا. چونکە بەهەرچی ئەزموندا ڕۆشتووە. بەڕێوبەریش ئەنجا دەرگایان بۆ دەکاتەوە و بەجێیان دەهێڵێ. ئەم مشکانە ئیتر دەستدەکەن بەخواردنی ئەوەی برسیانە، وە کوشتن و خنکاندنی هەرچی نەوەی نوێ و بچکۆلەیە. وە ڕاونانی ئەوەی دەستیان پێ ناگات.پاش دوو مانگ هیچ مشکێک نامێنێتەوە و بەڕێوبەرەکە بەم پلانە شەیتانیەی کۆتایی بەگەورەترین کێشەی کۆگای ئەو شارە هێنا. بەڵام دەزانن بەڕێوبەر چۆن مێشکی بۆ ئەم پلانە چووە؟چونکە خۆی ئاوها لەسەر خواردنی دەوروبەری، خنکاندنی نەیارەکانی و داپڵۆسین کۆمەڵگا و وەچەی خۆی بوبووە جەنابی (گەورە و بەڕێوبەر) -
دز و حیزمان دەوێت – عەزیز نەسین
کوڕێک تازە خوێندن تەواو دەکات و ناوی بەژمێریار دەردەچێت لە کوێرە ناحییەکی دورە جادە. یەکەم ڕۆژ بەڕێوبەری ناحیە پێشوازی دەکات. دەرگاکەی کراوەیە و هەرکەس دێتە لای کارەکانی بۆ دەکات. ڕێک دوای ئەوەی دەردەچن لەلای بەڕێوبەر، شکاتێک دەدەنە کوڕەی تازە ژمێریار. یەکێکیان دەڵێ: ئەم موعامەلەی بۆم کرد، بەو مەرجەی کچەکەمی بدەمێ. یەکێ تر دەڵێ: ڕەزامەندی دا لەسەر هەڵکەندنی بیر بەو مەرجەی ٣ لیرەی ڕەشادی بدەمێ. یەکێکیان دەڵێ: بۆمی کرد، بەو مەرجەی بەربەنیوەی مەڕەکانی ئەمساڵی بدەمێ. گشتی لەلای ژمێریار دەردەچن تف و نەعلەتی دەکەن. ژمێریاش واقی وڕدەمێنێ زۆر، خوایە هەموو ئیشیان بۆ دەکات و قسەی خۆشە. بۆ داوای بەرتیلیان لێ دەکات؟
ئەمیش دەڵێ مادام بەرتیل وەردەگرێت و شکاتەکانم لەدەستە دەچێتە لای. بە بەڕێوبەر دەڵێ: گوێ بگرە تۆ ئەم هەموو بەرتیل و بێئەخلاقییە دەکەیت. یان ئەوەتا شەریکم دەکەیت یان ئەوەتا شکاتەکان دەگەینمە پایتەخت قەت لێی دەرناچیت.
بەڕێوبەریش دەڵێ: منەتت نەبێت بیگەیەنە!
ژمێریارەکەش دەچێتەوە ژورەکەی خۆی سەری لەم بێمنەتیەی بەڕێوبەر دەرناچێت. لەپڕ چایچییەکە دێت ژوورەوە دەڵێ:
کوڕم شکاتەکان بگەیەنە. ئێمە هەر بەڕێوبەرێکمان بۆ دەهات کوڕی چاک. دەوڵەت دەریدەکرد. وا ١٥ ساڵە ئەم بەڕێوبەرەمان هەیە زۆر لێی ڕازین، بەڵام دوای هەموو ئیشێک درۆیەکی بۆ هەڵدەبەستین و شکاتی لێ دەکەین. قەت دەستیان لێ نەداوە.
دەرکەوتووە بۆمان: دەوڵەت پیاوی حیز و دزی دەوێت. جا بەقوربانە بیانگەیەنە -
داهۆڵ (کورتە چیرۆکێکی پڕ مانا و قوڵ)
نوسینی: جوبران خەلیل جوبران
لەعەرەبیەوە وەرمگێڕاوە
شەوێکی تاریک لە دەشتێکی چۆڵدا لە داهۆڵێکم پرسی: ئەرێ تۆ بێتاقەت نیت بەم ژیانە؟ تەنها و بێکەس لەم دەشتەدا؟ غەریبی کەس ناکەیت؟ وەڕس نابیت؟
داهۆڵ وتی: نەخێر، دەزانی چەند کەیف و سەفا دەکەم. هەرچی چۆلەکە و مەلە، کە دەمبینن لێم دەترسن و دوور دەفڕن .
وتم: خۆ ڕاستە، دەزانی خۆشە. ئاوها بوەستیت، خەڵکی لێت بترسن. هەستێکی زۆر بەچێژە، دەبێت تاقی بکەمەوە.
داهۆڵ وتی: نا، نا، وەکو تۆ ناتوانێت دڵی بەو شتانە خۆش بێت. ئەوە بۆ من چێژی هەیە، کە سەرم پووشی تێدایە. وە قۆڵەکان و ئازای گیانم تەختەن -
بیرکردنەوە لێت
بیرکردنەوە لێت شتێکی جوانە
بیرکردنەوە لێت، هیوایە
وەکو گوێگرتنە لەخۆشترین گۆرانی
بەنایابترین هۆنراوەی دنیاوە
بەڵام چیدی نە هیواخواستن دادم دەدا
نە گوێگرتن لەگۆرانیش دڵخۆشم دەکا
بەڵکو دەمەوێت خۆم گۆرانی بڵێم– لە تورکیەوە (نازم حیکمەت)