نووسەر: Sia

  • چۆن ”ئیدیعا” بسەلمێنی یا پووچەڵی بکەیتەوە؟

    چۆن ”ئیدیعا” بسەلمێنی یا پووچەڵی بکەیتەوە؟

    ئیدیعا claim یا بانگەشە چییە؟

    قسەکردن و دەربڕینێکە، کە دەبێت بەڵگەی دروستی بۆ بهێنرێتەوە. جۆرێک بەرپرسیارییەتیشە بۆ بانگەشەکەر/ئیدیعاکەر و دەبێت لەئەستۆی بگرێت. هەمیشەش بەرپرسیارییەتی سەلماندن دەکەوێتە سەرشانی ئەوەی دەیڵێت یا دەیکات.

    بەرباس

    ئێمە لە هەموو وتوێژێکی ڕۆژانە توشی جۆرێک لە ”ئیدیعا” دەبینەوە. جا ئەوە بەستنەوەی ڕووداوێکە بە هۆکاری تری هەمان زنجیرە و پەیوەستەوە. یاخود بەستنەوەی بیروڕایەکی دیاریکراوە و دەیبەستێتەوە بە ئەنجامێکەوە، کە ئەو ڕاستەکە یا شیاوەکەیە. بەڵام وەکو دەزانین هەر بابەتێکی لەو شێوەیە، گەر لە فیزیا، کیمیا یا بیرکاری توشمان ببێت. ئەوە دەچین بەدوای شیکارە و هۆیەکەی دەگەڕێیین بەپێی ”موسەلەمات” ڕێککەوتووکراوەکان لەسەری. بۆئەوەی ئەوەندە لەسەر پێناسە و شێوەکەی نەڕۆین، دەچین بۆ لای کۆمەڵێک نمونەی ئاسان لە تێگەیشتن.

    ئیدیعای ئەرێنی affirmative

    ئیدعای ئــەرێنی، واتا گرێدانی ڕووداو بە هۆکارەکانی و بەستەوەنی هۆکار و ڕووداو بە زنجیرەیەکی دانەپەچڕاو و ئەقڵانی. لێرەدا مەبەست لەوەیە هۆکاری ڕووداوەکە هیچ نەبێت ناسراو بێت پێشتر و بزانیت دەشێت یاخود شیاوی ڕوودانە. بە نمونە: ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێک (بەهۆی تەقینەوەی سۆپای نەوت. یاخود بە هۆی شۆرتێکی کارەبایی) ئەو دوانە هەریەک ”دەتوانن” هۆکاری ئاگرکەوتنەوە بن، گەر بەڵگەی ڕوودان دۆزرایەوە (لەڕووی تیۆرییەوە).واتا بوونی بونیاتی کێبڵی کارەبا و تەزوو لە ماڵەکەدا یاخود بوونی سۆپای نەوت و سوتەمەنییەکە هەمان شت.

    ئیدیعای نەرێنی negative claim

    لێرەدا دوو جۆری سەرەکی باومان هەیە، کە جیاکردنەوەیان لەیەکتری ئەوپەڕی گرنگە. ئەویش:

    ئیدیعای نەرێنی (دیاریکراو)

    ئەگەر لێدوانەکە و ڕاستییەکان یەک نەگرن، ئەوا پێدراوێک یا دراوەیەکی ناڕاست یان خەیاڵی چەوت هەیە. ئەگەر بە زانیاری تەواو لەسەر ڕاستییەکان، بتوانرێت مشتومڕ لەسەر ئەوە دروست بکرێت کە ئایا جەختکردنەوەکە ڕاستە یان هەڵەیە، ئەوە جۆرێک لە وتوێژی بەرهەمدار دەخاتەوە. واتا ڕەتکردنەوەی ئاگرکەوتنەوەی ماڵەکەی سەرەوە. یاخود ڕەتکردنەوەی ڕوودانی هۆکار و لەدوای یەکەکان بۆ ئاگرکەوتنەوە بەنمونە: ماڵەکە هیچ کێبڵێکی کارەبای تێدا نییە. یان ماڵەکە لە بنەڕەتەوە هەر سۆپایان لەوەیە نەبووبێت ..هتد. ئەمەش خەیاڵی و (مێتافیزیکی) نییە. بەڵکو دەتوانیت بچیت و ماڵە دیاریکراوەکە ببینی و دڵنیا بیتەوە لەم (ئیدیعایە). ئەمەش گومانێکی بەرهەمدار دەخاتەوە و خەمخۆری و لێکۆڵینەوە دروستر دەکات لەو کارەساتە (ماڵ سووتان).

    ئیدیعای نەرێنی (شاراوە)

    واتا وابەستکردنی ئاگرکەوتنەوە بە هۆکارێک، کە نەتوانیت نە بۆی بچیت و بیبینی و نە پێکەوە گرێی بدەیت. وەکو (جن و جانەوەر بەنزینیان کردووە بە ماڵەکەدا. یاخود گیاندارێک هەیە لەدەرەوەی زادەی ئەقڵ و هۆشیاری ئێمەوە گڕی بەدەم فڕێداوەتە ناو ماڵەکەوە). لێرەدا دەتوانیت بە باشترین نمونەی مەولانا ڕەسڵەوە گرێی بدەیت، کە ئەویش قۆرییە چاییەکەیەی ڕەسڵ Russell’s teapot (زیاتر دەربارەی ڕەسڵ بەکوردی لە بڵۆگی هاوڕێ لایەق حەمە هەیە). ئەم جۆرە بانگەشە نەرێنی و شاراوەیە زۆرترین خەڵکی ئاینی و بیردۆزی پیلانگێڕییەکان بەکاری دەهێنن بۆ سەلماندنی (ئیدیعاکانیان). لە هەمووشیاندا بەنزیکەیی دەیبەستنەوە بە هێزە نادیارەکانی سروشت وەکو فەلسەفەی بوزا و ئاینی هیندۆسی. لە لای ئاینە گرووپکراوەکان بەناوی ”ئیبراهیمییەکان؟” ناسراوە بە غەیبیات یا پشتەوەی سروشت و مادەوە.

    * ئاینە ئیبراهیمییەکان: ناوێکی پێدراوە بە هەموو ئەو ئاینانەی لە جولەکەوە یاخود تەناخەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوان یەکەم کەسن کەسایەتی ”ئیبراهیم” وەکو هاوەڵی یەهوا دەرکەوتووە. بەڵام ئەوان دژی ئەوەن مەسیح/ڕزگارکەر هاتبێت و پێیان وایە ئیسلامیش جۆرێک ”هەرطەقەیە”ی مەسیحی نەسطوری و ئەیبیونۆنییە. هەمان کات مەسیحییەکانیش هەمان شت بۆ جولەکە و ئیسلام. وە ئیسلامیش پێی وایە ئەم کۆتاییانە ”خاتەمەیە” وەشاندنێکی ئەسڵی ئەوانە. بەڵکو دەڵێت دەستکاریکراو و گومڕان.واتا کەسیان ڕازی نین لەڕووی عەقیدەوە ئەوانی تر ئاینی دروست و ئەسڵی بن

  • لە ” حەربا ”ــی چیخۆفەوە (کوردێنراوە)

    لە ” حەربا ”ــی چیخۆفەوە (کوردێنراوە)

    سەگێکی هار:

    بنکەی پۆلیسە و کاکی بەڕێوبەر و یاریدەدەرەکەی قنج خۆیان گۆڕیووە و بسکەی سمێڵیان دێ. تازە موچەی مانگی پێش پێشووتریان وەرگرتووە. شار خامۆشە و هەموو شت بەپێی تەلی دادگا دەسوڕێ. لە سەریانەوە تەرازوویەک دانراوە و ژنێکی چاوبەست گرتویەتی بەدەستیەوە. لەسەر ئەویشەوە وێنەی جووت سەرکردە دانراوە.
    یاریدەدەر: جەناب، باشتر نییە نیشانەی داد و یەکسانی لەسەرو وێنەی جووت سەرکردەوە بێت؟ چونکە هەردووکیان پارێزەری داد بوون و مەعالیان هەمیشە جەختیان لە دادپەروەری دەکردەوە.
    بەڕێوبەر: من چەن دەتکەم بە ژێر سک، بەڵام تۆ هەر دەبیت بە پاڵدو*. ئاخر نازانی گەر هەردووکیان نەبان، نە ئازادی نە داد و نە ئەم وڵاتەش دەبوو. کورە من و تۆش بە رەزای ئەوان لێرەین.
    یاریدەدەر: ئەها، وەڵاهی ئینسان تا دەمرێت هەر فێری حیکمەت و مەنتق دەبێت لە جەنابتەوە. تۆ سەیری سەیری من چیم بیرچووە. تکایە بمانبوورە بە گەورەیی خۆتان.
    بەڕێوبەر: گرنگ ئەوەیە تۆش بیگەیەنیت، وەکو دەزانیت ئێمە مستی دەستی دادپەروەرین لەم شارە.
    لەپڕ غەڵبە غەڵبێک دێت و هەرایەک لە قاوشی بەردەمیان وا نزیک دەبێتەوە. هونەر، کە پۆلیسێکی جێگیرە لە بەڕێوبەبەرایەتی بە بڕوانامەی ٦ـی بنەڕەتییەوە. لەشێکی پتەو و قیافەیەکی هەیە، کە نایەڵێت ئەو حەشامەتە بگەنە لای ژووری بەڕێوبەر. بەڕێوبەر و یاریدەدەر بە سەرسوڕمانەوە بۆ یەکتری لە دەرگاکە نزیک دەبنەوە و دەیکەنەوە.
    – ها هونەر ئەم گەڕەلاوژێیە چییە؟؟ (زیاتر…)

  • تووتک و فیل (کورتە چیرۆکی ڕووسی)

    تووتک و فیل (کورتە چیرۆکی ڕووسی)

    جارێک کابرای سێرک بەسواری فیلێکی زەبەلاحەوە بەناو شارێکدا تێدەپەڕێ لەگەڵ هەموو عارەبانە و ئاژەڵە ڕاهێنراوەکانی. لەپرێکدا توڵەیەک دەکەوێتە نێوەندیان و دەست دەکات بەوەڕین و پەلامار بەباڵای قاچە زەبەلاحەکانی ئەو فیلەی کابرای لەسەرە. کابراش سەیرێکی توڵەکە دەکات و دەڵێ:
    ئەو دەنگ و قوڕگەت مەنوسێنە بەوەڕە وەڕ، لەلای ئەم فیلە تۆ زۆر لەوە بچوکتری تەنانەت بەچاویش تەماشات بکات.
    توڵەکەش دەڵێ: منیش دڵنیام ئاوهام لەبەرچاوی ئەودا. بەڵام بۆ بەرچاوی خەڵكی سەگێکی جەربەزەم و ئەو هەموو زەبەلاحی و زاخەی فیل هەیەتی نامترسێنێ و ئازام!

  • هاوڵاتی جێگیر (قەپات)

    هاوڵاتی جێگیر (قەپات)

    نوسینی: جوتیار ئاغا
    لە عەرەبیەوە وەرم گێڕاوە

    بیرمەندی فەرەنسی ئەنتوان دولا بواسییە لە کتێبەکەی بەناوی (کۆیلەیی خۆبەخش) دەڵێ: ” کاتێک گەلێک توشی داپڵۆسین دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، ئیتر خەڵکەکە لەگەڵ چەوسانەوە ڕادێت و ئازادی ناوێت. توێژێکی نوێ دەردەکەون بەناوی (هاوڵاتی جێگیر)”. لەم ڕۆژگارەدا هاوڵاتی ئێمە لە جیهانێکی تایبەتیدا دەژێت، کە لە سێ شتدا دەیبینیەوە:
    ١. ئاین
    ٢. پاروە نان
    ٣. دووگۆڵی
    ئاین، لەلای هاوڵاتی جێگیر پەیوەندی بە دادپەروەری و حەقەوە نییە، بەڵکو کردنی چەند ڕێوڕەسمێکی ئاینییە و خۆهەڵواسینە بە ڕووپامایی، کار ناکاتە سەر کردەوەکانی. بە نمونە ئەوانەی خەریکی درۆ و قۆڵبرین بەردەوام، هەست بە گوناحە دەکەن، کاتێک نوێژێکیان لەدەست بچێت لەکاتی خۆیدا. وە بەرگری لە ئاینەکەی ناکات، گەر نەزانێت زیانی نییە بۆ پەزەکانی.
    ڕەنگە بەلەسە ببێت بە ڕێگەپێدانی نێربازی لە هەندێک دەوڵەت، بەبیانوی ئەوەی دژی ئیرادەی خوایە. بەڵام نقەی لێوە نایەت لەسەر ئەو هەموو گرتن و کوشتنەی دەوڵەتەکەی دەیکات ئەو هەموو ئەشکەنجەدانە. بگرە زۆرجار شوکوری خودا دەکات، کە ماوە.
    پاروەنان، کۆڵەکەی سەرەکییە لەلای هاوڵاتی جێگیر. ئەو حەقی نییە بەهیچ شتێکی سیاسییەوە، بەڵکو خۆی کۆدەکاتەوە لەوەی نان پەیدا بکات و منداڵی گەورە بکات. دوایی کچەکانی بەشو دەدا و منداڵەکانی دەخاتە سەر ئیش و لە کۆتایی تەمەنی دەستدەکات بەخوێندنەوەی کتێبە ئاسمانییەکان و سەردانی ماڵی خواش دەکات بۆ ئاخیر خێری.
    هەرچی دووگۆڵییە، هاوڵاتی قەپات بە هەموو ئاواتەکانی دەگات، کە لێی بێبەشە. دووگۆڵی لە ماوەی ٩٠ خولەکدا هەرچی خەمی هەیە لەکۆڵی دەکاتەوە و دادپەروەری بۆ دەهێنێت. چونکە لەو ماوەیەدا هەموو پەیوەستن بەو یاسایانەی دانراون و بەسەر هەموودا جێبەجێ دەکرێن.هاوڵاتی جێگیر یا قەپات، تەگەرە و لەمپەری سەرەکییە لەبەردەم هەر پێشکەوتن وگۆڕانکارییەک
  • سوننەت وەکو خۆی!

    سوننەت وەکو خۆی!

    پێغەمبەری بەڕێز بۆ ڕێگرتن لە پەلامار هەڵسا بە دروستکردنی خەندەق لە دەوری مەدینە. وە توانی خۆی بپارێزێت ئەو کاتە و سەرکەوێت. ساڵ هات و ڕۆیشت یەکێک لە بنەماڵەکەی بەناوی (موحەمەد نەفسی زەکیە) لەسەردەمی عەبباسییەکان شۆڕشێکی کرد لە هەمان شار بۆ گێڕانەوەی ئیسلامی باپیرە گەورەی و خەلافەتی راگەیاند. کاتێک هەواڵ گەیشتە عەباسییەکان، ئەوان سوپایەکی بچکۆلەیان نارد بۆ دامرکانەوەی بە سەرۆکایەتی (عیسای بن موسا). موحەمەد باوەڕی بە هەموو شتێکی باپیرەی پێغەمبەر بوو، بۆیە چووەوە هەمان شوێنی جاران و خەندەقی هەڵکەندەوە. بەو باوەڕەی سەردەکەوێت لەگەڵ هەزاران باوەڕدار و وەچەی سەحابە. کاتێک عیسا و سوپاکەی گەیشتنە خەندەقەکە، چوو دوو دەرگای لە خانوی دەرەوە لێ کردەوە و کردیە پرد. سوپاکەی پەڕیەوە و شۆڕش و خەلافەتەکەش تەفروتونا بوو!
    لاسایی و سوننەت پەیوەستە بە کات و شوێنەوە، گەرنا تەفروتونا دەبی

  • ڕۆژی جیهانی تێخشاندن – لە ئەدەبیاتی سورییەوە

    ڕۆژی جیهانی تێخشاندن – لە ئەدەبیاتی سورییەوە

    کابرایەک خەڵکی کوێرە گوندێکی لای دێر الزورە لە سوریا. بەبۆنەی ماستاوچێتی حیزبەوە دەبێتە بەڕێوبەری گشتی و مەسولی دیوانی وەزارەت. کاتێک بودجەی ساڵانە ١٨ ملیۆن لیرە قسور دێنێت. بانگی کۆنترین ژمێریاری دەزگاکە دەکات و دەڵێ: ئەرێ ئەی هاوار بۆ وامان لێ هاتووە؟ ئەویش دەڵێ: گەورەم هەموو ساڵ وایە. ئەویش دەڵێ: ئەی چۆن کەس لەسەر دزی دەرنەکراوە؟ ئەویش دەڵێ: بۆنەیەک دەکەین، ئەو ١٨ ملیۆنە لە زوڕنا، لافیتە، دەنگخۆش، وتاربێژ وە تەلەفی کورسی و مێز پڕدەکەینەوە. ئەوە ئاسانە گەورەم، بەس کێشەیەکی ترمان هەیە! ئەویش دەڵێ: نەڵێی نابێت، چییە؟ دەڵێت: بەس مانگی هەشتە و هیچ بۆنەیەکمان نییە. تۆ هیچ بۆنەیەکت بەخەیاڵدا دێت؟ بەڕێوبەر دەڵێ: لە گوندەکەمان مانگی هەشت دەچوین بۆ چیلکە کۆکردنەوە. لەوێ کچی وەکو خۆمان دەدۆزیوە و خۆمان لەیەکتری دەخشاند. ئەویش دەڵێ: کەواتە گەورەم ئاهەنگێک ساز دەکەین بەناوی: چنینەوە و تێخشان!
    جــا میللەتێک زمانەکەی فت، زەویەکەی هیچ، دەوڵەتەکەی توڕەهات. هەر جارناجارێک ڕۆژێک دیاری دەکات و بۆنەیەک بۆ تێخشان