تاگ: هزر

  • فەلسەفەی ڕەوشت: ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟

    فەلسەفەی ڕەوشت: ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟

    ئەم وتارە گرنگە تێڕوانینێکی قووڵ بۆ پرسیارێکی سەرەکی لە فەلسەفەی ڕەوشت/ئەخلاقدا دەخاتە ڕوو، ئەویش: ئایا بڕیاردان لەسەر باشی ”حسن” و خراپی ”قبح” کردەوەیەک پەیوەندی بە سروشتی خودی کردەوەکەوە هەیە، یان بە شتێکی دەرەکی دیاری دەکرێت؟ لەم کۆمەڵە بڕگەیەدا هەموویان بەپێی هاوپۆل دەخەینە ڕوو.

    سروشتگەرایی ڕەوشت: ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە

    قوتابخانەی یەکەم پێی وایە، کە ڕەوشتی یا نــاڕەوشتی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدایە. بۆ ڕوونکردنەوە با نموونەیەکی سادە وەربگرین:
    کاتێک باس لە کردەوەیەکی ناشیرینی وەک دەستدرێژی کردنەسەر منداڵێک یا پەیوەندییەکی جێگەیی دەکەین. زۆربەی خەڵک دەڵێن ئەم کردەوەیە خراپە لەبەر تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خودی کردەوەکە وەکو:

    1. ئازاری مندالەکە
    2. نەبوونی ئازادی و ڕەزامەندی لە لایەن منداڵەکەوە
    3. نەبوونی تەمەنی پێویست و ئامادەنەبوون بۆ پەیوەندی لەم جۆرە

    بۆیە، هەر کردەوەیەک ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، خراپە! جا لە هەر وڵاتێک بێت، لە هەر سەردەمێکدا بێت. واتە هەر کردەوەیەک بەهۆی تایبەتمەندییە سروشتییەکانی خۆی دەردەخات ڕەوشتییە یان ناڕەوشتی. بەهەمان دەرەنجامی دۆخەکە و تێگەیشتن لێی، بڕیارەکە لەسەری دەردەکات.
    نموونەی دیکە:

    • خۆشەویستی و یارمەتیدانی نەداران بە باش دادەنرێت لەبەر ئەوەی کەسێک لە ئازار ڕزگار دەکات
    • درۆکردن بە خراپ دادەنرێت لەبەر ئەوەی متمانە تێکدەدات و پەیوەندییەکان لاواز دەکات

    ئایینی-فەرمانخوازی ڕەوشتی: ئەخلاق لە دەرەوەی کردەوەکەدایە

    قوتابخانەی دووەم پێی وایە، کە باشی و خراپی کردەوەیەک لە تایبەتمەندییەکانی خودی کردەوەکەدا نییە، بەڵکو لە فەرمانی دەرەکی (بۆ نموونە فەرمانی خودادا)یە. بەپێی ئەم بۆچوونە:

    • کردەوەیەک باشە یان خراپە تەنها لەبەر ئەوەی خودا (یان هێزێکی دەرەکی) دەڵێت باشە یان خراپە ”ئەشعەرییەکان
    • کردەوەکە هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی نییە، کە ببێتە هۆی باشی یان خراپی
    • هەمان کردەوە دەکرێت لە حاڵەتێکدا باش بێت و لە حاڵەتێکی دیکەدا خراپ بێت، بەبێ گۆڕینی هیچ تایبەتمەندییەکی سروشتی

    نموونەی زیاتر:
    بەپێی ئەم بۆچوونە، دوو کەس، کە بە یەک شێوە و بۆ یەک مەبەستی باش یارمەتی دەدەن، کردەوەی یەکێکیان دەکرێت باش بێت و ئەوی دیکەیان خراپ. تەنها لەبەر ئەوەی هێزێکی دەرەکی بە جیاوازی ناوی لێناون. واتا گەر ئەوە لە زومرەی خۆمان بێت ئەوە باشە، گەر لە زومرەی ئەولا بێت نا. لێرەشدا مەبەست لە ئایندار و بێئاین نییە، بەڵکو لە مەزهەب یاخود مەرجەعی جیاواز ”شیعە بەنمونە”.
    لەشێوەیەکی توندڕەوتردا، ئەم بۆچوونە دەڵێت، کە مرۆڤی بێ باوەڕ ناتوانێت خاوەنی ئەخلاق/ڕەوشت بێت، چونکە ڕەوشت لە خودی کردەوەکاندا نییە، بەڵکو لە فەرمانی خودایە. لێرەدا سێ قوتابخانەی سەرەکی ئیسلام و مەسیحییەت تەبان، تەنها کەسێک بەجودا لێیان فڕیووە، ئیبن تەیمییەیە، کە پێی وایە هەردووکی تێکەڵە. ساناتر، هەندێک شت لە خودی کردەوەکەدا هەن و پێویستی بە باوەڕ نییە. هەندێکی تریان فرمانی خودای گەرەک. بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها باوەکان دەردەکەین، نەک ئەوەی شێخی ئیسلام.

    شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە
    ئەم بۆچوونی دووەمە، قوتابخانەیەکی لاوازە، لەبەر چەند هۆکارێک:

    • دژبەری ناوەکی: ئەگەر ئەخلاق پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکەوە نەبێت، ئەی بۆچی خودا بڕیاری داوە هەندێک کردەوە باش و هەندێکی تر خراپن؟ ئەمە وا دەردەخات، کە تایبەتمەندییەکانی کردەوەکان گرنگن
    • گرێکوێرەی یۆسیفرۆ: ئایا کردەوەیەک باشە چونکە خودا دەیەوێت، یان خودا دەیەوێت چونکە کردەوەکە باشە؟ ئەگەر یەکەم بژاردە ڕاست بێت، ڕەوشت دەبێتە شتێکی هەڕەمەکی. ئەگەر دووەم بژاردە ڕاست بێت، کەواتە ڕەوشت سەربەخۆیە لە خودا
    • بەراوردکاری کلتووری: ئەگەر ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدا نەبێت، چۆن لەوە تێبگەین، کە زۆربەی کۆمەڵگا مرۆییەکان، سەرەڕای جیاوازی ئایینی، لەسەر بنەما ڕەوشتییە سەرەکییەکان هاوڕان؟

    بۆچوونی ڕەوشتی دیکە

    لە دەرەوەی ئەم دوو قوتابخانەیە، چەندین بۆچوونی دیکە هەن، کە شایەنی باسکردنن:

    • سوودگەرایی (Utilitarianism): باشی و خراپی کردەوەکان لە ئەنجامەکانیاندایە. کردەوەیەک باشە ئەگەر زۆرترین خۆشی بۆ زۆرترین کەس دابین بکات.
      • نموونە: لەم ڕوانگەیەوە، درۆیەکی بچوک کە زۆر کەس ڕزگار بکات دەکرێت کردەوەیەکی ئەخلاقی بێت
    • پێوەری ڕەوشتی کانت (Kant’s Categorical Imperative): کردەوەیەک باشە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بیەوێت ئەو کردەوەیە ببێتە یاسایەکی گشتی.
      • نموونە: بەڵێن شکاندن ناتوانێت ببێتە یاسایەکی گشتی، چونکە ئەگەر هەموو کەس بەڵێن بشکێنێت، چەمکی بەڵێندان مانای نامێنێت
    • ئەخلاقی چاکەکار (Virtue Ethics): جەخت لەسەر پەرەپێدانی کەسایەتی ڕەوشتی باش دەکات، نەک تەنها کردەوەی باش.
      • نموونە: باوکێک کە منداڵەکەی بە دڵسۆزی و چاودێری بەخێو دەکات، نەک تەنها بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەڵکو بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی باوکێکی باش

    لە کۆتاییدا، پرسیاری “ئایا ڕەوشت لە خودی کردەوەکەدایە یان لە دەرەوەیە؟” بەردەوام دەبێت وەک یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ڕەوشت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر چۆنیەتی تێگەیشتنمان لە دونیای دەوروبەرمان و بڕیاردان لەسەر باشی و خراپی کردەوەکانمان.

    سەرچاوەکان

    Moore, G.E. (1903). Principia Ethica. Cambridge University Press.
    Kant, I. (1785). Groundwork of the Metaphysics of Morals.
    MacIntyre, A. (1981). After Virtue. University of Notre Dame Press.
    Rachels, J. (2003). The Elements of Moral Philosophy. McGraw-Hill.
    Plato. Euthyphro.

    تێبینی: ئەم وتارە وەکو بیرۆکە لە وتارێکی ”قوولەی گومانگەران/صرح الشكاك” وەرگیراوە بە سوپاسەوە

  • لەچی مردن بترسین؟ –  ئێپیکۆرس/ئەپیکور

    لەچی مردن بترسین؟ – ئێپیکۆرس/ئەپیکور

    ئێپیکۆرس/ئەپیکور Epicurus کێیە؟

    ئەپیکور (٣٤١-٢٧٠ پ.ز) فەیلەسوفێکی یۆنانی کۆن بوو، کە بیرۆکەی چێژگەرایی (هێدۆنیزم)ی پەرەپێدا. بەڵام چێژگەراییەکەی جیاواز بوو لە تێگەیشتنی باو. ئەو پێی وابوو کە:

    ١. خۆشبەختی و ئارامی دەروون گرنگترین شتن لە ژیاندا
    ٢. چێژی ڕۆحی و هزری لە چێژی جەستەیی گرنگترە
    ٣. ژیانێکی سادە و دوور لە خواستە زۆرەکان دەبێتە هۆی ئارامی
    ٤. دۆستایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی خۆشبەختین

    ئەبیقۆر قوتابخانەیەکی فەلسەفی دامەزراند، کە تێیدا ژن، پیاو و کۆیلەش وەک یەک مامەڵە دەکران، کە ئەمە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی زۆر پێشکەوتوو بوو بە بەراورد بەو کاتە.

    ڕوانگەی ئەو لەسەر ژیان و مردن چی بوو؟

    سەبارەت بە ژیان، پێی وابوو ژیان دەبێت بۆ خۆشی و ئارامی بێت، نەک ترس و نیگەرانی. بەڵام ئەم خۆشییە لە ڕێگەی ژیانێکی سادە و دوور لە خواستی زۆر بەدەست دێت. بە کوردی و بە کورتی ئەو چێژی ژیانکردن/ژیان لە ناواخنی خۆیدا دەبینییەوە. واتا ئەزموونکردنی ئەو جەوهەرە.

    لەسەر مردن چی دەوت؟

    چۆن نەبوونی شتێك زیان دەگەیەنێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت؟ بە ڕوانگەی ئێپیکۆرس/ئەبیقۆر، مردن تەنها نەبوونی هەست و زانیارییە. بەڵگەکانی بەم شێوەی خوارەوەیە:
    ١. کاتێك دەمرین، هەست و زانیاریمان بە تەواوی نامێنێت، هیچ هەست و بیرکردنەوەیەکمان نامێنێت، تەنها “تۆ” ش نامێنێت.
    ٢. زیان، بە پێناسەیە سادەکەی پێویستی بە کەسێکە هەستی پێ بکات بۆ ئەوەی هەبێت. بێ هەست، زیان نییە.
    ٣. کەواتە، مردن ناتوانێت زیانمان پێ بگەیەنێت چونکە تەنها ڕەوشێکە لە نەبوونی هەست.
    خۆت بخەرە ئەو دۆخەی، کە نوستووی بێ خەون. کات تێدەپەڕێت بێ ئەوەی هەست بە هیچ بکەیت. ئایا ئەم ساتانە بە زیاندار دەزانیت؟ بەدڵنیایی نەخێر. ئێپیکۆرس دەڵێت، کەمردین هەر هەمان ڕەوشە، بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام. هیچ شتێك نییە لێی بترسیت، چونکە بە سادەیی هەست بە هیچ شتێك ناکەیت.

    ئایا پێشتر بیرت لە ملیاران ساڵ کردۆتەوە، کە پێش تۆ تێپەڕیبوون؟ ئایا هەستت بە هیچ شتێك کردووە لەو ساتانەدا؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. لێرەدا ئێپیکۆرس دەڵێت: ئەگەر نەبوونت لە جیهان پێش لە دایك بوونت زیانی پێ نەگەیاندووی، چۆن نەبوونت لە جیهان پاش مردن زیانت پێ دەگەیەنێت؟
    ١. پێش لە دایكبوونمان، لە ڕەوشی نەبووندا بووین، و هەستمان بە هیچ زیان و ئازارێك نەکرد.
    ٢. مردن، بە سادەیی، دەمان گێڕێتەوە بۆ هەمان ڕەوشی نەبوون.
    ٣. بە پێی ئەوەی ڕەوشی نەبوون پێش لە دایكبوون زیاندار نەبوو، هەمان شت بۆ ڕەوشی نەبوون پاش مردن ڕاستە.
    ئێمە نیگەران نین سەبارەت ئەو کاتانەی کە تێیدا نەبووین. کەواتە بۆچی لە کاتانەی کە تێیدا نابین لە داهاتوو دەترسین؟

    جاری داهاتوو، کە بیر لە مردن دەکەیتەوە، لە خۆت بپرسە: بۆچی بترسم لە شتێك کە ناتوانێت زیانم پێ بگەیەنێت؟

    پانووس: