هاوپۆل: گیانفیدایی
-
ئۆرهان کۆتان Orhan Kotan
ئۆرهان کۆتان 20.5.1944 – 09.7.1998
ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەر و شاعیر، لە سەرەتای لاوێتی (چەپێکی شۆڕشگێڕ) لە بزووتنەوەی کوردیدا لە باکور لەگەڵ (دکتۆر شڤان و هاوەڵانی، کە بەداخەوە بە پلانی میتی تورکی بە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان شەهید کران) تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بووە.
ئۆرهان کۆتان لە شاری مووشی باکوری کوردستان هاتۆتە دنیاوە. زۆری ئەشکەنجە و زیندان کێشاوە، تەنها بۆ ساتێکیش کۆڵی نەداوە.
لە هەرە شیعرە ئاگراوییەکانی بۆ گیانی بەرخودانی نوسیووە و ئەحمەد کایا ئاوازی بۆ داناوە:
لە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن..
دادگاییم کەن، لە “ماماک”*ـدا توندم کەن..
بە خوێن (دیاربەکر)ــم مۆر کردووە..
با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن..
ئەم ئاوازە!
سۆزی ئەو کێوە ئەرخەوانیانەیە
مشتێ ئاوە بۆ زیندانییە هەڵاتووەکان
تیکەیەکە لە گۆرانی بۆ مەحکومکراوان
دەستماڵێکە بۆ سنگە کوتراوەکان
شیرە بۆ مەمک
گیانی بەرەکەتی بەهارە بۆ زەوی
نــــــە بۆ چوار دیواری تەنگ دەشێ
نــــــە لە گڵۆڵەی دڕکەزیدا بەند دەکرێ
ئەم ئاوازە!
گوللەیەکی پڕ غیرەتە، لە لولەی تفەنگێکدایە بۆ دەرپەڕین
لە پێشیەوە قات و قڕی و زریان و زستان
لە پاشیەوە خۆڵەمێش و سوتک، وە ئەرخەوان و گێلاس
تەڵێکیان ئاشوری دەژەنێ، ئەوی دی کلدانی!
هەموو وەرزێک زندوو دەبێتەوە
پەترۆلی شین و سورایی خوێن
لە لێوێکی وشکدا
دیجلە و فورات دەژەنێ
هێی برا
ڕەنگدانەوەی ژیانە لە دەنوکی هەڵۆدا
عەشقی منە لەگەڵ پرچ ڕەشێکدا
لەشی دەڵێی پەڕەی گوڵە
ئەم ئاوازە!
سۆزی ئەو کێوە ئەرخەوانیانەیەلە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن
دادگاییم کەن، لە “ماماک”*ـدا توندم کەن
بە خوێن (دیاربەکر)ــم مۆر کردووە
با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن
کاتێک تیشکی خۆر ڕوومەتی بەفر دەڕوشێنێ
دڵی ئاسمانی دەخروشێنێ
تا جامانە و کراسەکەی خەڵتانن لە خوێن
عەشقی مەرگەسات
چاوانیش دەبنکە پشکۆ، دەبنە خەنجەر
لێواولێو دەبن لە شەهامەت
دەبنە گوڵە مینا
دەستەکان ئازا و پڕ لە هونەر
لە پشتی کێوە ئەرخەوانییەکانەوە
سێ دنیای گەورە، سێ ئەفسانە
سێ هاوکێشە
سێ کۆد، سێ بۆمبی ئەتۆمی
لەگەڵ چەرخێک، وە پریشک و دینامیت هەن.
کاتێک تیشکی خۆر ڕوومەتی بەفر دەڕوشێنێ
ئاوازی کێوە ئەرخەوانییەکانیش دەگات
کە لە سنگی خۆردا گڵپە بوون
گوڵی زەمین دەژێننەوە
کە لە گولەی ناموس و شەرەفدا پێچرابوون
دڵێ شۆڕش بوون
حەقیقەتێکی سپی بوون لە خەوێکی ڕەشدا
نازەنینم، ئەمە عەشقی هەزاران ساڵە
لە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن..
دادگاییم کەن، لە “ماماک”*ـدا توندم کەن..
بە خوێن (دیاربەکر)ــم مۆر کردووە..
با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن..
ڕامەوەستە هەی خوشکی نازدارم..
گۆرانی خۆت بچڕە بەردەوام..
بێ گریان
بێ ڕۆ ڕۆ
بێ ڕەشپۆشین
بیڵێ لە شەوی خەنەبەنداندا
لە لۆرکێدا، لە گۆڤەندا
لە تەمیرئاغا*
* ماماک: گەورەترین زیندانی تورکیایە لە ئەنقەرە.
* تەمیرئاغا: جۆرە هەڵپەڕکێیەکی کوردی عەلەوییە. -
پیر سوڵتان ئەبداڵ ١٤٨٠-†١٥٥٠
ناوی ڕاستی (حەیدەر)ــرە. شاعیر و میوزیکژەن و سۆفییەکی کوردی (عەلەوی مەزهەب). لە نێو سوونەشدا خۆشەویست و بەرز. یەکێکە لە سیمبۆلەکانی بەرخودان دژ بە دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی. هۆنراوەکانی پڕن لە فەنتازی و گیانی تێکۆشان بۆ ئازادی. دژی پاشا و دار و دەستەی سوڵتان وەستاوە و زۆری ئازار و ئەشکەنجە کێشاوە. لەو پێناوەشدا خۆی بەخت کردووە. لە زۆر فلیم و ڕۆمان و گۆرانیدا وەکو شۆڕشگێڕ و فەیلەسووف دەردەکەوێ.
ئەمە پارچەیەکە لە قەسیدەکەی:
ڕووبارێکم کە دەڕژێتە دەریاوە.
گوڵێکم پێش وەخت خونچە کراوە.
خۆڵەمێشم، هی ئاگرێکی کوژاوە.
هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ.
جارێ پیر سوڵتان ئەبداڵم.
جارێ بۆش و بەتاڵم.
برسی و تینووم.
بۆ مەرگ لە پێناوی گەلەکەم دەڕۆم.
هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ. -
ئەی هاوار … [نوێکراوەتەوە]
هۆنراوەیەکی زۆر بەناوبانگی کەڵەشاعیری باکوری کوردستان و تورکیا “ئەحمەد عارف” ــە. پێشکەشە بەوانەی خۆی ئاسا سەریان بۆ هیج دانەواندووە!لە نێو ئاگردا..
لە نێو تەڵەی قەحپەکاندا..
لە نێو قریشکە و تۆقیندا…
لە کانگای دوومەڵ و لە نێو وەحشی و دڕەندەکاندا..
لە گۆمی ژەخنەبووتا، تەنراو بە چەقۆ..
وەستاویت تاقانە و بێکەس! وای بۆ ئازارت…
وای وای….
تەنها ڕووح و سەری خۆتت پێ ماوە!
بێ پشت و پەنا، بێ بەرگ، پێ خاوس!
لە سەحەردا خەوزڕاو..
لە ژێر چەپۆکی جەلادێکدا*..
وای..
چەندم خۆشدەویستی..
ئەمە چی نیشتیمانێکە لە ئێسکودارەوە* تا ئێرە؟
هێی گیانەکەم!
کێوی گۆڵزار، پڕ لە ئافات، پڕ برسێتی..
نە گوڵەکانی ئەپشکوون، نە میوەی گەیوو لە لقەکان دەکەونە خوارەوە…
ئەکێشن بە نێوچەوانمدا..
وەکو “گڕەبەردێک (نەیزەک)” بە کێڵگەیەکدا بدات..
کەرامەت شکاندن، بێ هانایی..
ڕووباری مونزور* و شاهـ مورات* خەڵتان لە خوێن…وە منیش شــــــــاعــــیرم!
لە پێناوی شەرەفی ڕەنجەدەراندا..
بۆ ناموسی تێکۆشەران..
بە بێ ترس، پاک و بێگەرد..
کە نەبوون بە خۆڵەمێش..
نـــــە وێنەیەک دەگرم..
بە ڕوانینێکی خەمبارەوە..
نە چەند کۆپلەیەک ڕەشەبای یاخی هەڵدەواسم…
وای..
چەندم خۆشدەویستی..ئازیز، بەڵێ ئێستا..
هەرچەندە دەمێکە دابڕاوین، لێ هەر ئێستا..
دەڵێی بە چەقۆیەک لە تۆ کراومەتەوە..
دەڵێی چڵێکم لە قەدی تۆوە شکێنراوم…
ئەی هۆکاری ژیانم، خانمەکەم، خۆشەویستم..
برینەکەت زۆر قووڵ بووە،
چەخماخەی ئاگریش داناگیرسێ،
دەزانـــــــم!!
لێگەڕێ لە چیاکان (حیساب) یەکلایی دەکەینەوە..
ئومێد و هیوا لە چیاکانە…بڕوانــــە! پێیەکمان وا لە نێو بۆشایی گەردووندا..
کەچی ئەوەی ترمان لە نێو گۆرەویەکی خوری و پێڵاوی ڕەنجبەرێکدایە
بڕوانـــــە! لە بیردۆزی ڕێژەیی و لە فیزیای ئەتۆمی..
لە خۆشمان و عەشقی کوێرەوەری..
لەم زەمەنە نەفرەتییە و بەرخودانەمان.
بۆ زارۆکەکانمان، بۆ خونچەی داهاتوومان..
بۆ هەر یەکێکیان بەرگێک لە ئەرخەوان
ژیانێک پڕ لە خۆشی و گەمە
هێـــــی گیانەکەم
دەی تۆ تەواوی کە…ئـــــەی هــــاوار …
تــــو عەشقی موحەمەد، تـــو عەشقی عیسا!
تــــو ئەو تەختە زیوەی لەسەری ڕاکشاوی..
دەییییییی ..
ئەوا بە قوڵنەکەی فـــــەرهاد کێوەکان دەکوتن،
تاکو بوون بە تۆز…
ستەم دەمی شمشێری لە خوێن و عارەقی لاقەبرغەمدا نوقم کردووە.
زۆر یاخی!
لغاو و تەوقی دەمم، گەر بڵێم “ئاهــ” دەپسێن.
ئەدی گوڵە کێویلە و گوڵەباخ خوشکن.
ئاوهایە عیشق…
وای چەندم خۆشدەویستی….* لە تورکیەکەدا دەبێژێ (لە نێو نیشانی جەلادێکدا).
* ئێسکودار ناوچە/گەڕەکێکە لە ئەستمەبوڵ لە دواهەمین کەناری کیشوری ئاسیا.
* مونزور و شاه مورات دوو ڕووباری باکوری کوردستانن.
* هەندێک هەڵەم کردبوو، بمبورن لە دەقە ئەسڵییەکە و پاش پرسیارکردن چاکم کردەوە. ئەگەر ئارەزوو دەکەی بە دەنگی ئەحمەد عارف خۆی گوێبیستی ببیت، کرتەی ئەم بەستەرە بکە. -
لێ لێ قوربان، لە دەورت گەڕێم..
لێ لێ قوربان، لە دەورت گەڕێم..
ئۆف لەسەر سنگتا لە دەورت گەڕێم..
تۆ جێگات گەرم بێت و بەس..
من بڕۆمەوە دیسان، لە دەورت گەڕێم..لێ لێ قوربان زۆر سەختە..
شاخ و یاخیبوون زۆر ئەستەمە..
ڕاوچییەک کەوێک بریندار ئەکا..
ئۆقیانووسێکە، دەربازبوون زۆر زەحمەتە…لێ لێ قوربان بە فێڕۆ دەچێ…
هەرچی دەێڵێی، هیچ نا گۆڕێ…
پێ بەسەر گوڵەکانتا دەنێن…
دەستپێشخەریش دەکەی، هیچ ناقەومێ…لێ لێ قوربان گوڵ ببەخشەوە…
گەر ناشگەڕێیتەوە، هەر گوڵ ببەخشەوە..
کەوتمە نێو کێڵگەیەکی مینەوە…
خوێنم گووڵەکانی ڕەنگی سوور ئەکردەوە…شیعر: یوسوف خەیاڵۆغڵو
گۆرانی/ئاواز: ئەحمەد کایا