هاوپۆل: میللی

  • ئاشق دایمی!

    ئەمە شعری ئاشق دایمییە (١٩٣٢ – ١٩٨٣) خەڵکی ئەرزنجانە (دەبێت کوردی زازا بێت). ئەمەی بۆ دڵدانەوەی ژنەکەی نوسیووە و ئاوازی بۆ داناوە کە کوڕەکەیان بە گەنجی شەهید بووە. یەکێکە لە گۆرانییە بڵاوەکان کە بوون بە کلتور.

    بۆچی دەگریت؟

    بۆچی دەگریت، هەی زوڵف ڕەشم؟
    ئازار دێت و دەڕوات. تۆ مەگری
    ئاهــ و فریادم گەشتە کەشکەڵانی ئاسمان
    ئازار دێت و دەڕوات. تۆ مەگری

    گوڵێک چەندە دڕک و داڵ دەورەی داوە،
    بولبولیش بۆی وا حاڵی پەرێشان و بڵاوە
    زستان چەند سەخت بێت، کۆتاییەکەی هەر بەهارە
    ئازار دێت و دەڕوات. تۆ مەگری

    (دایم)ــیم، بزانە هەر رووحێک ئەم سڕەی پێ ڕاناگیرێ
    هەر مرۆڤی پاک و بەرز ئەم نورەی بەردەکەوێ
    ئەوە سەبر بوو یوسوفی گەیاند بە میسر
    ئازار دێت و دەڕوات. تۆ مەگری

  • موسلم گویرسەس ١٩٥٣-٢٠١٣!

    ناوی تەواوی “موسلم ئاکباش” بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندێکی سەر سنووری سوریایە بەناوی “تیسا” سەر بە پارێزگای ئورفا (ڕحا)، بە یەکێک لە گەورەترین گۆرانبیژەکانی تورکیا دادەنرێت، هەمان کاتیش کاری نواندنیشی کردووە وەکو ئەکتەر!
     لە شێوازی ئەرابیسک، میللی و ڕۆکیش گۆرانی چریووە. بە داخەوە لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا پاش ململانێکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، بۆ دواجار لە ٣ ی ئازاری ٢٠١٣ دڵی لە لێدان کەوت. گوێگری تایبەتی هەبوو، زۆر جار دەیانوت گۆرانیبیژی عەوداڵانی کحول و مادە هۆشبەرەکانە، چونکە دەقی قورس و زیاتر خەمناکترین دەقی هەڵدەبژارد. شێوەیەکی تەواو تایبەتی بە خۆی و دەقەکانی بەخشی بوو!
    لە باشوردا زۆر سەدای کەم بوو، بەڵام گۆرانییەکی بڵاوی هەبوو بەناوی “Meselem” کێشەم، کە هەڵە نەبم زیاد و زۆری تر بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاوازەکەیان بەکار بردووە! دیارە خەڵکی میوزیکی و شارەزا باشتر دەزانن!

     کێشەکەم “meselem”
     ئەمەیە کێشەم، ڕەگ و ڕیشەی کێشەکەم..
    . لە ئەزەڵەوە ئەمە بووە گێرمە و کێشەکەم…
     پێیان بە کەرامەتمدا نا، دڵیان شکاندم…
     دەرد و زووخاوە ژیانم، ئەوەیە کێشەکەم…
     قەدەرم کێشەمە، ئەوەیە کێشەکەم..
     لە سازێکی شکاو دەچێ، ئەوەیە کێشەکەم..
     ئاوازێکی عەشقە،
     چیرۆکێکی خۆشەویستییە کێشەکەم.
    . ئەم ئاسمان و زەمینەیە گێرمە و کێشەکەم!
     ئەو پرسیارانە کێشەمە، کە وەڵامیان ڵاڵە!
     زۆر ئاڵۆزکاوە کێشەکەم، زۆر..
     ترسی ئەم حەسرەتە ڕووحم کون ئەکا..
     کێشەکەم پەلکێشم ئەکا!
     ترسی ئەم حەسرەتە ڕووحم کون ئەکا..
    کێشەکەم پەلکێشم ئەکا!