هاوپۆل: شاعیر

  • ئۆرهان کۆتان Orhan Kotan

    ئۆرهان کۆتان 20.5.1944 – 09.7.1998
    ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەر و شاعیر، لە سەرەتای لاوێتی (چەپێکی شۆڕشگێڕ) لە بزووتنەوەی کوردیدا لە باکور لەگەڵ (دکتۆر شڤان و هاوەڵانی، کە بەداخەوە بە پلانی میتی تورکی بە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان شەهید کران) تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بووە.
    ئۆرهان کۆتان لە شاری مووشی باکوری کوردستان هاتۆتە دنیاوە. زۆری ئەشکەنجە و زیندان کێشاوە، تەنها بۆ ساتێکیش کۆڵی نەداوە.
    لە هەرە شیعرە ئاگراوییەکانی بۆ گیانی بەرخودانی نوسیووە و ئەحمەد کایا ئاوازی بۆ داناوە:


    لە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن..
    دادگاییم کەن، لە “ماماک”*ـدا توندم کەن..
    بە خوێن  (دیاربەکر)ــم مۆر کردووە..
    با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن..

    ئەم ئاوازە!
    سۆزی ئەو کێوە ئەرخەوانیانەیە
    مشتێ ئاوە بۆ زیندانییە هەڵاتووەکان
    تیکەیەکە لە گۆرانی بۆ مەحکومکراوان
    دەستماڵێکە بۆ سنگە کوتراوەکان
    شیرە بۆ مەمک
    گیانی بەرەکەتی بەهارە بۆ زەوی
    نــــــە بۆ چوار دیواری تەنگ دەشێ
    نــــــە لە گڵۆڵەی دڕکەزیدا بەند دەکرێ
    ئەم ئاوازە!
    گوللەیەکی پڕ غیرەتە، لە لولەی تفەنگێکدایە بۆ دەرپەڕین
    لە پێشیەوە قات و قڕی و زریان و زستان
    لە پاشیەوە خۆڵەمێش و سوتک، وە ئەرخەوان و گێلاس
    تەڵێکیان ئاشوری دەژەنێ، ئەوی دی کلدانی!
    هەموو وەرزێک زندوو دەبێتەوە
    پەترۆلی شین و سورایی خوێن
    لە لێوێکی وشکدا
    دیجلە و فورات دەژەنێ
    هێی برا
    ڕەنگدانەوەی ژیانە لە دەنوکی هەڵۆدا
    عەشقی منە لەگەڵ پرچ ڕەشێکدا
     لەشی دەڵێی پەڕەی گوڵە
    ئەم ئاوازە!
    سۆزی ئەو کێوە ئەرخەوانیانەیە

    لە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن
    دادگاییم کەن، لە “ماماک”*ـدا توندم کەن
    بە خوێن  (دیاربەکر)ــم مۆر کردووە
    با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن

    کاتێک تیشکی خۆر ڕوومەتی بەفر دەڕوشێنێ
    دڵی ئاسمانی دەخروشێنێ
    تا جامانە و کراسەکەی خەڵتانن لە خوێن
    عەشقی مەرگەسات
    چاوانیش دەبنکە پشکۆ، دەبنە خەنجەر
    لێواولێو دەبن لە شەهامەت
    دەبنە گوڵە مینا
    دەستەکان ئازا و پڕ لە هونەر
    لە پشتی کێوە ئەرخەوانییەکانەوە
    سێ دنیای گەورە، سێ ئەفسانە
    سێ هاوکێشە
    سێ کۆد، سێ بۆمبی ئەتۆمی
    لەگەڵ چەرخێک، وە پریشک و دینامیت هەن.
    کاتێک تیشکی خۆر ڕوومەتی بەفر دەڕوشێنێ
    ئاوازی کێوە ئەرخەوانییەکانیش دەگات
    کە لە سنگی خۆردا گڵپە بوون
     گوڵی زەمین دەژێننەوە
    کە لە گولەی ناموس و شەرەفدا پێچرابوون
    دڵێ شۆڕش بوون
    حەقیقەتێکی سپی بوون لە خەوێکی ڕەشدا
    نازەنینم، ئەمە عەشقی هەزاران ساڵە









    لە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن..

    دادگاییم کەن، لە “ماماک”*ـدا توندم کەن..
    بە خوێن  (دیاربەکر)ــم مۆر کردووە..
    با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن..

    ڕامەوەستە هەی خوشکی نازدارم..
    گۆرانی خۆت بچڕە بەردەوام..
    بێ گریان
    بێ ڕۆ ڕۆ 
    بێ ڕەشپۆشین
    بیڵێ لە شەوی خەنەبەنداندا
    لە لۆرکێدا، لە گۆڤەندا 
    لە تەمیرئاغا*


    * ماماک: گەورەترین زیندانی تورکیایە لە ئەنقەرە.
    * تەمیرئاغا: جۆرە هەڵپەڕکێیەکی کوردی عەلەوییە.


  • پیر سوڵتان ئەبداڵ ١٤٨٠-†١٥٥٠

    ناوی ڕاستی (حەیدەر)ــرە

    . شاعیر و میوزیکژەن و سۆفییەکی کوردی (عەلەوی مەزهەب). لە نێو سوونەشدا خۆشەویست و بەرز. یەکێکە لە سیمبۆلەکانی بەرخودان دژ بە دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی. هۆنراوەکانی پڕن لە فەنتازی و گیانی تێکۆشان بۆ ئازادی. دژی پاشا و دار و دەستەی سوڵتان وەستاوە و زۆری ئازار و ئەشکەنجە کێشاوە. لەو پێناوەشدا خۆی بەخت کردووە. لە زۆر فلیم و ڕۆمان و گۆرانیدا وەکو شۆڕشگێڕ و فەیلەسووف دەردەکەوێ.
    ئەمە پارچەیەکە لە قەسیدەکەی:

     ڕووبارێکم کە دەڕژێتە دەریاوە.
    گوڵێکم پێش وەخت خونچە کراوە.
    خۆڵەمێشم، هی ئاگرێکی کوژاوە.
    هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ.

    جارێ پیر سوڵتان ئەبداڵم.
    جارێ بۆش و بەتاڵم.
    برسی و تینووم.
    بۆ مەرگ لە پێناوی گەلەکەم دەڕۆم.
    هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ.