هاوپۆل: بەرەنگاربوونەوە
-
کەحلانێکی یاخی [Asi Bir Küheylan]
کوڕی هۆزم، ناوم کەحلانە*
لە پێدەشتی قیامەتی قزڵجەدا** لە دایک بووم..
لەو دوند و دۆڵانەدا…
هەڵۆم فڕاندووە،
پێلەقەم لە گورگ داوە،
لە مرۆڤم هەڵداوە،
وتوومە نامەوێ بێ کەرامەت، ڕەزیل و ڕسوا!
وەکو مێش و مەگەزی سەرم بلەوەڕێم..
کۆرپەم ،، کۆرپەم…
چاوم لە نێو چاوی بەرامبەرەکەم بڕیوە..
ئاوها تیژ و مۆن ڕوانیومە..ئەسپێکی یاخیم، ناوم کەحلانە..
دایکم ڕەشەبایە، باوکیشم غوربەت.
هەزار ساڵە لەم دەڤەرەدام..
هەرگیز برسێتی ئەژنۆی نەلەرزاندووم…
تۆم خۆشدەویست…
قاسپەی کەوێک هەموو ئازارەکانی لەبیرم بردۆتەوە…
تۆم خۆشدەویست..
شکۆم لەسەر سنگم داوە، وەک چۆن کێو گوڵی لەسەر ڕواوە..
بە دانەکانم لەسەر ئاسن نەخشم کێشاوە!هۆنراوەی: یوسوف خەیاڵۆغڵو
خوێندنەوە: ئەحمەد کایا*کەحلان: جۆرە ئەسپێکی ڕەسەنی عەرەبییە، هەروەها ناوی ئەو ئەسپەی شێخی چەلەبی بووە، کە دژی حوکمی پاشای عوسمانی ڕاپەڕینی کردووە.
**قزڵجە: ناوی گوند و شوێنە لە باکوری کوردستان، بە زۆری مەبەستی دەبێ (شاری قزڵجە بێ، کە نزیکە لە جێگای شێخی چەلەبییەوە). -
هێی نازم حیکمەت….
ئەوانەی شاربەدەریان کردی، خەجاڵەت نابن، تف لە خۆیان ناکەن ئەمانە!!!!ئەمڕۆ گەنجێکی تورک بۆ کەناڵێکی ئەڵمانی قسەی دەکرد، کە گوایە دژی بە ئیسلامیکردنی وڵاتە. وە دژی ئەردۆگانە، چونکە ئەم تورکیا و ئازادی بۆ گەلەکەی گرنگە. وەکو چۆن باوکی گەورە (ئەتاتورک) دەیەوێت و تورکیای مۆدێرنی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ داڕشتووە. لەملاشەوە لە تویتەرەکەی (باخچەلی) و (کەمال) ــەوە ئیلهامی وەردەگرت. کەچی لە دەستیدا پەرتووکێکی (نازم حیکمەت)!!!؟؟
ببمە هـــەور؟
شیعری: نازم حیکمەت
بە بەرزی دەریاوە کۆمەڵە هەورێک..
بە سەریدا کەشتییەکی زیوین..
ناویشی بە ماسی زەرد پڕن..
لە قوڵایدا گیاکۆڵەی شین..
لە کەناریشدا پیاوێکی ڕووت..
تێڕاماوە، بیر دەکاتەوە…..
نازانم ببمە هەور؟
یان بە کەشتی؟
یا بە ماسی؟
یاخود بە گیاکۆڵە؟
نا، بە هیچیان نا!
دەریاکە دەبێ تۆ بیت کــــوڕم..
بە هەور و ..
کەشتی و ..
ماسی و ..
گیاکۆڵەکانەوە ….. -
سیوسێ فیشەک [ OTUZÜÇ KURŞUN]
هۆنراوەیەکی بەرزی (ئەحمەد عارف)ــە وە دیدی ئەوە بۆ کوردستانی گەورە. بە هیوام ئێوەش لای خۆتانەوە بیناسن. ئەم هۆنراوەیەی بۆ ٣٣ کوڕی کوردی نوسیوە کە بەدەستی حوکمی عەسکەر لە باکوری کوردستان گوللەباران کراون.(سیوسێ فیشـــەک)
ئەو کێوانە!
کێون وەکو مەنگەنە*
لە “وان”ــەوە خۆریان هەڵدێ..
ئەوانە!
ڕۆڵەی “نەمــرود” ــن..
شەبەق لەبەردەمی “نەمــــرود” ان…
سەریان بەستەڵەک و ڕچیوە، بە بەرزاییەکانی “قەوقاز”ــەوە..
ئەملاشیان بە موڵکی فەرشی “عەجەم”ـەوە..
گورزەیەک لوتکەی بەفرینن..
پڕن لە مامزی سرک..
لە ڕەوە کەو..
بەسەریاندا پۆلێک کۆتری هەڵاتوو دەفڕن.کێوێکن لە ورە و باوەڕ، هەزاران ساڵە خۆڕاگر..
کەس نکۆڵیان ناکا!
ڕۆڵەکانیان تاک تاک لە جەنگدا دەبنە قوربانی..
مرۆڤ چۆن بتوانێ چیرۆکیان بگێڕێتەوە؟
خۆ نەچیرۆکی پۆلێک قوڵینگن**،
نە بڕە ئەستێرەیەک بە ئاسمانەوە.ئەمـــانە…
سیوسێ دڵن، کە فیشەک لەتی کردوون..
سیوسێ کانی خوێنن..
بۆ خوارێ شۆڕنابنەوە..
بەڵکو هەر لە لوتکەدا دەمێننەوە.
لەوێش دەبن بە دەریا…
* مەنگەنە: ئامێرێکە لە لای دارتاش و ئاسنگەر بۆ گرتنی پارچە و ئیشەکە بەکاردێت.
** لە تورکیەکەدا دەڵێ (توڕنا) بە فارسی درنا ــیە وە بە عەرەبی ناوی کرکی ــە. کە مەلێکە پڕاوپڕ نازانم بە کوردی پەتی چییە!؟
تێبینی: ئەم هۆنراوەیە زۆر درێژە، من تەنها دوو کۆپلەی یەکەمم کردووە بە کوردی.ئەمە بە دەنگی خۆی:
-
ئۆرهان کۆتان Orhan Kotan
ئۆرهان کۆتان 20.5.1944 – 09.7.1998
ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەر و شاعیر، لە سەرەتای لاوێتی (چەپێکی شۆڕشگێڕ) لە بزووتنەوەی کوردیدا لە باکور لەگەڵ (دکتۆر شڤان و هاوەڵانی، کە بەداخەوە بە پلانی میتی تورکی بە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان شەهید کران) تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بووە.
ئۆرهان کۆتان لە شاری مووشی باکوری کوردستان هاتۆتە دنیاوە. زۆری ئەشکەنجە و زیندان کێشاوە، تەنها بۆ ساتێکیش کۆڵی نەداوە.
لە هەرە شیعرە ئاگراوییەکانی بۆ گیانی بەرخودانی نوسیووە و ئەحمەد کایا ئاوازی بۆ داناوە:
لە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن..
دادگاییم کەن، لە “ماماک”*ـدا توندم کەن..
بە خوێن (دیاربەکر)ــم مۆر کردووە..
با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن..
ئەم ئاوازە!
سۆزی ئەو کێوە ئەرخەوانیانەیە
مشتێ ئاوە بۆ زیندانییە هەڵاتووەکان
تیکەیەکە لە گۆرانی بۆ مەحکومکراوان
دەستماڵێکە بۆ سنگە کوتراوەکان
شیرە بۆ مەمک
گیانی بەرەکەتی بەهارە بۆ زەوی
نــــــە بۆ چوار دیواری تەنگ دەشێ
نــــــە لە گڵۆڵەی دڕکەزیدا بەند دەکرێ
ئەم ئاوازە!
گوللەیەکی پڕ غیرەتە، لە لولەی تفەنگێکدایە بۆ دەرپەڕین
لە پێشیەوە قات و قڕی و زریان و زستان
لە پاشیەوە خۆڵەمێش و سوتک، وە ئەرخەوان و گێلاس
تەڵێکیان ئاشوری دەژەنێ، ئەوی دی کلدانی!
هەموو وەرزێک زندوو دەبێتەوە
پەترۆلی شین و سورایی خوێن
لە لێوێکی وشکدا
دیجلە و فورات دەژەنێ
هێی برا
ڕەنگدانەوەی ژیانە لە دەنوکی هەڵۆدا
عەشقی منە لەگەڵ پرچ ڕەشێکدا
لەشی دەڵێی پەڕەی گوڵە
ئەم ئاوازە!
سۆزی ئەو کێوە ئەرخەوانیانەیەلە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن
دادگاییم کەن، لە “ماماک”*ـدا توندم کەن
بە خوێن (دیاربەکر)ــم مۆر کردووە
با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن
کاتێک تیشکی خۆر ڕوومەتی بەفر دەڕوشێنێ
دڵی ئاسمانی دەخروشێنێ
تا جامانە و کراسەکەی خەڵتانن لە خوێن
عەشقی مەرگەسات
چاوانیش دەبنکە پشکۆ، دەبنە خەنجەر
لێواولێو دەبن لە شەهامەت
دەبنە گوڵە مینا
دەستەکان ئازا و پڕ لە هونەر
لە پشتی کێوە ئەرخەوانییەکانەوە
سێ دنیای گەورە، سێ ئەفسانە
سێ هاوکێشە
سێ کۆد، سێ بۆمبی ئەتۆمی
لەگەڵ چەرخێک، وە پریشک و دینامیت هەن.
کاتێک تیشکی خۆر ڕوومەتی بەفر دەڕوشێنێ
ئاوازی کێوە ئەرخەوانییەکانیش دەگات
کە لە سنگی خۆردا گڵپە بوون
گوڵی زەمین دەژێننەوە
کە لە گولەی ناموس و شەرەفدا پێچرابوون
دڵێ شۆڕش بوون
حەقیقەتێکی سپی بوون لە خەوێکی ڕەشدا
نازەنینم، ئەمە عەشقی هەزاران ساڵە
لە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن..
دادگاییم کەن، لە “ماماک”*ـدا توندم کەن..
بە خوێن (دیاربەکر)ــم مۆر کردووە..
با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن..
ڕامەوەستە هەی خوشکی نازدارم..
گۆرانی خۆت بچڕە بەردەوام..
بێ گریان
بێ ڕۆ ڕۆ
بێ ڕەشپۆشین
بیڵێ لە شەوی خەنەبەنداندا
لە لۆرکێدا، لە گۆڤەندا
لە تەمیرئاغا*
* ماماک: گەورەترین زیندانی تورکیایە لە ئەنقەرە.
* تەمیرئاغا: جۆرە هەڵپەڕکێیەکی کوردی عەلەوییە. -
پیر سوڵتان ئەبداڵ ١٤٨٠-†١٥٥٠
ناوی ڕاستی (حەیدەر)ــرە. شاعیر و میوزیکژەن و سۆفییەکی کوردی (عەلەوی مەزهەب). لە نێو سوونەشدا خۆشەویست و بەرز. یەکێکە لە سیمبۆلەکانی بەرخودان دژ بە دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی. هۆنراوەکانی پڕن لە فەنتازی و گیانی تێکۆشان بۆ ئازادی. دژی پاشا و دار و دەستەی سوڵتان وەستاوە و زۆری ئازار و ئەشکەنجە کێشاوە. لەو پێناوەشدا خۆی بەخت کردووە. لە زۆر فلیم و ڕۆمان و گۆرانیدا وەکو شۆڕشگێڕ و فەیلەسووف دەردەکەوێ.
ئەمە پارچەیەکە لە قەسیدەکەی:
ڕووبارێکم کە دەڕژێتە دەریاوە.
گوڵێکم پێش وەخت خونچە کراوە.
خۆڵەمێشم، هی ئاگرێکی کوژاوە.
هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ.
جارێ پیر سوڵتان ئەبداڵم.
جارێ بۆش و بەتاڵم.
برسی و تینووم.
بۆ مەرگ لە پێناوی گەلەکەم دەڕۆم.
هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ.