هاوپۆل: کوردستان

  • گەڕەکی پشتەوە [Arka Mahalle]

    لەم گۆرانییەدا وەکو هەمیشە کایا خۆشەویستەکەی کردۆتەوە بەو بزووتنەوە سیاسیەی کە قوربانی بۆ داوە. لێ گلەییش دەکات هیچی هێشتا دلخۆشی نەکردووە.

    ((گەڕەکی پشتەوە))
     هۆنراوە و ئاوازی: ئەحمەد کایا

    گریام و فرمێسکەکانم بوون بە دەریا!
    لێ نەمتوانی دەردی خۆم لای کەس دەربڕم.
    کە فیشەک دەباری لە گەڕەکی پشتەوە.
    پێکرام و خستمیان، کەچی ئۆفێکم نەکرد!

    چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
    زۆریام لێدام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.
    چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
    ئەشکەنجەیان دام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.

    ئۆف ئـــــــۆف… ماڵوێران بیت.

    گریام و فرمێسکەکانم بەسەر ئاگردا ڕژان.
    کەچی نەمتوانی ئاگرەکە خامۆش بکەم!
    بە ناڵە و هاوار تۆم لە ناخمدا نوسی.
    لێ یەکجاریش نەمتوانی بە پێکەنینت بهێنم!

    چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
    زۆریام لێدام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.
    چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
    ئەشکەنجەیان دام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.

    ئۆف ئـــــــۆف… ماڵوێران بیت.

  • مەلا ستیڤ جۆبز!

    ئەمڕۆ گوێم لە مەلایەک بوو. باسی ستیڤ جۆبز و کۆمپانیای ئەپڵ (سێوەکەی قەپێکی لێ دراوە)ــی دەکرد.
    بە ئارەزووی خۆی تێکەڵ و پێکەڵی دەکرد، لە خۆشیەوە ژمارە و ناوی کۆمپانیای دەوت کە هیج پەیوەندیان بە باسەکەوە نەبوو!
     منیش دەڵێم:
     مەلا گیان خوا هیدایەتت بدات، وە فێری ویکیپیدیا خوێندەوەت بکات!
     ئامــــــــین…..
  • دڵم خوێنی لێ دەتکێ [Yüreğim Kanıyor]

    قولینگێ بووین لە گۆمێکی مەنگدا…
    بە پێ!
    بە ئاستەم ئاوەکەمان دەپشکنی..
    لە تەمی نانێکی پەرش دەچووین..
    چاوەکانم پڕبوون لە ئەشک..
    دڵم خوێنی لێ دەتکێ..
    جەرگم وا دەسوتێ..
    ئارەزووم نە دەکرد ئاوها بمرین..
    ئاوها کۆتایمان بێ!
    یەکێ گووڵەکانی دەشێلاین..
    یەکێ دیوارەکانی دەڕووخانین…
    ئاوێنەکانی دەشکاندین…
    تۆفانی دەهێنایە سەرمان..
    ملیۆنێک جار زووخاوەسکی دەکردین..
    ئەشکەنجەی دەداین..
    یەکێ شەرەباکانی دەڕشاندین..
    پیازەکانی دەدزین..
    یەکێ بێ گوناح!
    بولبوولەکانی لە قەفەسیشدا دەکوشتین..
    ئاگری لە ڕووح بەرئەداین…
    دڵم خوێنی لێ دەتکێ..
    جەرگم وا دەسوتێ..
    ئارەزووم نە دەکرد ئاوها بمرین..
    ئاوها کۆتایمان بێ!

    هۆنراوە: یوسوف خەیاڵۆغڵو
    گۆرانی: ئەحمەد کایا

  • پەنجەم لێ مەدە، دەسوتێی [Dokunma Yanarsın]

     مناڵیم وانەیەک بوون لە مەینەتی، هەناوێک بوون لە ژان!

     گەنجێتیم یاخی، سەر بە گۆبەن!
     لە ڕێگری، یان هەیەجان و خۆپیشاندان!
     زۆر زوو لە وانەکان کەوتم!
     لە “زیـــندان” وەرگیرام!
    زۆرم گوزەران…
    هەر زووش ئاشنای “شەلاق” بووم.
     لە تۆقدا گەردنیان بەستم..
     شەکەت بووم، شەکەت!

     هەنووکە لەم پێدەشتە بەرینەدا…
     دەمەوێ جێپێکانم نەمدۆزنەوە..
     بە دوادا ئاوڕ نەدەمەوە…
     وەکو ئەسپێکی یاخی غاردەم!
     ڕاکەم، ئەی خۆشەویست، سەرهەڵگرم بڕۆم، !

     لەوە دەچێ نەتوانم، یان نایانەوێ بتبینمەوە!
     ڕۆڵەم لێمگەڕێ لە حاڵی خۆم…
     نازانم چۆن ڕێگای خۆم بدۆزمەوە، چۆن!؟
     دەمەوێ ڕاکەم، پێ پەتی بە نێو ئەو ڕەزانەدا!
     پرچم ڕەشەبا بیشێوێنێ…
     ڕووم لە چیاکان کەم…
     بەندایەتی لە سنگما وەدەرنێم..
     ئازایەتی و قارەمانی بۆ بگێڕمەوە..
    دەمەوێ بتەقمەوە زۆر بەتین!
     ئەمەوێ ڕاکەم و بڕۆم!
     ئەی خۆشەویست، نامەوێ بێمەوە!

    گەرەکمە لەگەڵیاندا بجەنگم تا سەر حەدی مردن.
    غاردەم بڕۆم! ئەی خۆشەویست گەرەکمە بڕۆم.
    گەر نەشمتوانی بگەڕێمەوە؟
    بمبەخشە، چونکە دەمەوێ تامردن بجەنگم!
    بۆیە گەر نەگەڕامەوە، بمبەخشە ئەی خۆشەویست!

    بووم بە هەڵهاتوویەکی ناودار..
    لە وێستگەکان پۆستەرم هەڵواسراوە..
    هەنووکە مناڵەورتکەش دەتوانن بمپێکن…
     پەنجەم لێ مەدە، تووش دەبی..
     پەنجەم لێ مەدە، پەنجەت دەسوتێ..
     پەنجەم لێ مەدە، شێت دەبی..
     پەنجەم لێ مەدە، دەسوتێی..

    هۆنراوە: شاعیری مەزنی دەرسیم “یوسوف خەیاڵۆغڵۆ”!
    گۆرانی: ئەحمەد کایا

  • موسلم گویرسەس ١٩٥٣-٢٠١٣!

    ناوی تەواوی “موسلم ئاکباش” بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندێکی سەر سنووری سوریایە بەناوی “تیسا” سەر بە پارێزگای ئورفا (ڕحا)، بە یەکێک لە گەورەترین گۆرانبیژەکانی تورکیا دادەنرێت، هەمان کاتیش کاری نواندنیشی کردووە وەکو ئەکتەر!
     لە شێوازی ئەرابیسک، میللی و ڕۆکیش گۆرانی چریووە. بە داخەوە لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا پاش ململانێکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، بۆ دواجار لە ٣ ی ئازاری ٢٠١٣ دڵی لە لێدان کەوت. گوێگری تایبەتی هەبوو، زۆر جار دەیانوت گۆرانیبیژی عەوداڵانی کحول و مادە هۆشبەرەکانە، چونکە دەقی قورس و زیاتر خەمناکترین دەقی هەڵدەبژارد. شێوەیەکی تەواو تایبەتی بە خۆی و دەقەکانی بەخشی بوو!
    لە باشوردا زۆر سەدای کەم بوو، بەڵام گۆرانییەکی بڵاوی هەبوو بەناوی “Meselem” کێشەم، کە هەڵە نەبم زیاد و زۆری تر بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاوازەکەیان بەکار بردووە! دیارە خەڵکی میوزیکی و شارەزا باشتر دەزانن!

     کێشەکەم “meselem”
     ئەمەیە کێشەم، ڕەگ و ڕیشەی کێشەکەم..
    . لە ئەزەڵەوە ئەمە بووە گێرمە و کێشەکەم…
     پێیان بە کەرامەتمدا نا، دڵیان شکاندم…
     دەرد و زووخاوە ژیانم، ئەوەیە کێشەکەم…
     قەدەرم کێشەمە، ئەوەیە کێشەکەم..
     لە سازێکی شکاو دەچێ، ئەوەیە کێشەکەم..
     ئاوازێکی عەشقە،
     چیرۆکێکی خۆشەویستییە کێشەکەم.
    . ئەم ئاسمان و زەمینەیە گێرمە و کێشەکەم!
     ئەو پرسیارانە کێشەمە، کە وەڵامیان ڵاڵە!
     زۆر ئاڵۆزکاوە کێشەکەم، زۆر..
     ترسی ئەم حەسرەتە ڕووحم کون ئەکا..
     کێشەکەم پەلکێشم ئەکا!
     ترسی ئەم حەسرەتە ڕووحم کون ئەکا..
    کێشەکەم پەلکێشم ئەکا!