هاوپۆل: تورکیا

  • پیر سوڵتان ئەبداڵ ١٤٨٠-†١٥٥٠

    ناوی ڕاستی (حەیدەر)ــرە

    . شاعیر و میوزیکژەن و سۆفییەکی کوردی (عەلەوی مەزهەب). لە نێو سوونەشدا خۆشەویست و بەرز. یەکێکە لە سیمبۆلەکانی بەرخودان دژ بە دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی. هۆنراوەکانی پڕن لە فەنتازی و گیانی تێکۆشان بۆ ئازادی. دژی پاشا و دار و دەستەی سوڵتان وەستاوە و زۆری ئازار و ئەشکەنجە کێشاوە. لەو پێناوەشدا خۆی بەخت کردووە. لە زۆر فلیم و ڕۆمان و گۆرانیدا وەکو شۆڕشگێڕ و فەیلەسووف دەردەکەوێ.
    ئەمە پارچەیەکە لە قەسیدەکەی:

     ڕووبارێکم کە دەڕژێتە دەریاوە.
    گوڵێکم پێش وەخت خونچە کراوە.
    خۆڵەمێشم، هی ئاگرێکی کوژاوە.
    هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ.

    جارێ پیر سوڵتان ئەبداڵم.
    جارێ بۆش و بەتاڵم.
    برسی و تینووم.
    بۆ مەرگ لە پێناوی گەلەکەم دەڕۆم.
    هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ.

  • ئەی هاوار … [نوێکراوەتەوە]

     هۆنراوەیەکی زۆر بەناوبانگی کەڵەشاعیری باکوری کوردستان و تورکیا “ئەحمەد عارف” ــە.  پێشکەشە بەوانەی خۆی ئاسا سەریان بۆ هیج دانەواندووە!

     لە نێو ئاگردا..
    لە نێو تەڵەی قەحپەکاندا..
    لە نێو قریشکە و تۆقیندا…
    لە کانگای دوومەڵ و لە نێو وەحشی و دڕەندەکاندا..
     لە گۆمی ژەخنەبووتا، تەنراو بە چەقۆ..
     وەستاویت تاقانە و بێکەس! وای بۆ ئازارت…
     وای وای….
     تەنها ڕووح و سەری خۆتت پێ ماوە!
    بێ پشت و پەنا، بێ بەرگ، پێ خاوس!
    لە سەحەردا خەوزڕاو..
     لە ژێر چەپۆکی جەلادێکدا*..
     وای..
     چەندم خۆشدەویستی..
    ئەمە چی نیشتیمانێکە لە ئێسکودارەوە* تا ئێرە؟
    هێی گیانەکەم!
    کێوی گۆڵزار، پڕ لە ئافات، پڕ برسێتی..
    نە گوڵەکانی ئەپشکوون، نە میوەی گەیوو لە لقەکان دەکەونە خوارەوە…
    ئەکێشن بە نێوچەوانمدا..
    وەکو “گڕەبەردێک (نەیزەک)” بە کێڵگەیەکدا بدات..
    کەرامەت شکاندن، بێ هانایی..
    ڕووباری مونزور* و شاهـ مورات* خەڵتان لە خوێن…

    وە منیش شــــــــاعــــیرم!
     لە پێناوی شەرەفی ڕەنجەدەراندا..
    بۆ ناموسی تێکۆشەران..
    بە بێ ترس، پاک و بێگەرد..
    کە نەبوون بە خۆڵەمێش..
    نـــــە وێنەیەک دەگرم..
    بە ڕوانینێکی خەمبارەوە..
    نە چەند کۆپلەیەک ڕەشەبای یاخی هەڵدەواسم…
     وای..
     چەندم خۆشدەویستی..

    ئازیز، بەڵێ ئێستا..
    هەرچەندە دەمێکە دابڕاوین، لێ هەر ئێستا..
    دەڵێی بە چەقۆیەک لە تۆ کراومەتەوە..
    دەڵێی چڵێکم لە قەدی تۆوە شکێنراوم…
    ئەی هۆکاری ژیانم، خانمەکەم، خۆشەویستم..
    برینەکەت زۆر قووڵ بووە،
    چەخماخەی ئاگریش داناگیرسێ،
    دەزانـــــــم!!
    لێگەڕێ لە چیاکان (حیساب) یەکلایی دەکەینەوە..
    ئومێد و هیوا لە چیاکانە…

    بڕوانــــە! پێیەکمان وا لە نێو بۆشایی گەردووندا..
    کەچی ئەوەی ترمان لە نێو گۆرەویەکی خوری و پێڵاوی ڕەنجبەرێکدایە
    بڕوانـــــە! لە بیردۆزی ڕێژەیی و لە فیزیای ئەتۆمی..
    لە خۆشمان و عەشقی کوێرەوەری..
    لەم زەمەنە نەفرەتییە و بەرخودانەمان.
    بۆ زارۆکەکانمان، بۆ خونچەی داهاتوومان..
    بۆ هەر یەکێکیان بەرگێک لە ئەرخەوان
    ژیانێک پڕ لە خۆشی و گەمە
    هێـــــی گیانەکەم
    دەی تۆ تەواوی کە…

    ئـــــەی هــــاوار …
    تــــو عەشقی موحەمەد، تـــو عەشقی عیسا!
    تــــو ئەو تەختە زیوەی لەسەری ڕاکشاوی..
    دەییییییی ..
    ئەوا بە قوڵنەکەی فـــــەرهاد کێوەکان دەکوتن،
    تاکو بوون بە تۆز…
    ستەم دەمی شمشێری لە خوێن و عارەقی لاقەبرغەمدا نوقم کردووە.
    زۆر یاخی!
    لغاو و تەوقی دەمم، گەر بڵێم “ئاهــ” دەپسێن.
    ئەدی گوڵە کێویلە و گوڵەباخ خوشکن.
    ئاوهایە عیشق…
    وای چەندم خۆشدەویستی….

    * لە تورکیەکەدا دەبێژێ (لە نێو نیشانی جەلادێکدا).
    * ئێسکودار ناوچە/گەڕەکێکە لە ئەستمەبوڵ لە دواهەمین کەناری کیشوری ئاسیا.
    * مونزور و شاه مورات دوو ڕووباری باکوری کوردستانن.
    * هەندێک هەڵەم کردبوو، بمبورن لە دەقە ئەسڵییەکە و پاش پرسیارکردن چاکم کردەوە. ئەگەر ئارەزوو دەکەی بە دەنگی ئەحمەد عارف خۆی گوێبیستی ببیت، کرتەی ئەم بەستەرە بکە.

  • گەڕەکی پشتەوە [Arka Mahalle]

    لەم گۆرانییەدا وەکو هەمیشە کایا خۆشەویستەکەی کردۆتەوە بەو بزووتنەوە سیاسیەی کە قوربانی بۆ داوە. لێ گلەییش دەکات هیچی هێشتا دلخۆشی نەکردووە.

    ((گەڕەکی پشتەوە))
     هۆنراوە و ئاوازی: ئەحمەد کایا

    گریام و فرمێسکەکانم بوون بە دەریا!
    لێ نەمتوانی دەردی خۆم لای کەس دەربڕم.
    کە فیشەک دەباری لە گەڕەکی پشتەوە.
    پێکرام و خستمیان، کەچی ئۆفێکم نەکرد!

    چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
    زۆریام لێدام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.
    چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
    ئەشکەنجەیان دام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.

    ئۆف ئـــــــۆف… ماڵوێران بیت.

    گریام و فرمێسکەکانم بەسەر ئاگردا ڕژان.
    کەچی نەمتوانی ئاگرەکە خامۆش بکەم!
    بە ناڵە و هاوار تۆم لە ناخمدا نوسی.
    لێ یەکجاریش نەمتوانی بە پێکەنینت بهێنم!

    چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
    زۆریام لێدام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.
    چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
    ئەشکەنجەیان دام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.

    ئۆف ئـــــــۆف… ماڵوێران بیت.

  • دڵم خوێنی لێ دەتکێ [Yüreğim Kanıyor]

    قولینگێ بووین لە گۆمێکی مەنگدا…
    بە پێ!
    بە ئاستەم ئاوەکەمان دەپشکنی..
    لە تەمی نانێکی پەرش دەچووین..
    چاوەکانم پڕبوون لە ئەشک..
    دڵم خوێنی لێ دەتکێ..
    جەرگم وا دەسوتێ..
    ئارەزووم نە دەکرد ئاوها بمرین..
    ئاوها کۆتایمان بێ!
    یەکێ گووڵەکانی دەشێلاین..
    یەکێ دیوارەکانی دەڕووخانین…
    ئاوێنەکانی دەشکاندین…
    تۆفانی دەهێنایە سەرمان..
    ملیۆنێک جار زووخاوەسکی دەکردین..
    ئەشکەنجەی دەداین..
    یەکێ شەرەباکانی دەڕشاندین..
    پیازەکانی دەدزین..
    یەکێ بێ گوناح!
    بولبوولەکانی لە قەفەسیشدا دەکوشتین..
    ئاگری لە ڕووح بەرئەداین…
    دڵم خوێنی لێ دەتکێ..
    جەرگم وا دەسوتێ..
    ئارەزووم نە دەکرد ئاوها بمرین..
    ئاوها کۆتایمان بێ!

    هۆنراوە: یوسوف خەیاڵۆغڵو
    گۆرانی: ئەحمەد کایا

  • (بە گریان)!

    ئەحمەد کایا لەم دەقەدا، ورە دەداتە بەر ئەوانەی کە ماڵوێران و جەرگ سووتاو بوون و دەڵێ:

     ئەگەر گریان و فرمێسک نیشانەی کۆست کەوتن و خەم بێ، بەڵام بەو فرمێسکانە شاخەکان سەوز دەپۆشنەوە، ئەو دووند و دۆڵانە پڕ دەکەن لە گوڵ و گوڵزار. پێدەشت تەڕ دەکاتەوە! تەڕایی ئەو فرمێسکانە تا زیاتر بن “بە گریان” پاشان دەڵێ:
    ئەو شەوەزەنگەی باڵی بەسەردا کێشاوین، رۆژێک دێ جڵەوی دەگرین! خۆرەتاو (ئاسۆ) هەر بە چنگ دەگرین! ئاواتمان لە مشت دەنێین! پێمان دەڵێ دەیبینی، دەیبینی ئەو ڕۆژە دێ دەیبینی! بەو فرمێسکانەت ڕووحی سروشت دەکەین بە بەری ئەو کێو دۆڵانە! ئەیبینی!

     (بە گــــــــریان)!
     دەق: گویلتەن کایا (هاوسەری کایا و خوشکی شاعیری باکور یوسوف خەیاڵۆغڵو).
    گۆرانی: ئەحمەد کایا

     سەری شەکەتم بەو شاخانەوە گیرساوەتەوە!
    تاریکی بەسەر کازیوەدا باڵی کێشاوە!
     ئەمە شەوێکی شوومە؟ یا بارانە.. یاخود ئەشق؟
     بە گریان .. هەر بە گریان شاخەکانمان دەژێنینەوە!
     دەیبینی، دەیبینی…
    بە گریان .. هەر بە گریان جڵەوی شەوەزەنگ دەگرینەوە!
     دەیبینی، دەیبینی…

  • موسلم گویرسەس ١٩٥٣-٢٠١٣!

    ناوی تەواوی “موسلم ئاکباش” بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندێکی سەر سنووری سوریایە بەناوی “تیسا” سەر بە پارێزگای ئورفا (ڕحا)، بە یەکێک لە گەورەترین گۆرانبیژەکانی تورکیا دادەنرێت، هەمان کاتیش کاری نواندنیشی کردووە وەکو ئەکتەر!
     لە شێوازی ئەرابیسک، میللی و ڕۆکیش گۆرانی چریووە. بە داخەوە لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا پاش ململانێکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، بۆ دواجار لە ٣ ی ئازاری ٢٠١٣ دڵی لە لێدان کەوت. گوێگری تایبەتی هەبوو، زۆر جار دەیانوت گۆرانیبیژی عەوداڵانی کحول و مادە هۆشبەرەکانە، چونکە دەقی قورس و زیاتر خەمناکترین دەقی هەڵدەبژارد. شێوەیەکی تەواو تایبەتی بە خۆی و دەقەکانی بەخشی بوو!
    لە باشوردا زۆر سەدای کەم بوو، بەڵام گۆرانییەکی بڵاوی هەبوو بەناوی “Meselem” کێشەم، کە هەڵە نەبم زیاد و زۆری تر بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاوازەکەیان بەکار بردووە! دیارە خەڵکی میوزیکی و شارەزا باشتر دەزانن!

     کێشەکەم “meselem”
     ئەمەیە کێشەم، ڕەگ و ڕیشەی کێشەکەم..
    . لە ئەزەڵەوە ئەمە بووە گێرمە و کێشەکەم…
     پێیان بە کەرامەتمدا نا، دڵیان شکاندم…
     دەرد و زووخاوە ژیانم، ئەوەیە کێشەکەم…
     قەدەرم کێشەمە، ئەوەیە کێشەکەم..
     لە سازێکی شکاو دەچێ، ئەوەیە کێشەکەم..
     ئاوازێکی عەشقە،
     چیرۆکێکی خۆشەویستییە کێشەکەم.
    . ئەم ئاسمان و زەمینەیە گێرمە و کێشەکەم!
     ئەو پرسیارانە کێشەمە، کە وەڵامیان ڵاڵە!
     زۆر ئاڵۆزکاوە کێشەکەم، زۆر..
     ترسی ئەم حەسرەتە ڕووحم کون ئەکا..
     کێشەکەم پەلکێشم ئەکا!
     ترسی ئەم حەسرەتە ڕووحم کون ئەکا..
    کێشەکەم پەلکێشم ئەکا!