نووسەر: Sia

  • لێ لێ قوربان، لە دەورت گەڕێم..

    لێ لێ قوربان، لە دەورت گەڕێم..
    ئۆف لەسەر سنگتا لە دەورت گەڕێم..
    تۆ جێگات گەرم بێت و بەس..
    من بڕۆمەوە دیسان، لە دەورت گەڕێم..

    لێ لێ قوربان زۆر سەختە..
    شاخ و یاخیبوون زۆر ئەستەمە..
    ڕاوچییەک کەوێک بریندار ئەکا..
    ئۆقیانووسێکە، دەربازبوون زۆر زەحمەتە…

    لێ لێ قوربان بە فێڕۆ دەچێ…
    هەرچی دەێڵێی، هیچ نا گۆڕێ…
    پێ بەسەر گوڵەکانتا دەنێن…
    دەستپێشخەریش دەکەی، هیچ ناقەومێ…

    لێ لێ قوربان گوڵ ببەخشەوە…
     گەر ناشگەڕێیتەوە، هەر گوڵ ببەخشەوە..
    کەوتمە نێو کێڵگەیەکی مینەوە…
    خوێنم گووڵەکانی ڕەنگی سوور ئەکردەوە…

    شیعر: یوسوف خەیاڵۆغڵو
    گۆرانی/ئاواز: ئەحمەد کایا

  • دووگمەی “Shift” و داهێنان!

    بەو پێیە بێت، تەختەکلیلمان کە کڕی یان پێشنیار بکەین تەختەکلیل دروست بکەن هەر پیتە کوردییەکانی لەسەر بێت و هێما و شتی ناوێت! یان بۆ شیفت کە پێویستە لە هەموو زمانێکدا لایبەن و لە جیاتی ئەوە ڕیزێ دووگمەی تر دروست بکەن، بەڵام بە گەورەیی 🙂

    تێبینی بەندە، کوردی (ئارامی/عەرەبی) بەهۆی ئەوەی پیتی گەورە و بچووکی نییە، وە پیتەکانی تر تاک (سەرەتا)، ناوەڕاست، تاک (کۆتایی) هەیە بێ دووگمەی Shift، زۆر زۆر کەمتر و خێراترە لە نوسینێک بە ئەڵمانی و ئینگلیزی! کێشەی کوردستان، کێشەی Shift نییە! بەڵکو ئەوەیە نە لە خوێندن نە هیچ دەزگایەک لە منداڵی بچووکەوە بنەماکانی
    پەنجە، جێ چاو، یان جێ هەست بە گوێرەی دەربڕینی زمان و زۆری پیتە دووبارەکان بەسەر خەڵکدا “فەرز” نەکراوە. بەڵکو هەرجارێ برادەرێ وتی چاپکەرەکانی کوردستان دەڵێی دەنووکە قەلن کە نامەیەکی ٤ دێڕیت لە دەزگایەک بۆ دەنوسن!
    فەرهەنگ:
    تەختەکلیل = Keyboard

  • موسلم گویرسەس ١٩٥٣-٢٠١٣!

    ناوی تەواوی “موسلم ئاکباش” بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندێکی سەر سنووری سوریایە بەناوی “تیسا” سەر بە پارێزگای ئورفا (ڕحا)، بە یەکێک لە گەورەترین گۆرانبیژەکانی تورکیا دادەنرێت، هەمان کاتیش کاری نواندنیشی کردووە وەکو ئەکتەر!
     لە شێوازی ئەرابیسک، میللی و ڕۆکیش گۆرانی چریووە. بە داخەوە لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا پاش ململانێکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، بۆ دواجار لە ٣ ی ئازاری ٢٠١٣ دڵی لە لێدان کەوت. گوێگری تایبەتی هەبوو، زۆر جار دەیانوت گۆرانیبیژی عەوداڵانی کحول و مادە هۆشبەرەکانە، چونکە دەقی قورس و زیاتر خەمناکترین دەقی هەڵدەبژارد. شێوەیەکی تەواو تایبەتی بە خۆی و دەقەکانی بەخشی بوو!
    لە باشوردا زۆر سەدای کەم بوو، بەڵام گۆرانییەکی بڵاوی هەبوو بەناوی “Meselem” کێشەم، کە هەڵە نەبم زیاد و زۆری تر بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاوازەکەیان بەکار بردووە! دیارە خەڵکی میوزیکی و شارەزا باشتر دەزانن!

     کێشەکەم “meselem”
     ئەمەیە کێشەم، ڕەگ و ڕیشەی کێشەکەم..
    . لە ئەزەڵەوە ئەمە بووە گێرمە و کێشەکەم…
     پێیان بە کەرامەتمدا نا، دڵیان شکاندم…
     دەرد و زووخاوە ژیانم، ئەوەیە کێشەکەم…
     قەدەرم کێشەمە، ئەوەیە کێشەکەم..
     لە سازێکی شکاو دەچێ، ئەوەیە کێشەکەم..
     ئاوازێکی عەشقە،
     چیرۆکێکی خۆشەویستییە کێشەکەم.
    . ئەم ئاسمان و زەمینەیە گێرمە و کێشەکەم!
     ئەو پرسیارانە کێشەمە، کە وەڵامیان ڵاڵە!
     زۆر ئاڵۆزکاوە کێشەکەم، زۆر..
     ترسی ئەم حەسرەتە ڕووحم کون ئەکا..
     کێشەکەم پەلکێشم ئەکا!
     ترسی ئەم حەسرەتە ڕووحم کون ئەکا..
    کێشەکەم پەلکێشم ئەکا!

  • ئەو ماڵتە ئاوا OpenSource!

    دوو ڕوومێز و سیستەم بەڵام یەک مشک و تەختەکلیل!مێزێکی کۆنی چەند ساڵە و شوێنێکی تەنگ. دوو کۆمپیوتەر یەکێک ۲٤ و ئەوی تر ۱۹. یەکێک سیستەمی لینوکس و ئەوی دی iMAC. دوو خوێندنەوەی جودا بۆ تەختەکلیل و دوو خوێندنەوەی جودا بۆ دووگمە و دوو هاوکێشەی جیواز بۆ روومێز. یەکێکیان X11 ئەوەی تر تایبەت بە ماکنتۆش. باشە من دەمەوێت دوو کۆمپیوتەرە تەنها یەک مشک و تەختەکلیل بۆ هەردووکیان! باشە ئەم کاک Open Source چارەسەری بۆ وردترین شت هەیە، بڵئی بۆ ئەمیش؟
    ـ کورە کێ مێزێکی وا قۆڕ و ئەوەندە سەرقەڵەباڵغە! نا کاکە دەچم بە Google دەڵێم، لەبیرشم نەچێت دەبێت تەواو خۆڕایی بێت.
    @ـــ دووەم هەڵبژاردن ئەمەم دۆزیەوە quicksynergy پڕ بەپێستی ئەوەبوو دەمویست. هەندیک گۆڕانکاری لە ڕێکخستن دەویست کاتێک تۆ سیستەمەکەی دووەم ڕاژەخوازەکە Client هەموو جار لەگەڵ داگیرساندندا کاربکات. ئەم بەستەرەش هەر بەڕوونی نوسیوەتی چۆن کارەکە ئەنجام بدەیت لەو دۆخەدا.
    ـ ئۆخەیش! شوێنێکی بەرچاو باشم بۆ گەڕایەوە و زۆر بەئاسانی بۆخۆم دوو ڕوومێز و سیستەم و لەیەککاتدا یەک مشک و یەک تەختەکلیل! ماوەتەوە بڵێم یاخوا بەردی سارد و گەرم بەرپێت نەکەوێت کاکە Open Sorce :).

  • ئەمجارەش هاتینەوە!

    ئەمجارەیان دوای نزیکەی ٦ مانگ دابڕان لە نوسینی بابەتی بێسەروبەرە و بێهاوپۆل گەڕاینەوە لاتان. لێرە بەدوا ئارەزوو دەکەم بەردەوامبین، وەکو چۆن حەزدەکەم بەردەوامبم وەکو خۆم لە نوسین. ئاوهاش حەزدەکەم ئێوەش بنوسن! چونکە ڕاژەکردنی پەڕەیەک لەسەر وێب، ئەوەندە ئەو ئەوتۆیە نییە، بەڵکو چۆنیەتی مانەوە و ڕاگرتنی گرنگترە. بەهەرحاڵ ئەمە ماڵپەڕێک نییە پەیوەست بێت بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێساوە. ئەکرێت ئێوە لەکاتی بوونی کاتدا، تەماشایەک بکەن و هەندێک بیروڕا لەسەر بۆچوونی خۆم (تەنها وەکو خۆم) لەگەڵ ئێوەدا بگۆڕینەوە.
    ئارەزووش دەکەم پەتی خۆڕاگریتان لە ئاستی ڕای کەسێکی تردا ئەستور بێت، چونکە دواهەمین جار لەسەر بابەتێکی ئاینی. برادەرێک دەسەڵاتی نەبوو ئەگینا لە ناو لیستی بۆچوونەکاندا دوو مینی دادەنا تا بەکەسی بەرامبەریدا بتەقێتەوە و لە ناوی ببات. نەیدەزانی کەئێمەش پیادەین 🙂
    جارێکی تر من سوپاستان دەکەم بۆ ئەو کاتەی بە پەڕەکەمی دەبەخشن!

  • بازاڕی گۆڤاری لینوکس.

    linux magazin in horsens train stationلەسەردەمانێک خولیای ئەم سیستەمە یان باشترە بڵێین ئەو ئایدۆلۆژییە (ئازادی لەئازادیدا) بووین، سەرچاوە زۆر کەم بوو. دەستکەوتنی شتێک بۆ خوێندنەوە، هەر ئەو پەرتووکە ئەستوورە زۆر توندوتۆڵانە بوون، کەخوێندنەوەیان کاتی باشی دەوست بۆ پراکتیزەکردن و لێکدانەوەی کەسیی خۆت. لێ ئەمڕۆ هەموو لایەنەکانی تری پەیدا بوون، بەڕەنگ و ڕوویەکەوە کەمایکرۆسۆفت هەمیشە خەریکە بیرۆکە دزینە وەکو (taskbar mouse over) کەپڕاو پڕ لەساڵی 2005 لە KDE بەکارهاتووە. بەهەرحاڵ.

    ئەمڕۆ لەوێستگەکاندا و کۆشکەکاندا گۆڤارە جیاجیاکانی ئەوەندە زۆربوون بەباتی زانستی، چاوپێکەوتن، تووڵئامراز tip and tricks …هتد بەڕەنگ و ڕوویەکەوە کەتامەزرۆی خوێندنەوەیان دەکەیت، هەروەها هەمیشە هەڵگری DVD یان چەند دانەیەکن پڕ لەدابەشکردنەکانی لینوکس و نەرمەکاڵای بەسوود و ڤیدیۆ و ڕاهێنان و پڕۆگرامۆکە وێب ..هتد. هەربۆیەشە زۆر دەفرۆشرێن و ئارەزوو لەسەریان واچەندین ساڵە هەر ڕوو لەسەرکەوتنە.
    وێنە: وێنەی تەختێکی گۆڤار و ڕۆژنامە فرۆشتنە لەوێستگەی شەمەندەفەری شارەکەمان.